شێرزاد شێخانى: بۆچى پارتى ئه‌وه‌نده‌ باسى خيانه‌تى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر ئه‌كات.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌ماوه‌ى ساڵى رابردودا ميدياكانى پارتى و نوسه‌ره‌كانى ده‌رباريان بێ پسانه‌وه‌ له‌هه‌وڵدان بۆ ناشرينكردنى به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتى له‌سه‌ر روداوه‌كانى شانزه‌ى ئۆكتۆبه‌ر. سه‌رنجبده‌ن به‌درێژايى ساڵى رابردوو، يه‌ك رۆژ نه‌بوه‌ هه‌واڵێك يان بابه‌تێك يان وتارێك له‌سه‌ر ئه‌م رودا‌وه‌ له‌سايته‌كه‌ى مه‌سرور بارزانيدا نه‌نوسرابێت!. ته‌نانه‌ت له‌ ته‌له‌فزۆيه‌نه‌كانيشدا سه‌دان به‌رنامه‌ سازكراوه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ جگه‌ له‌به‌ياناتى سه‌ركردايه‌تى پارتى وسه‌رانى له‌ بۆنه‌و ونابۆنه‌كانيشدا كه‌ هه‌ميشه‌ باس باسى خيانه‌ته‌تى 16 ئۆكتۆبه‌ره‌.
ئه‌م روداوه‌ له‌راستيدا روداوێكى جه‌رگبڕو كه‌مه‌رشكێنه‌ به‌نيسبه‌ت پارتييه‌وه‌، ئه‌ويش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، له‌سه‌روويانه‌وه‌ له‌ده‌ستدانى‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌يان له‌سه‌ر نه‌وتى كه‌ركوك و دزينى داهاته‌كانى، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ده‌ستچونى روبه‌رێكى فراوانى خاكى ژێر نفووزى خۆيان، كه‌ كار گه‌يشته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى خه‌ريكبو ده‌روازه‌ى ئيبراهيم خه‌ليليشيان له‌ده‌ست ده‌رچێ. دزينى ئه‌م داهاتانه‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى به‌رده‌وامبونى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى بارزانى وحزبه‌كه‌ى بون، له‌هه‌موشيان گرنگتر له‌ده‌ستدانى ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكى هه‌رێم و دوورخستنه‌وه‌ى مه‌سعود بارزانى له‌پۆسته‌كه‌ى.
ئه‌مانه‌ به‌گشتى هۆكارى سه‌ره‌كين بۆ ئه‌و حاڵه‌تى هيستيرياييه‌ى توشى سه‌رانى پارتى و به‌تايبه‌تيش بنه‌ماڵه‌ى بارزانى بوه‌، بۆيه‌ پارتى ئه‌مانه‌ به‌گه‌وره‌ترين خييانه‌ت ئه‌زانێ دژ به‌ خۆى. ئه‌گينا ئه‌و فرميسكه‌ تيمساحاوييه‌ى ئێستا بۆ كه‌ركوكى ئه‌ڕێژن، بۆ پرسى كه‌ركوك نيه، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ى گريانێكى قووڵه‌ بۆ له‌ده‌ستدانى داهاته‌كانى نه‌وتو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌يان. ئه‌گه‌ر نا، خۆ ئێستاش كه‌س ده‌ستى نه‌گرتوون پاڵه‌وانه‌كانيان سازبده‌ن و بچن كه‌ركوك رزگار بكه‌نه‌وه‌ له‌ده‌ست حه‌شدى شه‌عبى، هه‌ر خودى بارزانى ‌بو كه‌ باسى له‌ سنورى خوێنى ئه‌كرد له‌گه‌ڵ عيراقدا، ده‌ با بچن به‌خوێنى قاره‌مانه‌كانى زێره‌ڤانى و ليواى تايبه‌ت كه‌ركوك رزگار بكه‌نه‌وه‌، ئه‌ى گوايه‌ ئه‌م هێزه‌ زلو زه‌به‌لاحه‌ى به‌ناو زێرڤانى‌ بۆ رۆژێكى ئاوا نه‌بێت بۆ كه‌ى باشه‌!.
پارتى به‌درێژايى حه‌فتا ساڵى ته‌مه‌نه‌يه‌وه‌ گيان و كيانى پڕ بوه‌ له‌خيانه‌ت، هه‌ر ئه‌وان بون خيانه‌تيان له‌ميله‌تى كورد كرد كه‌ ئاشبه‌تاڵيان راگه‌ياند. هه‌ر ئه‌وان بون به‌پێش پاسدار ئه‌كه‌وتن بۆ سه‌ركوتكردنى كوڕانى رۆژهه‌ڵات، هه‌ر ئه‌وان بون به‌پێش جه‌يشى سه‌دام كه‌وتن بۆ داگييركردنى هه‌ولێرو په‌رله‌مانه‌كه‌ى كوردستان. ئێستاش كه‌ رۆژانه‌ باسى 16 ئۆكتۆبه‌ر ئه‌كه‌ن، ته‌نهاو ته‌نها مه‌به‌ستيان بچووككردنه‌وه‌ى خيانه‌ته‌كانى خۆيان و له‌بير بردنه‌وه‌يانه‌ له‌هزرى ميلله‌ته‌كه‌ياندا. وه‌كو گۆبلزى وه‌زيرى ديعايهى‌ نازييه‌كانى سه‌رده‌مى جه‌نگى جيهانى دووه‌م كه‌ وتويه‌تى ( درۆ بكه‌ درۆ بكه‌ تا باوه‌ڕت پيئه‌كه‌ن ). ئه‌مه‌ش رێك پارتى ئه‌يكات بۆ چه‌واشه‌كردنه‌ى ميلله‌ته‌كه‌ى. ئه‌يانه‌وێ به‌ رۆژانه‌كردنى ئه‌م باسه‌ وا له‌خه‌ڵك بگه‌يه‌نن كه‌وا خيانه‌ته‌كانى خۆيان به‌درێژايى حه‌فتا ساڵى رابردويان زۆر بچوكتره‌ له‌روداوه‌كه‌ى 16 ئۆكتۆبه‌ر كه‌ تاوانبار لاى ئه‌وان يه‌كێتييه‌، يا وه‌ك خۆيان ئه‌ڵێن تاقمێكى ناو يه‌كێتييه ‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدايه‌ كه‌ ئه‌سڵى روداوه‌كه‌ى 16 ئۆكتۆبه‌ر بريارو پلانى ده‌سه‌ڵاتدارانى عيراق بوه‌ پاش ريفراندۆمه‌ شوومه‌كه‌ى بارزانى، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى رۆڵى بارزانى وحزبه‌كه‌ى له‌ ناوچه‌ جيناكۆكه‌كانو ده‌سه‌ڵاتيان به‌سه‌ر نه‌وته‌كه‌ى عيراقه‌وه‌، رۆڵى يه‌كێتى وتاقمه‌كه‌ى هه‌بوايه‌ يان نه‌بوايه‌ ئه‌م پلانه‌ هه‌ر جێبه‌جێ ئه‌كرا. مه‌سعود بارزانيش به‌زمانى خۆى دانى به‌وه‌دانا كه‌ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ده‌ستدانى خاكى كوردستانى تا سنوورى خه‌تى 36 لێكردوه‌، ئه‌گه‌ر چراى سه‌وزى ئه‌مريكاش نه‌بوايه‌ حه‌شدى‌ شه‌عبى نه‌يئه‌توانى يه‌ك مه‌تر بێته‌ پێشه‌وه‌ ، لێره‌دا بۆمان روون ئه‌بێته‌وه‌ كه‌وا رۆڵى يه‌كێتى له‌م مه‌سه‌له‌يه‌دا نه‌بوه‌و، كاتێك يه‌كێتيش رێگرى له‌پێشڕه‌وى هێزه‌كانى حه‌شددا نه‌كردوه‌ له‌به‌ر پاراستنى خه‌ڵكى كه‌ركوك بوه‌ ، نه‌يويستوه‌ شاره‌كه‌يان‌ خه‌ڵتانى روبارێك خوێن بكات .ئه‌مه‌ش حه‌كيمترين بڕيارى يه‌كێتى ‌بو ، ئه‌و به‌ناو تاقمه‌ى ناو يه‌كێتى قه‌ناعه‌تى ته‌واويان هه‌بو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌وا روبه‌روبونه‌وه‌ى هێزه‌كانى عيراق ئه‌نجامى كاره‌ساتبارى لێئه‌كه‌وێته‌وه‌ به‌نيسبه‌ت خه‌ڵكى كه‌ركوك و پێشمه‌رگه‌كانى يه‌كێتى ، بۆيه‌ ئه‌م بڕياره‌ درا ، خۆ ئه‌گه‌ر پارتى ئه‌وه‌نده‌ ئازاو چه‌له‌نگ بون با ئه‌وان مقاوه‌مه‌تيان بكردايه‌ نه‌وه‌كا بكشێنه‌وه‌ بۆ پردێ و ناوچه‌كانى نزيك هه‌ولێر ، ئه‌و كات سه‌روه‌ريه‌كيان بۆ خۆيان تۆمار ئه‌كرد وخه‌ڵكيش وه‌كو پاڵه‌وانى به‌رگرى سه‌يريان ئه‌كرد، به‌ڵام پارتى ويستى كوڕه‌كانى يه‌كێتى به‌كو‌شتبدات و هيزه‌كانى خۆيشى له‌پشتى پردێيه‌وه‌ سه‌يرى شه‌ڕه‌كه‌ بكه‌ن و دواى سه‌ركه‌وتنيش بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر بيره‌ نه‌وته‌كان و مووچه‌ى شه‌هيدانى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى يه‌كێتيش سێ مانگ جارێك بده‌ن ، ئه‌وه‌ نيه‌ پێشمه‌رگه‌ كۆنه‌كان كه‌ ساڵانێكى دوورودرێژ پارێزگاريان له‌كوردستان و ئازاديان كرد، ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ى‌ پارتى موچه‌يه‌كى مانگانه‌ى شايسته‌شيان پێ ره‌وا نابينێ و، موچه‌ى يه‌ك ساڵى رێكيشى لێ خواردوون.
به‌پێي هه‌ندێ زانيارى دزه‌پێكراو، باس له‌ پيلانێكى پارتى ئه‌كرێ بۆ لاوازكردنى هه‌ژمونى يه‌كيتى( كه‌ سه‌رۆكى پێشوى په‌رله‌مانه‌كه‌يان پێيان ئه‌ڵێ – جه‌لاليه‌كان) ، پيلانه‌كه‌ش مه‌به‌ستى تيوه‌گلاندنى يه‌كێتى بو له‌شه‌ڕێكى خوێناويدا له‌گه‌ل هێزه‌كانى عيراق و دواتر باجه‌كه‌ش بكه‌وێته‌ سه‌ر يه‌كێتى له‌كه‌ركوكو ناوچه‌كانيتر، بۆ ئه‌وه‌ى پارتى به‌ته‌واوى ده‌ست به‌سه‌ر داهاتى نه‌وتى ئه‌م شاره‌دا بگرێ، به‌ڵام له‌وه‌ ئه‌چێ ئه‌م زانياريانه‌ گه‌يشتبێته‌ به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتى بۆيه‌ كاريان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرد پيلانه‌كه‌ شكست پێ بهێنن. ئێستا برياره‌ حه‌كيمانه‌كه‌ى يه‌كێتى به‌واقيعى ده‌ركه‌وت ، كاتێك به‌بێ بوونى پارتى له‌كه‌ركوك زۆرينه‌ى ده‌نگه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 12 مايس بۆ يه‌كێتى يه‌كلا بوه‌وه‌، ئه‌مه‌ش نيشانه‌ى رازيبونى كه‌ركوكيه‌كانه‌ به‌ رۆڵى يه‌كێتى وسياسه‌ته‌كانى له‌سه‌ر ئاستى كه‌ركوك وناوچه‌ دابڕاوه‌كان. ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ بۆ پارتى وسه‌رانيشى ته‌نها گريانو فيغانه‌ بۆ نه‌وته‌ له‌ده‌ستچوه‌كه‌يان.
ئه‌مجاره‌ به‌ عه‌كسى جاران كه‌ داهاتى نه‌وت بۆ سه‌رانى پارتى ودووكه‌ڵه‌كه‌شى بۆ ميلله‌تى كه‌ركوك بو، له‌مه‌ولا داهاتى نه‌وته‌كه‌‌ بۆ شاره‌كه‌ خۆيه‌تى، دووكه‌ڵه‌كه‌شى به‌با هه‌ڵكردنێك‌ سه‌يته‌ره‌كه‌ى پردێ ئه‌بڕێ به‌ره‌و سه‌رى ره‌ش، با سه‌رانى پارتيش زوخاوه‌كه‌ى هه‌ڵمژن كه‌ ده‌يان ساڵه‌ ده‌رخواردى ميلله‌ته‌كه‌ى خۆيان داوه‌.