PUK-1

دکتۆر کەمال میراودەلی: چەپکە گوڵ لە ناو خانووە قورەکانداـ یەکێتیی چۆن دەبێتەوە بە یەکێتیی؟ پێشکەشە بە گەنجانی یەکێتیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

[ وەک دەبینن ئەمە یەکەمجار لە 25 ی ئابی 2013 دا ىڵاوبۆتەوە. پێنج ساڵ زیاتر تێپەڕی کورد مانای کات و کار نازانێت. دەسەلات باکی بە هیج نییە مادام دەسەلاتی بەدەستە. لەم ماوەدا مام جەلال و عادل مراد و نەوشیروان مردن ئازاد جوندیانی بوو بە پارتی، دکتۆر بەرهەم بۆ دەسەلات جیابۆوە و بۆ سەرۆک کۆماری بە فشەیی گەڕایەوە. گەل و ولاتیش هیچ! کارەساتی شەنگال و مەهزەلەی ڕیفراندۆم و 16 ی ئاب ڕوویدا. ئەمەش پرۆژەیەکی جددی بۆ خزمەتی یەکێتیی و کوردستان کەس ئاوڕی لێنەدایەوە.
جارێکی دی بلاوی دەکەمەوە دوای ئەوەی دوێنی برادەرێک وتارێکی نووسەریکی بەڕیزی کەرکوکی بۆ نارد، م کە شاگەشگەیی خۆی درەبریوە گوایە ئەمجارە خوێڕییەکانی بنەمالەکان ژمارەی بنەمالەکان زیاتر دەکەن بە زایدکردنی کوڕەکانی نەوشیروان بۆ دیوەخانی خیانەت و خۆفرۆشتنی خۆیان و یەکێتی و گۆڕان یەکدەگرنەوە.!
نازانم بۆ ڕووناکبیری کورد گەر کەسێ بەم مانایە مابێت فێڕ نابن باسی دەستوور و یاسا و دامەزراوەی نەتەوەیی و کۆتایی دەسەلاتی خیانەتکار و داگیرکەر و کوردفرۆشی بنەمالەیی بکەن.
دەقی وتارەکە وەک پێش پێنج ساڵ تکایە بە وردی بیخوێنەوە..]
……………………………….
ئەم وتارەم دەمێکە چەند هەفتە دوای نەخۆشییکەی مام جەلال نووسیوە و لەبەر بابەتی تر و بێهیوایی لەوەی لەو بەربەرییەتە و بەرەلاییەی کوردستاندا هەرچی بینووسیت هیچ کاریگەریی و ئەنجامێکی نییە، بلاوم نەکردەوە. لەم دواییەدا لە تۆرەکانی میدیای کۆمەلایەتیدا بە تایبەتی لە فەیسبووک سەرنجی هەلوێستی جوامێرانەی گەنجانی یەکێتی – م لە زۆر پرسی نەتەوەیی دا، بۆیە بۆ خاتری ئەوان بریاری بلاوکردنەوەیم داو پێشکەشی دەکەم بە ئەوان

(1)
لە بیرکردنەوە لە قۆناغی دوا- تاڵەبانی پرسیارەکان هەموو بە چەواشەیی دەکرێن. ئایا کێ دەبێتە سکرتێری گشتی؟ ئایا یەکێتی لەگەڵ پارتی یەک دەگرێ یان لە گەڵ گۆڕان؟ یەکپارچە ەدمێنێتەوە یان پارچە پارچە؟
یەکیتی دوای تالەبانی: پرسێکە دەبوو لە هەمووئاستیکی سیاسیی و کۆمەلایەتی و رۆشنبیریی و ئەکادیمیی ومیدیاییدا ، شەو رۆژ، باس کرابایە.
دەبێ بۆ جاری سەدەم ئەو سەرنجە دووبارە بکەمەوە: دەبوو پێش ئەوەی پرسیاری لەم چەشنە بکرێت، دەبوو پێش ئەوەی سەرکردەکانی یەکێتێش بیری لێ بکەنەوە، لە ولاتی 22 ساڵ دەسەلاتی خۆماڵییدا، دەبوو دەیان دەزگای لێکٶڵێنەوەی ستراتیجیی و ئەکادیمیی زانستیی و ڕێکخراوی کۆمەلگای مەدەنیی و کەرتە پەرلەمانییەکەی یەکێتیی، ئەم بابەتەی شرۆڤەکردبا و کۆمەڵە بەرخواست (ئیختیار) ێکی زانستیی بێلایەنی بخستایە بەردەم یەکێتی و خەلکیش.
ئەوە هەر هیچ هەرێم وەک ولات، حکومەت، خەلک هیچ دەزگایەکی لێکٶڵینەوەی ستراتیجی سەربەخۆی نییە. هیچ دەزگایەکی میدیایی بێلایەن و بابەتیی و سەربەخۆی نییە کە دایەلۆگ لە پێناوی دایەلۆگدا، لەپێناوی گەڕان بە دوای راستییە بابەتییەکاندا برەو پێ بدات.
یەکێتی خۆی لەوەتی هەیە یەک شتی بەناو لێکٶڵینەوەی ستراتیجی هەیە. ئەویش وەک هەموو شتەکانی تر: مڵکی یەک کەسە، بۆ خۆی بۆ کوێ بچێ، دەزگایەکە لە گیرفانیدایە و بۆ وێ دەچێ، خۆی چۆنی بوێ دەزگایەکە وا قسە دەکا، قسەکانیش لە کۆمێنتێک لێرەو یەک لەوێ بە پێی بەرژەوەندی کات و شوێن و گیرفان زیاتر نییە.
پێناسەی سەرەتایی دەزگا ئەوەیە کە دەستوور و کەسێتیی مەعنەویی و وزەی مانەوە و ستراکتور و بەرنامەی کار وستافی پرۆفێشنال و بەرنامەی کاری ساڵانەی خۆی هەیەو کەسەکان دێن و دەڕۆن و دەزگا دەمێنێتەوە بە هێزتر دەبێ و لاوازتر نابێت و هەر ساڵەی دەیان لێکۆڵینەی پر ئەژمار و بەلگە و شیکاری زانستی و بابەتی قوول پێشکەش دەکا، کە دەبنە ماددەی خوێندنی زانکۆکان و پشتپێبەستنی نێوەندە سیاسییەکان.
لە ولاتی بێ بنەماکانی زانست و لێکۆڵینەوە و چاوگەی دەسەلاتی (مەرجەعی) زانستیی، ولاتی بێ دیمۆکراسی و غیابی دەوری خەلک و رای گشتی و شەقام، ولاتی بێ دەستوور و یاسا و نموونەکاری دەزگایی زانراوو تاقیکراوە، ولاتی بێ بەری لە بنەماکانی ئەخلاق و بەرپرسیاریی ویژدانیی و کۆمەلایەتیی و نەتەوەیی، لە ولاتێکدا نە میللەت، نە حکومەت، نە حیزب ستراتیجی درێژخایەنیان نییەو نازانن سێ سالی دی، پێنجی دی، دەی دیکە بۆ کوێ دەچن و لە جیاتی ئەوەی رووداوەکان بەرێوەبەرن چاوەرێن رووداوەکان ئەوان بەرێوەبەرێت یان را بدات، لە جیاتی ئەوەی دەستی دەرەوە ببڕن و ناوەوە بەهێزبکەن چاوەرێن دەستی دەرەوە بیانهێڵێتەوە، ئیدی هەر پرسیارێ کە دەکرێ پرسیارێکی وێلە بە دوای وەلامێکی وێلتردا.

(2)
کەوایە ئایا یەکێتی هیچ ڕێباز و ڕێنماییەکی خۆی بۆ قۆناغی داهاتووی هەیە بە مانی یان خوانەخواستە نەمانی مام جەلال؟
مەحالە هیچ حیزب و بزوتنەوەیەک و رێکخراو و دەزگایەک بێ فەلسەفەی سیاسیی و چەمکی تیۆریی ڕێبەرو ڕێنماییکەر دروست نابێت. ئەو بیرانەش دەبێ لە ستراکتوری رێکخراوەیی و بەرنامەی کار و کردارو پراوەی رۆژانەدا بەرجەستەبن بۆ ئەوەی ببنە زاراوەی زمانی هاوبەشی سیاسەت و خەباتی سیاسیی کادرەکان و هاوبیرە هاوکارەکانی.

چەپکەگوڵ’ و ‘خانووە قوڕەکان
مام جەلال وەک فەلسەفەی نوکتەئاسایی خۆی دوو قسەی هەن کە بە داخەوە هەر لامسەرلایی و بێ بیراندن و بەرنامە و ناوەرۆک جارجارە دووبارەیان دەکاتەوە: چەپکە گوڵ و خانووە قوڕەکان. بەلام لەوە زیاتر وەک دروشمیکی نامۆ لە یەک دوو بۆنەی حیزبیدا هەڵبەت بۆ خۆدزینەوە لە بەرەورووبەنەوەی پرسیارە جدییەکان دوبارەیان بکاتەوە، هەولی نەداوە بەراستی و بە باوەرپێبوونێکی فەلسەفییەوە بیانکاتە بیرێک کە ڕینمایی و ستراکتورو پرۆسەی کارکردنی لە سەر بنیاتبنرێ. ئەمەش هەرخەتای خۆی نەبووە، خەتای رۆشنبیرەکانی ناو یەکێتی و هەوادارەکانی لە دەرەوەی یەکێتیی شە، لە ولاتان کاتێ سەرۆکێك بیرۆکەیەک بەکاردێنێ وەک ڕێنماییەک بۆ سیاسەتی حیزبەکەی یان ولاتەکەی، دوایی دەیان نووسەر لێكی دەدەنەوە پەرەی پێ دەدەن و دەیکەنە رێنمایی و بەرنامەیەکی تیۆریی و پراتیکی جددی بۆ کارو سیاسەتی حیزب و حکومەت.
بۆ نموونە: دەیڤید کامیرۆن – ی بەریتانیا کە هەڵبژێردراو هاتە سەر حوکم دەستەواژەی: کۆمەلگای مەزن [بیگ سۆسایتی) بەکار‌هێنا وەک بیرێک بۆ گرنگی دان بە کۆمەل و دەوری خەلک و رێکخراوی مەدەنیی و خەیریی و کەمکردنەوی دەوری حکومەت. هەر یەکسەر دوای وتارەکەی، رۆژنامەو نووسەران قۆستیانەوە بە سەدان وتارو دیراسەی لەسەر نووسراو لیکدانەوە و تیۆریزەی بۆ کراو ئێستا گەرچی تا رادەیەک لەو بیرەش پەشیمان بۆتەوە بۆتە ماڵ لە سەری و ناتوانێت دەسبەرداری بێت.
کە کاک نەوشیروانیش چەمکی جیاکردنەوەی حکومەت و حیزب و (ئێمە و ئەوان) ی وەک بەرەی [راستگۆیی و بەرژەوەندیی خەلک] و بەرەی [درۆ و دراو]، وەک بنەمای جیابوونەوەکەی خۆی و کاری کۆمپانیای وشە بەکارهێنا، زۆری لە سەر نووسرا، بەلام نەبوو بە فەلسەفە و بەرنامە و ستراکتوری دیمۆکراتی کارو لە بیر چۆوە و کەسییش ئەم بیرۆکانەی نەکردە بنەمای ئایدیۆلۆجی و پێوانەی ئەخلاقیی بۆ چاوەدێریکردنی پرۆسەی پیشکەوتن و کارکردن و راستگۆیی سەرکردایەتی گۆڕان خۆی لەگەڵ بیرە بنەرەتییەکانی خۆیدا. ئاخری هاتە سەر ئەوەی گۆڕان رایبەگەیەنێت کە ‘ئایدیۆلۆجی’ نییە و دروشمی ‘دەیگۆڕین’ یش لە پارچە سەهۆڵیکی تواوەی سەر جاددەی سەهۆڵەکە زیاتر تێپەڕی نەکرد
ئەم قسانەی مام جەلال- یش لە قسەی بۆنەکان زیاتر نەڕۆێشتن و نەکران بە تیۆریی سیاسەت. لە لایەکی ترەوە پێچەوانەی ئەوەی لەولاتیکی دیمۆکراتی وەک بەریتانیا روودەدا، قسەکان نەک هەر قسەی رەمەکیین و هێچ ناوەرۆکیان نییە، بەلکو پێچەوانەی کردەوەکان و راستییە مەیدانیی و کۆمەلایەتییەکانیشن. بە مانایەکی دی: یەکێتی نە خۆی توانی ببێتە تیمێكی پێکەوە گونجاوی دوور لە ناکۆکی و دەستەگەریی و شەقبوون کار بکات، نە توانی ببێتە حیزب بە مانای مۆدێرن، نە حکومەتیکی دروست کرد شایانی ئەو ناوە بێت، نە سیاسەتەکەشی و کردارەکانیشی سیاسەتی بیرکرنەوەو خەمخۆریی خانووە قوڕەکان و بیری سۆسیال دیمۆکرات بوو.
ئەو دزیی و داگیرکاریی و داوێنپیسیی و مافیاییەی سەرانی یەکێتیی لە ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی خۆیان کردوویانە تا دەیان سالی تر، پەڵە رەشەکانی بە روخساری شارەکەوە دەمێنن.

(3)
چەپکە گول لە ناو خانووە قوڕەکاندا
بەلام ئەمە مانای وانییە ئەم دوو چەمکە ئامادەییان نییەو ناتوانن بەکاربێن و ناتوانرێت یەکێتی لە قۆناغی داهاتوویدا گەر ئەندامەکانی و جەماوەرەکەی دەنگ و دەوریان هەبێت و دیمۆکراسی لە ستراکتور و پرۆسە و کارەکانیدا قبوڵ بکات، ناتوانێت بەراستی ببێت بە حیزبێکی سۆسیال دیمۆکرات. ئێستا جەماوەری یەکێتی بەراستی دەتوانێ ئەو دوو دەستەواژە بکاتە چەمکی رێبەرایەتی کاری سیاسی خۆی.
خانووە قورەكان: بیرکردنەوەیە لە مرۆڤی ئاسایی کورد،. لە منالی کورد، ژنی کورد، کرێکاری کورد، لە جووتیارو دێهاتیی کورد، لە ئەوانەی سووتەمەنی شۆڕشەکان بوون، بیرکرنەوەیە لە رێگەوبان، لە قوتابخانە، خەستەخانە، نانەواخانە، باخچەی ساوایان، پەناگەی پیران، هتد بە کورتی خانووە قوڕەکان بەرجەستەکردنی راستەقینەی داپەروەریی کۆمەلایەتیی و تەرجەمەکردنی بنەما و ناوەرۆکی سۆسیال دیمۆکرات بوونە بۆ زمانی ئاسایی خەلک.
چەپکەگوڵ: باوەربوونێکی رەهایە بە ئازادیی بیرورا، دیمۆکراسی بۆ خەلک و قبوڵکردنی جیاوازیی بە قبوڵکردنی جیاوازیی و پێکەوە ژیانی کوتلەی حیزبیش لە ناو خۆیدا و فرەحێزبێتی و فرەگوڵیی و پشتگیری پشکوتنی سەدان بیرو رای جیاواز ورێکخراوی پێشەیی و کۆمەڵگایی و دیمۆکراتی تەواو سەربەخۆ لە حیزب
کاتێ ئیرادە هەبێت، رێگا دەبێت (وتەیەکی ئینگلیزیی)
ئەمەش ناکرێ گەر سەرکردایەتی ئێستا بیر لە خۆپاککردنەوە و رێگاچۆلکردن بۆ نەوەیەکی نوێی تیوەنەگلاو لە گەندەڵیی نەکاتەوە و هەڵبژاردنەکانی چ بۆ سەرکرادیەتی حیزب و چ بۆ کاندیدەکانی پەرلەمان بە لیستی تەواو کراوە و پرۆسەی کامپەین و دەنگدانی ئازاد نەبێت.
ناتوانی گوڵ پەروەردەکەیت گەر هەم لە بۆگەنی گەندەلیی و هەم لە چقڵ و دڕكی دەستدرێژیی و داگیرکاریی و دزیی پاکی نەکەیەوە.لەم مەیدانەدا با سەران و کادرانی یەکێتی پێشرەو بن و بناغەکانی گەندەلیی هەنگاو بە هەنگاو هەڵبوەشیننەوە.
با یەکەم جار هەموو ئەو ملک و بینایە حکومیی و مڵکە گشتییانەی کە یەکێتی وەک حیزب داگیری کردوون بیانگێرێتەوە بۆ پارێزگاو شارەوانی سلێمانی.
با کۆمپانیاکانی حیزب بکاتە سەهمی هاوبەشیی کراوە بۆ هەموو خەلک،
با ئەو بیناو باخ و مەزراو زەوییانەی بە ناهەق داگیرکراون بە بەرنامەیەکی پراتیکی بگەرێندرێنەوە بۆ ملکی گشتیی و بەرژەوەندی گشتیی، بەتایبەتی با لە دەرهێنان و بە تاڵاندانی نەوت و سامانی کوردستان بە تورکیا و شەریکە بێگانەکان یەکێتی هاوبەشی ئەو تاوانە نەبێت و راستییەکان بۆ خەلک روون بکاتەوە و هەر نەبێت ئەو سەرچاوە و سامانانە بپارێزێت کە دەکەونە ناوچەی ژیر دەسەلاتییەوە.
با یەکێتی پێشرەو بێت لە واز‌هێنان لە میدیای حیزبی و رێگا خۆشکردن بۆ ئەهلییکردنی تەلەفزیۆن ورۆژنامەکانی حیزب و هەوڵدانی لە ئاستی حکومەتیشدا بۆ دامەزراندنی دەزگایەکی راگەیاندنی نەتەوەیی لە شێوەو ئاستی بی. بی. سی بەریتانییدا.
یەکێتیی کادری میدیایی نەتەوەیی و دیمۆکراتی پێشکەوتنخوازی هەیە، بەلام تا میدیا وەک میدیای حیزب و ملکی حێزب و زمانی حیزب بمێنێتەوە، ناتوانێت ببێتە میدیایەکی نەتەوەیی و پرۆفیشنالیی. با هەر نەبێت یەکێک لە کەنال و رۆژنامەکانی یەکێتیی لە چوارچێوەی حیزبایەتی بچنە دەرەوەو ببنە دەزگایەکی سەربەخۆی خۆژێن و نموونەی میدیایەکی نەتەوەیی دیمۆکراتی سەربەخۆ پێشکەش بکەن.
با یەکێتی واز لە زانکۆی سلێمانی بێنێت بە راستی ببێتە زانکۆیەکی سەربەخۆو سەرچاوەیەکی ئەکادیمیی و زانستیی پارێزەرو پێشخەری زمان و ئەدەبیات و زانست و تەکنۆلۆجیاو پێگەیەنەری هەزاران رۆڵەی باسکارو ڕووناکبیرو نیشتمانپەروەرو زانا لە هەموو بوارەکاندا. با دەوری داگا کارا و سەربەخۆ بکات و دامەزراندن بە تەزکیەی حیزبیی حەرام بکات و دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو هاولاتییان بکاتەوە.

(4)
ئەنجومەنی نێوەندیی یەکێتیی
لە لایەکی تریشەوە یەکێتی زیاتر بۆ خۆپاراستن لە گلەیی و هێشتنەوەی مەکتەبە سیاسییە کۆنەکە، لە دوا کۆنگرەیدا ئەنجومەنیکی نێوەندی دروست کرد، ئەمە وەک شتێکی پەراوێزکراو لەدەرەوەی سیستمی بریاردا وەک دەستەی راوێژی ماوەتەوە، بەلام ئێستا یەکێتی دەتوانێت بە قورسی سوود لەمە وەربگرێت و بیکاتە ستراکتورێکی ڕێکخراویی کاریگەر بۆ پاراستنی یەکێتی یەکێتی و بەهێزکردن و نوێبوونەوەی خۆی لە قۆناغێکی گوازتنەوەی دیمۆکراتی سۆسیالیستیدا.
کەوایە پێشنیازی من بۆ یەکێتی ئەم سێ بنەمایەن کە هەر سێکیان لە بیروبۆچوونی مام جەلال – ەوە هاتوون: دوویان فیکریی: چەپکە گوڵ و خانووە قورەکان، یەکیان ستراکتووری [ بەهێزکردن و دیمۆکراتیکردنی دەوری ئەنجومەنی ناوەندیی) هەتا کۆنگرەی داهاتوو.
بەلام بەداخەوە لە بەر ئەوەی مام جەلال ئەم ماوەی 7 سالەی سەرۆکی کۆماری عیراق بوو، نزیکەی هەموو وزەی خۆی بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی سوننە و شیعە و کێشەکانی عێراق تەرخان کردبوو، جگە لەمەش بەشێکی تریش لە کادیرە بە تواناکانی ئیداریی و سیاسی یەکێتی چوونە ناو ستراکتووری دەزگاکانی حکومەتی عێراقەوە . بەم جۆرە لە 2006 بەولاوە توانای ئیداریی و سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی و ناوچەکانی سەوزدا زۆر کەم ىۆوە و بۆشاییەکی سیاسیی و ئیداری خەتەرناک دروست بوو.

چەند هۆکارێکی گرنگ بۆ ئەم بۆشایی یە هەبوون:
* غیابی مام جەلا وەک مەرکەزی بریار لە کوردستان
* تەسلیمکردنی چارەنوس وقەدەری هەرێم بە بە بنەماڵەی بارزانی بە ناوی پەیمانی سراتیجییەوەو لە پێناوی مانەوەی پۆستەکەی خۆیدا لە بەغدا.
* بەرەلاکردنی ئیدارە و ناوچەی ژێر دەسەلاتی یەکێتی بۆ بەربەرەکانی و دەستەگەریی و کوتلەبازیی و گەندەلیی و مافیایی
* پەراوێزکردنی نەوەی تازە و رۆشنبیران و نووسەران و مەدەنییەکانی ناو یەکێتیی
* بێدەنگکردنی رەخنە و دایەلۆگ و جیاوازی بیرورا
* حیزبییکردنی هەموو لایەکی ژیان و رێگەگرتن لە گەشەکردنی ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی سەربەخۆ و فەشەلهێان لە هێشتنەوەی یەکیتی ناو یەکێتیی و جیابوونەوەی بالی ریفۆرم و دروستبوونی گۆڕان و ئەگەری دابەشیی زیاتریش، کە ئێستا بە ئاشکرایی هەیە.
هەموو ئەمانە و نەخٶشییەکەی مام جەلال و دیارنەمانی لە مەیدانی بڕیاری سیاسیی کوردستان و عێراق، یەکێتی خستۆتە بەر دەم چارەنووسێکی نادیارەوە. دیارە ئێستا دەشێت زۆر درەنگ بێت بۆ چاکسازییەکی رادیکالی کە یەکێتی خۆی پێ بپارێزێت. بەلام هەموو کارێکی چاک هەرچەند درەنگ بێت، کردنی لە نەکردنی باشترە
بە باوەڕی من یەکێتی بۆ ئەوەی بمینێت پیویستی بەوە هەیە یەک رۆژ، سەعات بە خەسار نەدات و دەست بە چاکسازیی راستەقینە بکات، ئەم نەخشەی چاکسازییەش خێرا و عەمەلی و راستگۆیانە بێت و هەموو لایەنەکانی یەکێتیی و خەلکی دەرەوەی یەکێتیی و کۆمەلگای مەدەنیش تێیدا بەشدار بن. بەرای من گەر ئیرادەی راست و دڵسۆزانەی چاکسازیی رادیکالییان هەبێت لێژنەیەکی کار لەم بەڕیزانە دەتوانێت پرۆسەکە بخاتە کار و لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕانکاری راستەقینە و گرنگ ئەنجام بدەن: کاک کۆسرەت، دوکتۆر بەرهەم، کاک عادل موراد، مەلا بەختیار، کاک ئازاد جندیانی.
یەکێتی جەماوەرێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و ڕووناکبیری هەیە، پێویستە ئەو جەماوەرەی لەمە زیاتر فرامۆش نەکرێن و رێگەیان بۆ خۆش بکرێت لەم کاتە هەستیارەدا دەوری مێژوویی خۆیان بببینن.
بانەوەی تازەی یەکێتی ببنە چەپکەگوڵەکە لە ناو خانووە قوڕەکاندا
ئەمە روانگەیەکی دوورخایەن و درێژخایەنە. نابێت سەرکەوتن لە هەلبژاردندا ئامانجی سەرەکی و هەرەلەپێشیی یەکێتی بێت، رەنگە خۆ ئامادەکردن بۆ بوون بە ئۆپۆزسیۆنێكی مۆدێرن و سۆسیال دیمۆکرات و کاریگەر، زۆر لە سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا گرنگتر بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت