بورهان شێخ ڕەئوف: جەمال خاشقچى جیهانى هەژاند.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جەمال خاشقچى یەکەم ڕۆژنامەنووس و یەکەم کەسى ئۆپۆزەسیۆنى عەرەبستانى سعودیە نیە، کە بێ سەرو شوێن دەبێت. بەڵکو پێشتر زۆرکەسى تر تەنانەت لە شازادەکان واتە لەئەندامانى بنەماڵەى پاشایەتى ئال سعودیش بوون بە هەمان دەردى خاشقچى چوون و شوێن بزر بوون.
لەوانە ناسر سەعید کە لە ساڵى 1979 ەوە لە شارى بەیروت ى پایتەختى لوبنان شوێن بزرکرا لەوساوە تائێستا کەس نازانێت چى لێهاتووە، هەروەها شازادە سوڵتان بن تورکى لە شارى جنێف لە ساڵى 2003 ڕفێنرا هەروەها شازادە تورکى بن بەندەر کەلە فەرەنسا داواى مافى پەنابەرى سیاسى کردبوو ساڵى 2015 ئەویش لە بەرچاوان نەماو شوێن بزرکرا. هەروەها چیرۆکى جەنراڵ عەلى قەحتانى یەکێک لە ئەفسەرەکانى پاسەوانى نیشتمانى عەرەبستانى سعودیە کە لە زیندانەکانى ئەو وڵاتەدا بوو لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانى بەخشى. ئەمانەو زۆرى تریش لە پشتى زیندانەکانەوەن لە چالاکوانانى مەدەنى و مافى مرۆڤ کە تۆمەتى تیرۆر دراوەتە پاڵیان کە چاوەڕوانن حوکمى هەڵواسین و لە سێدارەدان بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت.

خاشقچى چى لێهات
لە سەعات یەکى نیوەڕۆى 2/10 /2018 ڕۆژى سێشەمەوە هەموو پەیوەندیەکانى ناوبراو بە جیهانى دەرەوەى خۆى بڕاوەو کەس هەواڵى نازانێت دواى ئەوەى دەزگیرانە تورکیەکەى خەدیجە هەواڵەکەى بڵاوکردەوە، لەو کاتەوە چارەنووسى نادیارە، هیچ هەواڵیکى ڕاست و دروست بەردەست نەبوو لەسەر روداوەکە. تاوەکو ڕۆژى شەمە ئاژانسى ڕۆیتەرز لە دوو سەرچاوەى تورکیەوە هەڵسەنگاندنى سەرەتایى لەسەر ڕوداوەکە دەستکەوت، باس لەوەدەکات کە جەمال خاشقچى لەناو کونسڵخانەى عەرەبستانى سعودیەدا لە ئەستەنبوڵ کوژراوە و لاشەکەى بۆ دەرەو براوە.
کاتێکى زۆرى پێنەچوو لەم هەواڵەى ڕۆیتەرز تاوەکو ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆست ئەو ڕۆژنامەى کە خاشقچى بۆى دەنووسى هەواڵى ترى دەربارەى پرۆسەى تیرۆرکردنى ناوبراوى بڵاوکردەوە، کە لە دوو سەرچاوەى نزیک لە تیمى لێکۆڵینەوە لە کارەساتەکە، کەباس لەوە دەکەن ئەو تیمەى کە تاوانى تیرۆرەکەى ئەنجامداوە پێکهاتوون لە پازدە کەس کە لە سعوودیەوە هاتوون.
هەواڵێکى سەرسووڕهێنەرتر لەسەر ڕوداوەکە پێگەى میدل ئێست ئى بڵاوى کردەوە کە گوایە خاشقچى ئەشکەنجەدراوەو پێش ئەوەى لەشى ئەنجن ئەنجن بکەن بە شێوەیەکى زۆر وەحشیانەو دڕندانە و هەموو ى تۆمارکراوە لە کاسێتێکدا و گوازراوەتەوە بۆ دەرەوەى تورکیا. هەواڵ و چیرۆکى ئەم تاوانە قێزەونە لە ڕۆژنامەى بەناوبانگى واشنتۆن پۆست دا بڵاوکراوەتەوە.

عەرەبستانى سعوودیە نکووڵى دەکا؟
کونسڵخانەى سعوودیە لە ئەستەنبوڵ بە توندى ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە خاشقچى لاى ئەوان تیرۆر کرابێت یان لاى ئەوان بێت و دەرگاى کونسڵخانەکەى بۆ پەیامنێرانى ئاژانسى ڕۆیتەرز کردەوە، کە سەردانى بارەگاکەیان بکەن. بەڵام دواتر بە فەرمى دانى نا بە وەدا کە لەناو قونسڵخانەکەدا شەڕەدەم دروست بووەو دواتر خاشقچى کوژراوە.

کاردانەوەى نێو دەوڵەتى
بزربوون و نەمانى نووسەرو ڕۆژنامەنووسى ناودارى سعوودیە جەمال خاشقچى کاردانەوەو نیگەرانى زۆرى بە دواى خۆیدا هێنا لە ناوەندە نێو دەوڵەتى و میدیاى و مافى مرۆڤ و… تد. بەشێوەیەک وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا نیگەرانى زۆرى خۆى ڕاگەیاندو وتیان لەنزیکەوە چاودێری ڕووداوەکە دەکەن .
لەلایەکى ترەوە ڕێکخراوى لێبووردنى نێودەوڵەتى و ڕێکخراوى پەیامنێرانى بێسنوور و نیگەرانى توندى خۆیان ڕاگەیاند ئەمەیان بە پێشێلکردنى ئاشکراى ئازادى ڕادەربڕین و بەرتەسکردنەوەى دیموکراسى و تێکدانى کەش و هەواى ئازادى لە قەڵەم دا .هەموو ئەوانە جگەلە چەندین سیناتۆر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانى کۆمەڵگاى مەدەنى کە بەتوندى ئیدانەى ئەو تاوانەیان کرد.

بێدەنگردن و دەم داخستنى نەیاران
ئەم هەنگاوەى عەرەبستانى سعوودیە دەچێتە قاڵبى دەم داخستن و کپکردنى هەموو ئەو دەنگانەى کە لەدەرەوەى سربەکەى ( بن سلمانەوەن) کە شازادەى جێنشینە و بەتەمایە لە زووترین کاتدا لە سەر کورسیەکەى باوکى دابنیشێت بە تایبەتى دواى ئەو هەڵمەت و شاڵاوى گرتن و زیندانى کردنە فراوانەى کە دەستى داوەداتێ دژ بە پیاوانى ئاینى و بزنسمان و تەنانەت ئەوانەى بەرگرى لە مافى ژنانیش دەکەن.
لە کۆتاییدا من ئەم چەند دێڕەم لەسەر خاشقچى نووسى وەکو بەرگریەک لە ڕاى ئازاد لە کاتێکدا وەکو هەندێ سەرچاوە باسى دەکەن، کە خاشقچى باکگراوندێکى ئیخوانى هەیەو دۆستى ئەردۆگانەو بە بنچەش تورکە و زۆر شتی ناڕەواى دژ بە کوردانى ڕۆژاوا نووسیووە بێگومان بەرامبەر باشووریش لە کاتى ڕیفراندۆمەکەدا توێتى زۆر ى کردووە.
بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەندێک کەس و قەڵەم بە دەست دەڵێن: نابێت میدیاى کوردى باشى خاشقچى بکات کە ئەوەش دەچێتە قاڵبى دەمداخستن و سەپاندنى ڕایەک کەئەو تاقم و کەسانە ئازادن باسى نەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت