دوکتۆر سەردار عەزیز: ئەمریکا و پەکەکە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەواڵی دانانی بڕی پارە لە سەر سێ سەرکردایەتی پەکەکە لە لایەن ئەمریکاوە، هەوڵێکی ناخۆشە، بەڵام جێگەی سەرسورمان نیە بۆ مێژوو و هەڵوێستی ئەمریکا. چەند خاڵێک لێرەدا گرنگە:
یەکەم، ئەوەی روویدا بەشێکە لە دانوستانی ئەمریکا و تورک، رۆژی سێشەممە ماثیو پالمەر جێگری وەزیری دەرەوە لە ئەنکەرە بوو. ئەمە بەشێکە لە دانوستانی نێوان تورکیا و ئەمریکا، بە مانایەکی تر کاتێک بەشێکە لە دانوستان ئەوا بە مانای ئەوەی کە داوای لایەکە، لایەکەی تر ئامادەبوە جێبەجێبکات لە بەرامبەر داوایەکی خۆی یان زەمینە ڕەخساندن بۆ داوایەکی. لە هەمانکاتدا لە میانەی تۆڕێک لە داخوازی تری هەردوولادا هاتوەتە ئاراوە. تویتکردنی لە لایەن باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئەنکەرە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکاییەکان وەک هەنگاوێک بۆ سەرنجڕکێشانی ڕای گشتی تورکی بەکاری دەبەن. دیارە ڕای گشتی تورکی بە ئاستێکی زۆر دژە ئەمریکاییە.
دووەم، ئەمریکا لە سەرەتای پەیوەندی لە گەڵ پەیەدەدا هەمیشە کێشەی ئەوەی لە گەڵ تورکیادا هەبوە کە پەیەدە و پەکەکە پەیوەندییان نیە، تورک هەمیشە ئەوە دوپات دەکەنەوە کە هەردوو یەکن. ئەمریکا ئەم هەنگاوەی ناوە، بۆ دەرخستنی ئەوەی کە پەیوەندی نیە لە گەڵ پەکەکەدا، بەڵکو پەکەکە وەک نەیاری تورکیا، بە نەیاری خۆی دەزانێت.
سێیەم، ئەم هەنگاوە سیمبۆلیکە پێش هەموو شتێک، پەیامێکە بۆ ناوخۆی تورکیا کە ئەمریکا پشتیوانی کورد ناکات دژ بە تورکیا، بەڵکو ئامادەیە کە پارە لە سەر سەرکردەکانی پەکەکە دابنێت.
چوارهەم، ئەمە پەیام و فشارە بۆ سەر پەیەدە کە پەیوەندی لە گەڵ پەکەکەدا نەبێت و هەروەها دەستوەرنەداتە کاروباری تورکیا.
پەکەکە نابێت پەرچەکردارانە مامەڵە لە گەڵ ئەم هەڵوێستەی ئەمریکادا بکات. خراپ خوێندنەوەی ئەمریکا، لە دەرئەنجامدا پەیوەندی خراپی لە گەڵ ئەمریکادا لێدەکەوێتەوە. ناوچەکە پڕیەتی لە نمونەی خراپ خوێندنەوەی ئەمریکا چ لە لایەن دۆست و چ لە لایەن نەیارانەوە. ئەمریکا بەردەوام دۆست و نەیارەکانی نائومێد دەکات. ئەمە بەشێکە لە پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکادا. لە پشت ئەمەوە کۆمەڵێک هۆکار هەیە: یەکەم، ئەمریکا کەس بە دۆست و هاوتای خۆی نازانێت. دووەم، سیاسەتی ئەمریکی بەردەوام لە گۆڕاندایە چونکە سیاسەتە لە ئاستی جیهاندا، سێیەم، ئەمریکا ئیدارەی دەگۆڕێت هەروەها هەڵوێستیشی.
دیارە پەکەکە چاوەڕوانی ئەوە نەبوو کە ئەمریکا قبوڵی بکات، بەڵام ڕونیشە چاوەڕوانی نەدەکرد کە دژایەتی بکات چونکە پەکەکە بە هیچ جۆرێک دژایەتی ئەمریکای نەکردوە. بەڵام قەدەری کورد سەختە، هەمیشە ئەوانیتر زیاتر کاریگەرن لە سەر بڕیاردان لە چارەنوسی زیاتر لە خۆی. ئەمە قەدەری هەموو گەلێکی بێدەوڵەت لە سیستەمی دەوڵەتیی دونیادا.
وەها بە باش دەزانم پەکەکە پراگماتیک بێت و بە ساردی مامەڵەی لە گەڵدا بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت