له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج: كه‌س نیه‌ راكان راگرێ.‌

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

راكان جبوری پارێزگاری به‌ وه‌كاله‌تی كه‌ركوك و ئه‌ندامی تازه‌ی پارله‌مانی عیراق، هه‌ر رۆژ بڕیارێك له‌ دژی كوردو به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌ب ده‌رده‌كات، سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ‌ بڵێم: ئێستا ئه‌گه‌ر له‌ بری راكان پارێزگارێكی كورد بڕیار گه‌لی جیاجیای ده‌ركردبا، به‌ره‌ی توركمانی ته‌پڵیان ده‌كوتا، به‌ڵام خۆ به‌ره‌ هه‌ر به‌كورد قه‌ڵسن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كورد له‌ كه‌ركوك له‌ به‌رانبه‌ر بڕیاره‌كانی راكاندا وه‌كی كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت ته‌ماشاكه‌ر زیاتر هیچی تر نیه‌. پارتی دورەپەرێزی گرتوه‌و وازی له‌ كه‌ركوك هێناوه‌و، رسته‌كه‌ی بارزانی باوكی له‌ بیر كردوه‌ كه‌ كه‌ركوكی به‌ دڵی كوردستان ده‌زانی، ته‌نانه‌ت بارزانی كوڕ ئه‌و قسه‌یه‌ی خۆیشی بیر نه‌ماوه‌ كه‌ له‌ كۆنگره‌ی 13 سه‌باره‌ت بە كه‌ركوك كردی، پڕۆژه‌ی كوردایه‌تی لای پارتی بووه‌ به‌ نه‌وت و دۆلارو ده‌سكه‌وت، ئه‌مه‌ من نایڵێم، ئه‌مه‌ زۆر كاره‌كته‌ری نێو پارتی ده‌یڵێن.
یه‌كێتی كه‌ خۆی به‌ خاوه‌نی كه‌ركوك ده‌زانێ‌ و 6 كورسی پارله‌مانی هه‌یه‌، هیچی له‌ كه‌ركوكا بۆ ناكرێ‌، ته‌نانه‌ت ئێستا كه‌ سه‌رۆك كۆماریش كورده‌و یه‌كێتیه‌، ناتوانێ‌ بڕیاره‌ خراپه‌كانی راكان ڕابگرێت، راكان له‌ نه‌بوونی یه‌كێتی و پارتیدا ئه‌وه‌ ده‌كات، ده‌نا ئه‌و پێشتر جگه‌ له‌ به‌رپرسی وزه‌ده‌ره‌كان هیچی ئه‌و تۆ نه‌بوو، بێ‌ بڕیاری پارێزگاریش ده‌ستی بۆ هیچ نابرد، یه‌كێتی ته‌نانه‌ت ئازایه‌تی ئه‌وه‌ی نیه‌ به‌ پێی قانونیش سنورێك بۆ راكان جبوری دابنێ‌.
لایه‌نه‌كانی تر به‌ تایبه‌ت كۆمه‌ڵ، گۆڕان، یه‌كگرتوو، هیچ هه‌ڵوێستێكی ڕوونیان نیه‌ تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ دانیشتنێك له‌ ته‌ك جبوریدا بكه‌ن و پێی بڵێن ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یكات پێشێلكاری قانوونه‌، نه‌یانتوانیوه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ یه‌ك به‌یاننامه‌ ده‌ربكه‌ن، له‌ كه‌ركوكا سه‌دان پێشێلكاری كراوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌وایه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ چاوه‌ڕێی یه‌كێتی و پارتی بن قسه‌ بكات، ئه‌وجا بێنه‌ ده‌نگ.
له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م سێ‌ لایه‌نه‌ش، لایه‌نگه‌لی دیكه‌ هه‌ن، حزبی شیوعی، حسك، بزوتنه‌وه‌، نه‌وه‌ی نوێ‌، لایه‌نگه‌لی دیكه‌، تا ئێستا ئه‌وانیشجگه‌ له‌ سه‌یر كه‌ر هیچ هه‌نگاوێكی ئه‌و تۆیان نه‌ناوه‌، له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ یه‌ك سه‌ركرده‌ی كورد له‌ به‌رپرسی یه‌كه‌می حزبه‌كان نه‌یتوانیوه‌ سه‌ردانێكی كه‌ركوك بكات، لانی كه‌م هه‌ندێكیان چه‌ندین ساڵ له‌ سه‌ر خێرو بێری ئه‌و شاره‌ ژیان، كه‌چی ئێستا له‌ دووره‌وه‌ پێشێلكاریه‌كانی راكان و حكومه‌تی عیراقی ده‌ژمێرن و هیچی تر.
ده‌ركه‌وت له‌ كه‌ركوكا پڕۆژه‌ی توله‌رانس و لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌و نه‌ته‌وه‌ سازی ئاوه‌زدارانه‌ جگه‌ له‌ درۆیه‌كی گه‌وره‌ هیچی تر نه‌بوو، ده‌ركه‌وت كورد هیچ پڕۆژه‌یه‌كی چاره‌سه‌ری نیه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌و ئه‌و ناوچانه‌ له‌ رێی به‌رمیله‌ نه‌وته‌وه‌ ده‌بینێت و هیچی تر.
له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كاندا هه‌ر یه‌ك له‌ پارێزگاری فه‌ڕمی كه‌ركوك” دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم” و به‌رپرسی به‌ وه‌كاله‌تی ئه‌نجومه‌ن” رێبوار تاڵه‌بانی ” به‌رپرسیاره‌تی گه‌وره‌ی ئه‌م دۆخه‌یان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ ئه‌و دوره‌ په‌رێزی و به‌ جێهێشتنی كه‌ركوكه‌ زیاتر زه‌مینه‌ی بۆ راكان ره‌خساندوه‌ به‌ ئاره‌زوی خۆی ته‌راتێن بكات.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
لەتیف فاتیح فەرەج

About لەتیف فاتیح فەرەج