ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: متمانه‌ و نوێنه‌رانی گه‌ل.

له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی هه‌ر خولێكی په‌رله‌مان و هاتنی خولێكی نوێ كۆمه‌ڵێك قسه‌ و باس ده‌رباره‌ی موچه‌ و به‌خشین و پاداشتی په‌رله‌مانتاران ده‌كه‌وێته‌ نێو هاووڵاتیانی هه‌رێم و بێ متمانه‌یی به‌ نوێنه‌ره‌كانیان تۆخترده‌كات، […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی هه‌ر خولێكی په‌رله‌مان و هاتنی خولێكی نوێ كۆمه‌ڵێك قسه‌ و باس ده‌رباره‌ی موچه‌ و به‌خشین و پاداشتی په‌رله‌مانتاران ده‌كه‌وێته‌ نێو هاووڵاتیانی هه‌رێم و بێ متمانه‌یی به‌ نوێنه‌ره‌كانیان تۆخترده‌كات، له‌ڕووی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و شوقه‌ و ڤێلا و به‌تایبه‌ت پاداشتی ماڵئاوایی هه‌ر په‌له‌مانتارێك كه‌ خولی ته‌واو بوو، خۆی له‌ (49) ملیۆن دیناره‌كه‌ ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌مه‌ هه‌موو فڕاكسیۆن و په‌رله‌مانتارانی گرتووه‌ته‌وه‌ بێ جیاوازی، زۆربه‌ی په‌رله‌مانتاران وه‌رگرتنی ئه‌م‌ پاره‌ زۆر و (موفته‌) به ‌مافی خۆیان ده‌زانن، ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌زانن ته‌نیا پاساویان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش وه‌ری نه‌گرن ده‌سه‌ڵات به‌جۆرێكی تر بۆ خۆی ده‌یبات، یاخود ئه‌وانه‌ی پێش ئه‌وان وه‌ریانگرتووه‌، بۆچی ئه‌وانیش وه‌ری نه‌گرن؟، هه‌یشه‌ به ‌پاساوی ئه‌وه‌ی ئه‌م پاره‌ زۆر و(موفته‌) حه‌ڵاڵه‌ و مافی خۆیه‌تی وه‌ری بگرێ، هه‌ندێك له‌ حزبه‌كان بۆ ده‌ربازبوون له‌ ڕه‌خنه‌ و سه‌رزه‌نشتی ده‌نگده‌ر و لایه‌نگرانیان داوایان له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانیان كردووه‌، با ئه‌وان ئه‌م گوژمه‌ پاره‌ (موفته‌) زۆره‌ وه‌رنه‌گرن، له‌ جیاتی ئه‌وان حزبه‌كه‌یان وه‌ری بگرێت و بیكاته‌ پڕۆژه‌ی خێرخوازی، هه‌ندێك په‌رله‌مانتاریش بڕێك پاره‌ له‌ مووچه‌كه‌یان بۆ نه‌خۆش و پێویستی وه‌رزشوان و خه‌ڵكی تایبه‌ت خه‌رج ده‌كه‌ن بۆ ئاسووده‌یی خۆیان یاخود سه‌رنجڕاكێشانی ده‌نگده‌رانیان، له‌كاتێكدا ئه‌م پاساوانه‌ هیچ له‌ بێ متمانه‌یی هاووڵاتیان به‌ نوێنه‌رانی گه‌ل و بێ هیوابوون له‌ په‌رله‌مان كه‌م ناكاته‌وه‌.
نوێنه‌رانی گه‌ل بیریان چووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ڵێنیان داوه‌ به‌رگری له‌مافی گشتی خه‌ڵك بكه‌ن، نه‌ك ئیمتیازاتی خۆیان، هه‌ربۆیه‌ هاووڵاتیان وابیرده‌كه‌نه‌وه‌ په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی چوار خولی ڕابردوودا نه‌یتوانیوه‌ هیچ شتێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوولاتیان یه‌كلایی بكاته‌وه‌، جگه‌له‌ مسۆگه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كان و گه‌مارۆدانی داهاتی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش به‌ جۆرێك هه‌رێمی خستۆته‌ دۆخێكی مه‌ترسیداره‌وه‌ كه‌له‌داهاتوودا كاره‌ساتی خه‌مهێنه‌ر دروست ده‌كات، ئه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌كه‌ی مه‌ترسیدارتر كردووه ئه‌وه‌‌یه‌ هه‌موو هه‌نگاوه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا ڕێكخراوه‌ و هه‌موو په‌رله‌مانتارێك ده‌توانێت له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسایه‌دا له‌و ماف و ئیمتیازاته‌ زۆرانه‌ سود مه‌ند بێت.
جێگای سه‌رنجه‌ كاتێك‌ پرۆژه‌ یاسای (چاكسازی خانه‌نشینی) چووه‌ په‌رله‌مان هه‌موو گه‌ل ئومێدی وا بوو كه‌ ئه‌م پرۆژه یاسا‌یه‌ ده‌توانێت كۆتایی به‌م‌ نادادپه‌روه‌ریه‌ له‌ پرسی موچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و پاداشت و خانه‌نشینی په‌رله‌مانتار و پله‌ باڵاكان ‌بێنێت به‌ و پێیه‌ی كه‌ موچه‌ی خانه‌نشینی ئه‌ندام په‌رله‌مان كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ و مووچه‌ی خانه‌ نشینی فه‌رمانبه‌ری ئاسایی زیاد ده‌كرێت و خانه‌نشینی پله‌ باڵاكانیش مه‌رجی ته‌مه‌ن و خزمه‌تی بۆ داده‌نرێت، به‌ڵام پاش پێداچوونه‌وه‌ی پڕۆژه‌ یاسای خانه‌نشین كردنی په‌رله‌مانتاران و چاكسازی له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ بریتی بوو‌ له‌وه‌ی موچه‌ی خانه‌نشینی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان به‌خزمه‌ت كردنی 4 ساڵ له‌یه‌ك خولی په‌رله‌مان به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ته‌مه‌ن و خزمه‌تی پێشتر، په‌رله‌مانتار ده‌توانێت وه‌ك مووچه‌ی خانه‌نیشنی مانگانه‌ بڕی 4 ملیۆن دینار وه‌ربگرێت، له‌ كاتێكدا به‌پێی سیستمی موچه‌ و خانه‌نشینی عێراق هه‌رئه‌ندام په‌رله‌مانێك پێویسته‌ 15 ساڵ خزمه‌تی پێشووتری هه‌بێت، له‌گه‌ڵ مه‌رجی ته‌مه‌نی له‌ 50 ساڵ كه‌متر نه‌بێت، به‌ڵام یاسای چاكسازی خانه‌نشینی و موچه‌‌ و به‌خشین له‌هه‌رێمی كوردستان هیچ مه‌رجێكی له‌مانه‌ دانه‌ناوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ نادادپه‌ری و جیاوازییه‌كی گه‌وره‌‌یه‌ له‌نێوان موچه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتار و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رێكی ئاسایی حكومه‌ت، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی زیاتر ده‌ركه‌وتنی جیاوازییه‌كان و له‌چه‌ند خولی داهاتوودا ده‌بێته‌ قورساییه‌كی دارایی وا له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت ‌له‌توانایدا نابێت ته‌نیا موچه‌ی په‌رله‌مان و خانه‌نشینانی دابین بكات، بابه‌تی وه‌رگرتنی ئه‌م پاره‌ زۆره‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانه‌وه‌ خاڵێكی تره‌ له‌شكاندنی شكۆی په‌رله‌مان، كه‌ زۆربه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان به‌شدارن له‌ بێ نرخ كردنی كاری خۆیان و شكاندنی شكۆی پیرۆزترین ده‌زگای هه‌رێمی كوردستان، بێگومان له‌خاڵی یه‌كه‌مدا نوێنه‌رانی گه‌ل له‌م كاره‌ به‌رپرسیارن‌.
ئێستا دۆخێك هاتۆته‌ئاراوه‌ له‌لای هاووڵاتیان په‌رمانتار وه‌ك نوێنه‌ری گه‌ل متمانه‌ی خۆی له‌ده‌ستداوه‌ و په‌رله‌مانیش چیتر جێگای ئومێدی خه‌ڵك نیه‌‌، له‌وه‌ ده‌رچووه‌ په‌رله‌مان مایه‌ی ئومێدی هاووڵاتیان بێت بۆ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان و خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی.
دوای وه‌رگرتنی مووچه‌ و پاداشته‌كانی په‌رله‌مانتار و خه‌رج كردنی له‌ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری یاخود وه‌رگرتن و وه‌رنه‌گرتنی ئه‌و پاداشته‌ له‌لایه‌ن په‌رمانتارانه‌وه‌ هیچ له‌بابه‌ته‌كه‌ ناگۆڕێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ خولی دوای ئه‌و دێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌كه‌ تازه‌یه‌ و به‌ مافی خۆی ده‌زانێت وه‌ری بگرێت، پێویسته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆیه‌ ئه‌ركی گرنگی په‌رله‌مان له‌م خوله‌دا ئه‌وه‌یه‌، پڕۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش بكات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران و هه‌موو ئه‌و سوودانه‌ی به‌پێی یاسا بۆ په‌رله‌مانتاران رێكخراوه‌ به‌رله‌ خانه‌نشین بوونی وه‌ك به‌خشین و پاداشتی په‌رله‌مانتارێتی، ئینجا به‌پێی یاسا و به‌شێوه‌یه‌كی گونجا و نزیك له‌ فه‌رمانبه‌ری ئاسایی حكومه‌ت ڕێكبخرێت، هه‌روه‌ها دوای ته‌واو بوونی خزمه‌تی هه‌ر په‌رله‌مانتارێك ده‌سته‌به‌ركردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتار بۆ وه‌زیفه‌ی به‌رله‌ په‌رله‌مانتاری بۆ ڕێكبخرێت، ئه‌وه‌یشی وه‌زیفه‌ی نیه‌ بۆ ماوه‌ی ساڵێك مووچه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانی بدرێتێ تا كارێك ده‌دۆزێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش پڕۆژه‌ یاسایه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه‌ و پێویسته‌ خولی داهاتووی په‌رله‌مان پڕۆژه ‌یاسایه‌ك ده‌ربكات ته‌واو له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌لك دابێت به‌ هه‌موواركردنه‌وه‌ی یاسای مووچه‌ و خانه‌نشین كردنی ئه‌ندام په‌رله‌مان و پله‌ باڵاكان، به‌مه‌ش له‌لایه‌ك په‌رله‌مانتار هه‌وڵ ده‌دات به‌كاری باش متمانه‌ی هاووڵاتیان به‌ده‌ست بێنێت بۆ دووباره‌ متمانه‌ پێ به‌خشینه‌وه‌ی گه‌ل بۆ خولی داهاتوو، له‌لایه‌كی تریش متمانه‌ ده‌گێڕدرێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك باڵاترین ده‌زگای هه‌رێمی كوردستان سه‌یر بكرێت.
نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ دژی مووچه‌ و خانه‌نشینی ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ نیه‌، به‌ڵكو ڕێكخستنی سیستمی وه‌رگرتنی مووچه‌ و پاره‌ی (موفته‌) له‌ دارایی گشتی، ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نیه‌،‌ بۆیه‌ ده‌بێت ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هاوكاربن به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌‌ ماف و دارایی كۆمه‌ڵگه‌ بپارێزرێت و هانده‌ربێت بۆ پشتگیری یاساكه‌ له‌ ڕوانگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی نوێنه‌رانی گه‌ل و په‌له‌مانتار و گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆی په‌رله‌مان له‌به‌رده‌م ڕای گشتی.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
ڕەسوڵ بۆسکینی

about ڕەسوڵ بۆسکینی