حەمەئازاد بەرزنجی: لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ ئەبو مەسرور.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 22-11-2018 ز بەسەردانێک، گەیشتە بەغدادی پایتەخت. بۆ پیرۆز بایی لە حکومەتی نوێی ئێراق. لەکاتی چونەکەیدا بەرێز سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق ( محەمەد حەلبوسی )، و بەڕێز سەرۆکی تەحالوفی وەتەنییە و سەرۆکی حەشدی شەعبی ( هادی ئەلعامری) لە پێشوازیدا بون . دواتر چاوی کەوت بە بەڕێز سەرۆک ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراق ( عادل عەبدول مەهدی ). ئەمە بێجگە لە چەندین سەرۆکی لیستی تر و بەڕێزی تر لەوانە نوری مالکی وفالح فەیاز. وە بێگومان سەردانی بەڕێز موقتەدا سەدریش دەکات لە نەجەف. هەر زوو میدیاکانی پارتی ڕایانگەیاند کە ئەمە سەردانێکی ناڕەسمیە و تەنها بۆ پیروز بایی و بەسەرکردنەوەیە. ئەمەشیان تەنها لەبەر ئەوەبو تاخەڵک ڕەخنە نەگرن لە دانەنانی ئاڵای کوردستان و پێشوازی لێنەکردنی وەک سەرۆکی کوردستان . کەخۆی لە خۆیدا، دەمێکە مەحکەمەی ئێراق ئەنجامی ڕێفراندۆمەکەی سڕکردووە و کوردیش ڕازیبوە پێی و، بەڕێز مەسعود بارزانیش دەمێکە دەسەڵاتەکانی دابەشکروە. وەلەکاتی گفتوگۆکانیشدا بەڕیزی وتویەتی بۆ پێرۆزبایی لە حکومەتی نوێی ئێراق و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی پێشو هاتوم و وەک دوبرا لەگەڵ یەک هاوکار دەبین.
هیوادارین ئەم سەردانەی بەڕێزی لە خزمەت پڕۆسەی ئاشتی بێت لە ئێراق و ڕۆڵی هەبێ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر. وە هەرهەنگاوێک گەر لەناخەوە بێت و بەدڵێکی سافی کوردانەوە بێت و بۆ خۆشگوزەرانی دانیشتوانی هەرێم و، وە لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت، بێویژدانییە دەستخۆشی لێنەکرێت و ئەرکەکەی بەرز ڕانەگیریت.
بەڵام چەندەها تێبینی هەیە لەسەر سەردانەکە ، وات لێدەکات ، هەرنەبێ پەڕەی ساڵانی پێشوی نزیک هەڵبدەیتەوە.
لەم کاتی سەردانەیدا، بەرێز سەرۆککۆماری ئێراق کە کوردە لە بەغداد نییە . بۆ کۆڕبەندێک چۆتە وڵاتی ئیتاڵیا. پرسیارەکە لێرەدایە ئایا بەڕێز دکتۆر بەرهەم زانیوێتی کە بەڕێزی سەردانی بەغداد دەکات و ئەزانێ کە بەڕێز مەسعود بارزانی نایەوێ چاوی پێبکەوێ، بۆیە بەغدای بەجێهێشتوە . یان پێچەوانەکەی بۆیە کاک مەسعود ڕێک ئەوکاتەی هەڵبژاردوە دەزانێ بەڕێز سەرۆککۆمار سەفەری کردوە، بۆ ئەوەی چارەی لە چارەی نەگەڕێ و سەردانی نەکات . ئەمە لەمیدیاکانی هەردولا ( پ.د.ک و ی.ن.ک ) ڕێک ڕەنگی داوەتەوە.
لە دیمەنە سەرنج ڕاکێشەکان لەم دیدارەدا: بە هێچ جۆرێ ئاڵای کوردستان بونی نییە. بەڕێز کاک مەسعود بە قاتەوەیەو جلە کوردییەکانی لەبەرا نییەو تۆزێ شپرزەییشی پێوە دیارە، یەکەم جار تەوقە لە گەڵ دو ئەفسەر دەکات وادەزانێ بۆ پێشوازی ئەووەستاون کەچی گەر سەرنج بدەیت، لەگەڵ خۆی لە فڕۆکەکە دادەبەزن . ئایا بەڕێز کاک مەسعود وەک هاووڵاتیەکی ئەم کوردستانە، بۆمان هەیە لێت بپرسین، بەڕێزت مەبەستت لە چییە کەدەفەرموی ئێمە هاتوین هەڵەکانی ڕابوردومان چاکبکەینەوە. تۆ بڵیی مەبەستت لە ڕیفراندۆمەکە بوبێ . خۆدنییا بوبەتکاکار لە بەردەمی بەڕێزتا، کە نەک بڵێن ڕیفراندۆم هەڵەیە یان مەیکە ، بەڵکو دەیانوت ساڵێ دوساڵ دوای بخە. تکای کەست قبوڵ نەکرد، هەر لەدۆستەوە تا دوژمن، هەر لە ناوخۆوە تاکو دەرەوە، هەرلە ئەمریکاوە تا ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ . وە حسابی ئائەوەندەیشت بۆ هیچ کەسێ نەکرد. ئەی خێرە ئێستا ئەو هەمو حسابە بۆ ئەوانەی ئێستای بەغا دەکەیت. خۆ نیو حسابی ئێستای ئەمانت بۆ ئەوان (تکاکەرەکان) بکردایە، ئێستا ئەمان بە ناچارییەوە بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازیان لێدەکردیت. ئەی بەڕێزت نەتفەرمو ئێمە دەبینە دوو دراوسێی باش. ئەی ئێستا بە دوبرای باش لە ناو یەکماڵدا بۆ ڕازیت. هەر بەڕێزیشت نەبوی کە فەرموت گەر ڕیفراندۆم سەری گرت ئەوا کوردستان سەربەخۆ دەبێ. گەر سەریشی نەگرت، ئەوا من لە دەرەنجامەکەی بەرپرسیام و بڵێن ئەم کابرایە شێت بوە. ئینشائەڵا بەڕێزت قەت شێت نابی بەڵام بەهەمو توانای بیرکردنەوەت دەفەرموی هاتوم بۆ چاککردنەوەی هەڵەکانی پێشو. واز لە ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی لە هەولێر دەهێنیت و بۆ حوکمی زاتییە کۆنەکەی جاران هاتویتەوە بۆ بەغداد. جا تاکو ئێستا ڕون نیە ئەو عینادییە هی خودی بەڕێزی خۆت بو یان ماڵ و منداڵ گەورەبوبون و قسەی ئەوان لە خشتەیان بردی. نیوەی خاکی کوردستانت، بە ناوچە جێناکۆکەکان وکەرکوکیشەوە لەسەر داناو، ئاڵای کوردستانیش لەسەر هەر هەمویان لابرا ، کارەساتی شانزەی ئۆکتۆبەریشی بەدوای خۆیدا هێنا و چەندەها پێشمەرگەی قارەمانیش، شەهید بون و دەبابە بەسەر لاشەکانیاندا ڕۆێشت.
وە ئایا بۆمان هەیە بپرسین، بێدەرەتانی و خراپی باری گوزەرانی خەڵکی کوردستان سەری پێهەڵگرتوی، لە هەولێرەوە بەرەو بەغداد یان پەیماننامە نەوتییەکان و پلە و پۆستە حکومییەکانی ناو پایتەخت لە بەغدا. دەتەوێ تۆڵە لەبەڕێز عەبادی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوی ئێراق بکەیتەوە، یان تۆڵەی شکستی دەستبژێرەکەی بەڕێزت ( بەڕێز کاک فوئاد حوسێن ) بۆ سەرۆککۆماریی لە دکتۆر بەرهەم و حزبەکەی بکەیتەوە . وە بۆ ئەوەی نەڵێن قسەکەی بەڕێزت شکاوە وازت نەهێنا تاکردت بە وەزیری دارایی ئێراق، وە زۆر لەوە زیاتر دەڵێن بەربەستی سەرەکی بۆ پۆستی وەزیری داد بۆ بەڕێز خالید شوانی لە ی. ن. ک ڕێگریەکانی بەڕێزتە. لەوانەش زیاتر دەڵێن بونی بەڕێز د کتۆر بەرهەمت پێ هەرس ناکرێ وەک سەرۆککۆمار. لەگەڵ هەمو ئەوڕەخنانەی کەلە بەڕێز د. بەرهەم و ی. ن. ک هەیە، وە دور لە تێڕوانینێکی حزبیانە، بەڵام ئەو جوڵە زۆرانە و ئەو پێشوازیە گەرمانەی کە لێی دەکرێت جێگەی دڵخۆشییە کەوەک کوردێک هەستی پێبکرێت. نازانم بەڕێزت بۆ پێی قاڵس دەبی، هەر نەبوایە وەک کوردێک پیروزباییەکت لێبکردایە. یان ئەوەیە ئێستا بەرێزت وشەی سەرۆکەکەت پێوە نەماوەو چاویشت بڕوایی و بەرایی ناهێنێ، بەناوی سەرۆکی ئێراقەوە ( کەهەرێمی کوردستانیش بەشێکە لێی ) تەراتێنی بێ دەمێ لەناوخۆ ( بە پێ پیاسەدەکات لە شارع متنەبی و لە مزگەوتی ئەعزەمییە ) و دنییایەک خەڵک لێی کۆ دەبنەوەو سێڵڤی لەگەڵدا دەگرن. دەمێ لە دەرەوەی ئێراق ئەشکال و ئەنواع فەرشی بۆ دادەخرێ و زۆر بەگەرمی لەلایەن سەرۆکی وڵاتانەوە لە جوانترین شێوەدا ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت، ( ئەوە کووەیت، ئیمارات، ئێران، سعودیە، ئەوە ئیتالیاو فاتیکانیشی هاتەسەر ). کەچی بەرێزت دەرگای هەولێرت لێداخستووە. بەرێز تازە دکتۆر بەرهەم لە دەستی تۆ دەرچوە و یەکەم هەنگاویشی لە ماوەیەکی کورتدا و تائێستا سەرکەوتو بوە. ئەمیش مەکە بە عینادییەکەی ڕیفراندۆم، ناو ناوبانگی ڕۆژبەرۆژ لەهەڵکشاندایە و بە تۆ داناگیریتە خوارەوە و واز لەڕابوردوی ناخۆش و ناکۆکی بهێن و بەهەمو لایەک پێی خۆتان زیاتر لە بەغدا قاییم بکەن، بەڵام بۆ مەسڵحەتی تاک و خێزانی تایبەت بەخۆتان نا بۆ خزمەتی خەڵکی بەشمەینەتی ئەم کوردستانە.
بەڕێز ئەوە کوردنییەو کورد نەبوە کە نازناوی ( سەرۆکەکەی ) لێسەندیتەوە . بەڵکو ئەوە خودی خۆت و، ئەو عینادییە و ئەو بیرتەسکی حزبییەی کە هەتە وایلێکردی. ئێمە حەزماندەکرد و ئێستاشی لە گەڵدا بێ، بەڕێزت بۆ کورد جیڤارا و گاندی و نڵسۆن ماندێلا بویتایە و زۆر لەوانیش زیاتر و دڵیشت لەوان فروانتر و بەتەحەمولتریش بویتایە. ئەوانە کەئێستا ناویان لە هەمو جیهاندا دەهێنرێت، پێش ئەوەی خەڵکی دەرەوە بیانناسێ خەڵکی ناوخۆی وڵاتەکەی خۆیان ناسیونی، ئەوجا ناویان بە جیهاندا بڵاو بۆتەوە.
بەڕێز دەبێ لەمەولا لە خەڵکی کوردستانیشی قبوڵ بکەیت لە باتی ( جەنابی سەرۆک ) پێت بڵێین ( ئەبو مەسرور ). چونکە خودی خۆت بە پێشنیارەکەی ( عادل عەبدول مەهدی ) ڕازی بوی ئەو بەتۆ بڵێ( ئەبو مەسرور) تۆیش بەو بڵێی ( ئەبو هاشم ). گەر ئەم پێشنیارە لە دڵێکی سادەو ڕاگوزەرەوە بێت و، بیرۆکەی ئەوساتەی بێت کارێکی زۆر ئاسایی و برایانەیە، بەڵام ئەی ئەگەر لە بیرکردنەوەیەکی قوڵی لەوەوپێشتریەوە بێ و خۆی بۆ ئامادەکردبێ ئەوا قسەی تر هەڵدەگرێ، ئەوا هەر بۆ ئەوە بوە بۆ ئەوەی لەبەردەم میدیاکاران و تەلەڤزیۆندا ئیحراج نەبێ و خۆیشی نەیویستوە پێت بڵێ ( یا سیادە ‌‌الرئیس) ( جەنابی سەرۆک ). چونکە لەم کاتەدا جەنابی سەرۆکەکە یان بۆ سەرۆک بارزانی دەگەڕایەوە یان بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە ئەو نەیویستووە هیچیانت پێ بڵێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت