سامانـی وەستا بەکـر: پەنیـری تەڵەکەی گۆڕان خۆماڵـی نییە.

سیاسەت کردن لە هەرێمـی کوردستان لە هیچ شوێنێکـی تر ناچێت و بە هەمان شێوەش حیـزبـی کوردی بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانیانەوە تا ئاستێکـی زۆر لەیەک ئەچن و لە هیچ حیـزبێکـی تری […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

سیاسەت کردن لە هەرێمـی کوردستان لە هیچ شوێنێکـی تر ناچێت و بە هەمان شێوەش حیـزبـی کوردی بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانیانەوە تا ئاستێکـی زۆر لەیەک ئەچن و لە هیچ حیـزبێکـی تری دنیا ناچن هەروەک چۆن ئەمە بۆ حکومەتـی هەرێمیش ڕاستە.
حیـزبـی کوردی بە گشتـی و بە تایبەتـی هەرێمـی کوردستان دنیابینییەکـی جیاوازیان هەیە بۆ سیاسەت کردن کە تا ئاستێکـی باش تایبەتە بە خۆیان. لە دنیا بینـی سیاسـی کوردیدا (تاک چەقە و حیـزب ئامانجە) کە ئەم جۆرە لە سیاسەت و حیـزبـی سیاسـی وەک ئامێـری بەرهەمهێنانـی دیکتاتۆر تەماشا ئەکرێت.
لای حیـزبـی کوردی کۆی چەمکەکان لە پێناوی مانەوەی کەسێک و خودی حیـزبەکەیا بەکارئەهێنـرێت و بەپێـی پێویست هەرجارەو دەست بۆ چەمکێک ئەبرێت بەپێـی پێویستـی حیـزب بۆ کۆکردنەوەی دەنگ یان گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانـی سیاسـی لە دوای شکست هەروەک چەمکەکانـی “نەتەوە، نیشتمان، خاک، هاوڵاتـی، سەروەری، ئازادی ڕادەربڕێن ، فیدراڵـی، کۆنفیدراڵـی، سەربەخۆی، دیموکراتـی، سۆسیال، مۆدێرنە، پۆست مۆدێرنە، کەپتاڵیـزم، پرۆلیتاریاو…. هتد” کە هەر یەکێک لەم چەمکانە ئەگەر ڕاستگۆیانە بەکاربهێنرێن و مەبەست لێـی مەغزای واتای خودی ووشەکەبـێ ئەوا ئەکرێ گۆڕانکاری جەوهەری بهێنێتە ئاراوە کەچـی لە هەرێمـی کوردستان دەست بۆ کۆی ئەو چەمکانەو چەندینـی تریش براوەو هەندێک جار وەک ڕێکلامـی حیـزبـی و هەڵبـژاردنیش بەکارهێنـراوە بەبـێ ئەوەی کەمتـرین گۆڕانکاری بهێنێتە ئاراوە!
لە پەیڕەو پرۆگرامـی حیـزبەکانـی کوردستانا پوخت ترین ڕەوانتـرین نوسـراو ئەبینـرێ بەڵام بە پراکتیک کاری پێناکرێ. ئایدۆلۆجیا بوونـی هەیە لای بەشێک لە حیـزبەکان بەڵام تەنها بەنوسـراو ئەگەرنا کاری پێناکرێ بۆ نمونە گوایە حیـزبێکـی لیبراڵ و دیموکراتە کەچـی هێزی چەکداری هەیە و “توندڕەوێکـی نەتەوەیی”ە و زیندانـی شاراوەیـی هەیە و ئازادی رادەربڕین لە قاڵب دراوە، خێـزان سەروەرەو تاکە کەسێک پیـرۆز کـراوە. یان حیـزبێکـی سۆسیال دیموکراتە کەچـی باوەڕی بە هەڵبـژاردن تەنها بۆ ناوبانگەکەیەتـی ئەگەرنا یەک کورسیش بهێنـێ هەر دەست لە دەسەڵات بەرنایا، هێـزی چەکداری هەیە، خێزانێک بڕیاردەری حـیزبە، تەقە لە خۆپیشاندەر ئەکات. یان حیـزبێکـی دوور لە ئایدۆلۆجییەکـی تایبەتە و هەموو ئایدیایەکـی جیاواز کاری تیا ئەکات کەچـی لەسەر میـراتـی مادی و سیاسـی یەکتـر تەخوین ئەکەن. یان حیزبـی ئیسلامـی جهادی، ئیخوانـی، وەهابـی، سەلەفـی و مەزهەبـییە کەچـی باسـی نەتەوە و خاک ئەکات بۆ خۆ گونجاندن و گەوجاندن و دەنگ کۆکردنەوە ئەگەرنا ئەوان کار بۆ خەلافەت ئەکەن. ئەمەوێ بڵێم حیـزبـی کوردی هیچیان نمایشـی پەیڕەو دەستورو دروشم و ناو و تەنانەت ڕەنگـی ئاڵای حیـزبەکانیشیان ناکەن.
بە کورتـی سیاسەت لای حیـزبەکانـی باشور بەتایبەت لای دوو حیـزبە دەسەڵاتدارەکە تەنها لەسەر بەرژەوەندی مادی و حیزبـی ڕووت و خێـزان ئەبرێ بەڕێوە و ئامادەن هەموو پیـرۆزییەکان تەنانەت خاکیش بکەن بە قوربانـی مانەوەی خۆیان و سەربەخۆی و دەوڵەت دروست کردنیش تەنها لەو پێناوەیا بەکارئەهێنـرێ ئەگەرنا لەمامەڵەیەکـی سیاسـی/بازرگانیا هیچ سنورێکیان نیە بۆخیانەت بەرامبەر مانەوەی خۆیان و حێـزبەکانیان.
ئەوەی لێـرەیا مەبەستە بـزوتنەوەی گۆڕانە کە لە دروست بوونیەوە جیاوازتـر دەرکەوت و بە گوژمێک خۆی کرد بە ناو گۆمـی مەنگ و دامرکاوی هەرێما کە تا ئێستاش شەپۆلەکانـی کاریگەری هەیە و هەموو ماسییە خەوتووەکانـی لە دانـی تیـژی قرشەکان و تۆڕی ڕاوچییە بازرگان و تەقینەوەی بۆمبـی دەستـی ماسـیگرەکان بە ئاگا هێنا.
گۆڕان لە دامەزراندنیەوە لە شکڵ و کڵێشە و ختاب و بانگەشە و ئەدایـی کارکردنا زۆر جیاوازتر دەرکەوت هەربۆیە بووە ئومێدی نەک زۆربەی خەڵکـی ناڕازی کوردستان بەگشتـی بەڵکو بوو بووە ئومێدی بەشێکـی زۆر لە خەڵک و کادێری حیـزبەکانـی ترو تەنانەت سەرکردە ناڕازییەکانـی هەردوو حیـزبـی دەسەڵاتداری هەرێمیش بەڵام مەخابن لەیەکەم تاقـی کردنەوەی گۆڕانکاری ناوخۆی هەڵبـژاردنـی سەرکرادیەتـی و جێگرەوەو دانانـی کەسـی یەکەمـی حیـزبەکە نەک هەر سەرنەکەوت بەڵکو تووشـی کێشەی قوڵیش بۆوە.
کێشەی میـراتـی سیاسـی و میراتـی مادی کە ئەمەش کت و مت کیشەی حیـزبە تەقلیدییە ڕۆژهەڵاتییەکانە کە تاک و خێزان و دەستەیەک هەوڵ ئەیەن بۆ هەتا خاونداری حیـزب بکەن، حیـزب ئەکرێ بەکاڵاو میـراتگری بۆ ئەچنـرێ، ئەگەرچـی ئەمە بە هیچ جۆرێک خواستـی نەوشیـروان مستەفا نەبوو بەڵام ئەوەی لە دوای کۆچـی دوایـی ئەو سەرکردە خۆنەویستە لەناو ئەو حیـزبەیا ئەگوزەرێ هەمان کێشەی حیـزبە ڕۆژهەڵاتییەکانە جــــا ئیتـر بە پلان یان بەبـێ پلان سەرەنجام گۆڕان لە جیاواز بوونـی دائەماڵن!
جەوهەری کێشەکانـی گۆڕان بە بەشداری کردن لە حکومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆنەوە چارەسەر نابـێ و نیە هێندەی کێشەی ئەو حیـزبە وابەستەی (متمان، ئیدارە و بڕیاردانە).
متمانەی خەڵکـی و دەنگدەرانـی گۆڕان بە گۆڕانـی دوای نەوشیـروان مستەفاو توانای بۆ گۆڕانکاری، متمانەی هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازەکان بە سەرکردەی کاربەدەست و کار جێهێشتـوو یان ناو و دەرەوەی خانەی ڕاپەڕاندن، متمانەی سەرکردە بە سەرکردە، متمانەی بەشێک لەسەرکردەکان بە کوڕەکانـی نەوشیروان مستەفاو متمانەی کوڕەکانـی نەوشیروان مستەفاش بە کەسێک یان کەسانێک کە بتوانن شوێن پێـی باوکیان هەڵگرێ و ئەمانیش لە بازنەی بڕیاردان بهێڵنەوە.
کێشەیەکـی تری گۆڕان کێشەی ئیدارەدانە کە ئەوەش زیاتر پەیوەندی بە ناشارەزایــی ئیدارەدان و ئیداری بوونـی تاکـی کوردەوە هەیە بۆ بەڕێوەبردن کە ئەمەیان کێشەیەکـی بۆماوەیـی مێـژووی کوردە کە هیچ کاتێک لە مێـژووی دوورو نزیکا سەرکەوتوو نەبووە لە ئیدارەدانـی مێرنشین، هەرێم، شار، حیزب و ڕێکخراو چونکە کورد تەنها شارەزایـی لە بەڕێوەبردنـی خێڵا هەیە و هەر بە عەقڵـی خێڵیش مامەڵە لەگەڵ دەوڵەت و حیزبا ئەکات، هەرئەوەش هۆکاری نەبوون و دروست بوونـی دەوڵەت بووە. لێـرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە سەرکردەکانـی گۆڕانیش هەمان کێشەی مێـژووی پێشینەکانـی خۆیان هەیە ئەگەرچـی نەوشیروان مستەفا لەهەوڵـی تێپەڕاندنیا بوو بەڵام مەخابن تەمەنـی بەشـی نەکرد.
کێشەیەکـی تری جەوهەری بزوتنەوەی گۆڕان کێشەی بڕیاردانە. ڕاستە بـڕیاران لە سیاسەتی گۆڕان دیموکراتییە بەڵام داڕشتنەکەی دراسەکراو نیە! دەسەڵاتـی بریاردان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان لای جڤاتـی نیشتمانیە. ئەم جڤاتە تێکەڵەیەکە لە خەڵکانـی پلە باڵا لە خوێندن و خەڵکانـی تا ئاستـێکـی بەرچاوی نەخوێنەواریش، تێکەڵەیەکە لە خەڵکانـی هەلگرانـی ئایدیای جۆراوجۆر لە دیندارێکـی ووشکەوە بۆ کۆمۆنیستێکـی توندڕەو، لە خەڵکانـی شارەزیـی سیاسـی و خەڵکانـی نامۆ بە سیاسەت، لە خەڵکانـی ڕۆشنبیـرو ڕەخنەگرو لە خەڵکانـی گوندی و دوورە دەستیش هەربۆیە سەرەنجام بڕیاردان لە جڤاتـی نیشتمانـی مەزاجـی و دراسەکراو نابـێ خۆ ئەگەرچـی ژوورە جیاجاکانـی ئەو حیزبە پێشتـر هەر پرسێک تاوتوێ ئەکەن بەڵام سەرەنجام بڕیاردان لای جڤاتـی نیشتمانیە.
وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا بزوتنەوەی گۆڕان سـێ کێشەی سەرەکـی و جەوهەری هەیە کێشەی (متمانە، ئیدارە و بڕیاردان) خۆ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان خواستـی گۆڕانکاری هەبـێ بۆ چاکسازی کردن لە هەرێم ئەوا ئەبـێ بز سەرەتا چارەسەری ئەو کێشە ناوخۆییانە بکات و زاڵبـێ بەسەریا و لێوەی فێربـێ بۆ هەنگاوە گەورەترەکە کە گۆڕانکاری و ڕێفۆرمە لە سەرتاسەری هەرێمـا.
بیـر کردنەوە و ڕێگەچارەی چارەسەری ئەم کێشانە بۆ گۆڕان لە بیـرکردنەوە لە ئۆپۆزسیۆن بوون یان چوونە حکومەتەوە گرنگتـرە بۆ ئێستەی بزوتنەوەکە چونکە لەم قۆناغەی کە ئێستا بزوتنەوەی گۆڕانـی تیایە ئەگەر کێشە ناوخۆییەکانـی چارەسەر نەکا ئەوا ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتابێت یان ئۆپۆزسیۆن هیچیانـی بۆ باش نابن و هەرلایەکیشیان هەڵبـژێرێ پاشەکشەی زیاتر ئەکات.
چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانـی گۆڕان ئاسانە چونکە تا ئەم ساتەش لەناو بزوتنەوەی گۆڕانا تەنها “ئاڕاستەی فکری جیاواز” بوونـی هەیە نەک “دوو تەکەتولـی جیاواز” کە ئەمە خاڵێکـی جەوهەرییە و ئەتوانرێ کاری لەسەر بکرێ وبەزوترین کات ئاڕاستە فکرییە جیاوازەکان لێک نزیک بکرێنەوە بۆیە ئەگەر خواستـی چارەسەر هەبـێ کاێکـی زۆر گران نیە. خۆ هەر کاتێک ئارستە فکرییە جیاوازەکان بوون بە تەکەتولـی جیاواز ئیتـر چارەسەری گرانەبـێ بۆ گۆڕان چونکوم ئەم بزوتنەوەیە تا ئێستا خاوەنـدارێتـی نادیارەو ئەکرێ هەر تەکەتولێک خۆی بکا بەخاونـی لەبری گۆڕانێک چەندین گۆڕان دروست بکرێ کە ئەمەش نەک زەرەر لە خودی بزوتنەوەی گۆڕان بەڵکو لە کۆێ شەقامـی ناڕازیـی کورد و هەرێمێ کوردستانیش ئەیا کە نەوشیروان مستەفا توانـی ڕقـی پەنگخواردووی نزیکەی 20 ساڵـی خەڵکـی لەو بزوتنەوەیەیا ڕێکبخاتەوە و کۆبکاتەوە خۆ هەرکاتـێ بزوتنەوەی گۆڕان کۆنترۆڵـی ئەو دەنگە ناڕازییە پەنگخواردووە 27 ساڵ تەمەنە لەدەستبدات توانایـی ئیدارە دانـی نەمێنـێ ئەوا کۆی ئەزموونەکە ئەکەوێتە مەترسیەوەو ناتوانرێ پێشبینـی بکرێ کە ئاکامەی چـێ و چۆنیـش ئەبـێ.
لە ئێستایا گۆڕان ناسنامەی لـێ وون بووەو بەدوای ناسنامەیەکـی تردا ئەگەڕێ، ئیتـر لە کۆتاییا بۆمان دەرەکەوێ کە ئایا بزوتنەوەی گۆڕان ناسنامەیەك بە کەسایەتییەکـی جیاواز لەوەی کە هەیە هەڵەگرێ؟ ئایا دوو ناسنامە ئەخاتە گیـرفانییەوە؟ یان ناسنامەی “بدل ضائع” دەرەکا؟ وەڵام لای ڕاستگۆی هەموو ئەوانەیە کە لەسەر میـراتـی مادی و دەسەڵاتـی بڕیاری سیاسـی دوای کۆچـی ڕێکخەرە گشتییەکەی ناکۆکن، خۆ ئەگەر نەرمـی بۆیەکتـر نەنوێنن ئەوا ئەکرێ ئەم کێشانەی گۆڕان لەلایەن نەیارەکانـی ئەو بزوتنەوەیەوە سوودی لێوەرگیـرێ بۆ هەڵتەکانـی زیاتری ئەو حیـزبە کە وەک چۆن پێشتـریش سوودی لێبینـراوە.
لێـرەوە بۆمان دەرەکەوێ بزوتنەوەی گۆڕان کێشەی (متمانە، ئیدارە و بڕیاردان)ی هەیە و پەلکێش کردنـی ئەو حیزبە و سەرقاڵ کردنـی بۆ بوون بە ئۆپۆزسیۆن یان چوونە ناو حکومەتەوە لەبـری چارەسەر کردنـی کێشە ناوخۆییەکانـی گرفتەکان قوڵتـر ئەکا کە هەر ئەوەش ئامانجەکەیە هەربۆیە (پەنیری تەڵەکەی گۆڕان خۆماڵـی نییە)!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
سامان وەستا بەکر

about سامان وەستا بەکر