هۆمەر نۆریاویی: کتێبێک و دەرفەتێک، لە پەراوێزی پەردەلادان لە کتێبی”ئاسۆی خەیاڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە مردن بۆ وە ناترسم کە دەڕوات
لە بەینی ئێمە خۆیێ، خۆشەویستێ
هەموو ترسی منە لەو مەرگەساتەی
دڵێ، خورپەی دڵێکی تر نەبیستێ
ف. نامۆ
ڕۆژی دووشەممە، 14ی گەڵاڕێزانی 2718(5ی نۆڤەمبەری 2018) لە هۆڵی فەرمانگەی ئیرشادی شاری سەقز، کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی “ئاسۆی خەیاڵ”، بەرهەمی شاعیری زمانپاراوی کورد “ف. نامۆ (محەممەدفاتیح محەممەدی)،بە ئامادەبوونی ژمارەیەک شاعیر، نووسەر و جەماوەری شەیدای تۆرە و ئەدەبی کوردی لەم باژاڕەدا بەڕێوە چوو.
چەندان کەسایەتی ناوئاشنای کورد لە کۆڕەکەدا کەوتنە باس لەسەر ئەم شاعیرە و هەوێن و ناوەڕۆکی شێعرەکانی و هەروەها چەند شێعرێکی شاعیریشیان پێشکەش بە ئامادەبووانی کۆڕەکە کرد.
دوکتۆر شەهباز موحسنی، مامۆستای زانستگە ،لەسەر ناوەڕۆکی شێعرەکانی شاعیر بە کورتی قسەی کرد.
ئیحسان ئەخەوان،ڕاگەیاندنکاری کورد،سەبارەت بە کەسایەتی شاعیر وەک هاوڕێیەکی دێرینی خۆ، چەند پەیڤێکی پێشکەش کرد.
هەژان بابامیری، شاعیر، شێعرێکی خۆی بە ئاوێتەکردنی چەند کۆپلەیەکی شاعیر ف.نامۆ پێشکەش کرد.
لە کۆتایی کۆڕەکەیشدا ف.نامۆ،سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە ئامادەبووان و بەڕێوەبەرانی کۆڕەکە کرد.جێی خۆیەتی ئیشارەت بەم خاڵەیش بدرێت کە خالید فەتتاحی، پێشکەشکار کۆڕەکە بوو.
چەندان شاعیر و نووسەری دی کورد هەر وەک سەعید نەججاڕی(ئاسۆ)، قاسم موئەیدزادە(هەڵۆ)، ئاگری هەژار(کوڕی مامۆستا هەژار)، حامید شافیعی(شاعیر)،عومەر ڕەسووڵی(بێژەری ناودیاری کورد)،سەباح حسێنی(توێژەر) و ئیقباڵ محەممەدی(شاعیر) پشکداری کۆڕەکە بوون.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە ف.نامۆ، ساڵی 1325ی هەتاویی(1947) لە شاری سەقز لەدایک بووە و هەنووکە نیشتەجێی گەورە شاری تارانە.
ف.نامۆ، یەک لە بێژەر و نووسەرە دیارەکانی ڕادیۆ کوردیی تاران بووە و نووسەر و بێژەری گەلێک بەرنامەی وەک ئاڵەکۆک،کۆلکەزێڕینە،شێعر و ئەدەب و …هتد، هەر لەم ڕادیۆیەوە بووە.
ئەم کۆڕە بە هاریکاری ئەنجومەنی مەولەوی(سەقز)، دەزگەی ئیرشادی سەقز و پەخشکاری “ئامیار” کە کتێبەکەی شاعیری لەچاپ دابوو،بەڕێوە چوو.
هۆمەر نۆریاویی،نووسەری ئەم چەند دێڕە وەک هەڵەچن و کەسێک ئەرکی پێداچوونەوەی کتێبەکەی لە ئەستۆ بووە،شێعرێکی شاعیری بۆ ئامادەبووان خوێندەوە و چەند پەیڤێکی کورتیشی پێشکەش کرد کە لێرەدا لە دووتوێی چەند خاڵێکدا دەخرێنە بەر دیدەی تۆی خوێنەر.
خاڵی یەکەم، لە ڕۆژگارێکدا کە دابڕانێک لە نێوان شێعر و بەردەنگدا دروست بووە و ژماری بەناو شاعیر،سەر لە ئاسمان دەسوێت، ڕەنگە ئەمجۆرە شێعرانەی ف. نامۆ بتوانێت ئاشتبوونەوەیەک چێ بکات. ف. نامۆ، دەچێتە ڕیزی شاعیرانی بەرەی یەکەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خودانی ئەزموونێکی گرانباییە و خوێندنەوەی شێعرەکانی نێو ئەم بەرهەمە شێعرییە بۆ خۆی ئەو ڕاستییەمان لا ڕوون دەکاتەوە کە شاعیر تا چەندە شارەزایانە دەست بۆ پێنووسەکەی دەبات. شاعیر باش چوارچێوە شێعرییەکان دەناسێت و بە ئاگاداریی قووڵ و ورد لەسەر ڕەوتی شێعری کلاسیک و هاوچەرخی کوردی،بە ڕێچکەی شێعریی خۆیدا دەچێت؛ هەر بۆیە شێعرەکانی ئەوەندە پێوەندییەکی نزیک لەگەڵ بەردەنگدا دروست دەکەن.
دووەم خاڵ، بەداخەوە ساڵانێکە هەڵەیەک لە لایەن ژمارەیەک نووسەر و ڕووناکبیر و بنکەی ئەدەبییەوە پاتە دەکرێتەوە و ئەم هەڵەیە ئێستا لەبەر کەمتەرخەمیی هەر هەموومان،لە هەموو شوێنێک دەکار دێت و نها کەوتۆتە سەرزاران و سڕینەوەی گەلێک ساڵ ئەرک و ماندووبوون و ڕۆشنگەری گەرەکە و کارێکە نە هاسان.
لە نێو ڕووبەری ئەدەبی کوردییدا “مەولەوی” هەر یەکە و ئەویش ناودێرە بە “مەولەویی تاوگۆزی” و هیچ پێویست ناکات ناوێکی گۆترە و ساختە و چەوتی وەک مەولەویی کوردی بەسەردا ببڕین و ئەم هەڵەیە، هەنووکە گشت شوێنێکی تەنیوە و ماندووبوونێکی فرەی گەرەکە تا بتوانین ئەو ناوە ساختە و ناڕاستەی لەسەر لا ببەین. لەو نێوانەدا ئەرکی ڕووناکبیران هەستیارتر و گرینگترە.
خاڵی سێهەم،ڕادیۆ ،جاران پڕی بوو لە دەیان سیما و کەسایەتی درەوشاوە و هەر کامە و لە قۆناخێکی هەستیاردا سەرچاوەی ڕاژە و خزمەت بە زمان و تۆرە و ئەدەبی کوردی بوونە و هێشتاکەیش جێ پەنجەیان هەر دیارە. محەممەدسدیق موفتی زادە،شوکروڵڵا بابان،حەسەن سەلاح سۆران، سەی تایەر هاشمی،سوارە ئێلخانی زادە،مەلا محەممەد ڕەبیعی،مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی،هومایۆن کەمانگەر، تەنیا ناوی چەند کەسایەتییەکی دیاری ڕادیۆ دێنە ئەژمار. “ف.نامۆ”یش یەکێکی ترە لە ڕێبوارانی ئەم ڕێبازە و ساڵەهای ساڵ لە ڕادیۆ کوردیی تارانەوە خزمەتی زمان و چاندی کوردی کردووە و دەچێتە ڕیزی ڕێبوارانی ئەم کاروانەوە. ئەمە پەیامێکی هەرە گرینگیشە بۆ ڕاگەیاندن و میدیای ئێستای کوردی کە پێویستە لە هەمبەر ئەو ئەرکە هەستیارەی خۆدا کەمتەرخەم نەبێت و بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو، داهاتوویەکی پرشنگدارتر بۆ کۆمەڵگەی کوردی بنەخشێنێت.
بەڵام خاڵی چوارەم، ئەوەی ئێمەی کورد تا چەندە توانیومانە لەو شۆڕشە بەرفرەوانەی کە لە ڕێی شۆڕشی تەکنۆلۆژیاوە هەموو دنیای گرتۆتەوە، بە قازانجی زمانەکەمان دەکاری بێنین، پرسیارێکە بۆ توێژینەوە دەشێت و لەم ڕێگەوە دەتوانین ئەوەمان لا ڕوون ببێتەوە کە ئایا ئەمە دەرفەتە یان هەڕەشە؟
ئەو شپرزییەی ئێستا لە نووسینی کوردییدا دروست بووە و وا خەریکە هەموو لایەک دەتەنێتەوە و هەر یەکە و پێی وایە زمانە پاراوە کوردییەکە، هەر هەمان زمانی ناوچە، شار، شارۆچکە، شارەدێ، گوند، کووچە و کۆڵان و خێڵ و عەشیرەتەکەی خۆیەتی، ئەمە زۆر جێی مەترسییە و پێویستە بەهەندی وەربگرین. گەر “نالی” لە سەردەمی خۆیدا ڕووی لە بنزارەکەی خۆی (جافی)بۆ نووسینی شێعر کردبایە، ئایا دەبووە ئەو نالییەی کە ئەمڕۆکە کورد شانازیی پێوە دەکات؟
لانیکەم لە دوو پاری کوردستان، ئێمەی کورد خودانی زمانێکی پێوەرین و دەتوانین توانا و گوڕ و تینی هەموو بنزارەکانی زمانی کوردی بخەینە خزمەت ئەم دیالێکتەی کە ئێستاکە پێی دەنووسین و هەر لەم ڕێگەشەوە دەوڵەمەندیی دە هێندە بە زمانی کوردی ببەخشین.
ئەمە چەند خاڵێکی بە لامەوە هەستیار و گرینگ بوون کە لەم کۆڕەدا هەلەکەم بە دەرفەت زانی و بە کورتی ئیشارەتم پێدان. لە داهاتوودا نووسینێکی تێر و تەسەلتر هەر بە قەڵەمی نووسەری ئەم چەند دێڕە، لەسەر هەوێن و ناوەڕۆکی شێعرەکانی ف. نامۆ(محەممەدفاتیح محەممەدی)دەخرێتە بەرچاوی خوێنەر. ئەوەیش شێعرەکەی ف. نامۆ کە لە کۆڕەکەدا پێشکەش بە ئامادەبووان کرا:
بێ تۆ
ف. نامۆ
له‌شم خه‌سته‌ و سه‌رم پڕ ژانه‌، بێ تۆ
هه‌ناوم پڕگوڕه‌ی تۆفانه‌، بێ تۆ
هه‌سێرێكی هومێدی پێ نه‌داوم
هه‌موو ئه‌م شاری کاکێشانه،‌ بێ تۆ
له‌ گوڵزاری خه‌یاڵ و خاترمدا
کزه‌ی وه‌رزی گه‌ڵاڕێزانه، بێ تۆ
به تۆوه‌ ئاوه‌دانی عاله‌مم بوو
جیهانم ئێسته‌ لا وێرانه‌، بێ تۆ
چرایه‌ک بۆی نییه‌ بشکێنێ خه‌ستی
شه‌وی تاریکی ئه‌م خه‌مخانه،‌ بێ تۆ
ئه‌وه‌ن دژواره بێ تۆیی، ده‌زانم
که ده‌ر‌‌نابه‌م به‌ ئه‌م پێودانه،‌ بێ تۆ
هه‌تا ئیتر نه‌زانم کێم و چی بووم
هه‌موو کارم له‌ خۆ تۆرانه،‌ بێ تۆ
هه‌ناسه‌ت هه‌ستی سه‌ربه‌ستی ئه‌دا پێم
بژیم چۆن؟ ئێسته‌ سه‌ربه‌ستانه، بێ تۆ
له‌ دووی چاوانی مه‌ست و بسکی خاوت
خه‌یاڵم کۆچه‌ری شارانه‌، بێ تۆ
ئه‌ده‌ن دڵدانه‌وه‌م بێ تۆ ده ‌گۆڕم
خه‌یاڵی خاوه‌ ئه‌و گۆڕانه‌، بێ تۆ
وه‌ره‌ ئه‌ی ده‌وڵه‌تی شادیی که‌ ده‌مخات
گوشاری ئه‌م خه‌م و کۆڤانه،‌ بێ تۆ
ده‌ترسم ئاقیبه‌ت ڕۆژێ به‌ شێتی
بگێڵم ئه‌م که‌ژ و کێوانه‌، بێ تۆ
به ‌به‌ردا بۆ نه‌ده‌م سه‌ر، ڕۆژێ سەت جار
نه‌که‌م، بۆ کرده‌وه‌ی شێتانه‌، بێ تۆ
به‌ دڵته‌نگی له‌ سووچێ کاری “فاتیح”
له‌ ئه‌ژنۆ، په‌نجه‌ هه‌ڵپێکانه،‌ بێ تۆ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت