نوری کەریم: کورد لە کوێ، خاشقچی لەکوێ؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تاوانە ئابڕوتکێنەکەی لەنێوبردنی رۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشقچی کاردانەوەی نەرێنی دەبێت بەسەر بەرژەوەندی یەستراتیژی یەکانی کورددا لە کوردستان بە گشتیی و لە باشور وباکور و خۆرهەڵاتیش بەتایبەتی.پێشینان وتویانە ( یاخوا کەس نەگبەت نەبێت)، ئاخر ئەگەر نەگبەتیی کورد، نەبێت کابرایەکی میدیاکاری سعودی، نوسەر لە رۆژنامەی واشنتن پۆست لەگەڵ دەستگیرانە تورکەکەیدا بە نێوی خەدیجە جەنگیز سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتی عەرەبیی سعودی یە دەکەن لە ئەستەموڵ بۆ جێبەجێکردنی تەڵاقدانی هاوسەرەکەی پێشوتری و مارەبڕین و هاوسەرگیریی لەگەڵ خەدیجە خانی تورکدا چ پەیوەندییەکی بەگەلی کوردەوە هەیە؟
جەمال خاشقچی کێیە؟ بەر لە بیست ساڵ جەمال دەبێتە فەرمانبەرێکی ئاسایی لە کۆشکی شاهانەو بەو هۆیەوە کە ئینگلیزی یەکی چاکی دەزانی و کوڕێکی دەمپاراو و قۆز و جوانپۆش بو، ئەرکێکی گرنگی پێدەسپێرن لە دەرەوەی وڵات کە بریتییە لە سپیکردنەوەی روی رەشی رژێم و بنەماڵەی ئال سعود ( عەبدلعەزیز کوڕی عەبدلرەحمان سعود) و لەگەرمەی کار و چالاکییەکانیدا وردە وردە دەکەوێتە بەرچاوی رێکخستنەکانی ئیخوان ئەلموسلیمین و لە ئەنجامدا توانیان فریوی بدەن کار بۆ ئەوان بکات و راستەوخۆش لە خزمەت ئامانجە هاوبەشەکانی ئیخوان و ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیادا بێت، کە بریتییە لە زیندوکردنەوەی سەڵتەنەتی عوسمانیی و دیاریکردنی ئەردۆگان بەسوڵتان و خەلیفەی گشت موسوڵمانانی سەر روی زەوی دوای سەرکەوتنی دەوڵەتی ئیسلام لە شام وعێراق(داعش). ئەمە گرنگترین ئەو ئەرک و فرمانانە بو کە پێیسپێردرابو لەلایەن ئاغاکانی یەوە کە چەند دەوڵەتێکی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەن.
هەتا ئێرەش خاشقچی وەک پێشتر کاری بۆ وەزارەتی دەرەوەی سعودیش دەکرد و هیچ گومانێکی لەسەر نەبو، کە بە کرێگیراوێکی دوسەرەیەو بە خەیاڵی خۆی دەتوانێت هەردولا رازی بکات و لە نێوان ئیخوانەکان و وەهابی یەکاندا پەتپەتێنی دەکرد. بەڵام نزیکبونەوە و تێکەڵاوبونی لەگەڵ چەند خێزانێکی تورکدا لە ئەستەموڵ و دەست تێکەڵکردنی لەگەڵ کچێکی تورک و جیابونەوەی لە هاوسەرە سعودی یەکەی لەچەند لایەکەوە گومان و نیشانەی پرسیاری خستەسەر و زەنگێکی ترسناک لە گوێی بەرپرسانی کۆشکی شاهانەو و وەزارەتی دەرەوەدا دەزرنگایەوە.
برایەکی شا (بن سەلمان) یش کە کونسوڵی وڵاتەکەیەتی لە ئەمەریکا کەوتە سۆراخ و زانیاری کڕین و کۆکردنەوە و لە ئەنجامدا فایلێکی رەشی ئەستور چوە بەردەستی شا (بن سەلمان)کە بریتی یە لەوەی جەمال خاشقچی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی خۆی دەفرۆشێت بە دوژمنان و شێتگیرانەش پشتیوانیی لە پلان و ئامانجە هاوبەشە ئاشکراو نهێنی یەکانی ئەردۆگان و ئیخوان دەکات. بەتایبەتیش دەست تێوەردان و لەشکرکێشی یەکانی ئەردۆگان لە سوریاو وێرانکردنی عەفرین بەسەر دانیشتوانەکەیدا و کوشتنی شەڕڤانانی سوپای سوریای دیموکرات کە بەبرینداری کەوتنە دەست جەندرمەو چەکدارە بەکرێگیراوەکانی تورکیا.
خاشقچی ئەمانەی هەمو بینیی و بسکەی سمێڵی دەهات و نەفرەتی بۆ تەرمی پیرۆزی پارچەپارچەکراوی شەهید بارین کۆبانی دەنارد و پیرۆزبایی و دەستخۆشیی لەگورگە کەڵبە خوێناوی یەکانی سوڵتان ئەردۆگان دەکرد.
پیشینان وتویانە: (چی بچێنیت ئەوە دەدرویتەوە)، بن سەلمان بڕیارێکی قورس و زۆر دڵڕەقانەی بۆ دەرکرد، گرتنی بە زیندویی و دەستبەسەرکردنی، ئەشکەنجەدان و ریسواکردنی و بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی و ئینجا سەربڕین و پارچەپارچەکردنی لاشەکەی و سوتاندنی، ئەنجامدانی ئەم کارەش دەسپێرێت بە وەزارەتی دەرەوە و هەر دو کونسوڵی سعود لە ئەمەریکا و لە ئەستەموڵ.
وەک ئاژانسەکانی دەنگوباس بڵاویان کردەوە، جەمال خاشقچی لەگەڵ خەدیجە جەنگیزی دەستگیرانیدا رۆژی 2/ئۆکتۆبەری2018 سەردانی کونسوڵگەریی وڵاتەکەی دەکەن لە ئەستەموڵ، بەڵام رێگە بەخاتو خەدیجە جەنگیز نادرێت بچیتە ژورەوە! نیچیرە قەڵەوەکە بەپێی خۆی، خۆی هاویشتە داوەکە و یەکەمین هەنگاوی بەرەومەرگ هەڵدەنێت و وەک مەلێکی باڵشکاو دەکەوێتە بەر کەڵبەی تیژی گورگەکانی (میرغەزەب). ئینجا دەزانێت ئەوە ئەو رۆژەیە کەهەرگیز بەبیریدا نەدەهات بیبینێت، ئاخر ئەم خاشقچی یە باوەڕێکی پتەوی بە ترس و تۆقاندن هەیە و سەرسەختانە کاری بۆ دەکرد، بەتایبەتی بەرامبەر نەیارەکانی کۆشکی شاکانی سعود و ئۆپۆزیسیۆنی رژێمەکە و، دواتر هەمان رۆڵی نامرۆڤانەی دژی نەیارەکانی ئەردۆگان دەبینیی و دەبێتە یەکێک لە تاوانبار و مرۆڤکوژە ترسناکەکان.
پلانی گرتن و لەنێو بردنی خاشقچی توندوتۆڵ پێچرابو، ئەوەی بووە هۆی راستەوخۆی ئاشکرابون و تاوانبارکردنی سەرانی سعود ئەوەیە کە خاشقچی کاتژمێرێکی لەمەچەکدایە بەردەوام لە پەیوەندیدایە لە گەڵ مۆبایلەکەی دەستگیرانەکەیدا و هەرچی لەو دەوروبەرە بگوزەرێت گوێبیستی دەبێت. جەنابی کونسول ئەوە نازانێت و دوای لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدان کاتژمێرەکە لەمەچەکی دەکاتەوە و دەیخاتە گیرفانی خۆی و ئینجا پەنجەکانی دەقرتێنن و سەری لەلاشەی جوێدەکەنەوە و سۆکایەتی بەتەرمەکەی دەکەن. ئەمانە هەموی راستەوخۆ دەگاتە مۆبایلەکەی خەدیجەی دەستگیرانی و ئەویش چەندین لایەن ئاگادار دەکات.
پەیوەندی ئەم روداوە بەکوردەوە چی یە؟ شا سەلمان و دەستوپێوەندەکەی دەیانەوێت بەهەر نرخێکە شا سەلمان لەدەرەوەی بازنەی روداوەکە پیشانی رای گشتیی ناوخۆ و دەرەوەبدەن گوایە کونسوڵخانەکەیان لە ئەستەموڵ و بە فەرمانی راستەوخۆی کونسوڵ محەمەد عتێبی ئەو تاوانە ئەنجامدراوە و کۆشکی شاهانە دورو نزیک ئاگادار نییە! بەڵگەشیان ئەوەیە کونسوڵ لە تۆمارە دەنگی یەکاندا دەڵێت: (با لەدەرەوەی کونسوڵخانە بیکوژین). تورکیا ئەو تۆمارە دەنگییانەو زانیاری زۆر و وینەی کامێراکانی لەبەردەستدایە کە خاشقچی چۆتە کونسوڵگەری یەکە، بەڵام نەهاتۆتە دەرەوە. ئەمەریکاش بەشی خۆی بەڵگەو دۆکوۆمێنتی بەدەستەوەیە، ئیتر کێسەکە بۆتە بازاڕی بازرگانێتیی سیاسیی و دان و ستاند.
ئەمەریکا دەیەوێت قەشە ئەمەریکایی یەکە کە تورکیا بەتۆمەتی سیخوڕی گرتویەتی رزگاربکا، (1)تورکیا دەیەوێت کێشەکانی لەگەڵ ئەمەریکاو سعود و هاوپەیمانەکانیان هێوربکاتەوە و باری ئابوریی و دابەزینی نرخی لیرە راستکاتەوە، سعودیش وەک وتمان دەیەوێت روی رەشی شاسەلمان سپیکاتەوە و محەمەد عتێبی و پازدە بیست کەسێک بکاتە قۆچی قوربانیی. (2)پەیوەندی ئەم کێسە خوێناوی یە بەکوردەوە لێرەدایە کە لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنە ژێربەژێرانە و دابەشکردنی دەستکەوتەکاندا، ئەردۆگان براوەی یەکەمەو پشکی شێری بەردەکەوێت و باری کەوتوی راستدەکاتەوە و پەیوەندی یە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ ئەمەریکاو سعودیە ئاسایی دەبێتەوە و گوژمەیەکی پڕ ملیار دۆلاریشی بۆ دێتە ماڵەوەو لەقەیرانە دارایی یەکەی رزگاردەبێت. دەستیشی ئاوەڵا دەبێت بۆ کوردو لەشکرکێشیی پتر و راستەوخۆ بۆسەر خاکی باشور و قەندیل لەلایەک و تێکدانی دەستکەوتەکانی کورد لە خۆرئاوا.
1- قەشە ئەمەریکایی یەکە ئازاد کراو رۆژی 17/10/2018 بەفڕۆکەیەکی تایبەتی گەیشتەوە ئەمەریکا.
2- محەمەد عتێبی کونسوڵی سعود لە تورکیا، کە لەخانوەکەی خۆیدا دەستبەسەرکرابو، هەمان رۆژی 17/10 لەو شوێنەدا نەماوە و دیارە هەر بە پلانی ئەمەریکاو تورکیا گوێزراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت