دوکتۆر کرمانج گوندیی: کوشتنی خاشووگیی: شێواندنی ئارامیی ناو ئالی سعوود، ناڕەزایی ئەمریکا و ئۆڕوپایێ، و گەڕانەوەی ئەحمەد بن عـەبدلعەزیز بۆ سعوودیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زانیارییەکانی نوێ وەها دەردەخەن کە سازمانی سیای ئەمریکایێ و سکاتلەندیاردی ئینگلستانێ زانیاریی پێشیەنەیان لە پلانی کوشتنی خاشووگیی لەلایەن محەمەد بن سەلمان (سعوودیە) هەبووە. هەرتك وڵات سعوودیەیان ئاگەدار کردبۆوە کە ئەو کارە نەکا. بەڵام، جۆری ئاگەدار کردنەوەکە هێندە توندیی پێوە نەبووە کە محەمەد بن سەلمان ئاگەدار کردنەوەکە بە جیدیی وەربگری. لەوەش وێوەتر، ئەو پێوەندییە کەسییەی محەمەد و تڕەمپ پێکەوە هەیان بوو، و کۆنتڕاکتە پتر لە 100 ملیارد دۆلارییەکەش کە محەمەد دەگەڵ حکوومەتی تڕەمپ ئیمزای کردبوو، محەمەدی گەیاندبوە ئەو باوەڕە کە وی دەتانی خاشووگیی بکوژێ و بە ساخلەمییش تێیدا دەربچێ. وەکی زانرایە، بە ئاگەداریی سەلمانی بابی، محەمەد، خاشووگیی کوشت. لەگەڵ بڵاو بوونەوەی دەنگۆی کوشتنەکە، تڕەمپ مەرگی خاشووگیی بە هێند وەرنەگرت و بەردەوام کۆنتراكتە ملیاردها دۆلارییەکەی وەبیر خەڵك دەهیناوە.
لەو نێوانە، ئەردۆغانیش، پێش ئەوەی لە میدیای گشتیی قسە لە هەبوونی بەڵگەی جۆری کوشتنەکە بکا کە لە پاش کوژرانی، خاشووگیی پارچە پارچە کرایە، بە نهێنیی ئەمریکا و هەندێك لە وڵاتانی ئێکییەتیی ئۆڕوپایێی ئاگەدار کردبۆوە بەوەی کە جۆری کوشتنەکە لەوە نیە کە ئێوە (ئەمریکا و ئۆڕوپا) چاوی لێبپۆشن. ئەمریکا دیسان گەلەك گێبیسی ئەو قسانەی ئەردۆغانێ نەبوو. دواتر، گوشار لەسەر خودی تڕەمپ لەلایەن ئینگلستانێ زێتر بوو. ئەو گوشارە وەهای کرد کە لەناو خودی کابینەی ترەمپ دو بەرە درووست ببی. لەناو گۆنگرێسی ئەمریکایێش کەسانێك لە جۆری وەحشیگەریی کوشتنەکە بێنە دەنگ. ئەوچەل، ترەمپ ناچار بوو بێتە دەنگ و دژی رەفتاری ڤەشاردنی تاوانەکە لەلایەن سعوودیە هەڵوێست وەرگرێ.
ئەردۆغان بۆ مەرامی تایبەتیی خۆی، بەردەوام باسی لە نیشان دانی بەڵگەی تاوانەکە دەکرد. ئەوە بوو کە ئەمریکا و ئینگلستان، داوایان لە ئەردۆغانێ کرد کە ئەو کارە نەکا، چونکە ئەوان چارەی گرفتەکە دەکەن. ئیدی ئەوە بوو کە تڕەمپ سەرۆکی سازمانی سیا، گینا هاسپڵی، هەناردە تورکیایێ بۆ ئەوەی لە چلۆنایەتیی هەقیقەتی بەڵگەکەی تورکیایێ ئاگەدار بن.
خانمی هاسپڵ، لە دوای گەڕانەوەی، بێدرەنگ تڕەمپی ئاگەدار کردەوە کە تاوانەکە بە جۆرێكی زۆر وەحشیگەریی ئەنجام درایە! لەبەرهەندێ نەك هەر نابێ ئەمریکا لێی بێدەنگ بێ، بەڵکو گەرەکە ئێمە کارێك بکەین بۆ کۆتایی هێنان بەو قەیرانە ئەخلاقییەی کە خەریکە داوێنی ئەمریکایێش لەکەدار دەکا. ئەنجا، دوای ئەوەی تڕەمپ گومانی لە وەحشیگەریی محەمەد بن سەلمان نەما کە چ جۆرە مرۆڤێکە و توانای چ کارگەلێکی وەحشیگەریی هەیە، ئەمریکا و ئینگلستان بیریان لەوە کردەوە کە چلۆن کۆتایی بەو قەیرانە بهێنن بە جۆرێك نەهێڵن کە لەسەرئاستی جیهانێ خۆیان لەناو دۆخێکی دیفاعیی لەبەرامبەر ئەو تاوانەی محەمەد ئەنجامی دایە ببینن و سعوودیەش کە دۆستێکی ستراتیژیی هەردوکیانە لەو حاڵەتە ناهەموارە دەرێنن.
لەو ڕەهەندە ئەمریکا ـــ ئینگلستان لەسەر ئەو پلانە ڕێکەوتن کە دەبێ محەمەد بن سەلمان لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە. بەو دوورخستەوە دەکرێ هەم خۆیان و هەم سعوودیە لەو شەرمەزارییە ناوچەییە ــــ جیهانییە ڕزگار بکەن. بۆ ئەنجام دانی ئەو پلانە، ئەمریکا و ئینگلستان داوایان لە ئەحمەد بن عـەبدلعەزیز برا گچکەی سەلمان کرد کە یارمەتییان بدا. هەڵبەت ئەحمەد، پاش ئەوەی چەند جارێك ڕەخنەی تووندی لە ڕەفتارەکانی محەمەدی برازای گرتبوو، لەبەر سەلامەتیی خۆی، سعوودیەی جێهێشت بوو و لە لەندەنێ دەژیا. ئەمریکا و ئینگلستان، ئەحمەد بن سەلمانیان لەوە دڵنیا کرد کە وی لەسەر بەرپرسێتیی وان دەگەڕێتەوە سعوودیە و هەرتك دەوڵەت ئاسایشیی و ژیانی وی دەپارێزن. لە تەنیشت داخوازیی ئەمریکایێ و ئینگلستانێ، ئەندامگەلێکی زۆر لە ئالی سعوودیش هاتنە دەنگ و داوایان لە ئەحمەد کرد کە بۆ دەرهێنانی سعوودیە لەو قەیرانە و گێڕانەوەی ئارامیی بۆ ناو ئالی سعوود، دەبێ ڕۆڵی نیشتیمانیی خۆی ببینێ و ئەگەر بە جۆرێکی کاتییش بێ، ئەرکی ئیدارەی مەملەکەت وەربگرێ و لەو پۆستەدا بمینیتەوە تا ئەو کاتەی قونسوڵی ئالی سعوود بڕیار لەسەر جێگری سەلمان بن عـەبدلعەزیزی برای دەدەن. وێدەچێ، سەلمانیش لە ناچاریی بەو پلانەی ئەمریکایێ و ئینگلستانێ ڕازیی بووبێ. ئیدی ئەوە بوو کە بە پشتیوانیی ئەمریکایێ و ئینگلستانێ، ئەحمەد بن عـەبدلعەزیز لە 1 نۆڤێمبەرێ گەڕاوە سعوودیە.
دەرئەنجامی ئەو داستانە ئەو هەقیقەتە دەگەینێ کە لە دیدی ئەمریکایێ، ئینگلستانێ، و وڵاتانی دیکەی ڕۆژاوایێ نە دۆستی هەمیشەیی هەیە و نە دوژمنی هەمیشەیی، بەڵکو بەرژەوەندیی هەمیشەیی هەیە. لەبەرهەندێ، ئەمریکا بەرژەوەندیی خۆی ناکاتە قوربانیی محەمەد سەلمانێكێ مراهیق لە سیاسەت کە لەو ماوە کورتەی دەسەڵاتی گرتە دەست، زۆر زوو، لە وەحشیگەریی، خۆی گەیاندە ئاستی سەددام حوسێن. محەمەد لە دەسەڵات دوور دەخرێتەوە. ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژاوایێ، خۆیان و سعوودیە لەو حاڵەتە دەردەهێنن. ئەویش نەك تەنێ لەبەر خاتری سعوودیە، بەڵکو لەبۆ خاتری بەرژەوەندیی خۆیان ـــ نەك محەمەد سەلمانەك، بەڵکە 100 محەمەدی دیکەش دەکەنە قوربانیی ئێك رۆژی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
ئەو داستانە، دەکرێ بۆ ئەو دەسەڵاتە بێکەلکەی کوردستانێش سوودی هەبێ، هەلبەت ئەگەر خۆیان فێری ئەلیف و بێی ڕێبەرایەتیی و سیاسەتیی ئیدارەکردنی مەملەکەت بکەن. دەنا ئەمریکا کە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، بە پلانێكی 100 ساڵیی، هاتۆتە ناوچە، کاتێك ئەو ناوچە جێدەهێڵێ کە لە خەتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەخشەی جوگرافیای سیاسیی ئەو ناوچەی داڕشتبێتەوە. لەبەرهەندێ ئەو دەسەڵاتۆکە نەفامەی کوردستانێ، شتەك نیە کە ئەمریکا لەبەرامبەر بەرژەوەندییەکانی خۆی، حسێبێکی لەبۆ بکا. بۆیێ گرینگە کە ئەو دەسەڵاتە بە خۆدا بچێتەوە و خۆی فێری ئەتەکێتی سیاسەت ـــ دیپلۆماسیی جیهانیی، و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دوو/ هەمە لایەنە بکا، دەنا لەوەش خراپتری بەسەر دێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت