سەعید عارف باپیر: گۆڕان چی بەسەر دێت.؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕان بە سەرمایەیەکی ئەخلاقی هاتە پیشەوە، هەرسستی و لادانێک لەوسەرماییە، بەرەودوای دەهێنێت
ئەوەی دیارە، لوتکەی شاخێکی سەهۆلێنە ، بنکەی نادیارو گەورەی لە دەریای مێژودایە. بەپێچەوانەی گۆڕانەوە ، (پارتی) و(یەکێتی)دەڵێن مێژو سەرمایەکەمانە ، یان ڕوباری خوێنین. بەوەی( پارتی لە 1946) و (یەکێتی لە 1976)ەوە هەن ، (گۆڕان لە 2009) دا پەیدا بووە، بەسادەیی وادەنوێنێت.

واز لە پێوانەی ساڵ دەهێنین بۆ ژمارەکانی.
مانەوەی (پارتی )، لەم وردکردنەوە مێژوییەدا دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەیەک، ئەویش مامەڵەی (دابەزین لە سەربەخۆیی) بو.! چۆن .؟
دەگەڕێنەوە بۆ بزوتنەوەی چەکداری شێخ مەحمودو سەروحەلی جەنگی جیهانی یەکەم و لەناو چونی دەوڵەتی عوسمانی، شەرعیەتێک لە سەرو 1300سالەوە هێنا بوی تا ئەوجەنگە جیهانیە. دواساختمانی دەسەڵاتی خەلافەتی ئیسلامی بو دوای ئەمەوی و عەباسیەکان، بەیزو قوڵایی مێژویی هیچ دەوڵەتێکی تری سەردەمی نەدەگەیشتێ. بەڵام ئیگلیزو فەرەنسا دوو دەوڵەتە نەتەوەی کۆڵۆنیالی بە ئەجێنداکەیانەوە لەهاندان وژیاندنەوەی تێزی نەتەوە گەل و ئەتنەکانی تریان لە دەولەتی عوسمانی هوروژاندو کۆتاییان دەسەڵاتی خەلافەت هێنا لەو جەنگەدا.
بەڕونتر بڵێێن تەنها بابەتی _ سەبەخۆیی نەتەوە )یی مەترەحی ئەو سەردەمەبو بۆگەلانیبن دەستی خەلافەتی عوسمانی ، کورد لە گەلانە بو لە بزوتنەوەی(شیخ مەحمود)دا داوای ڕاسكاوانەی سەربەخۆیی دەکرد بۆ کورد و هەماهەنگ و پەیوەندی گرتو بە بزوتنەوەی ( سمایلخانی شوکاک لەدیوی شاهنشاهی ئێرانەوە لەو خەباتە هاودەنگی یەکتر بون.
لەنەتەوەکانی تر خەباتیان خەمڵیوتر و گەرم و گوڕتر بون لە ئاستی ناوخۆێێ دیبلۆماسی دەرەکی دا، مێژویەک هەیەو ئەم نوسینە جێگەی بەسەر کردنەوەو درێژ دادڕی تیا نابێتەوە.
(سەربەخۆیی) داوای شیخ مەحمود و بزوتنەوەکەی بو دواتر حیزبی (هیوا) لە ژێر سایەی ( ڕەفیق حیلمی)دا، درێژکراوەی بزوتنەوەکەی شیخ مەحمود بووە لەڕوی ڕیکخراوەیی و خەباتی سیاسیەوە. (سەربەخۆیی )هەمان داوای حیزبی( ژ، ك) ژیانەوەی کورد لە ڕۆژەهەڵات و هاوکاتی هیزبی هیوا و وەکو پاش بزوتنەوەی سمایلخانی شوکاک.
لەو سەرەتایەوە بەرامبەر بە( سەربەخۆیی )، هیچ داوایەکی نزم تر نەبووە، وەکو مۆراڵ و ئەخلاقێک چەسپیوە لە زەینی تاکی ڕۆشنبیرو سادەو نەخوێندەواردا، جێگەی تەواوی داوای ئاینیانەی ( دەولەتی خەلافەت)ی عوسمانی و عەباسی و ئەمەوی ڕاشیدینی 1300سالەیی پڕکردبوەوە.

دابەزین لە ( سەربەخۆیی) ، چۆن.؟
ئەگەر دەوڵەتی شورەوی و حیزبی کۆمۆنیستی نەبوایە، کورد داوایەکی تری نەدەناسی جیاوازلە ( سەربەخۆیی). خودموختاری و ئوتونۆمی، حوکمی زاتی، حوکومی لامەرکەزی و بابەتەکانی تری بەگشتی داهێنراوی سۆڤێتی و حیزبە شیوعیە لۆکاڵیەکانی ئەوان بون لەم وڵاتانەدا. دابەزین بو لە سەربەخۆیی نەتەوەی لەبەر خاتری شورەوی برەودان بەسیستمە ناوخۆییەکانی ڕوسیا لەدەرەوەی سنورەکانی خۆی. هەروەکو ئەم فیدراڵی کۆنفیدراڵیەی ئێستا لاسایی و برەودانە بەسیستمی باوی ڕۆژئاوایی.
بەجۆرێک لە ئێستاکە بوە بە نۆرماڵێک و بە خوپێوەگرتنێک و فۆڕموەرگرتنێکی بێ ناوەرۆک هاتۆتە قبوڵ و لاسایی توتیانە لە بیروئەندێشەی تاکو جەماوەریانەی مرۆڤی کوردا.
لەسەروبەندی جەنگی جیهانی دوەم و پەیدابونی حیزبی شیوعی و کۆتایی و نەمانی حیزبی ( هیوا) بەتایبەت دوای بەرەبەرەکانی دژایەتی کردنی (ڕەفیق حیلمی) لەلایەن کەسایەتی نوێ باوی ( برایم ئەحمەد* ) ەوە. داوای (سەربەخۆیی) پاشەکشەی دەکرد بۆ نەوەی تر. زیاتر لە کاریگەری دروست بونی پارتێکی نوێ بە ڕونی ڕاشکاوی دابەزین بو لە (سەربەخۆیی ).
لەساڵی 1946 (پارتی دیموکراتی کوردستان ــ عێراق ) دامەزرێنرا بۆ لەبیر بردنەوەی داوای (سەربەخۆیی ) و گۆڕینی بە (حوکمیزاتی )بەسەرۆکایەتی سیمبۆلیانەی مەلامستەفای بارزان و لە دورەوە لەناوە بە کارایی ولێزانی کادێرە کوردەکانی حیزبی شیوعی عیراقی. ئەم حیزبە لەبەر مۆدێلی ( حیزبی دیموکراتی کوردستان ــ ئێران) ی ناو(کۆماری مەهاباد)ی جەمک بە( کۆماری ئازربایجان)ی ئێرانی بندەست کەوتوی شورەوی دامەزرابوو.
حیزبی شیوعی لەهەوڵی گۆڕینی داوای ( سەربەخۆیی) بۆ (حوکمی نیوخۆیی) سەرکەوتوبو جگە لەوەی دەیەویست ( پارتی ) بکات بەڕیکخراوێکی ڕوالەتی جامخانەیی حیزبی کۆمۆنیستی عیراقی.
لەمەیاندا سەرکەوتونەبو بە هۆی گەڕانەوەی مەلا مستەفا لە تاراوگەی شورەوی لەدوای کۆدەتای 14تەموزی 1958، بارزانی بە خستنە پێشەوەی ( برایم ئەحمەد) توانی پارتی لە حیزبی شیوعی دابڕێت بەهەمان داوی پێشوی حیزبەوە. بەڵام ( سەربەخۆیی) وەکو نەستێکی جەماوەری مایەوە و ( شیخ مەحمود) بو بە ئایکۆن و سیمبولی ناخود ئاگای مرۆڤی کورد.
مەلا مستەفا نامورادی تێکشکانەکانی لەناوچەی بارزان و کۆماری مەهابادو ئاوارەبونی چەند ساڵەی لە شورەی فێری ئەزمونی زۆری جەنگ و ڕیکخستن و ناسینی دەسەڵاتی کرد بو، ئەوانەی دەست بکەوتایە دەیزانی چۆن چنگی پیا بگرێت.
{لەملاشەوە (برایم ئەحمەد) لە بەرهەڵستی کردنی حیزبی هیواو ڕاماڵینی رەفیق حیلمی پێشەوای حیزبەکە. دواتر دەرپەڕاندنی ( حەمزە عەبدوڵا) کادێری بەتوانای حیزبی شێوعی و سکرتێرو سەرپەرشتکاری سەرەتایی چەندساڵەی پارتی و جگە لە کاریگەری و هەژمونی بەسەر مەکتەبی سیاسی پارتی دا. وەکو پیشەی پارێزەریەکەی مەلا مستەفای وەکو سەرۆک خێڵێکی سادەو بەئاسانی رایکێشێتە نا پرۆژەکەی یان لای بدات لە شوێن پلەو پایەکەی ..} بەکورتی برایم ئەحمەد هەوڵی ڕاکێشانی مەلا مستەفای بووە بۆ ناو کۆنێکستی خۆی.
بەڵام وەکو بینیمان لە ڕوداوی جیابونەوەی ١٩٦٤1964وە مەلا مستەفا توانی برایم ئەحمەدو درێژکراوەکەی دەرپەڕێنێت و لە ساڵانی 1966بۆ1970. کەنارگیرو ئیزۆلەیان بکات، بەپێچەوانەوە هەمویان لە دوای ساڵانی 1970 بۆ هەرەسی 1975، مەلا مستەفا بەتەوای برایم ئەحمەدو هاوەڵەکانی بخاتە کۆنتێکستی خێڵەکی خۆیەوە.
پارتی بو بە ماڵو ئامرازی دەسەڵاتی خێلەکیانەی مەلا مستەفاو پۆستی سکرتێری پارتی وەکو کاربەڕێکەرو گزیری سەرۆک خێلی لێهات، حیزبەکەش بو بەموڵک و میراتی وەچەکانی مەلا مستەفا.

(سەربەخۆیی) بو بەئەنتیکی مۆزەخانە ی سیاسەتی کوردی.
(حوکمی زاتی ) هەرگیز دەوڵەتی عیراقی بەمەترسی نەزانیووە بەتایبەت لە سەردەمی کۆماری 1958هەمیشە واڵا بوە بۆ گفتوگۆ و مشتوماڵکردنی لەهەمو قۆناغە جیاجیاکانی دا. خودی مەلا مستەفا خۆی بە بەڵگەوە هەرگیز داوای جیابونەوە و سەربەخۆیی نەکردووە. ئەمەیان زیاتر هۆی مانەوەی پارتی بووە . نەک ژمارەی ساڵەکانی میژووی ژیانی پارتی. هەروەها (برایم ئەحمەد) هەمیشە وەکو دیوی تیورسینی داواکەی مەلا مستەفا بووە لە جیابونەوەکانی دا، توند تر لە بارزانی لەگەڵ جیانەبونەوەی عێراق دا بووە، لە پارتیش دا وەکو تەوژمێکی ڕیفۆرمیستی نامورادو بەئاکام نەگەیشتوی پارتی بن هەژمونی بارزانی دەچێتە سیاقی مێژووی خۆیەوە.
سەربەخۆیی وەکو داوایەکی مۆراڵی و ئەخلاقی هیچ یە کێک لە پارتی بارزانی و حیزب پەرەگرتووە ڕیفورمیستیەکانی برایم ئەحمەدو دوای خۆی ناتوانن شانازی خاوەنداری بەو داوا مۆراڵیەوە بکەن. لەکۆن و بەئیستاشەوە.

سەرەنجام:
(سەربەخۆیی) لە نەست و ناخود ئاگای مرۆڤی کوردا وەکو (بەهایەکی ئەخلاقی نەگۆڕ) بەکەم و زۆر لە خەون و زیندە خەون و فرسەتە هەڵکەوتوەکان دا خەبەری دەبێتەوە، هەمیشە وەکو کراسی پیرۆزی شێخ مەحمودەوە دەگەڕێت بۆ بەری هەر سەرکردەیەک کە توانای نزیک بونەوەی هەیە لەو هەست و نەستی خەوتو خەفەکراوی جەماوەری کورد.
لەسەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆران و دامەزرێنەری بزوتنەوەکە، جۆرێک بو لە دووبارە بونەوەی ئەو پیرامونی بەخەبەربونەوەی سەربەخۆیی. بەڵام ( ڕیفراندۆم ) جۆرێک لە کۆمێدیای لاسایی کردنەوە خواستی سەربەخۆیی بو.
ئەوەی بەڕاستی دڵی سافەوە یان بەدوڵێ و هەلپەرستی دوای نمایشە کۆمێدیاکە کەوت بە گەرمی، کۆزەیەک ئاوی ساردی سەردا کرا. لێرەوە پاشەکشەی گشتی جەماوەر دەردەکەوێت لە سەرجەمی هەڵبژرادنەکانی ئەم دواییە.
بە پاشدا چونی گۆڕان سستی دوودڵی کردنە لە سەرمایە ئەخلاقیەکەی، دواترینی باجی قورسی گردەبڕ نەکردن و خۆ یەکلانەکردنەوەی گۆڕان بو لە کۆمیدیای سەربەخۆیی (ڕیفراندۆم ) .

تێبینی/ کەسایەتی (برایم ئەحمەد) و دژایەتی کردنی لەگەڵ هەریەک لە ( ڕەفیق حیلمی) و( حەمزە عەبدوڵا) و ( مەلا مستەفا ) جۆرێک تێ خوێندەوەی تایبەتی دەوێت کە لە ڕوداوگەلیک دا وەکو کەسایەتی میحوەری گرنگیم پێ داوە بوار هەبێت و جێ خۆی بدۆزێتەوە دەیخەینە نوسین و بابەتێکی تایبەتی ترەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت