سەلاح زانا: بۆچی نابێ پارتی لە پرۆسەی چاکسازی بترسێ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی دیموکرات فۆبیایەکی گەورەی هەیە بەرامبەر بە پرۆسەی چاکسازی، راستە چاکسازی بنەڕەتی بە زیانی پارتی تەواو دەبێ، بەڵام چاکسازی لە هەندێ بواردا نەک هەر زیانی نابێ بۆ پارتی، بەڵکو دەبێتە هۆی بەهێز بوونی هەژموونەکەی لە وڵاتدا.
پارتی وەک هێزێکی دەستەڵات خواز، خەونە گەورەکەی بریتیە لە چەسپاندنی فەرمانڕەوایەتی بنەماڵەی بارزانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا. پارتی لە پێناو ئەم ئامانجەدا پەنای بردۆتە بەر چەندین نەخشە و پلانی جۆراو جۆر، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، بەهۆی بوونی ( یەکێتی نیشتیمانی ) کە وەک ئەو هەم خاوەن هێزی میلیشیایە و هەمیش پشتیوانیەکی بەهێزی هەرێمی هەیە.
هەرچەندە پارتی توانی لە رێگەی دەست خستنە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، ژمارەی ئەندامەکانی لە پەرلەماندا بگەێنێتە (45) کەس. بەمەش لە رووی یاساییەوە دەتوانێ بە تەنیا حکومەت پێک بهێنێ، چونکە لە راستیدا زۆربەی کورسی کەمینەکانیش بە پاشکۆی ئەو دادەنرێن، بەڵام ئەوەی راستی بێ ناتوانێ ئەمە ئەنجام بدات. چونکە بە کردەوە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی یەکگرتوو نیە، وە پارتی هەرگیز ناتوانێ بەبێ ویستی ( یەکێتی ) پیادەی دەستەڵاتەکانی حکومەت بکات لە ( زۆنی سەوز ) دا.
کەواتە پارتی بە چ رێگەیەک دەتوانێ فەرمانڕەوایەتی خۆی لە تەواوی هەرێمدا بەرقەرار بکات؟ بە بۆچوونی من تاکە رێگە بریتیە لە بەهێز کردنی پێگەی حکومەتی هەرێم لە رووی دامەزراوەیی و کارایی کردنەوە، ئەمەش تەنیا لە رێگەی چاکسازیەوە ئەنجام دەدرێ لە چەند بوارێکی هەستیاردا. گرنگترین ئەو بوارانەی کە چاکسازی تێیاندا لە بەرژەوەندی ئایندەی سیاسی پارتی دایە، بریتین لەمانەی خوارەوە:
1) نەهێشتنی دیاردەی میلیشیایی و بە دامەزراوەیی کردنی هێزە سەربازی و ئەمنیەکان لە کوردستاندا. راستە بوونی میلیشیا گەرەنتی بەردەوامی دەستەڵاتی پارتیە لە ( زۆنی زەرد ) دا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا کۆسپە لە بەردەم گەیشتنی هەژموونی پارتی بە ناوچەکانی ( زۆنی سەوز ).
2) بەهۆی بوونی هەژموونی زۆری پارتی لەنێو حکومەتی هەرێمدا، خەڵک حکومەت زیاتر وەک دەستەڵاتی پارتی ئەبینێ. جا کە حکومەت لە رووی خزمەتگوزاری و کارگێری و سیاسەتی داراییەوە لە دۆخێکی زۆر خراپ دایە، خەڵک لەمەدا زیاتر پارتی وەک تاوانبار دەبینێ. بۆیە چاکسازی کردن لەم بوارانەدا، ئاستی پشتیوانی کردنی خەڵک بۆ حکومەت بەرز دەکاتەوە، بەمەش پێگەی جەماوەری پارتی لە سەرتاسەری هەرێمدا بەهێزتر دەبێ.
3) دامەزراندنی ژێرخانێکی ئابوری بەهێز لە کوردستاندا، دەبێتە هۆی بەهێز بوونی حکومەتی هەرێم . بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێ تواناکانی هەرێم لە رووی پیشەسازی و کشتوکاڵی و بازرگانیەوە بەهێز بکرێن.
4) گەورەترین کۆسپ لە بەردەم چەسپاندنی دەستەڵاتەکانی حکومەتی هەولێر لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمدا، بریتیە لە بەردەوام بوونی دۆخی ( دوو ئیدارەیی ). بۆ ئەوەی حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتوو بێتە ئاراوە، پێویستە هەوڵ بدرێ دۆخی دوو ئیدارەیی بە تەواوی بنەبڕ بکرێ.
5) کێشەی گەورەی خەڵک لەگەڵ سیستەمی حکومڕانی لە هەرێمدا ئەوەیە، کە دەستەڵاتداران عەقڵیەتی فەرمانڕەوایەتیان زۆر دواکەوتووە . ئەوەندەی وەک بازرگانێکی سیاسی رەفتار دەکەن، وەک حکومڕانێکی وڵات هەڵسوکەوت ناکەن. بۆیە ئەگەر سەرکردەکانی پارتی چاویان لە حکومڕانی تەواوی وڵاتە، پێویستە دید و تێڕوانینیان بەرامبەر بە شێوازی حکومڕانی بگۆڕن.
ئەگەر پارتی خوازیاری حکومڕانیەکی بەهێزە لە ئایندەدا، ئەوا پێویستە لاسایی ئەزموونی بنەماڵە فەرمانڕەواکان بکاتەوە لە هەردوو وڵاتی قەتەر و ئیماراتدا، کە بەهۆی پێشخستنی وڵات و باش کردنی گوزەرانی هاوڵاتیان، توانیویانە هەم حکومەتێکی بەهێز بنیات بنێن و هەم پشتیوانی میللەتەکەشیان دەستەبەر بکەن. بۆیە ئەگەر پارتی بە راستی پەرۆشی بەدی هێنانی خەونە سیاسیەکانی بێ، نابێ لە پرۆسەی چاکسازی و بە دامەزراوەیی کردنی وڵات ترسی هەبێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت