به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: پیاوه‌ سپیه‌كانى سوله‌یمانى.

شار و شار دروستكردن، له‌ كۆنه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌بووه‌، لاى (ئه‌دۆنیس) ئێمه‌ شارمان نییه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ته‌نها تۆپه‌ڵبونى كۆمه‌ڵێ خانووه‌. ئه‌رستۆ تاڕاده‌یه‌ك كۆمه‌ڵناسیانه‌ ئه‌ڕوانێته‌ شار، به‌وه‌ى بریتى یه‌ له‌ هه‌ندێك […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

شار و شار دروستكردن، له‌ كۆنه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌بووه‌، لاى (ئه‌دۆنیس) ئێمه‌ شارمان نییه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ته‌نها تۆپه‌ڵبونى كۆمه‌ڵێ خانووه‌. ئه‌رستۆ تاڕاده‌یه‌ك كۆمه‌ڵناسیانه‌ ئه‌ڕوانێته‌ شار، به‌وه‌ى بریتى یه‌ له‌ هه‌ندێك یادویاده‌وه‌رى كه‌ ئه‌كرێت مه‌عریفه‌ پێكهێنه‌ره‌كانى بێت. زۆرجاریش ئه‌كرێت شار بریتى بێت له‌ كارى هاوبه‌ش و هه‌ره‌وه‌زیانه‌، مه‌سه‌له‌ن سۆسیۆلۆجیستى سكۆتله‌ندى “ڕۆبرت ماكلیفه‌ر” شار وه‌كو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ناوخۆیی یان بازنه‌یه‌ك وێنا ئه‌كات، كه‌ تیایدا به‌هاى گشتى هاوبه‌ش و، به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش پێكه‌وه‌ى به‌ستونه‌ته‌وه‌، ئیتر له‌ چه‌رخى ڕۆژگاردا هاریكارى یه‌ك ئه‌كه‌ن و، كار به‌ڕێوه‌ ئه‌به‌ن. هه‌رچۆنێك بێت شار تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن (6) شه‌ش ئه‌ركى سه‌ره‌كى هه‌یه‌: ئه‌ركى سه‌ربازی، بازرگانى، گه‌شتیاری، پیشه‌سازی، كه‌لتورى، وه‌ ئه‌ركى ئاینى. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئه‌وه‌ كێیه‌ ئه‌م ئه‌ركانه‌ جێبه‌جێ ئه‌كات، له‌سه‌ر چى بنه‌مایه‌ك؟.
سوله‌یمانى، هه‌رچوارلاى ئاو یان ئۆقیانوس نییه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌كۆنه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى (شارى) بون و هاتونه‌ته‌ شار، یاخود شار (سیتى-City) یان دروستكردووه‌، كه‌سانى ده‌وڵه‌مه‌ندو نه‌جیبزاده‌و ده‌ستڕۆیشتوو بون (ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ ئه‌وانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى شار بون ڕووداویان نه‌خوڵقاندووه‌و، ئه‌ركه‌كانى شاریان نه‌زانیوه‌). لێره‌دا سوله‌یمانى ماهیه‌ته‌كه‌ى ده‌رئه‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌ركه‌ كه‌لتورى و ڕۆشنبیرییه‌كه‌ى زاڵه‌، هه‌ر خاوه‌نى پیاوى سپى نه‌بووه‌، ژنى سپى و شۆڕشگێڕ و سه‌رقافڵه‌ى هه‌بووه‌، “حه‌پسه‌خانى نه‌قیب” له‌ڕێگه‌ى دامه‌زراندنى یه‌كه‌م قوتابخانه‌ى كوردییه‌وه‌ ده‌ستى پێكردو، ساڵى (1930) یه‌كه‌م ڕێكخراوى بوارى ژنانى دامه‌زراند، له‌شه‌سته‌كانه‌وه‌ چه‌ندین مامۆستاو به‌ڕێوه‌به‌رى ژنى سه‌ركه‌وتوو هه‌بون له‌ په‌نجاو شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى بیسته‌مدا، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژگاره‌ دژواره‌ى كورد شتێكى تازه‌و، ڕه‌چه‌ته‌ شكێن بووه‌، ئه‌وه‌تا “زه‌كیه‌ى عومه‌رى سام ئاغا” كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و مامۆستایانه‌ى چه‌ندین توێژى پێگه‌یاندووه‌ له‌سه‌رده‌مى خۆیداو، فێرى خوێنه‌وارى كردون، تازه‌ له‌ (2018) ه‌دا بنه‌ماڵه‌كه‌ى و له‌سه‌ر ئه‌ركى “جه‌لالى عومه‌رى سام ئاغا” ى براى خوێندنگه‌یه‌كى نمونه‌یی به‌ناوى “زه‌كیه‌ى سام ئاغا” ه‌وه‌ ئه‌كرێته‌وه‌، كه‌ تیایدا ده‌رفه‌تى یه‌كسان بۆ مناڵانى كوردستان دروست ئه‌كات، تا له‌ خوێندن بێبه‌ش نه‌بن. ئه‌مه‌ دروستكه‌رى ئه‌و به‌ها و ئینتیما هاوبه‌شه‌یه‌ كه‌ له‌ كه‌لتورى گه‌لێكدا ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه‌، ته‌نانه‌ت كاریگه‌رى ئه‌خاته‌ سه‌ر ڕه‌فتاری تاكه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، سه‌یركه‌: ناكرێت،له‌شارێكدا حكومه‌تێك سه‌دوپه‌نجاهه‌زار پۆلیس بۆ سه‌دو په‌نجاهه‌زار هاوڵاتى دابین بكات،تاوه‌كو تاوان نه‌كه‌ن، ده‌ستدرێژى نه‌كه‌نه‌ سه‌رئه‌وانى تر. به‌ڵكو ئه‌بێت شار سونبول و ڕه‌گه‌زه‌ بنچینه‌ییه‌كانى خۆى بپارێزێت.
ڕۆژى (14ى نۆڤه‌مبه‌رى 2018) ڕێك (234) ساڵ تێ ئه‌په‌ڕێت به‌سه‌ر یادى دامه‌زراندنى شارى سوله‌یمانى دا، سوله‌یمانى وه‌ك (شار) ئه‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ى ووردى له‌سه‌ر بكرێت، ئایا له‌ كوێوه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ كوێ؟. له‌چییه‌وه‌ هاتۆته‌ سه‌رچى؟. له‌ قه‌زاز و عه‌تار و كه‌بابچی و گه‌زۆ و شاعیرى گه‌وره‌و مێژوونووس و سیاسه‌تمه‌دار و هونه‌رمه‌ن و ده‌وڵه‌تمه‌دار و كۆڕ و كۆبه‌ندى جارانیه‌وه‌ هاتۆته‌ سه‌ر سه‌رچى؟.
ئه‌مه‌ به‌وه‌ تێ ناپه‌ڕێت، بوترێ ئه‌ى ئه‌وه‌ نییه‌ كوڕى شاره‌كه‌ى سوله‌یمانى (سه‌رۆك كۆمارى عێراقه‌)، ئه‌ى ئه‌وه‌ نییه‌ “جه‌لالى سام ئاغا”ى هه‌یه‌، كه‌ یه‌كه‌م خه‌ڵاتى كه‌سایه‌تى شارى پێ ئه‌درێ له‌ ساڵیادى دامه‌زراندنى سوله‌یمانى داو، تێكڕا ئه‌م “جه‌لاله‌” بریتى یه‌ له‌ نه‌زاهه‌ت و ده‌ستپاكى و به‌خشین و، موڵكه‌ كۆنه‌كانى خۆیان ئه‌به‌خشێت به‌ حكومه‌ت و، خانوه‌كه‌ى خۆى بۆ پاش نه‌مانى ئه‌كات به‌ناو “وه‌زاره‌تى ته‌دروستی” یه‌وه‌و، لێپێچینه‌وه‌ى له‌ سه‌دان تاڵانچى و گه‌نده‌ڵكار كردووه‌و، هه‌زاران ڕاپۆرتى له‌ دیوانى چاودێرییه‌كه‌ى دا له‌سه‌ر به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتى داوه‌ته‌ دادگاو، پۆست نه‌ویست بوه‌و، ده‌ستى له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌و، ماكى یه‌كڕیزیی و بێلایه‌نییه‌و، له‌ ماڵه‌كه‌ى ئه‌ودا لایه‌نه‌كان پێك دێن….نا…ئه‌مانه‌ ڕاستین و له‌مه‌ش زیاتر هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا مشه‌خۆر و وێرانكاریی له‌م ساڵى (2018) یه‌دا هه‌زاران جار زیاتره‌ له‌سه‌ت ساڵى پێشوو، ئه‌گه‌ر وابێت كه‌وایه‌ “جه‌لالى سام ئاغا” دوا فیشه‌ك و كه‌سایه‌تى شارى سوله‌یمانى ئه‌بێت كه‌ پێشكه‌شى كردووه‌.!.
با سه‌رنج له‌ به‌راوردكارییه‌كى سه‌یر بده‌ین، له‌ نێوان مێژووى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان و شارى سوله‌یمانى دا، هه‌ڵبه‌ت نامانه‌وێ له‌ چوارچێوه‌ى سیسته‌مى سیاسیدا قسه‌ له‌سه‌ر جیاكاریی نێوان دوو ده‌وڵه‌ت بكه‌ین، نامانه‌وێ دووشار به‌یه‌ك بچوێنین، ده‌زانین ئه‌مریكا به‌ئاو ده‌وردراوه‌، سلێمانیش به‌عه‌ربه‌ت و تاسلوجه‌، به‌ڵكو له‌كاریگه‌رییه‌ سلبیه‌كانى جینات و بونیادى ئاینى و نه‌ته‌وه‌یی بدوێین، ئه‌مریكا ساڵى (1776) سه‌ربه‌خۆیی خۆى ڕاگه‌یاندووه‌،سلێمانیش ساڵى (1783) دروست بووه‌، واته‌ هه‌ردوكیان به‌نزیكى هاوته‌مه‌نن. كاتێك ئه‌مریكا دروست بوو، خه‌ڵكى وڵاتانى ئه‌وروپا چوونه‌ ناوییه‌وه‌و،دروستیانكرد. له‌هه‌ر وڵاتێك سه‌دان و هه‌زاران كه‌س بوون به‌ هاوڵاتى ئه‌مریكا. ئه‌وانه‌ى كه‌ دروستى یان كرد ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و عه‌قڵ كراوه‌كان بوون، سلێمانیش كه‌دروست بوو، خه‌ڵكى ناوچه‌ى پشده‌رو قه‌ڵاچوالان و قه‌ره‌داغ و پیره‌مه‌گرون و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى هاتنه‌ شاره‌كه‌وه‌. ئه‌و خه‌ڵكانه‌ بون كه‌ تواناى دروستكردنى خانوویان له‌شاره‌كه‌دا هه‌بوو، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ش كه‌ خاوه‌ن عه‌قڵ و داهێنان و ڕچه‌شكێن بوون.
سلێمانى كه‌دروست بوو، هه‌موو ئه‌هله‌كه‌ى موسڵمان بوون، كه‌مێكى زۆركه‌م جوله‌كه‌ش هه‌بوو، ئه‌مریكا كه‌دروست بوو، مه‌سیحیه‌ت و یه‌هودیه‌ت و بێ دینى تیابو، له‌ناو مه‌سیحیه‌تیشدا سێ مه‌زهه‌ب هه‌بوو (كاسۆلیك و پرۆتستانت و ئه‌رسه‌دۆكسیش كه‌ده‌كاته‌ ماسۆنیه‌تى جاران). واته‌ دین په‌رت په‌رت بوو، زاڵێتى خۆى نه‌نواند . له‌سلێمانى دین وحوجره‌و فه‌قێكان هۆكاری بڵاوبونه‌وه‌ى عه‌قڵ و خوێنه‌وارى بوون، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى تاسه‌ر ئێسك خێڵه‌كى و داخراو له‌كوردستان به‌رجه‌سته‌ بوبو. ئێستاش هه‌مان ڕیتمه‌ به‌ڵام ته‌كنه‌لۆژیا ته‌كانێكى پێی داوه‌و ئاڕاسته‌ى ئه‌كا. له‌ئه‌مریكا مادام هاونیشتمانییه‌كانى خڵته‌یه‌كن له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپاو ده‌وروبه‌رو ناوخۆیی، كه‌واته‌ شتێك نه‌بووه‌و نی یه‌ ناوى (نه‌ته‌وه‌) بێت. به‌ڵكو (نیشتمان) ى ئه‌مریكا هه‌یه‌. هه‌موو كه‌سێك هه‌موو به‌یانیه‌ك، له‌ته‌نیشت خوێندنگه‌یه‌كه‌وه‌ تێده‌په‌ڕێت، كه‌گوێی له‌سرودى نیشتمانى ده‌بێت، وه‌ك ڕێزێك ده‌بێت بوه‌ستێت . پیرۆزترین شتێك بریتى یه‌ له‌ئاسایشى نیشتمانى ئه‌مریكا. ئه‌وان یه‌كه‌م هه‌نگاو كه‌هاتن (نیشتمانێك) یان بۆخۆیان دروست كرد. له‌سلێمانى و كوردستانیش، هه‌موو شته‌كان به‌ستراون به‌ (نه‌ته‌وه‌) ه‌وه‌. مزگه‌وته‌كانیش پڕكراون له‌بیرى ئوسوڵى و سه‌له‌فى و چه‌ندین بیروبۆچونى ئاینى كه‌ دواجار مه‌رامى سیاسیان هه‌یه‌ و ،بۆبه‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكى حزبایه‌تى تێ ئه‌كۆشن. گه‌وره‌ترین شه‌ره‌ف و شانازیی لاى تاكێكى ئه‌مریكیی ئه‌وه‌یه‌ له‌ده‌زگایه‌كى ئاسایشى نیشتمانیدا كاربكات، لاى ئێمه‌ ده‌زگاكانى زانیارى و پاراستن و ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌كان كراون به‌ پارێزه‌رى حیزب و خێڵه‌كان بۆیه‌ وه‌كو دێو خه‌ڵكى لێیان ده‌ترسێت!. ئه‌وه‌تا ئه‌مریكا بو به‌ زلهێزترین وڵاتى جیهان، تاك جه‌مسه‌رانه‌ له‌هه‌موو كونجێكى ئه‌م گه‌ردونه‌دا بونى هه‌یه‌، سلێمانیشى كرد به‌و شاره‌ى كه‌هێدى هێدى دابخرێت و، له‌ڕاپۆرتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا له‌ په‌یوه‌ند به‌دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ناوى سوله‌یمانى به‌ (مدینه‌ غیر امنه‌) هاتبێت .
ئه‌مین زه‌كى به‌گ، له‌ سوله‌یمانى له‌دایكبوه‌، كه‌چى له‌سه‌ره‌تاى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانى دا ئه‌بێته‌ یه‌كێك له‌وانه‌ى كه‌ نه‌خشه‌ی سنورى نێوان ده‌وڵه‌تى عوسمانى و یه‌كێتى سۆڤیه‌ت بكێشێت و، له‌ قه‌وقازو بولقان ئه‌فسه‌رێكى باڵا بێت و، له‌ عێراق په‌رله‌مانتار بێت و، ئه‌بێته‌ گه‌وره‌ترین مێژوونوسى كورد له‌دواى “شه‌ره‌فخانى به‌دلیسى”، ئه‌مین زه‌گى به‌گ نه‌بوایه‌ خولاسه‌ى مێژووى كوردو كوردستان نه‌ ئه‌بو، یان لاى كه‌مى مێژووى ئه‌ماره‌ته‌كانى كورد نه‌ ئه‌نوسرانه‌وه‌. شێخ ڕه‌زاى تاڵه‌بانى له‌ سوله‌یمانى ژیاو، باسى دارولمولكى بابانى كرد، پێگه‌ى جوگرافی و هه‌ڵكه‌وته‌ى شار له‌ جوانیا نه‌ئه‌بینرا، ئێستا توند توند شارى سوله‌یمانى بگوشه‌ هیچى واى لێده‌رنایا..!.
سوله‌یمانى كورتكراوه‌ته‌وه‌ له‌ ململانێى نه‌شیاوى حیزبی و به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سك و، نزیكه‌ى په‌نجا ساڵه‌ هه‌رچى ناكۆكى ناوخۆیی و شه‌ڕى كۆنه‌ قین هه‌یه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ قه‌تیس كراوه‌و، شاره‌كه‌ش به‌ ڕه‌نگ و ڕوویه‌وه‌ دیاره‌و، بێزارى لێ ئه‌تكێ!.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
بەهرۆز جەعفەر

about بەهرۆز جەعفەر