عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: بودجەی عێراق و خەیاڵپڵاوی پۆستەکانی کورد.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

خەیاڵ پڵاوییە گەر پێت وابێت پەسەندکردنی بودجە بەخواستی کورد دەبێت و تێدەپەڕێت، لەبەر ئەوەی پۆستی وەزیری دارایی دراوتە کوردێک لە کابینە نوێیەکەی عادل عەبدولمەهدی.
خۆشباوەڕیشە پێت وابێت خواست و داواکانی کورد کەلەکابینەکانی ڕابردوودا نەهاتۆتەدی و جێبەجێنەکراوە لەم کابینە نوێیەدا جێبەجێبکرێت و بێتەدی.
لەکابینەکەی پێشتری حکومەتی فیدڕاڵدا نەک هەر وەزیری دارایی بەڵکو جێگرەکەشی کورد بوو کەچی بودجەی هەرێم بەیەکجاری بڕدراو ئەو کەسانەشی لەو پۆستەدا بوون نەهیچیان پێکراو نەهیچیشیانکرد.
ئەمە جگە لەوەی کەسەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ لەپشکی کورد بووە ،و بەپارێزەری دەستوریش دادەنرێت بەڵام هیچ کاریگەرییەکی نەبوو.
بۆیە ئەرکی سەرکردایەتی سیاسی کوردە کەهێندەی وێڵ و شەیدای وەرگرتنی پۆستێکی زیادەن، و هێندەی سەرقاڵی موزایەدەن بەسەریەکترو خۆبچوککردنەوەن لەبەردەم بەرپرسانی عێراقدا، نیو هێندە خۆیان سەرقاڵبکەن بەجێبەجێکردنی ماددەو بڕگەکانی نێو دەستوربەگشتی و ئەو بڕگەومادانەی کەپەیوەست و پەیوەندیدارن بەکوردو مافەکانیەوە بەتایبەتی، وە پێویستەو ئەرکیشیانە کە فراکسیۆنەکوردییەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەموو هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە لەپێناو پەسەندکردنی بودجەیەک کەلانی کەمی خواست وداواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بهێنێتەدی.
کابینەکەی عەبدولمەهدی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2019 ی ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانکرد کەپێشتر حەیدەرعەبادی سەرۆکی کابینەی پێشوو دایڕشتبوو بەمەبەستی پەسەندکردنی و بەگوێرەی پڕۆژەیاساکەش پشکی کورد تەنها ( 12٪)یە لەکاتێکدا پێویستە کرد لەبودجەی گشتی حکومەتی فیدڕاڵدا ڕێژەی ( 17٪)ی بۆدیاری بکرێت و پێی بدرێت.
بودجەی ساڵی 2019 بە ( 128 ) ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە، و داهاتیش بە ( 105)ترلیۆن دینار دیاریکراوە، بەو پێیەش کورتهێنان لەبودجەدا زیاترە لە(22)ترلیۆن دینار، وە نرخی بەرمیلێک نەوت بە (56 )هەزار دینار لەبودجەدا دیاریکراوە.
لەڕۆژانی دادێ فۆکەسی هەواڵەکانی عێراق لەسەر بودجە چڕدەبێتەوە، عەرەبەکان سەرەڕای ململانێ و ناکۆکیەکانیان بەشیعەو سوننەشەوە پڕۆژەیاسای بودجەیان بەخواستی خۆیان داڕشتوە، و کوردیش هێندە ناکۆک وناتەباو پەرتەوازەن تەنانەت لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیشدا ناتوانن یەکڕیزو پێکەوە بن.
ڕوون و ئاشکراشە کەپارتی و یەکێتی هۆکاری سەرەکی و یەکەم و کۆتایی ناکۆکیەکانی ئێستای کوردن ،و هەرئەوانیش بەرپرسن لەهەر کەم وکورتی و ڕوداو پێشهاتێک کەلەئایندەدا ڕوودەدات لەتێپەڕاندنی بودجەبەکەم و کورتی و جێبەجێنەکردنی هەرماددەو بڕگەیەکی دەستوری هەمیشەیی عێراق و……هتد.
چونکە هێندەی ململانێی ناشەریفانەیان لەسەر پۆستێککرد، جارێک ململانێیان لەسەر مافەدەستورییەکان نەکرد کەتایبەتن بەگەلی کوردی بەشمەینەت و مافخوراو.