دۆناڵد ترامپ كێییە؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادەکردنی: نەبەز گۆران
دۆناڵد ترامپ: پاش جەنگی جیهانی دووهەم هاتووەتە دونیاوە. لەو سەردەمەدا ئەمریكا لەوپەڕی شكۆمەندی و كۆمەڵگەی ئەمریكی لە رەونەقی بازاردا دەژیا. باوكی _ترامپ_ یەكێك بوو لەو سەرمایە دارانەی حەزیدەكرد دوو ئۆتۆمبێلی_لیمۆزین_ هاتووچۆی پێبكەن. دایكی _ماری_ پەنابەرێكی ئسكلەندی بوو. دایك و باوكی زۆر سەختگیربوون، كەس بۆی نەبوو لەماڵەوە قسەی نابەجێ بكات. لە بەر ئەوەی گرنگیان بە سەرمایەی ئابووریی دەدا، دەبوایە منداڵەكانیان لە هاویندا كاربكەن و خاوەنی پارەیەك بن، لە ئیشكردنی خۆیاندا دەستیان دەكەوێت. دۆناڵد، هەر لە منداڵییەوە یاخی بوو، جارێكیان مشتەكۆڵەیەكی كێشابوو بە دەموچاوی مامۆستایەكیدا. خۆی بۆ ئەم مەسەلەیە دەڵێت: لەبەر ئەوەبوو لە مۆسیقا تێنەدەگەیشتم.
لە تەمەنی _13_ ساڵیدا باوكی چەقۆیەكی لە ژورەكەی دۆزییەوە. ئیتر ناوی لە قوتابخانەی نیزامی نووسی تا كەمێك رێكوپێكی بكەن. خوێندنگای نیزامی لە _نیۆیۆرك_ بریتیبوو لەو خوێندگایەی زۆر گرنگی بە پەروەردەی پتەو شێوەی نیزامی سەربازی دەدا، بۆ راستكردنەوەی ئەو خوێنكارانەی سەرشێتی دەكەن. دۆناڵد لەو خوێندنگەیە بوو بە كاپتینی تۆپی باسكە. یەكجاریش خەڵاتی بردەوە. بەڵام هاورێیەتی و نزیكیایەتی كەسی نەدەكرد، ساڵی _1964_ رۆیشتە قۆناغێكی ترەوە، سەرەتا دەیویست بچێتە بەشی فیلم، بەڵام لە كۆتاییدا بەشی _بزنس_ی هەڵبژارد لە زانكۆی_پنسیلۆانیا_
سێ ساڵ پاش تەواوكردنی زانكۆ، بە هاوكاری باوكی هوتێلی _كومودور_ ی بە بڕی _70_ ملیۆن دۆلار كڕی. پاشان لە ساڵی _1980_ هوتێلی _گریند هایت_ ی كردەوە. ئەم پرۆژەیەی زۆر سەركەوتووبوو. لەم هوتێلەدا پشكی لە %50 هەبوو، بەم هۆیەوە پارەیەكی باشی دەستكەوت و بوییە سەرەتایەكی نوێ‌ بۆی.
لە ساڵی _1982_ بورجی ترامپی كە بەناوبانگترین بورجبوو لە نیۆیۆرك، كردەوە. لە رۆژی كردنەوەی بورجەكە_700_ میوانی بەناوبانگی بانگهێشتكرد. بە بۆنەی ئەم بورجەوە ناوبانگێكی زۆری پەیداكرد و، لەروی خێزانیشەوە ماڵی خۆی بردە بەشێكی سویتی ئەم بورجە. لەساڵی _1987_ یەكەم كتێبی خۆی بەناوی _هونەری مامەڵەكردن_ بڵاوكردەوە. ئەم كتێبەی بۆ ماوەی _68_ هەفتە پڕفرۆشترین كتێب بوو. بەپێی هەواڵی نیۆیۆرك تایمز.
ساڵی _1990_ بۆ ترامپ ساڵێكی خۆش نەبوو، چونكە سەرەتا خێزانەكەی _ئایوانا_ بەهۆی خیانەتەوە لێی جیابوییەوە. پاشان لەروی بازرگانییەوە گورزێكی بەركەوت. كارگەیشتە ئەوەی لە هەر پرۆژەیەكدا نزیكەی دوو لەسەر سێی كەوتە ژێر قەرزەوە. لە ساڵی _1997_ كچێكی شایەستەو هونەر دۆست، سەرلەنوێ‌ بوییە هۆی هەڵسانەوە. ماوەیەك سەرگەرمی ژیانی ئاساییی خۆی بوو، بە هۆی هاندانی دۆستەكەیەوە سەر لەنوێ‌ دەستیپێكردەوە و پارەیەكی باشی بەچینگ كەوت، بۆیە دیسانەوە كتێبێكی نووسی بەناوی _هونەری دووبارە هەڵسانەوە.
لە ساڵی _1999_ فریدریك كرایست ترامپ، باوكی دۆناڵد ترامپ، لە تەمەنی _93_ ساڵیدا كۆچی دوای كرد. پاش خۆی نزیكەی _250 تا 300_ میلۆن دۆلاری بە میراس بۆ كوڕەكەی جێهێشت. لە سەروەختی كۆچكردنی باوكیدا، نەوەی جۆرج كەنەدی، جان ئۆف كەنەدی، پرسە نامەیەكی بۆنووسی و لەناو پرسەنامەكەدا ئەمەی نووسیبوو:” جیاوازی نییە لە كوێ‌ دەژیت، بەڵام مردنی دایك و باوك، مرۆڤ دەگۆڕێت.”
لە ساڵانی _2000_ كان، هەوڵیدا ببێتە كاندیدی جمهورییەكان، سەری نەگرت. هۆكاری كەنار خستنەكەشی ئەو ناكۆكیانەبوو لەناو حیزبدا لەسەر كاندیدكردنی هەبوون. نزیكەی چەند ساڵێك سەرقاڵی سەرگەرمییەكانی خۆی بوو، لەپاڵ ئەوەدا لەگەڵ تیمێكدا كاری بزنسیاندەكرد و پاشان لە روی میدیایشەوە ئەم كارەیان دەكردە كەرەستەیەك بۆ بازاردروستكردن و نزیكبوونەوە لە گوتاری سیاسیی. تا لە ساڵی _2015_ بە تەواوەتی خۆی تەرخانكرد بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا. هەر لەو بورجەی بیست و سێ ساڵ پێشتر بونیادی نابوو، لە هەمان كاتی ساڵوەگەری بونیادنانی، لە گوتارێكدا رایگەیاند خۆی بۆ سەرۆك كاندید دەكات و خەرجی كەمپینەكەشی لەسەر خۆی دەبێت. لەو گوتارەیدا باسی پەناهەندە و سنووری نێوان ئەمریكا و مەكسیك و كێشەی قاچاخی و كێشەی دوژمنەكانی ئەمریكای دەكرد. چەندین بە ڵێنی دا، گەر سەر بكەوێت ئەمریكا دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی شكۆمەندی خۆی. هەر لەو سەروبەندەدا كۆمارییەكان بریاری كاندیدكردنیاندا، جارێكی تر بۆمبێكی تەقاندەوە و دژی موسڵمانەكان قسەیكرد. گوتارە توندەكانی بوونە هۆی دروستكردنی دوو بۆچوونی جیاواز لەناو نوخبەی سیاسیی و نوخبەی رۆشنبیری ئەمریكادا. لەرووی میدیاییەوە بەشێكی زۆری میدیای ئەو وڵاتە دژی بوون و كردبوییانە جێگەی گاڵتە پێكردن، بەڵام خەڵكێكی زۆریش لەگەڵ ئەم جۆرە گوتارەدابوو. تەنانەت هەندێك لە فەیلەسوف و زاناكانی بواری زانست، بروایان وابوو تێگەیشتن لە گەردوون، ئاسانترە لە تێگەیشتن لە ترامپ. بەم حاڵەشەوە كەچی هەر بەرەو سەركەوتن دەچوو.
هەرچۆنێك بێت پاش هەڵمەتێكی پڕ لە گوتاری توند، دۆناڵد ترامپ، سەركەوت بەسەر ركەبەرەكەیداو بوو بە سەرۆكی نوێی ئەمریكا. ئەو هۆكارانەی بوونە هۆی سەركەوتنی، بریتین لەم خاڵانە:
یەكەم:
نەیدەویست لەبەر خاتری رازیبوون لێی، دەست لە بۆچوونەكانی خۆی هەڵبگرێت و خۆی خۆشەویست بكات. ئەم سووربوونەی لەسەر بۆچوونەكانی، لەبری ئەوەی لاوازی بكەن، بەهێزیانكرد.
دووهەم:
شەڕەكەی ترامپ، تەنها لەگەڵ دیموكراتەكان نەبوو، لەگەڵ حیزبەكەی خۆشی بوو، كەچی لەم شەڕە چەند لایەنەوە دروستیكردبوو، توانی سەربكەوێت و سوودی لەو فرە جەمسەرییەی شەڕی راگەیاند ببینێ.
سێهەم:
كێشەی بردنە دەرەوەی نهێنی و ئیمەیڵی ركابەرەكەشی، بوو یە هۆی دروستكردنی فەزایەك كەس راستییەكە بەباشی نەزانێت و، سوود لەو فەزا ناجۆرە وەربگرێت.
چوارەم:
بڕوا بەخۆبوون، یەكێك بوو لەو كاندیدانەی بەشێوەیەكی سەرنج راكێش بروای بە خۆی بوو دەیباتەوە و، روشیدەكردە ئەو شوێنانەی كە زۆبەی كەس پێی وابوو، لەو شوێنانە سەركەوتوو نابێت و، كەچی پێچەوانەی هەڵسەنگاندنەكان دەرچوو. پاشان لەیەكەم رۆژی سەركەوتنیدا، سوپاسی ركابەرەكەی كرد توانیویەتی هێزی پێببەخشێت و داوای كرد دیموكراتەكان هاوكاری بكەن بۆ بەهێزكردنەوە و بەهێز هێشتنەوەی ئەمریكا.
پاش سەركەوتنی، ئێستا سەرۆكی ئەمریكایە. شەڕەكانی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی ئەمریكاو، لەگەڵ نەیارانی ئەمریكا، لەشەڕی سەربازییەوە گواستوەتەوە بۆ شەڕی ئابووری. ئەو نایەوێت لەم قۆناغەدا سوپا بكاتە بنەمای نیشاندانی هێزی ئەمریكا، بەڵكو لە رێگەی جریوەكانییەوە، لە تویتەر، سەرقاڵی تاروماركردنی ئابووری ئەو وڵاتانەیە دژی ئەمریكان.

لە ماڵپەری: بی بی سی، یەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت