جمیل حمداوي: پەروەردە و دیموکراسی. بەشی سێیەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زمانزای: جیهاد محەمەد
دیموکراتیزەکردنی پەروەردەکردن و فێرکردن:
چارەسەرییەکانی تر بۆ نەهێشتنی جیاوازی ئاستی زانین و فێربوون، بۆ پێشخستنی ئەو فێرخوازانەی هەندێک یان کەمێک لاوازن لەوانی تر تا ئاستایان وەک یەکی لێ بێت، دیموکراتیزەکردنی پەروەردەکردن و فێرکردنە، ئەم کۆنسێپتە لەسەر ئەوە وەستاوە کە”پرۆسەی پەروەردەکردن و فێرکردنی ناو فێرگەکان دەوڵەمەند بکرێت بە بابەتی مرۆیی و ماددی و ماڵییە زەروریەکان، تا زانین و زانیاری و پەروەردە و فێرکردن بگات بە زۆرترین ژمارەی کەسەکان. لەمەش زیاتر قایلبوونە بەم جۆرە لە سیاسەتی پەروەردەکردن و فێرکردن.
دیموکراتیزەکردنی پەروەردە و فێرکردن لە ڕێگەی بەدیهێنانی یەکسانی دەرفەت بە هەمووان دەدات. وەک دەزانین لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی ساڵی 1948وە ئەمە بووە بە دروشمی هەموو کۆمەڵگەکان و گەلانی جیهان چ پێشکەوتوو یان تازە پێگەیشتوو، نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزیانکردۆتەوە و پشتیوانی لێ دەکەن، ئەمیش هەڵگری دوو ماددەیە: “هەموو کەسێک مافی فێربوون و پەروەردەیەکی خۆڕایی هەیە، لانی کەم پێویستە فێربوون و پەرەوەردە بە خۆڕایی بێت بۆ قۆناغی سەرەتایی لە فێرگەکاندا”، هەروەها بۆ هەموو کەس هەیە ئازادانە هاوبەشی بکات لە ژیان و ژینگەی فەرهەنگیی کۆمەڵگەدا”، ئەم دوو ماددەیە ئاماژە دەدەن بەوەی فێرکردن و پەروەردەکردن مافی هەموو کەسێکە.
دیموکراتیزەکردنی فێرکردن و پەروەردەکردن یەکەم هەنگاوە بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە و سیاسەتکردن، بۆ بەرزکردنەوەی نیشتیمان و نەتەوە و پێشخستنیان تا دەگات بە ئاسی نەتەوە و دەوڵەتە پێشکەوتووەکانی جیهان، لە هەموو ڕوویەکەوە.

دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە:
پەروەردە بە دیموکراسی ناکرێت تا کۆمەڵگە نەکرێت بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیی، هەروەها کۆمەڵگەش بە دیموکراسی ناکرێت تا پەروەردە نەکرێت بە پەروەردەیەکی دیموکراسییانە، چونکە پەیوەندی نێوان فێرگە و کۆمەڵگە پەیوەندییەکی ئۆرگانییە. دیموکراسییەکی ڕووکەشی دەوڵەت کە تەنها بابەت و مەسەلە پەراوێزەکان بگرێتەوە و واز لە بابەت و مەسەلە کرۆکییەکان بهێنێت هیچ شتێکی باش بەرهەم ناهێنێت. واتە دیموکراسی ڕاستەقینە ئەوەیە، کە سەرکردە و سەرکردەکراو وەک یەک هاوبەش بن لە پرۆسەی دیموکراسیدا، هەردوو لا پەنا بەرن بۆ دیالۆگکردن لەسەر مەسەلە جیاوازەکان و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ڕوون و ئاشکرا بە بێ ساختە و فڕوفێڵ و دواخستن و برسیکردن.
کەواتە فێرگە هەموو بەرپرسیاتێتیەک دەگرێتە ئەستۆ بۆ گۆڕانکارییە دیموکراسییەکانی کۆمەڵگە بە ڕێگەی پێگەیاندنی فێرخوازە لاوەکان و ئامادەکردنیان بۆ پاشەڕۆژێکی گەشەدار، کاتێک دەوڵەت یان حوکمڕانەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنە دیموکراسیەکانەوە دەسەڵات دەستاو دەست دەکەن بۆ خاوەن تواناکان و براوەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیکی دیموکراسیانە و دادپەروەرانە بێ ئەوەی هیچ جۆرە ناڕەزایەتیەک لە دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتدا هەبێت و هیچ جۆرە ئاستەنگێکی بۆ دروست بکرێت.
