بورهان شێخ ڕەئوف: عێراق لە نێوان بەرداشى ئەمریکاو ئێراندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وا ناکۆکی و ململانێکانى نێوان هەردوو وڵاتى ئێران و ئەمریکا ڕۆژ لە دواى ڕۆژ هەڵکشان بە خۆیەوە دەبینیت هەر لە کشانەوەى ئەمریکا لە دواى دەستبەکاربوونى دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆک لە ڕێککەوتنامەى ( 5+1) ى تایبەت بەبەرنامە ئەتۆمییەکە ى ئێران و دواتر سەرلەنوێ سەپاندنەوەى سزا ى ئابوورى قۆناغ بە قۆناغ تا لە 5 ى ئەم مناگى تشرینى دووەمەدا بەشى دووەمى سزاکان خرایە بوارى پراکتیکیەو هەرچەندە هەشت وڵات بووراون لەو سزایانە تا ماوەیەکى کورت.
ئەوەى تایبەتە بە م باسەو تایتڵى ئەم وتارە کورتەیشە ڕۆڵى عێراق و کاریگەرییەکانى ئەو سزایانەیە لە سەر عێراق کە هەردوو لایەنى ئەو هاوکێشە لە هەوڵدان لە بەرژەوەندى خۆیان بەکارى بهێنن و پێدەچێت خاکى عێراقیش ببێتە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى ئەو قەیرانە قورسە کە تەمەنى 40 ساڵە هەر لە ساڵى 1979 ەوە دەستبەکاربوونى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامیەوە لە ئێران سەرى هەڵداوە و تائێستا درێژەى هەیە.
هەرچەندە تائێستا عێراق لەناو ئەو هەشت وڵاتەدایە کە بووراون لە سزاکان بۆماوەى 45 ڕۆژ ئەویش بەهۆى ئەوەى عێراق پشت بە گاز ئۆیلى ئێرانى دەبەستێت بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى کارەبا و جگە لەوەش بەشێکى زۆر کارەباش لە ئێرانەوە هاوردە دەکات کە ناکرێت وا بە خێرایى و ئاسانى ئەڵتەرناتیفیان بۆ پەیدا بکرێت، ئەمریکیەکان ڕەچاوى ئەوەیان کردووە و لە ڕابردوودا عەرەبستانى سعوودیە ئامادە نەبوو ئەو پێداویستیانە بۆ عێراق پڕبکاتەوە بەڵام لە ئێستادا ئامادەیى پیشانداوە و ئیتر ئەو بیانووەى عێراقیش دەبڕێت کە ناچارە بەردەوانى بە ئەو پەیووەندییانە بدات.

یەکەم ئاماژەى فشارى ئەمریکا بۆ عەبدەلمهدى
کاتێک دووشەمەى ڕابردوو 19/11/2018 وەزیرى گەنجینەى ئەمریکا ( ستیفن منوشین ) پەیوەندییەکى تەلەفوونى لە گەڵ عادل عەبدولمهدى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ئەنجامدا هەرچەند بە درێژى باسى وتوێژەکانیان نەکراوە بە فەرمى، بەڵام سەرچاوە کان باس لەوەدەکەن کە ئەمریکا خوازیارە عێراق پابەندى تەواوى سزاکان بێت بۆسەر ئێران و هەروەها عێراقى لەوە ئاگادار کردۆتەوە کە لیستێکى درێژ ى لایە لەو کەسایەتى و بانک و دامو دەزگا عێراقیانە کە لە ژێر چاودێرى وردى ئەمریکادان کە سزاکانى ئەمریکا نەبەزێنن.
عێراق چارەکێکى کارەباى پێویستى ڕۆژانەى لە ڕیگاى ئێرانەوە دابین دەکات بۆیە عەبدولمهدى داواى ئەوەى لە وەزیرەکەى ئەمریکا کردووە ئەو ماوەیان بۆ درێژ بکاتەو تاوەکو ئەڵتەرناتیفێکى بۆ دەدۆزنەوە بەڵام وەزیرەکە وەڵامێکى ڕاستەوخۆى نەداوەتەوە.
عێراق ئێستا لە نێوان فشارێکى دووسەرەدایە ئەوا ئەمریکیەکان دەخوازن عێراق تەواو پابەند بێت بە سزاکانەوە و ئێرانیش دەخوازێت عێراق دەروازەیەک بێت بۆى بۆ دەربازبوون لەو سزانە لە ڕێگەى ئەو دۆستایەتى و پەیوەندییانەى کە لە گەڵ زۆر ڕەوت و لایەنى سەر گۆڕەپانى عێراق هەیەتى لە هەموو پێکهاتەکانى.
هەرچەندە عادل عەبدولمهدى وتى ئێمە نابینە بەشێک لە دوژمنکارى هیچ وڵاتێک بۆسەر وڵاتێکى دى و ئاماژەى بەو هەوڵ و کۆششانەدا کەبۆ ڕوونکرنەوە و ڕاگەیاندنى هەڵوێستى عێراق لەم کێشەو ململانێانە داویانە چ لە گەڵ لایەنى ئەمریکى و ئێرانى پێیان ڕاگەیاندوون کە ئەمان پارێزگارى لە خاک و بەرژەوەندى گەلى عێراق دەکەن و زیان و ئازار بەکەس ناگەیەنن، ئەمەش بەڕوونى لە سەردانەکەى سەرۆک کۆمارى عێراق بۆ ئێران بە ڕاشکاوى باسکراوە یەکێک بەندە سەرەکیەکانى سەر خشتەى کارو کۆبوونەوەکانى بووە بە هامەهەنگى لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا پلانى بۆ دانراوە.
لە کۆتاییدا ئەوەى ئەمریکیەکان کارى بۆ دەکەن توندکرن و جێبەجێ کردنى سزاکانەو لە دوا گۆڕانکاریشدا باڵوێزێکى نوێ دەستنیشانکرا بۆ عێراق ئەویش ماسیۆ تولەرە کە لە یەمەن بووە پێشتر و یەکێکە لە هەڵۆتوند ڕەوەکانى ئیدارەى ئەمریکا و زۆر توندە بەرامبەر بە ئێران و ڕەخنەى ئەوە لە ستاڤى پێشووترى وڵاتەکەى لە عێراق دەگرێت کە لاواز بوون بەرامبەر بە ئێران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت