حەمەئازاد بەرزنجی: ئێستا باشترین کاتە بۆ یەکڕیزی و یەکدیدی گۆڕان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا باشترین کاتە بۆ یەکڕیزی لەناو گۆڕاندا و، گەڕانەوەی زویرو زیزبوان و ڕەخنەگرانی دڵڕەنجاوان. بە تێهەڵچونەوەیان لەکارەکانیان و دوبارە خۆڕێکخستنەوەیان و گوڕوتین بەخۆدان و هێنانە سەرمێزی هەمو کێشەکان و باسکردن و دۆزینەوەی چارەسەری واقعیانەو، گونجاندنیان لەگەڵ هەلو مەرجی ڕوداوە هەنوکەییەکان و دورکەوتنەوە لە ڕەخنەی ڕوخینەرو داوا توێریە پەتیە ناواقعیەکان.
چونکە لەناو گۆڕان خۆیدا چەندەها گۆڕنکاری بووەو، چەندەها کێشەو ئاریشەیش سەریان هەڵداوە. هەندێ لەمانە زادەی کارلێکی ناو خودی گۆڕان خۆیەتی و ئەوانی دیکەش دەرەکین، لەوانە کاریگەرو هەڵسوکەوتی نابەجێ و نا ئیداری و نا سیاسی حزبەکانی دەسەڵات، جا چ بەرامبەر گۆڕان بوبێ وەک حزب یان بەرامبەر بەهاووڵاتیانی ناو کوردستان بوبێ بە گشتی. تادەگاتە ئەوانەی کەزادەو خوڵقاوی ناو واقعی کوردستان وئقلیمی و جیهانین.
لەهاتنەکایەی هەمو پارت و ڕێکخراوێکی سیاسی کۆمەڵێ هەلومەرجی ناوخۆیی و دەرەکی هەن کە کاری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان هەیە. لە لەدایکبونی گۆڕاندا، پێویستی بە کردەی قەیسەری نەبوەو، وە زۆر بەشێوەیەکی سروشتی لە دایکبوە، وە زادەی گۆڕانکاری و هەلومەرجە ناوخۆییەکان بوە.
جا ئەو پارت و ڕێکخراوانەی کە بەسروشتی دێنە کایەوە و لەدایکدەبن، هەر بە سروشتیش گەشە دەکەن و (پێچەوانەکەش هەر ڕاستە)، لەکاتی نوشوستیشدا بەسروشتی توشی نوچدان و بەسروشتی و کاوەخۆییش هەڵدەسنەوە. بەڵام حزب و دەستەو تاقمە لەپڕهەڵتۆقیوەکان، کەبە هۆکارێکی کاتی ( دەرەکی یاخو ناوەکی بێ ) سەریان دەرهێناوە، بەنەمانی هۆکارەکە خۆی لەخۆیدا لەپڕ لەپیڤ بون ڕادەوەستن و دەپوکێنەوە.
هەرگیز گۆڕان ترسی پوکانەوەی لێناکرێ، بەڵام لاواز دەبێ و بووە و دۆزینەوەی دەرمان و چارەسەریش لە دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانیەوە دەست پێدەکات. کە ئەمیش کارێکی هێند دژوار نییە. بەڵام دەرمان و چارەسەرەکان دەبێ زۆر بەحەکیمانە و بە هەنگاوی ورد و لێزانانەوە بێ. نەک بەهەرا و زەناو خۆگیڤکردنەوە و هەڵچونی دەرونی و زۆروتن و ڕەخنەی موراحقانەی، کەم تەجروبەییانەی، پڕ هەناسەسوارییانە بێ. یان ڕەخنەی خۆبەزلزانییانەی وا کە لەو دیو ڕەخنەکانەوەو لەدەرەوەی ڕوداوەکان خۆیان ببینن. دەبێ وابێ کەهەمو لایەک خۆی بەبەرپرس بزانێ بەرامبەر چاکو خراپ، ڕاست و هەڵەی هەر هەمو ئەو کارانەی کە کراوان یان ڕویانداوە. وە دەبێ ڕەخنەلێگیراوانیش بەدەمارێکی ساردی خاوەن تەجروبەییانەی تێکەڵ بەهەستی گۆڕانخوازانەی گۆڕانکاریانەوە ڕەخنەکان وەرگرن، کوردیش دەمێکە وتویەتی( دۆست ئەوەیە دەتگرێنێ، دوژمنیش ئەوەیە پێت پێدەکەنێ). وەنەیەڵن ئەو کەفوکوڵو خوێنگەرمیو دڵسۆزیو، گەنجانەیەی کەهەیە، دابمرکێتەوە و ورەدانەبەزینرێت و لە خزمەتی بەرەوپێشچونی گۆڕاندا سازبدرێن و بەگوڕبخرێنەوە. سازانێک تێکەڵ لە کەفوکڵی گەنجانە و ئارامی و لەسەرخۆیی خاوەن تەجروبەکان. واتە نەبهێڵرێت ئاڕاستەکە، بەرەو پیری و خامۆشی و گۆشەگیری و کەنارگیری، بڕوات و . نەبهێڵدرێتیش بەناوی ( بەگەنجکردنی گۆڕان ) ه وە هەنگاو بەرەو بە ( منداڵبازاڕکردن ) بنرێت. بەکورتی و کرمانجیەکەی کەسی شیاووگونجاو و خاوەن ئەزمون و مومارس لە شوێنی شیاودا دابنرین، بێگومان لەناو سستمێکی ئیداری دامەزراودا.
هەندێ گۆتە و دەستەواژە هەیەکە ئێستا زۆر بەکاردەهێنرێن، بێجگە لەوەی بەبێ دەسکاری و گۆرانکاری ئەوەندە گۆکراوە و وتراوەتەوە توشی ڕسکان بووە و وە چونکە باج لەسەر گۆکردن و گۆتنیشیان نەبوەو و هیچ کاتێ بەکارهێنەرانیشان شیتەڵکارییەکیان بۆ مەبەستی قوڵی ناو گوتەکان نەکردوە و بەچەپ و ڕاستدا بەکاریان دەهێنن و بەکارهێنراون. یەکێ لەوانە ( گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی دامەزراندن ). وە نەبێ ئەمە لەناو گۆڕاندا بێ بەتەنها، بەڵکو لەناو زۆربەی حزبەکانی تریشدا بەکاردەهێنرێت.
ئەمە خۆی لەخۆیدا لە قسەی پیرێ دەچێ کە گەنجێتی لەدەستدابێ و، چەندیش دادو فوغان بکات تازە لاوێتی بۆ ناگەڕێتەوە و دەچێتە جوغزی خۆزگەوە. وەک مانای پارچە شێعرە عەرەبیەکەی لێدێت کە بەگۆرانییەکی ئاواز غەمگینەوە دەوترێتەوە ( لیت الشباب یوما تعودا ). هیچ کاتێ نە گۆڕان و نە هیچ پارتێکی دی ناگەڕێنەوە بۆ سەردەمی دامەزراندنیان جا دامەزراندنەکە زێڕین بێ یان نا. چونکە ئەو هەلو مەرجانە و تەنانەت ئەو تاکانەی کەلە دامەزراندنەکەدا بەشداربون ئێستا نەماون یان گۆڕانکاریان بەسەردا هاتوە، ئەمە بێجگە لەتێپەڕبونی کاتەکەو گۆڕانکاریەکانی چواردەورەکەیش. روداوە کۆنەکان ، ئەوانەی ئەمڕۆ نین و، ئەوانی ئەمڕۆش شیتەڵی تازەو هەڵوێستی نوێتریان دەوێ. لەسەردەمی زێڕینیشدا کەس ناتوانێ بێژێ هەڵە نەکراوە، گەرنەڵێین هەڵەی کوشندە ئەوا هەڵەی گەورەش کراوە. چونکە کاراکتەرەکان مرۆڤ بون وە هیچ مرۆڤێکیش لە هەڵە بێبەری و مەعسوم نیە. بەتایبەتی لەو دۆخە جەنجاڵەی کە وڵاتەکەمان و میللەتەکەمانی پیا ڕۆیشتووەو گوزەری کردوە. بەناوی هێنانە پێشەوەی گەنج، چەندین خوێنگەرمی بێ تەجروبە خزێنرانە ناو حکومەت و پەڕلەمانەوە و توشی چەندەها هەڵە بون لە کارەکانیاندا، بەهۆی کەم ئەزمونی و ممارەسەنەکردنی کاری ئیداری لەو پۆستانەیاندا. زۆر لەوە زیاتر تیایاندا بوە، شایانی ئەوە نەبوە کە وەک فەرمانبەرێکی ئاسایی لە وەزارەتێکدا دابمەزرێنرێت، کەچی پلەی زۆر باڵاشی پێبەخشراوە و ئەویش نایکاتە نامەردی ڕێک لە پاداشتا سەنگەری بۆ دەگوازێتەوە. ئەمەش کورت بینی و کەم تەجروبەیی و کەفوکوڵی هەڵچونی لاوێتی بە هەڵپە نەبێ بۆ پۆست و پلە و پایە، دەبێ چی بێ. بۆیە جارێکی دی دەیڵێنەوە، کەسانی خاوەن تەجروبەو خۆڕاگرو پشودرێژ، کە خوێنی گۆڕانکاری لە دەمارەکانیاندا بجوڵێ پێویستن بۆ ئەم قۆناغە. ئەمە بێجگە لە موتوربەکردنی لاسک و خەلفە لاوەکان، لەسەر بنجە ڕەگ داکوتراوەکان تا ئەزموارەی ئەمەک و دڵسۆزی و دانبەخۆداگرتن وەرگرن و دور بن لە هەڵپەو زو بەرزبونەوەی بێ بنچک و بێ پاڵپشت.
لە وڵاتی جەزائیر ، لەم ماوەیەدا فەرمانێ دەرچو بۆ گۆڕینی ناوی خانەنشینکراوان، لە (فەرمانبەرانی خانەنشینکراوان ) بۆ ( سەروەرانی وڵات ). ئاوا دەبێ ڕیز لێنان لە ماندوبوان و وڵاتپەروەران ( گەر بەتەنها بە ناونیشانێکیش بێت ). بەداخەوە لەم دەڤەرەی کن خۆمان، ئاوێک ڕژاوە زۆرجار لە جەستە دەڕوانین و بەکەم سەیری ماندوبوانی سەر خۆمان دەکەین. پێویستە گەنجان و لاوان و خوێنگەرمانی گۆڕانیش، بە چاوی ( سەروەرانی گۆڕان )، سەیری خاوەن تەجروبەوان و شەکەتبوانیان بکەن. نابێ گۆڕان کەسی لێ زیادبێت. هەتا گەر ئەوانە خودی خۆشیان داوای دەستلەکارکێشانەوە و خانەنشینیش بکەن. پێویستە هەندێکیان هەر بمێننەوە و وەک شکۆیەک بۆ کەسایەتی گۆڕان، ڕاوێژیان پێبکرێت، لە شێوەی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا . ئیتر ناویان دەنرێ ( ئەنجومەنی پیرانی گۆران)، یان ( ئەنجومەنی سەروەرانی گۆڕان )، یان هەر ناوێکی دی. وە ئەنجومەنەکەش شکڵی نەبێ و لە کۆنگرەدا ماف و ئەرکی ئەندامەکان بۆدابنرێ. پێشنیار بکات بۆ جڤاتی نیشتمانی و لە هەمان کاتیشدا بتوانێ هەندێ فەرمانی دیاریکراوێش دەربکات. واتە کاری بۆ بێت و کار و فەرمانیشی لێوە دەرچێت. بەمەرجێ نەبێتە لەمپەر لە بەردەمی جڤاتەکان ، هاوکار و پاڵپشت بێ نەک ڕێگر.
یەکێ دی لەهەڵەکان خۆ نەناسییە، ئەویش بەپەرچەکرداری خۆبایی و خۆدەرخستن و زۆر قسەکردن و دواندنی پێویست و ناپێویست، بەیاننامەو نوسینی نابەجێ کە کاریگەرییەکەی بەخراپ بگەڕێتەوە بۆ سەر گۆڕان. دور لەوەی کە بڵێم: ڕەخنەگرتن و خوێندنەوە و بەدواچون ووتاری زانستی و بەجەرائەت، کاری خراپ و نابەجێن. بەلام وەک کورد دەڵی هەمو شتێ بە خوێ و خوێش بەمانا. خۆ چەندەها مامۆستای زانکۆ هەن لە وانەوتنەوەو نوسین زۆر بەتوانان ، چەندان نوسەر و ڕۆشنبیرو هونەرمەندو وتارنوس و چیرۆک و ڕۆمان نوس هەن، پسپۆڕن و بەکارن، بەڵام لەکاری ئیداری و ڕێکخستن و حزبی و سیاسیدا سەرکەوتو نین. لەوانەیە چاکترین شاعیرو ڕۆمان نوسمان لەکاری ئیداریدا کاریان نەکردبێ و سەرکەوتو نەبن. چونکە ئیدارەیش خۆی لە خۆیدا هونەرە. چ جای ئیدارەی سیاسی و حکومی لە هەرێمێکی جەنجاڵ و پڕ لە کێشە و بێ بەرنامە و بێ سستمەی وەک ئەوی ئێمەدا.
لەوانەیە بڵێین هەندی لە گۆتەی ڕەخنەگران ڕاست دەرچوە کە گۆران لەم چەند ساڵەی ڕابردودا خەم ساردبوە لە بەکارنەهێنانی هەندێ لەو فرسەتانەی کە بەهۆی ڕوداوەکانەوە بۆی ڕەخساوە، وە ئەمەی ئێستا ئەنجامەکەیەتی بە چاک و خراپیەوە. وەلێ لە هەندی کاتیشدا بەهەڵپەو چاونوقانەوە چون بەرەو ڕوی ڕوداوەکان کە ئەنجامەکەیمان نەبینیوەو درکمان پێنەکردوە، لەوانەیە کێشەی گەورەی وای لێبکەوتایەتەوە، مەگەر هەر دوژمن خۆزگەی پێبخواستایە.
لە دوای ڕیفراندۆم و ئەو دەرئەنجام و لێکەوتە خراپانەی لێیان کەوتەوە، لەوانە ڕوداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی هەمو ناوچە جێناکۆکەکان گەر گۆران هەندی جوڵەی بکردایە لەو باوەڕەدابوین کە هەندێ دەسکەوتی، سیاسی و عەسکەریشی باشیشی بەدەستبهێنایە، بەڵام دەبوە کردنەوەی دەڵاقەیەک بۆ پێکا هەڵپژان و نانەوەی پشێویەکی ناوخۆ، کە تا ئێستاش لەوانەبو درێژەی بکێشایە. ڕوداوێکی دی کەلەکاتی خۆیدا یەخەی گۆڕانی گرت، لە یەکەم شەوی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراقدا و پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و بینیمان چۆن هەڵیانکوتایە سەرگردی زەرگەتەو، تەقەیان لە ژوری کۆبونەوەکان و وێنەکەی ڕەوانشادیش کرد. زۆر بە عاقڵانەو خوێن ساردیەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کرا، گەر وانەبوایە ئەمیش لەوانەبو بێتە سەرچاوە بۆ هەڵاو پێکدادانێکی گەورەی نەخوازراو. ئەمانەو سەرەڕای دەرکردنی وەزیرەکانی گۆران لە حکومەتی هەرێم و نەهێشتنی گەڕانەوەی سەرۆکی پەڕلەمان، کەلە سەر پشکی گۆڕان بو بۆ ناوبینایەی پەڕلەمان لە هەولێر. کە ئەمیش فتیلەیەک بو بۆ کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە. سەرەڕای ڕوداوەکانی نزیکخستنەوەی زرێپۆشەکان لە بارەگای سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان و خۆپیشاندانەکانی 17 ی شوبات، گەر گۆڕان حەکیمانە کاری نەکردایە، ڕوداوەکان بەرە و ناخۆشتر و شەهیدەکانیش ژمارەیان زۆر لەوە زیاتر دەبو، کە لەقازاجی هیچ لایەکدا نەبو، بێجگە لە قوڵبونەوەی دوژمنایەتی نەبێ. بۆیە بونی کەڵە پیاوان وبە ئەزمونان وەک هەوێن وان بۆ گۆڕان، هەرکاتی گۆڕان هەستی بەخابونەوە و شل بونەوە کرد، بە تەداخولێکی حەکیمانەی ئەم بەرێزانەو جوڵەیەکیان ورەو تواناکان چڕ و خەست دەبنەوە و یەکدەگرنەوە.
بێ ڕوپۆش و پەردەدان بەسەر وشەکاندا، باگەنجان و خوێنگەرمانی گۆڕان باش بزانن بوون و چەقبەستویی ئەوان و حساب بۆکردنیان، لەناو کۆمەڵداو لە ئێستادا، بەبون و نفوز و کاریزمای خاوەن ئەزمونەکانەوە بەندە (ئەوانەی کۆچیان کردوەو ئەوانەش کە ماون )، هەر لەسەرەتای دروستبونی گۆڕانەوە تا ئەمڕۆ. وەتەنانەت ئەو دەنگە زۆرانەی کە ژمارە یەکەکان لە هەڵبژاردنەکاندا دەیهێنن، زۆربەی دەنگی کاریزمایی ڕەوانشادو هاورێکانێتی کە لەواندا ڕەنگ دەداتەوە. وە ئەوان بێ ئەمان نە بونیان دەبو نە بۆن، وە نەدەیانتوانی بەردەوامی بدەن بە بونیان. چاکترین بەڵگەش لەسەرەتای نەوەدەکاندا و لە سەرەتای ڕاپەڕیندا، رەوتی کۆمۆنیست لە شارەکانی کوردستاندا و بەتایبەتی تریش لە ناو سلێمانیدا، بونی خۆی سەلماندو یەکێ بو لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی دەستەی جێبەجێکردنی ڕاپەڕین. لە پێش زۆر لە چەکدارانی هەندێ لە حزبەکانی دییەوە دەستیان وەشاندو ڕاپەڕین و شەهیدیان داو، بەشداری هەمو قۆناغەکانی ڕاپەڕین بون و زو بەناوخەڵکیشدا بڵاوبونەوە و تەشەنەیان سەند. چەندەها بارەگایان بۆ خۆیان دروستکردو چەند هەنگاوێکی ئیداری باشیشیان ناو چەند ئەنجومەنێکیشیان دروستکرد. بەڵام بەهۆی کەم ئەزمونی و هەڵپەی گەنجی و کەس نەخوێندنەوەو خوێنگەرمییان، هەنگاوی سەرەڕۆیی زۆریان نا. پەڕگیریشیان لەهەندێ بەندو باوی کۆمەڵایەتی وایلێکردن تادەهات لە خەڵک زیاتر دوردەکەوتنەوە، وە هەر بە خۆڕێکخستنەوەو و دەرکەوتنی پارتی و یەکێتی و پارتەکانی دی بەرەی کوردستانی ئەوکات، ئەمان وەک ئاردی ناو دڕکیان لێهات. بەجۆرێ پەرش و بڵاوبونەوە، کەنەیان توانی هەروا بەئاسانی خۆیان بگرنەوەو بەوگوڕ و تەوژمەی یەکەم دەرکەوتنیان دەربکەونەوە. تەنها خۆیان لە چەند خۆپیشاندان وڕێرۆیشتن و چەند کۆڕێکدا دەبینیەوە.
وەکو پێشتریش ئاماژەمان پێدا ئێستا چەندەها ڕوناکبیر، نوسەر، پسپۆڕی کۆمەڵایەتی، چەندان و چەندانی دی هەن کە دەتوانن کۆڕ ببەستن، خەلک بجۆشێنن، بەڵام ناتوانن بەردەوامی بدەن بەو خرۆشاندنە و ئاڕاستەیان بکەن و وایان لێبکەن گوێڕایەڵی بەردەوامیان بن. بۆیە وای دەبینین کاری ڕەخنەو خرۆشان و گردکردنەوەی خەڵک ئەوەندە گران نەبێ و نەبوە، بەڵام کێشە لە بەردەوامی و ئاڕاستەکردنەکەو خوێندنەوەی بەرامبەرەکەشتدایە. وەنابێ وابزانی کە هەر تۆیت لەساحەکەدا هەیت و کەی تاقەتت هەبو جەماوە بجوڵێنی و کەی نەتویست دەست بخەیتە سەر سەریان و کڕیان بکەیت. بەرامبەرەکەشت هەیە، گەر دژیشت نەبێ ئەوا ڕکابەرتە، هەرچەندە ناتوانێ بتسڕێتەوە، بەڵام دژی هەوڵەکانی تۆ کاردەکات و خۆی و هاوسۆزەکانی دەیانەوێ کۆمەڵێ کەسانت لێبکەن، لێتدوربخەنەوە، ساردیان بکەنەوە، بەپارەو مەنسەب هەڵیان بخەڵەتێنن، وەیان هەندێکی دیکە بە زەبری توند و تیژی و دەرکردن لە وەزیفە بتۆقێنن. یان دەیانەوێ کۆمەڵی هەنگاوی دڵڕازیکەریش بنێن کە پێشتر تۆ ویستوتە بکەیت و لە بەرنامەتدا هەتبوەو، بەلام ئەمان تەگەرەیان تێخستوە. بە شێوازێکی دی لەوانەیە سود لە ڕەخنەو بەرنامەکانی تۆ وەربگرن و بەناوی خۆیانەوە و بە تەرزێکی دی دایانبڕێژنەوە و خەڵک لەخۆیان کۆمەڵ بکەن. وە کردنیشی گەر بیانەوی ئەوەندە گران نییە لای ئەوان، چونکەئەوانیش جەماوەرێکی تایبەت بەخۆیان هەیەو خاوەن سوڵتەو پوڵ و دراویشن، لەکۆنەوە تاکو ئێستاش. ئەمانە هەرهەموی لەلایەک و لەلایەک دی، وە تەریب بەتۆ، لایەنێک یان چەند لایەنیکی دی هەن و تازە دروست بون. ئەوانیش دەیانەوێ جەماوەر بەلای خۆیاندا کێش بکەن، وە زۆر جار لەسەر هەڵەکانی تۆ وازی خۆیان دەکەن، وە کاریش بۆ ئەوەدەکەن، کەسواری دەنگەناڕازیەکان بن و دەنگە زیزبوەکانی تۆش بدزن و پەیمان و مژدەبەخشی هەڵخەڵەتێنەرانەیان پێبدەن. بە قسە خەیاڵپڵاو و باق و بریقەکانیشیان، وەک ئەوەی جەجاڵ هەڵسابێ کوێرانەش خەڵکی دوایان دەکەون و لێیان کۆدەبنەوە.
وە تەمەنی ئەم دەستەو جوڵانەوە هەڵتۆقیوە نوێیانە، درێژ نین و زو دەپوکێنەوە، لەدایکبوی کەشو بارە نائاساییەکەی کوردستان و دەستلەپشتانیانن. بەرگەی چەند هەڵبژاردنێک زیاتر ناگرن. چونکە چاوگی هەڵتۆقین و دیدوبۆچون و بەرنامەوپاشتخان و باکڕاوندیان دیارە و بناغەیەکی سیاسی و ڕۆشنیری و ئیداری ئەوەندە پتەویان نیەو ڕەگیان ئەوەندە ڕۆنەچۆتە خوار تا بەرگەی ڕەشەباو تەمەن بگرن. چونکە قۆناغەکای پێکورەییان بە قەڵەمباز و لەپڕ بڕیوە. لەتەمومژی بێ سستمی و نا ئیداری و ناسەقامگیری ئابوری کوردستاندا ژینگەیەکی پیسی وای دروست بوبو، کەلەوەدەچی سروشت هەربۆ لەدایکبونی ئەمانی خوڵقاندبێ، بە ئاسانی چەکەرەیان کردو دەرکەوتن. بێگومان لەناو ژینگەی زەلکاودا هەر مێشولە سەردەردێنی. بۆیە بواری سەرمایەداری گوماناوی خۆیان وەگەڕخست و هەر زو دەوڵەمەندبون و هەڵکشان. ئەم فریوی کۆکردنەوەی سەروەت و سامانە وای لێکردن تامەزرۆی ئەوەبن سەرێ لەدەرگای سیاسەتیش بدەن و، بەڵکو سەریشیان لەم هێلکەیەدا بجوقێ. ئەمیش لە پێناوی دو مەبەستدا بو، لەلایەک بۆ پلەو پایە و دوبارە زیاتر خۆدەوڵەمەنکردن و خەڵک کۆکردنەوە، لەلایەکی دی بۆ گۆڕین وداپۆشینی چاوی ڕەخنە لەسەر فرتوفێڵە بازرگانی و سەرمایەدارییەکانیان. تا ئەو شکات و داوایاساییانەی هەیە لەسەریان بۆ لێپێچینەوەیان و پەلکێشکرددنیان بۆ دادگا بگۆرن بۆ ڕکابەری و ململانێی سیاسی.
پشودرێژی گۆڕان هەرهەمو ئەمانە دەکات بەبڵقی سەرئاو. چونکە هەروەک لەدەستپێکدا ئاماژەمان پێکرد گۆران بەسروشتی لەدایکبوەو هەروا بە ئاسانی ناپوکێنرێتەوە و ئامانجەکانیشی کە لە خزمەتی داوا رەواکانی زۆرینەدایە و بێ پەردە لە پلان و بەرنامەی خۆیدا بڵاوی کردونەتەوە و کاریشیان بۆ دەکات، گەرچی چەندەها بەربەستی زۆر سەختی هاتۆتە بەردەم و هەر دێتیشە بەردەمی بۆ جێبەجێکردنیان.
گۆران بزوێنەرو پێشەنگی بەرەی موعارەزە بوە، بە خەباتی مەدەنی و دیموکراسی. مکوریش دەبێ و، هەربەردەوامیش دەبێ، لە بەرخۆدان و کۆکردنەوەی بەرهەمی خەباتی، لە مەڵۆوە بەرەو شارا و لە شاراوە بەرەو خەرمان. تا ئەو کاتەی میللەت دە بێژێ خەرمان بەرەکەت. با ئەوانی دیکەش بەردەوام بن لە بەرزکردنەوەی دیواری لەرزۆکی دزین و تەزویری دەنگو، هەڕەشەو ساختەی پێناس و، خیانەتی سەربازی و نیشتمانی و، دۆڕاندن و چۆڵکردنی ناوچەی ناکۆک و، دزینی موچەو پارەی نەوت تا ڕیسوابونیان. دزی لەسەر دزیو فێڵ لەسەر فێڵیان با هەرکەڵەکە بێت، تا ڕۆژێک دێ ئەم دیوارە لەرزیوە، بێ بناغەیە، بە دەردی کەڵەکە تڕی، بەسەریاندا بڕمێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت