شێرزاد شێخانى: دوو ئاسۆ فەریدون لەکوێ بێنین؟

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

لەم زەمەنە نەگریسەدا کۆمەڵگا بەگشتى ئەخلاقو ئاکارى گۆڕاوە. بەها جوانەکانى سەردەمى زێرینى کوردەوارى لەناو کۆمەڵگەى ئەمڕۆماندا بوونیان نەماوە، نەوەیەکى نوێ هاتونەتە سەر شانۆ کە زۆربەیان پرنسیپە سیاسیو کوردانەو، قییەمى کۆمەڵایەتیەکانییشان لەژێر پێیان ناوەو، بەگشتى بۆ رۆژى خۆیان ئەژین.
لەساڵانى پەنجاو شەستەکاندا دەسەڵاتوحکومەت کاتێک بیانویستایە پۆستیکى دەوڵەت پڕ بکەنەوە ئەگەڕان بەدواى ئینسانى پاک و خانەدان، بڕۆن سەیرى پۆستەکانى ئەو سەردەمە بکەن لەموتەسەریف و مودیرى بەلەدییەو تاپۆ وزەڕیبەو پۆلیس و… هتد، ئەبینن ئەوانەى مەسئولیەتیان پێئەسپێردرا هەمویان لەخانەوادەى دیارى ناو کۆمەڵگە بون، بۆیە کۆمەڵگەش بەعام کۆمەڵگەیەکى تەندروست بو.. مەسئول لەو سەردەمەدا دەستپاک بو، چاوى لەدزینى خەزینەى دەوڵەت نەبو. چاوى لەغەدر نەبو، کارەکانى خۆی بەروحیەتێکى نیشتمانپەروەرانە بەڕێوە ئەبرد، چونکە کەسانى دیارى ناو کۆمەڵگە بون، کارێکى وایان نەئەکرد سومعەى عائیلەکانیان برووشێت، بۆیە لەو سەردەمەدا ئارامى لەناو کۆمەڵگەدا هەبو. ئێستاش هەموو شتێک پێچەوانە بوەتەوە. شەلاتى و سەرسەرى و چەقۆکێش و بەڵتەچى دەسەڵات و پیاوکوژەکانى بونەتە مەسئول و رۆژانە عەزێتى خەڵک ئەدەن. بەهاى مرۆڤایەتى و کۆمەڵایەتى نەما، تەنانەت رۆحییەتى کوردایەتیش گوزەشت، پۆست وپایە بوەتە ئامرازێک بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن لەسەر حیسابی خەڵکى بەشمەینەت و بوەتە وەسیلەیەک بۆ ئازاردانى مییلەت. کێشەکەش لەوەدایە گەندەڵێ ودزى وتاوان لەسەرەوە شۆڕ ئەبنەوە بۆ خوارەوە. جاران خوارەوە لەترسى سەروە نەئەوێران تاوانو کارى گەندەڵی بکەن، ئەمڕۆ لەسەرووى سەرەوە ماڵوموڵکى میللەت ئەدزرێ، ئەمەش وایکردوە خوارەوە ترسى نەمێنێ لەموحاسەبە کردن.
عەرەب مەسەلەیەکیان هەیە ئەڵێ ( لو خلیت قلبت ) واتە ئەگر پیاوچاک لەناو کۆمەڵگەدا نەما، ئەو کۆمەڵگەیە سەراوژێر ئەبێ.
ئەمڕۆ زۆر بەدەگمەن پیاوێکى چاک و بەویژدان و دەستپاک ئەبینرێ، یەکێک لەو نمونەنە جوانانەى دەمێکە نایانبینین دکتۆر ئاسۆ فەرەیدونى پارێزگاری پێشووى سلێمانییە، کە لەمرۆژانەدا بەپێی هەواڵێکى ئەم سایتەى ( سپی میدیا ) رەتیکردۆتەوە مووچەى خانەنشینى وەربگرێ و، ئێستاش رۆژانە لەنۆرینگەکەى خۆی نەخۆشانى ئەم شارە چارەسەر ئەکات و، خۆبەخشانە لەنەخۆشخانەى جەمهوریشدا دەوامى ئاسایی خۆى وەک هەر دکتۆرێکیتر ئەکات، ئەمەش نموونەیەکى ئەوەندە جوانە کە ئێستاو لەم زەمەندا بەکۆ حەسرەتى بۆ ئەکێشین، چونکە کەسایەتیەکى ئەوەندە دەگمەنە کە بەزڕەبینیش لەم زەمەنەدا نابینرێ.
ئەم هەڵویستە جوانەى دکتۆرى بەڕێز نیشانەى ئەوەیە کەوا کەسانێکیش هەن لەم کۆمەڵگەیەدا چاویان تێرەو، پۆست تەنها بۆ خزمەتى ئەهلى شارو وڵات بەکار ئەهێنن، نەوەک بۆ خۆ دەوڵەمەندکردنو نازوفیز بەسەر کۆمەڵگەوە. ئەمەش لەکاتێکدا خەڵکانێک هەن لەسەر پۆستو پارە تەنانەت ئامادەن دەستبەرداری هەمو قییەمێکى ئەخلاقی و کوردانەی خۆشیانەوە بن، بەڵام کەسانێکیش هەن وەکو ئەحمەد شەوقی میری شاعیرانی عەرەب ئەفەرموێ:
فمن یغتر بالدنیا فإنی لبست بها وأبلیت الثیابا .
دکتۆر ئاسو فەرەیدون بەم هەڵویستە جوانەى خۆی پەیامێکى گەیاند کە تەنها مرۆڤە پاکەکان لێی تێدەگەن. ئەگەر دوو کەسایەتى وەکو ئەم بەڕێزەمان لەم سەردەمەدا هەبوایە، حاڵمان نەدەگیشتە ئەو تاریکستانەى ئێستا تێیدا ئەژین كە ناوى کوردستانە.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
شێرزاد شێخانی

About شێرزاد شێخانی