فەیلەسوفی جۆن دیوی دەڵێت:”تێکەڵبوون و تێکهەڵکێشانی کۆمەڵگە، باشترین جۆر و ئامڕازی بە دیموکراسییکردنە، نەک تەنها لە بواری سیاسەتدا بەڵکو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لە خێزان و مزگەوت و کەنیسە و شوێنی کار و ئابوورییدا. ئەم نموونەیە لە دیموکراسی ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت تەنها لە ڕێگەی ئامادباشییەکی دەروونییەوە نەبێت، کە پێویستە ئەم ئامادەباشییە بە تەواوەتی لە فێرگەکاندا چەسپاو بێت.
بەرنامە سیاسییەکان پێویستە ئامادەییەکی کردەیی هەبێت لە ناو سیستمی پەروەردەکردندا، نە بە دامەزراندنی حیزب و قەوارە سیاسییەکان لە ناو فێرگەدا، بەڵکو بە جێگیرکردنی فەرهەنگی دیالۆگ، دیالۆگێک کە قبووڵی دیالۆگکردنی بەرامبەری بکات، تا لە ڕێگەی قبووڵکردنی ڕەخنە و جیاوازییەکانەوە یەکێتی دروست بێت؛ ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی کە چەند بیر و بۆچوون و دیدگاکانمان جیاواز بێت، هەموو دەچێتەوە خزمەتی یەک مەبەست و یەک ئامانج ئەویش پێشخستنی تاک و کۆمەڵگەیە”.
بەم جۆرە دەگەین بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و شارستانیە و مۆراڵی بەرزی مرۆڤدۆستی و مرۆڤپەروەری:

• یەکجۆر لە بەرکردنی پۆشاک:
گرنگترین چارەسەری نەهێشتنی جیاوازییە چینایەتیەکانی ناو فێرگە لەبەرکردنی یەک جۆر پۆشاکە، هەرچەندە چارەسەرێکی ڕووکەشییە، بەڵام بەشێکە لە جێبەجێکردنی بە کردەییکردنی دیموکراسی، بۆیە یەکخستنی جۆری پۆشاک پێویستە بسەپێنرێت لە ناو فێرگە دیموکراسییەکاندا، یەکخستنی پۆشاکی فێرخوازان سڕینەوەی دەرکەوتنی جیاوازیە چینایەتیەکانە، بەمەش منداڵانی هەژار و دەوڵەمەند لە یەک جیاناکرێنەوە و وەک یەکیان لێ دێت، ئەمە چارەسەرێکی دروونییە بۆ منداڵانی هەژار کە دیارە کەمدەستترن لە منداڵانی چینە دەوڵەمەندەکان.

• گرتنەبەری ڕێنماییە کاریگەرییەکان:
ڕێنماییە کاریگەرەکان گرنگترین و بە بایەخترین تەکنیک و ئامێرە جێبەجێکارەکانە بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی ڕاستەقینە، بە تایبەتی یەکێکە لە پایەکانی پەروەردەکردنی نوێ و هاوچەرخ لە ڕۆژاوادا، وەک بەڕیز بلوخ Bloch دەڵێت:”بێگومان لە پێناوی هەڵهاتنی خۆری کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا، ئەبێت لە ڕێگەی بەگەڕخستن و ڕێنماییە کاریگەرەکانی دامەزراوەکانیەوە بێت”.
ئەم ڕێگە کاریگەرانە لە ئەوروپای سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەوە بەکارهاتوون، ئەویش بە ڕێنمایی پەروەردە ناسانی وەک(جۆن دیوی و مۆنتیسۆری و کلابارید و کرشنستایر و فرینیە و کارڵ ڕۆجرز و مکارنکۆ و وریبۆڵ و فیرییر و جان بیاجیە. ئەم ڕێگە و ڕێنماییە کاریگەرانە پشتی بەستووە بە کۆمەڵێک پرنسیپڵی وەک” وازییکردن، فێربوونی ژیانکردن لە ڕێگەی خودی ژیانەوە، فێرکردنی خود بەخودی خۆیی، سوودەکانی زانست، کرانەوە کەسییەکان، پشتبەستن بە زانستە دەروونییە نوێکان، پەنابردن بۆ کاری هەرەوەزی و خۆ فێرکردن، دوورکەوتنەوە لەوەی تەنها مامۆستا ئاراستەی هەموو مەسەلەیەک بکات بێ هاوبەشیکردنی فێرخواز، لە هەمووشی گرنگتر دیموکراتیزەکردنی پەوەردەکردن و فێرکردنە…
خاوەن بیری ڕێگاگەلی چاپووک و کاریگەرە نوێکان بە پێویست جەخت دەکەن لەسەر تەواو ئەفەرزۆکردنی دەسەڵاتخوازییە نەریتییەکان بە:”پشتیوانیکردن لە هێنانە ئارای کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیی، مادام فێرگەی نەریتیی کەسایەتی مرۆڤەکان بوونیاد نانێت، هەروەها تێکهەڵکێشانی کۆمەڵگە بەدی ناهێنێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە کۆمەڵگە دەتوێنێتەوە لە کەسایەتی تاکڕەویی و خۆپەرستیی و ئۆتۆکراسییدا. چارەسەری ئەم کەماسییەش بەوە پێک نایەت کە پەروەردەیەکی مەدەنییانە بخەینە ناو پەروەردە نەریتییەکەوە، بەڵکو بە گۆڕینی پەروەردە نەریتیەکە دەبێت بە پەروەردەیەکی دیموکراسیانە و هاوچەرخ.

• دامەزراندنی پێداگۆگییەکی دامەزراوەیی:
هەموو پەروەردەناسەکان بە بێ جیاوازی ئەفرۆزی گۆڕینی دامەزراوە پەروەردەییەکان دەکەن بۆ دامەزراوەیەکی بیرۆکراسییانەی هەڵگری توخەمە جیاکارییەکان و ململانێ بێزارکەرە چینایەتیەکان، یان چاکسازییە ڕووکەشییەکان، بەڵکو بە پێویستی دەزانن، کە چاکسازی لە ناوەڕۆکەوە دەست پێ بکات، لەسەر پرنسیپڵە دامەزراوە پێداگۆگییەکان، کە هەریەک لە (ئۆری و لۆبر و لاپاساد) هەمان دیدگایان هەیە.
ئاشکرایە، کە فێرگە دامەزراوەکان ئاراستەیەکە لە فەرنساوە دەستی پێکردوە و چاکسازیی بەوە دادەنێت کە:”پێویستە لە ناوەوە دامەزراوە فێرگەییەکان بگرێتەوە، جگە لەوەی پێویستە بچێتە ناو بوونیادنانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها چاکسازی پێویستی بە گرنگیدان بە ئیدارە و هاوئاهەنگی کەسەکان هەیە بۆ بەدیهێنانی ئازادی مامۆستا و سەرپەرشتیاران هەیە لە چوارچێوەی دامەزراوەیی کراوەدا”.
کەواتە، بە کورتی و بە پوختی، ئەم پێداگۆگییە هاوچەرخ و دیموکراسییە نوێیە ئەفەرۆزی فێرگە نەریتیە فێرخوازە خنکێنەرەکان دەکات بە دیسپلینە بیرۆکراسییەکەی کە ئازادییەکانی فێرخوازانی تەواو سنوردار کردووە؛ فێرگە نەریتییەکان گۆڕاوە بۆ سندوقێکی ڕەشی داخراو، یان ئۆردوگایەکی سەربازیی بڕوادار بە دیسپلین و کۆنترۆڵکردنی فێرخوازان لەسەر حسابی بەرتەسکردنەوەی ئازادی و کەمکردنەوەی وازی و چالاکیە فەرهەنگیی و هونەریی و وەرزشیی و زانستییەکان.
هەروەها نابێت گرنگیی هاوبەشیکردنی پەوەردەیی و پرۆژە دامەزراوەییەکان بۆ بوونیادنانی دامەزراوە پەروەردەییەکانمان بیر بچێت لە سڕینەوەی ناکۆکیە ئابووریی و کۆمەڵایەتییە دیارەکاندا؛ چونکە فێرگە بەشێکە لە کۆمەڵگە و ئاوێنەیەکی ڕاستۆگیە لە پێچەوانەکردنی نەرێنییەکانی و جیاوازییە دیارەکانی کە فیرخوازان بەرجەستەی دەکەن لە ناو مەیدانی فێرگەدا یان لە ناو پۆلەکانی فێرگەدا.

پێداگۆگیی نا ئاراستەکراو:
پیداگۆگی نا ئاراستەکراو لەسەر ئەوە پێکهاتووە، کە فێرخواز خودی خۆی بتوانێت خۆی فێربکات و پشت بە خۆی ببەستێت و ئەرکەکانی و کارەکانی خۆی جەێبەجێ بکات، ئیتر مامۆستا دەگۆڕێت بۆ سەرپرشتیارێکی ڕووت، بە بێ داواکاری فێرخواز دەست وەرنادات لە کاروبار و ئەرک و فێربوونی فێرخواز. هەروەها پێداگۆگی نا ئاراستەکراو پشت دەبەستێت بە ئازادی و خۆڕسکی و خۆکردی و دەستکەوتنی زانین لە ڕێگەی وردە وردەی لۆژیکیی و کەسیی و دوورکەوتنەوە لە ڕێگاگەلی پێدانی فێربوون و وەرگرتنی زانینێک کە لەسەر ڕق و کینە و پێدان و ئەزبەرکردن و دەست تێوەردانی ستەمکارانەی مامۆستاوە وەستابێت، مامۆستا چۆنی بوێت بەو جۆرە ئاراستەی فێرخواز بکات و زانینی پێ بدات.
ئەم ڕێگە نا ئاراستەکراوە نوێیە بڕوابوون و متمانەبوون لە ناخی فێرخوازدا دەچێنێت؛ ڕاشی دەهێنێت لەسەر بەردەوامی و فێربوون و وەرگرتنی زانین و خۆشەویستی سەرچڵێتیی و پەنابردن بۆ چالاکی و توانا خۆییەکانی لە دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکانی و گرفتەکانی و بارودۆخە قورسەکانی و هێنانە ژێر باری ئەو کێشە و گرفتانەی لە فێرگەدا و لە ژیاندا تووشی دەبێت.
گرنگترین تیۆریزانی پێداگۆگی نا ئاراستەکراو: جان جاک ڕۆسۆ و ئۆلیفیە ڕیبۆل و کارڵ ڕۆجرز ـ ە.

• کاراییکردنی ئەنخوومەنە پەروەردەییەکان:
دامەزراوە پەروەردەیەکان چەندین ئەنجوومەنی پەروەردەیی لە خۆ گرتووە، کە دەتوانرێت هاوبەشیان پێ بکرێت لە دەوڵەمەندکردن و کاراکردنی پەروەردەدا لە هەموو ڕوویەک و هەموو ئاستێکدا لەگەڵ کۆکردنەوەی فێرخوازەکان لە یەکەیەکی کۆمەڵایەتیدا، وەک ئەنجوومەنە فێرکارییەکان و تیپە پەروەردەییە پێگە بەرزەکان لە ڕێکخستنی ژیان و ژینگەی فێرگە و چالاکییەکانی و بە دیموکراسیی کردنیاندا، کە خۆی دەبینێتەوە لە پێدانی تێبینەکان و پێشنیازەکان دەربارەی بەرنامە و پڕۆگرامەکان، هەروەها بە بەرنامەکردنی چالاکییە فەرهەنگییەکان و کۆمەڵایەتییە وەرزشییەکان، قۆزتنەوەی هەلی وەرگرتنی توانا و تەگبیرکردنە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنیان و کۆمەڵێک کاری تری پێویست و کارەکانی ڕێکخستنە پەروەردەییەکان بە هەموو ڕایەڵەکانییەوە وەک ئامێرەکانی ڕێکخستنە پەروەردەییەکانی ئەوانەی خواستی دەرفەتدانیان هەیە بۆ سەرکەوتن و گۆڕانکارییەکان و مسۆگەرکردنی چالاکیەکان و ڕێکو پێک کردنی چالاکیەکان ‌و دیاریکردنیان بە شێوەی سەرە و، یەک لە دوای یەک.
گرنگترین ئەنجوومەن، کە دەورێکی گەورە و کاریگەر دەبینێت لە پێناوی دروستکردنی کەشێکی فێرگەیی گونجاو و پێکەوە ژیان: ئەنجموومەنی تەگبیرە، کەواتە با بزانین تایبەتمەندێتی و دەوری ئەم ئەنجوونە چییە؟
کاری ئەم ئەنجوومەنە پێشنیازکردن و نووسینەوەی بەرنامە و پرۆگرامی ناوخۆیی دامەزراوە فێرگەییەکەیە، ئەویش لە چوارچێوەی ڕێز و سنوری یاسا و ڕێسا دانراوەکان و دانپیانراوەکاندا، ئەم بەرنامە و پەیڕەو و پرۆگرامانەش قبووڵکراو و کارا نابێت هەتا لە لایەن پەروەردەناس و شارەزاکانەوە ئەرێی بۆ نەکرابێت.
تایبەتمەندییەکانی تری ئەم ئەنجوومەنە، وردبینی و کۆڵینەوە لە بەرنامەی کاری هەموو ئەنجوومەنە پەروەردەییەکانی تر و ئەرێیی کردن لەسەریان و هەروەها بەدوواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێشنیازانەی لە لایەن خودی ئەم ئەنجوومەنەوە بەرزدەرکرێتەوە، تا بتوانێت چاودێری بەرنامەکانی ساڵانە بکات، کە پەیوەندیان هەیە بە چالاکییەکانی ناو دامەزەروە پەوەردەیەکەوە بۆ بە گەڕخستن و کاراییکردنی ژیان و ژینگەی فێرگە پەروەردەییەکە و فرەییکردنی چالاکیەکانی بە گوێرەی پەیمانە نیشتیمانیەکان و ڕینماییەکانی وەزارەتی پەروەردە.

• پەروەردەکردن لەسەر مافی مرۆڤ و هاوڵاتی:
پەروەردەکردن دەربارەی مافی مرۆڤ و هاوڵاتی گرنگترین ئامڕاز و ئامێرە بۆ بە کاراییکردنی دیموکراسی ڕاستەقینە، ناسین و زانینی فێرخواز بە ئەرک و مافەکانی و چیی لەسەرە و دەبێت چیی بکات بە دوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها بە گیانی هاوڵاتیبوون کار دەکات لەگەڵ بەرامبەرەکانیدا و پێکەوە ژیان و تۆلێرانسی بۆ دروست دەبێت لەگەڵیاندا، ئیتر جیاوازییەکانی ئەوانیتر لەگەڵ خۆیدا قبووڵ دەکات و تووندڕەو و دڵڕەق نابێت لەگەڵ بەرامبەرەکانیدا.
کۆمەڵگە لیبراڵەکان کۆمەڵێک مافی گەردوونیان دابینکردوە و دانی پیانراوە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لە پەیماننامەیەکی یاسایی مەدنیی و کۆمەڵیەتیی و فەرهەنگیی و ئابووریی و مرۆییدا تۆمارکراوە و کراوە بە ئەرک بۆ جێبەجێکردنی لە لایەن هەموو کۆمەڵگەو و وڵاتان و گەلانی جیهانەوە، بەم پێیەش مرۆڤ بووە بە گەورە و سەروەری سروشت، مافە گەردوونیەکانی بە پێی ئەو پەیماننامەیە پارێزراوە و کەرامەتی لە هەموو ڕوویەکەوە وەک مرۆڤی سروشتی پارێزراوە، وەک مافی هاوڵاتی؛ مافی منداڵ؛ مافی گەورە ساڵان و چەندین مافی تری مرۆڤ.
فێرگەکان پێویستە هەموو ئەو مافەکانی هاوڵاتی و مافی مرۆڤ لە خۆبگرێت و بخوێنرێت و فێرخوازان فێریان بن. دامەزراوەی پەوروەدەیی شوێنێکی فراوان و کراوە و گونجاوە بۆ وەرگرتن و فێربوونی ئەو ئەرک و مافانە و شارەزابوون لەسەر مافەکانی مرۆڤ. کۆمەڵگەکان پێویستە لە فێرگەکانەوە پەلە بکەن بۆ جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ و بە تایبەتی مافەکانی منداڵان، هەندێک لە وڵاتان توانیویانە بگەنە ئەو ئاستەی کە پەرلەمانی منداڵان دروستبکەن.
دەستبردن و هەڵبژاردن بۆ پرۆسەی دیموکراسی و بە فەرهەنگ کردنی دیموکراسی:”وەک ئەجنددایەکی سیاسیی و پەروەردەیی هەڵبژاردنێکە گەڕانەوە لێی کارێکی خراپ و نابەجێیە، دیموکراسی بووە بە پێوەرێک بۆ گونجاندن و پێکەوە ژیان و ئاوێتەبوون لە کۆمەڵگەدا. هەرچ لادانێک و پێشێلکردنێکی دیموکراسی و مافە دیموکراسییەکان زیانی گەورە و لادان و وێرانی بە دوای خۆیدا دەهێنێت لە هەموو بوارەکانی ژیاندا”
7- ئەو کێشانەی دێنە ڕێگەی پەروەردەی دیموکراسی:
شاراوە نییە لای کەس، مەحاڵە بەدیهێنانی دیموکراسی لە کۆمەڵگەی دواکەوتوو و تەمەڵ و سستدا، یان لە کۆمەڵگەیەکدا کە لە ژێر حکومڕانییەکی دیکتاتۆریی و سیاسەتێکی چەوسێنەر و ستەمکار و دادپڵۆسێنەر و دڵڕەق بێت دژی هاوڵاتیەکانی.
دیموکراسی ڕاستەقینە بەدی نایەت لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و داهێنەردا نەبێت کە بڕوای بە جیاوازیەکان و مافی جیاوازی بیرکردنەوە نەبێت، هەروەها بڕوای بە هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد نەبێت.
کەواتە دەتوانین بڵێین گرنگترین ئاستەنگی بەردەم جێبەجێکردنی دیموکراسی خۆی دەبینێەوە لە: حوکمی بیرۆکراسی و نەزانین و دواکەوتوویی و تەمەڵی و سستی و کەمتەرخەمی و ڕۆتینی کارگێڕی و نەبوونی شارەزایی و نەبوونی چاپووکی و چالاکی پەروەردەیی و کارگێڕیی.
وەک جۆن دیوی دەڵێت: دیموکراسی ڕاستەقینە، حکومەتی دیموکراسی ڕووکەش نییە، بەڵکو لە بنەماوە پرۆسەی ژیانی کۆمەڵگە و شارەزاییەکی هاوبەشی گشتی خەڵکە.
8- چارەسەر و پێشنیاز و ڕاسپاردەکان:
ئەگەر ململانێکان پارسەنگ وەرنەگرن و ململانیکەران لێک نزیک نەبنەوە، ئەوە فێرگە هیچی تری تیا بەدی ناکرێت جگە لە وێرانکارییەکی ئایدۆلۆژیانە و زیانلێکەوتن لە ژێر کاریگەری ململانێ چینایەتیەکان، واتە فێرگە دەبێت بە شوێنی جیاوازییە کۆمەڵیەتیەکان و فەرهەنگییەکان و زمانەکان و ئابوورییەکان. بەم جۆرە فێرگە دەبێت بە وێرانە و دواکەوتوویی و مایەپووچیی بەرهەم دێنێت، فێرگە لەم حاڵەتەدا دەبێت بە دامەزراوەیەکی ڕەشبین و کارەسات و جێگەی ململانێ و ناکۆکییە زەقەکان.
کەواتە فێرگە بۆ ئەوەی ببێت بە فێرگەیەکی دیموکراسییانە و هەڵگری فەرهەنگی دیموکراسیی بێت، ئەوە پێویستە فێرگە پاک بکرێتەوە لە ململانێ تووندەکان و زیانەکانی جیاوازیکردن و جیاکاریکردنی توخم و ڕەگەز و زمان و کولتوورپەرستیی بە ناوی کولتووری نەتەوە و ڕیشەییەوە، هەروەها پێویستە فێرگە تژیی بێت لە دەرفەت و بواری گونجاو بۆ پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە فرەکولتووریی و ئازادییەکان و پێکەوە ژیان و دەرفەت دروستکردن بۆ داهێنان و ئەفڕاندن و فراژووتن.
بۆ ئەوەی فێرگە ببێت بە فێرگەی دیموکراسیی، پێویستە هەموو جیاواییەکان لە ڕووی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی و زامانەوە لە نێوان فێرخوازاندا بسڕرێتەوە. پێویستە هەموو فێرخوازان وەک یەک سوود بێ جیاوازی چینایەتی لە نێوان دەوڵەمەندەکان و هەژاراندا وەربگرن لە زاینن و فێربوون و هیچ جیاوازییەکی پێگەی کۆمەڵایەتی نەمێنێت و هەموو فێرخوازن بە یەک چاو تەماشابکرێن و یەک پێگەیان هەبێت. هەروەها پێویستە پەیوەندییەکی ئەرێنی و خۆشەویستی و هاوڕێیەتی دروستبکرێت لە نێوان مامۆستایان و فێرخوازاندا، مامۆستا ڕێنمایکار و سەرپەرشتیکاری فێرخوازانە بۆ فێربوونی فێرخوازان، نەک پێدانی زانین و زانیاری بەو واتایەی کە مامۆستا هەموو شت دەزانێت و فێرخواز هیچ نازانێت.
گرنگترین ئەو پێشنیازانەی کە فرییامان دەکەوێت بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی دیموکراسیانە:
• هاندانی دەستپێشخەرییەکانی تاک، کە زانرا بەرژەوەندی کۆمەڵ و نیشتیمان و نەتەوەی تیایە، کلابارید دەڵێت:”پێویستە لەسەرمان لە کۆمەڵگەی دیموکراسی ساغڵەم و ڕاستەقینەدا دەرفەتی فراوان بدەین بۆ دەستپێشخەرییەکانی تاک، تا بەردەوام بێت، بە مەرجێک بە ئەزموون بسلەمێنرێت، کە سوودی هەیە بۆ کۆمەڵ و کۆمەڵگە. دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم دەستپێشخەرییەکانی تاکدا توانا شاراوە و بە سوودەکان لاواز دەکات و ڕێگری دەکات لە دەرکەوتنیان. لێروەیە کە داروین پشتیوانیکردووە لەو بیرەی کە تاک و کۆمەڵگە دەبەستێت بە یەکەوە. بەهای تاک سوودێکی ڕاستەوخۆی هەیە بۆ کۆمەڵگە.
• دەستپێکردن بە پەروەردەیەکی عەقڵانی تەنها زەرورەت نییە:” بەڵکو بۆ ئەوەی بگەین بە فیربوونی دیموکراسی ڕاستەقینە، پێویستە ئەوە بزانین لە نەبوونی فێربوونی عەقڵانیدا هەموو ئامرازکان بەکاردەهێنرێت بۆ خاڵیکردنەوەی کاریگەریی ئەو فاکتەرە کۆمەڵایەتیانەی کە نا یەکسانی فەرهەنگیی دەسڕنەوە، ئیرادەی سیاسیی بە تەنها ناتوانێت نا یەکسانییە واقیعیەکان بسڕیتەوە لە کاتێکدا کە ئامرازە ئابوورییەکان هاوئاهەنگێتی، هەروەها ناشتوانێت دەستکاری واقیع بکات ئەگەر هەموو مەرجە دیموکراسییەکان لە بەردەستی مامۆستایان و فێرخوازاندا نەبێت، لە پێش هەموویانەوە پەروەردەیەکی عەقڵانیی.
• کاراییکردنی فەرهەنگی مافی مرۆڤ و هاوڵاتی لە ڕێگەی خوێندن و فێربوون لەسەر پەماننامە نێودەوڵەتییەکان کە مافی مرۆڤ و هاوڵاتی تیا هاتووە.
• بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی پێکەوە ژیان و تۆلێرانس و ئەفرۆزکردن و نەفرەتلێکردنی تووندڕەویی و پەڕگیریی و تۆقاندن، کەواتە ڕاهاتنی لاوە تازە پێگەیشتووەکان بە قبووڵکردنی ئەوانی تر و دوورکەوتنەوە لە دووژمنایەتی و دڵڕەقی و ململانێکان، هەروەها ڕاهاتنیان لەسەر ژیانی بەردەوام لەگەڵ ئەوانی تر و خۆشەویست و یارمەتی و هاوکاری و ڕاستگۆیی لەگەڵ یەکتریدا.
• دیموکراتیزەکردنی سیاسەت و کۆمەڵگە، ئەویش بە قبووڵکردنی جیاوازییەکان و لۆژیکی پلۆرالیزمی حیزبیی و قبووڵکردنی ‌هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەی خاوێنی نوێنەرەکان.
• جێبەجێکردنی پێداگۆگیی داهێنان، بە بەدواداچوون و پەیوەستبوون بە سێ قۆناغی بنەڕەتییەوە لە بواری پەروەردە و فێربووندا، ئەوانەش: پەیڕەوکردن و ئەزموونکردن و داهێنان لە پێناوی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی داهێنەر و بەرهەمهێنەر و بە سوود.
• فرەییکردنی ئازادییە تایبەتەکان و گشتییەکان بۆ هەموو هاوڵاتیان؛ نە دیموکراسی بە بێ ئازادی دەبێت و نە ئازادی بە بێ دیموکراسی دەبێت، نە پەروەردە بە بێ ئازدی و دیموکراسی دەبێت، نە ئازادی و نە دیموکراسی بە بێ پەروەردەیەکی هاوئاهەنگ بۆ هەموو دەبێت.
• هاندانی کۆڵین و بە دواداچوونی زانستیی و توانا و زیرەکی و لێهاتوویی لەسەر گەشەسەندن و ئەفڕاندن؛ چونکە بناغەی پێشکەوتن و گەیشتن بە پێگە دیارەکانی ناو دەوڵەتە پێشکەوتوو و شارستانییەکان بە بێ زانست و زانین و بەرهەمهێنانی زانیاری نابێت، سەرمایەی ڕاستەقینەی هەموو دەوڵەتێک لەم ڕۆژگارەدا بەرهەمەکانی جوتیاران نییە، هەروەها ماڵ و موڵک و زۆری مرۆڤ نییە، بەڵکو بەرهەمە زانیستیی و زانین و هونەر و بەکارهێنانهی تەکنۆلۆژیا گەشەسەندووەکانە.
کۆتایی:
پوختەی قسە: لە هەموو ئەمانەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە پەروەردە پێوەندییەکی ئۆرگانیی هەیە بە دیموکراسییەوە، ناتوانرێت قسە لەسەر پەروەردەیەکی ڕاستەقیەن بکرێت تەنها لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییدا نەبێت، کە بڕوای بە مافی مرۆڤ و ئازادییە تایبەت و گشتییەکان هەبێت، هەروەها بڕوای بە پلۆرالیزمی زمانی و ئایین و ئایینزایی و حیزبیی و ڕەگەزیی هەبێت.
بۆیە پێویستە منداڵ ڕابهێنرێت لەسەر ڕەفتاری دیموکراسی لە ناو خێزان و یەکەم ڕۆژی پەیوەندی بە فێرگەوە لە کەشێکی تژیی لە ئازادی و بەختەوەری و هیوا و گەشبین و تا دەگات بە ناو کۆمەڵگە بۆ جێبەجێکردنی لەوەی کە وەریگرتووە دەربارەی دیموکراسی و دادپەروەری.
بۆمان ڕوون بووەوە کە سێ جۆر لە دیموکراسی هەیە: فێربوونی دیموکراسییانە، فێرکردنی دیموکراسییانە، فێربوونی دیموکراسی.
هەروەها کۆمەڵێک ئامراز و ئامێرمان خستە ڕوو بۆ جێبەجێکردنی دیموکراسی ڕاستەقینە لە سیستمی پەروەردە و فێربووندا، هەموویمان کۆکردەوە، لە بیر و ئەندێشە و هزری کاری هەرەوەزیی و کاری کۆلێکتیڤییدا، هەروەها بەکارهێنانی تەکنیکی چالاکی، کە خۆی لە پێداگۆگیی داهێنەرانەدا دەبینێتەوە، هەرەها هاوبەشیکردن لە چالاکی جۆردا(کوالیتیی) بە جێبەجێکردنی ڕیگە کاریگەرییەکان و بڕوابوون بە پرنسیپڵکەکانی مافی مرۆڤ و چاندنی هاوڵاتیبوونی ڕاستەقینە لە ناخ و دەروونی فێرخواز و ڕووکردنە ئاسۆ و دواڕۆژ، بێ ئەوەی بیرمان بچێت دیموکراتیزەکردنی فێرگە و کۆمەڵگە پێکەوە دەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت