دکتۆر کەمال میراودەلی: گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر – بەشی حەڤدەیەم.

رووناکبیران- بەشی چوارەم قودسییەتی وشە یان قودسییەتی ژیان؟ (1) لانه‌، كچه‌کوردی ته‌مه‌ن سێ ساڵه‌، له‌ لیڤه‌رپول له‌ به‌ریتانیا رۆژێ دوای سه‌ری سال به‌ نه‌خۆشی فلووی به‌راز ده‌مرێ و، و خێرا […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

رووناکبیران- بەشی چوارەم

قودسییەتی وشە یان قودسییەتی ژیان؟

(1)
لانه‌، كچه‌کوردی ته‌مه‌ن سێ ساڵه‌، له‌ لیڤه‌رپول له‌ به‌ریتانیا رۆژێ دوای سه‌ری سال به‌ نه‌خۆشی فلووی به‌راز ده‌مرێ و، و خێرا ناو و وێنه‌ی مناڵه‌که‌ ده‌چێته‌ سه‌ر شاشه‌ی هه‌واله‌کانی ته‌له‌فزیۆن و لاپه‌ره‌ی یه‌که‌می رۆژنامه‌کان. رۆژنامه‌ی زۆر بلاوی (ده‌یلی مه‌یل) له‌ رۆژی 14/1 دا لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می رۆژنامه‌که ‌و دوو لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی ناوه‌وه‌ بۆ هه‌وال و وێنه‌کانی لانه‌و وتارێکی باوکی که‌ دکتۆره‌ ته‌رخان ده‌کا. خه‌سته‌خانه‌که‌ به‌وه‌ تاوانبار ده‌که‌ن که‌ لانه‌یان ناردۆته‌ ماڵه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی دژ به‌ فلوی به‌راز بیکوتن، چونکه‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌تی حکومه‌ته‌ که‌ مناڵی ته‌مه‌ن که‌متر له‌ 5 سال نه‌کوترێ. باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن و به‌ وێنه‌ نیشانی ده‌ده‌ن، چۆن لانه‌ی سێ ساله‌ کچێکی رووخۆش و ده‌م به‌ پێکه‌نین بووه‌، حه‌زی له‌ گۆرانی و سه‌ما بووه‌. ڕۆژنامه‌که‌ ده‌نووسێ: به‌ سه‌دان خوێنه‌ر پێوه‌ندیان کردووه‌ و وتویانه‌ که‌ وێنه‌ی لانه ‌یان بینیوه‌ گریاون. باوکی ده‌نوسێ: با لانه‌ ببێته‌ هۆیه‌ک منالان به‌ هۆی نه‌بوونی کوتانه‌وه‌ نه‌مرن.
لانه‌ به‌ ناکامی مرد، به‌لام به‌و ساواییه‌ ژیان و مردنی بوو به‌ به‌شیک له‌ مرۆڤایه‌تی. لانه‌ی کوردی سێ ساله‌ ئێستا چیرۆکێکه‌ له‌ ده‌یان لاپه‌ره‌ی رۆژنامه‌کاندا به‌ وێنه‌ جوانه‌که‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ و چۆته‌ دڵی سه‌دان که‌سه‌وه‌. (1).
هه‌ر له‌ به‌ریتانیا دوو حه‌فته‌ پێش کریسمس کچێکی گه‌نج به‌ ناوی جوانا یه‌یتس له‌ بریستل ون بوو. دوای دوو هه‌فته‌ ته‌رمه‌که‌ی دۆزرایه‌وه‌. ئه‌و کچه‌ خنکێنرا بوو. پۆلیسی بریستۆل حه‌فتا ئه‌فسه‌ر و پله‌داری پۆلیسی ته‌نیا بۆ گه‌ران به‌ دوای كچه‌که‌ و دۆزینه‌وه‌ی تاوانه‌که‌ ته‌رخان کرد. به‌ ده‌یان راپۆرت و کۆنفرانسی رۆژنامه‌نووسی له‌و کاته‌وه‌ پیشکه‌شکراون. له‌ یه‌کیکیاندا ئه‌فسه‌ره‌که‌ له‌ به‌ر عاتیفه‌ قسه‌ی پێنه‌ده‌کراو خه‌ریک بوو ده‌گریا. که‌ پۆلیس بی و پرۆفیشناڵ بی مانای ئه‌وه‌ نییه ئینسان نه‌بی و هه‌ست هەست و سۆزت کپ بکه‌ی. جیرۆکی ژیانی ئه‌و کچه‌ له‌ لایه‌ن خێزانەکەی و دۆستانی و خەڵکەوە بە ده‌یان جار و شێوه‌ گێڕدراوه‌ته‌وه‌. به‌ سه‌دان جار وێنه‌ جوان و ساکاره‌کانی و خه‌ون و هیواو نموونه‌کانی ژیانی ئه‌و کچه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆن نیشان دراون و نیشان ده‌درێن به‌ چه‌شنێک که‌ هه‌موو که‌س وه‌ک ئه‌ندامێکی خێزانه‌که‌یان ده‌موچاوی ده‌ناسنه‌وه‌ و زۆریش چیرۆکه‌که‌ی ده‌زانن و رۆژ به‌ رۆژ له‌ چاوه‌رێی ئاشکراکردن و گرتنی تاوانباراندا به‌ دوای هه‌واله‌کانی ده‌که‌ون. ئێستاش باخێکی تایبه‌تی بۆ زیندوو راگرتنی ئه‌و كچه‌ له‌ بریستل دروست ده‌کرێ. (2)
له‌ مۆریشیۆس ژنه‌ ئێرله‌ندی بووک میشێل هارت ی 27 ساڵه له‌ مانگی هه‌نگوینیدا ‌به‌ رووداوێکی ناخۆش ده‌کوژرێ، ته‌رمه‌که‌ی ده‌چێته‌وه‌ بۆ ولاته‌که‌ی له‌ 18ی ئه‌م مانگه‌دا، سه‌رۆک کۆماری ئێرله‌ندا خۆی و ده‌یان هه‌زار که‌س به‌ گوڵ و گریانه‌وه‌ له‌ ناشتنه‌که‌یدا به‌شداری ده‌که‌ن.(3}
حه‌فته‌ی رابردوو که‌سێک له‌ ئه‌ریزۆنا له‌ ئه‌مریکا ئه‌ندامێکی سیناتی ئه‌مریکی بریندار کرد و شه‌ش که‌سی کوشت. ئۆباما خۆی چووه‌ شاره‌که ‌و له‌ ماته‌مینییه‌که‌دا به‌شدار بوو-و وتارێکی پێشکه‌ش کرد. ئۆباما باسی ژیانی یه‌ک به‌ یه‌کی قوربانییه‌کانی کرد، و زۆر جار گریانی له‌ قوڕک ده‌ما و له‌ به‌ر خه‌م و په‌رۆش ده‌نگی ده‌گیرا، به‌لام راستگۆیی و هه‌ست و په‌رۆشیی بۆ ژیانی خه‌لکی ولاته‌که‌ی و هاولاتییانی، له‌ دڵی هه‌موو به‌شداراندا ده‌نگی دایه‌وه‌، ته‌نانه‌ت کۆمێنتاری میدیای هه‌ره‌ راستره‌ و دوژمنی ئۆباما، فۆکس نیوز، گلێن بێک ده‌ڵێ: سوپاس ئۆباما که‌ بوویه‌ سه‌رۆکی ئێمه‌.”
کۆمێنتاری لیبرال جۆ کلاین ده‌نووسێ: ئۆباما هاوسۆز بوو له‌گه‌ڵ خێزانی قوربانیان، ئه‌و وه‌ک سه‌رۆکی خیزانی نه‌ته‌وه‌ییمان قسه‌ی کرد، دلی ده‌داینه‌وه‌، وره‌ی به‌رز ده‌کردینه‌وه‌، داخی له‌گه‌ڵمان ده‌خوارد، هانی ده‌داین ببینه‌ فریشته‌ی باشتر.” ئه‌م وتاره‌ی ئۆباما به‌ یه‌کیک له‌ وتاره‌ هه‌ره‌ جاک و میژووییه‌کانی دانراوه‌ وه‌ک وتاری دوای هه‌لبژاردنه‌که‌ی داده‌ندرێ. (4}

( 2 )
مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ لەپێش هەموو شتێکەوەیە
رۆژانه‌ ده‌یان نموونه‌ی ئاوا هه‌یه‌. له‌ ولاتێکدا که‌مترین بنه‌مای مرۆڤایه‌تی و هه‌ستی ئینسانی تێدا بێ، مرۆڤ له‌ پێش و له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه‌یه‌ و‌ به‌ ته‌نگه‌وه‌هاتنی ژیانی مرۆڤ و گۆڕینی مردنه‌ تراژیدی و خه‌فه‌تباره‌کان به‌ بۆنه‌یه‌ک و کاره‌سات و پرسه‌و هاوبه‌شیی خه‌می نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رکی یه‌که‌می ویژدانی و ئینسانی و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و یاسایی و سیاسی ده‌سه‌لاته‌ و ره‌مزه‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌و په‌ڕی ئینسانییه‌ت و سۆزی راسته‌قینه‌وه‌ پێشه‌نگی نه‌ته‌وه‌ییکردنی ئه‌و پرسه‌و ماته‌مینیانه‌ ده‌که‌ن و هه‌موو ده‌زگاکانی ده‌وله‌ت ناسه‌کنن تا تاوانکاران نه‌دۆزرێنه‌وه‌ و برینسارێژ نه‌کرێنه‌وه‌ و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن که‌ سه‌ربه‌خۆن و میدیای حیزب وجودی نییه‌، ناو و چیرۆکی ژیان و وێنه‌ی کوژراوان و قوربانیان به‌ ده‌یان شێوه‌وه ره‌نگ بلاو ده‌که‌نه‌وه‌.
وه‌ک چۆن هاوولاتییه‌کی ئینگلیز ئاگای له‌ چۆنێتی مردنی کچه‌ ساوای کورد لانه‌ هه‌یه‌، منیش وه‌ک کوردێک ئاوا ئاگام له‌ ژیان و مه‌رگی تراژیدی جوانا یه‌ییتس هه‌یه‌و ئه‌وه‌نده‌م لاپه‌ره‌کانی ژیانی له‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌که‌م و لاپه‌ره‌ی رۆژنامه‌کان بینیوه‌ هه‌ست ده‌که‌م هاورێیه‌کی من کوژراوه ‌و ده‌بێ به‌ دوای هه‌وڵی گرتنی تاوانکاران بکه‌وم.

( 3 )
بەربەرستانی مەرگ و مەرگ و مەرگ و تاوان
له‌ به‌به‌رستانی ئێمه‌شدا، ئه‌وه‌ بیست ساله‌ زیاتر له‌ 12000 ژن بوونه‌ قوربانی و قه‌ره‌برووتی ئه‌م سسیتمه‌ شاخییه‌ به‌ربه‌ری و گه‌نده‌ڵه‌، (5)
هه‌زاران هاولاتی له‌ سه‌ر جادده‌کانی مه‌رگدا له‌ ڕیگای سلێمانی و عه‌ربه‌ت، سلێمانی و دوکان، هه‌ولیرو سۆران، هه‌ولێرو که‌رکوک، ده‌ربه‌ندیخان و که‌لار، که‌لار و کفری، به‌ رووداوی سه‌یاره‌ خوێن و گۆشت و ئێسقانیان تێکه‌ڵ بوو (6) ده‌یان خیزان به‌ کۆمه‌ڵ مردن وه‌ک خیزانه‌ 9 که‌سییه‌که‌ی که‌مپی کاوه‌ و خێزانه‌که‌ی بنه‌سلاوه‌ له‌ شوباتی 2008 دا، (7)، تا 70 قوربانییه‌که‌ی ئوتێل سۆما له‌ سڵیمانی له‌ 19 ی ته‌موزی 2010 دا، (8)
سه‌دان که‌س خۆیان کوشت(9) سه‌دان گه‌نجی سه‌رهه‌ڵگرتوو له‌ ڕیگای ئاواره‌ییدا بوونه‌ پارووی شه‌پۆلی ده‌ریاکان و خنکێنخانه‌ی پاش لۆرییه‌کان و گه‌مه‌ی ده‌ست قاچاغچێکان، ده‌یان کوردی تریش له‌ به‌ریتانیاو ئه‌وروپا خۆیان کوشت یان خۆیان بریندار کرد تا نه‌نێردرێنه‌وه‌ بۆ دۆزه‌خی هه‌رێم و ته‌نیا له‌ به‌ریتانیا زیاتر له‌ سێ هه‌زار کورد له‌ زینداندان، (10)
هه‌زارانیش له‌ وڵات تووشی نه‌خۆشی سه‌ره‌تان بوون و بێباکی و به‌ربه‌رێتی حکومه‌تی به‌ربه‌رستان تا ئه‌و ئاسته‌یه‌ ته‌نانه‌ت داتای ژماره‌ی نه‌خۆشه‌کان و جۆرو ماوه‌ی مانه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌کانیشی نییه‌. (11) و جگه‌ له‌وه‌ش به‌ قسه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم خۆی زۆربه‌ی خه‌ڵک له‌ هه‌رێمی دۆزه‌خی حیزبدا تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی بوون و له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا ئاشکراشی ده‌کا که‌ زۆربه‌ی نه‌خۆشیییه‌کانی کوردستان له‌ ئه‌نجامی ئه‌و خواردنه‌ خراپ و گومانلێکراو و ئێکسپایه‌ره‌یه‌ که‌ له‌ %95 ی له‌ده‌ره‌وه‌دێ و (12) که‌س نییه‌ بیوه‌ستێنێ چونکه‌ قازانجه‌که‌ی بۆ فیرعه‌ونه‌کانه‌.
له‌گه‌ل بودجه‌ی ده‌ بلیۆن دۆلاری سالانه‌شدا ئه‌وەی له‌ ولاتی ئێمه‌دا قاتییه‌ کۆمه‌ڵ و کۆمه‌لایه‌تی و ئینتیماو خۆشی و به‌خته‌ره‌رییه‌.
له‌و هه‌موو کوژراو و قوربانیانه‌ و له‌ 12000 ژنی سووتاو و کوژراو، ناو و وێنه‌ی چه‌ندیان بلاو کراوه‌ته‌وه‌؟
جیرۆکی کامیان له‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن باس کراوه‌؟
چه‌ند راپۆرتی پۆلیس و کۆنفرانسی رۆژنامه‌گه‌ریان ده‌رباره‌ کراوه‌؟
چیرۆکی مردنه‌کانیان و به‌ زوخالبوونیان چه‌ند که‌سی گریاندووه‌ چه‌ند رموزی ده‌سه‌لات چوونه‌ په‌رله‌مان یان له‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن راگه‌یاندنیان داوه‌و خه‌م و په‌ژاره‌یان بۆ قوربانییه‌کان ده‌ربڕیوه‌؟
نا، کاری ده‌سه‌لات ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ راپۆرته‌کانی رێکخراوه‌کانی جیهانیی مافی مرۆڤ به‌ درۆ بخاته‌وه‌ و له‌ سه‌ر ژماره‌کان بیکاته‌ هه‌را. (13)
له‌ ژماره‌ی رۆژی 9/1/2011ی رۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا بۆ یه‌که‌مین جار ناو و وێنه‌ی دوو ئافره‌تی کوژراو و هه‌والی کوشتنه‌که‌یان به‌ روونی ده‌خوێنینه‌وه‌.
به‌ڵی دوو کچی کوژراو ناوو وێنه‌یان هه‌یه‌: شۆخان فازڵ 21 ساڵ، شادی فازڵ 18 ساڵ. دوو وێنه‌ش دوو راپۆرتیش له‌ دوو ژماره‌ی تاقه‌ رۆژنامه‌یه‌کدا و ته‌واو.
ئه‌و دوو کچه‌ له‌ 2/1/2011 له‌ ماڵ ده‌چنه‌ ده‌ر له‌ 3/1/2011 دا ته‌رمه‌کانیان له‌ رێگای گوندی شامار له‌ نزیک چه‌مچه‌ماڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌ هه‌ر یه‌که‌یان چه‌ند فیشه‌کێک له‌ سه‌ریان دراوه‌ و له‌ سه‌ر پردێکه‌وه‌ فرێدراونه‌ خوار. به‌ریوه‌به‌ری پۆلیس ده‌ڵی خێزانه‌که‌ی داوایان دژی که‌س تۆمار نه‌کردووه‌ و گومانیان له‌ که‌س نییه‌؟ ئیدی ته‌واو؟ گه‌ر گومانیان هه‌بووایه‌ چ ده‌بوو، یان ده‌کوژران، یان ده‌دران به‌ مه‌کته‌بی کۆمه‌ڵایه‌تی حیزب بۆ سوڵح. له‌ چ ولاتێکدا شتی وا هه‌یه‌ تاوانێکی وا گه‌وره‌ ده‌سه‌لات نه‌جووڵێنێ، که‌س له‌ په‌رله‌مان نه‌یه‌ته‌ قسه‌، شاعیرێکی ده‌ربار شیعرێکیان بۆ نه‌نووسێ چونکه‌ شه‌هیدی حیزب نین و هی ده‌ستی حیزبن؟
دیاره‌ ئه‌وه‌نده‌ راپۆرته‌ هه‌وال و وێنه‌ی هاولاتیش بۆ ئه‌و کچانه‌ زۆره‌، ئه‌وان ناویان هه‌یه‌و یه‌ک دوو مامۆستا و هاوڕیکانیان باسی ره‌وشت به‌رزیی و زیره‌کی ئه‌وانیان کردووه‌. چه‌ند کچی تر به‌ختی ئه‌وه‌یان هه‌بووه‌ دوای مردن ناوو وێنه‌یان بلاو بکرێته‌وه‌؟ هه‌ر دوای کپبوونی هه‌والی ئه‌و دوو کجه‌ قوربانییه‌، هاولاتی له‌ 18/1 دا هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی سێ خوشکی تر به‌ یه‌که‌وه‌ له‌ قه‌زای شێخان له‌ 16/1 دا بلاو کرده‌وه‌. هه‌ر سێکیان شوێنه‌واری فیشه‌ک به‌ جه‌سته‌وه‌یانه‌. هاولاتی هه‌واڵه‌که‌ی له‌ مالپه‌ری وارڤین تایبه‌ت به‌ پرسی ژنان وه‌رگرتووه‌. به‌لام ئه‌و ژنانه‌ نه‌ ناویان هه‌یه‌ نه‌ وێنه‌ نه‌ جیرۆک. ته‌نیا چه‌ند پیتێکی یه‌که‌می ناوه‌که‌یان و ته‌مه‌نیان: گ.ح.خ: ته‌مه‌ن 61 ساڵ، خ.ح.خ: ته‌مه‌ن 52 ساڵ، ش.ح.خ: ته‌مه‌ن 56 ساڵ. ته‌واو ئه‌وانیش بوونه‌ ژماره‌ه‌یکی ون بۆ سه‌ر 12000 ژنه‌ قوربانییه‌کان.
چ جیاوازییه‌ک هه‌یه‌ له‌ نێوان ماف و پیرۆزیی ژیانی شۆخان و شادی و 12000 ژنه‌که‌ی تر و هه‌زاران قوربانی تر له‌ ژیانی لانه‌ و جوانا و میشێل ئه‌وه‌ نه‌بی که‌ ئه‌وان له‌ به‌ربه‌رستانی حیزبدا دا ده‌ژین که‌ رۆژ به‌ رۆژ کۆمه‌ڵگا زیاتر به‌ره‌و جه‌هل و وه‌حشیگه‌ریی و هه‌ڵپه‌ی ده‌وله‌مه‌ندبوونی حه‌رام و دڵره‌قی و یاریکردن به‌ که‌رامه‌تی مرۆڤ ده‌به‌ن؟
ئه‌وه‌ رووداوه‌که‌ی کانی گۆمه‌ و فلیمه‌ ڤیدیۆکه‌شی گه‌وره‌ترین وترسناکترین به‌ڵگه‌ن له‌ سه‌ر وه‌حشییه‌تی کۆمه‌لگای حیزبی شاخیی به‌ربه‌ری؟ (14) ئایا ئه‌مه‌ له‌ هه‌ر ولاتێکی دیمۆکراتی تردا بایه‌ له‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتدا هه‌موو سیستمی پۆلیس و ئاسایش و حکومه‌تی هه‌ڵنه‌ده‌گێڕایه‌وه‌؟

(4)
کام قودسییەتی وشە؟
ئایا شه‌رمه‌زاری نییه‌ بۆ نووسه‌ران له‌ کۆمه‌لگای ئه‌وادا باسی قودسیییه‌تی وشه‌ ده‌که‌ن؟ گه‌ر مرۆڤ قودسییه‌تی نه‌بوو، ژیانی مرۆڤ به‌های نه‌بوو، که‌رامه‌تی مرۆڤ وه‌ک پێلاو سه‌یر کرا، وشه‌ی زه‌ردی زری بۆش چ کاریگه‌رییه‌کی ماوه‌؟ ئه‌وه‌ بیست ساڵه‌ وشه‌ چی کردووه‌ جگه‌ له‌ دروستکردن و جوانکردن و ماستاوکردن بۆ ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ و ناشیرین کردن و بی قیمه‌تکردنی وشه‌و ماناو عه‌قل و لۆجیک و ئه‌خلاق؟ ئایا باشترین کتێبی فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌ده‌ب گه‌ر هه‌بن له‌ 500 دانه‌یان زیاتر لێ جاب ده‌بێ و ده‌فرۆشرێو له‌ 50 که‌س زیاتر ده‌یانخوێننه‌وه‌؟ نه‌ک له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی خوێنده‌واری زیره‌ک و باشمان نییه‌ به‌لکو له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌س باوه‌ڕی به‌ کاریگه‌ری ئه‌ده‌ب و زانین و به‌ که‌سێتی نووسه‌رانی حیزبخواز نه‌ماوه‌. ئایا ده‌وری زانکۆکان چییه و چ ته‌ئسیرێکیان له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگا هه‌یه‌؟ ئایا باشتیرین کتێب و به‌رهه‌م تاقه‌ وتارێکی ره‌خنه‌یی جددی له‌ سه‌ر ده‌نووسرێ؟
ئایا لافاوی مه‌تبوعاتی حیزب هه‌موو زمان و ئه‌ده‌بیاتی نه‌کردۆته‌ زه‌لکاو؟ میدیاو ته‌له‌فزیۆنی حیزب نه‌بۆته‌ گاڵته‌جاڕیی عه‌قڵ و به‌های نه‌ته‌وایه‌تی و ئه‌خلاق؟
ئایا نووسه‌رێ رێزی خۆی بگرێ و مانای عه‌قڵ و به‌رپرسیی ویژدانیی نووسین بزانێ و نرخی وشه‌و رێزی خۆی لابێ، دوای بیست ساڵ له‌م وه‌زعه‌ هێشتا له‌ رۆژنامه‌ی حیزبیدا ده‌نووسێ و له‌ میدیای حیزبیدا ده‌رده‌که‌وێ که‌ به‌ پاره‌ی دزیی و گه‌نده‌ڵی و خیانه‌تکاری ده‌رده‌چن؟
چ ماوه‌ نه‌وترێ و نوسین چ مانایه‌کی ماوه‌ له‌ کاتێکدا ئه‌وه‌تا سه‌دان ئافره‌ت به‌ گڕی له‌شیان و خه‌لووزی رۆحیان دژی ئه‌م ژیمه‌ گه‌نده‌ڵه‌ هاوار ده‌که‌ن، که‌چی شاعیره‌کان شه‌رم ناکه‌ن شیعری خۆشه‌ویستی و باسی جوانی ژن و له‌زه‌تی ژن ده‌نووسن؟
ده‌مێکه‌ به‌ ده‌ستی نووسه‌ران خۆیان وشه‌ کوژراوه‌ و رۆحی له‌ ئاوده‌ستخانه‌ی حیزبدا هه‌ڵواسراوه‌. بۆیه‌ تا زیاتر ده‌نوسرێ و ده‌وترێ دزه‌کان دز تر ده‌بن، گه‌نده‌له‌کان گه‌نده‌ڵتر ده‌بن، ملیۆنه‌رانی حه‌رام بلیۆنه‌رتر ده‌بن تا راده‌یه‌ک که‌ زه‌وی و زارو گرد و سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌رزه‌مینی و ژێرزه‌مینی نه‌ماوه‌ حیزب هه‌ڵینه‌لوشیبێ و کوردستانی بۆ نه‌کردبێته‌ بازارێکی کۆلۆنیالی ده‌وله‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کان.

( 5 )
کۆیلایەتی مووچە و کۆیلایەتی بودجە
ئه‌و هه‌راوهوریایه‌ بۆشه‌ی ناوبه‌ناویش به‌ ناوی ئازادی وشه‌وه‌‌ ده‌کرێ له‌ گه‌مه‌و ئه‌جنداو ته‌کتیکی ده‌سه‌لاته‌کان زیاتر نییه‌، ئه‌میان نا ئه‌و. کۆمه‌لیش له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ نووسه‌ره‌ دووسه‌ره‌کانی حیزب و ده‌سه‌لات و هونه‌رمه‌نده‌
سه‌رنه‌ویکه‌ره‌کان زیاتر و زیاتر ده‌بنه‌ کۆیله‌ی مووچه ‌و خه‌لات و به‌راتی حیزب و حیزبه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنیش زیاتر ده‌بنه‌ کۆیله‌ی بودجه‌؟
به‌ربه‌رستانه‌که‌ش به‌رده‌وامه‌ و قوربانی به‌رده‌وام بێگه‌رد حوسێنه‌کان و له‌یلا عه‌لییه‌کان و دوعاکان و شۆخان و شادییه‌کان و هه‌زاران گه‌نج و پیری بێناوی ئه‌م ولاته‌ن که‌ وشه‌ بۆشه‌ نه‌رجسییه‌ نه‌خۆشه‌کان نایانبینن و هه‌ست به‌ ئازاره‌کانیان ناکه‌ن؟
ئه‌وه‌ هێشتا شه‌هیدانی هه‌له‌بجه‌و 182000 شه‌هیده‌که‌ی ئه‌نفال و هه‌زاران قوربانی شه‌ری خیانه‌تکاری حیزبیش، هه‌ر هاواریانه‌ بۆ عه‌داله‌ت و راستیی. ئه‌وه‌ ژیان وته‌ندروستی کۆمه‌لگا و پاشه‌رۆژی نه‌ته‌وه‌که‌شمان بوونه‌ ره‌هنی ده‌سه‌لاتیكی بیویژدان و دز و داگیرکه‌ر و مرۆڤکوژ. هه‌تا که‌ی؟ جاریکی تر سه‌یری فلیمه‌که‌ی کانی گۆمه‌ بکه‌نه‌وه‌ و ده‌موچاوی خۆتان له‌ ئاوێنه‌ی به‌ربه‌رستانی حیزبدا ببینن.
ئایا کارێکی شیاوه‌ 1300 رۆشنبیرو شاعیرو هونه‌رمه‌ند له‌ خوتبه‌ی مه‌لای مزگه‌وتێ بترسێ؟
ئایا کارێکی شیاوه‌ 1300 رۆشنبیر و شاعی رو هونه‌رمه‌ند له‌ خوتبه‌ی مه‌لای مزگه‌وتێ بترسێ؟ داوای قه‌ده‌غه‌ کردنی خوتبه‌ی جومعه‌ی مه‌لاکان بکه‌ن؟ یان داوای قه‌ده‌غه‌ کردنی کتێبێ بکرێ چونکه‌ مه‌لایه‌ک نووسیوێتی و ره‌نگه‌ کۆمه‌لی شتی زۆر راست و چاکی تێدا بێ و هه‌ندێ شتی خراپیشی تێدا بێ؟
به‌لام ئایا مانای ئازادی نووسین که‌ ئه‌وه‌ نه‌بێ چییه‌؟ ئایا بای ئازادی دوو هه‌وای هه‌یه‌ یان راستتر هه‌وای ئازادیی دوو بانی هه‌یه‌؟ بانی رؤشنبیران و بانی مه‌لایان؟ ئایا که‌ ئه‌مڕۆ داوامان له‌ ده‌سه‌لاتێکی ئاوا گه‌نده‌ڵ و داگیرکه‌ر کرد به‌ یاسا ئازادییه‌ک قه‌ده‌غه‌ بکات مانای رێچکه‌شکاندن ورێخؤشکردن نییه‌ تا ئازادییه‌کی ترو ئازادییه‌کانی تر قه‌ده‌غه‌ بکات؟
چ جیاوازییه‌ک له‌ نێوان ئازادییه‌کی ده‌ربڕین و ئازادییه‌کی ده‌ربڕینی تر هه‌یه‌؟ به‌ قسه‌ی کێ و به‌ چ پێوانه‌و ستانداردێ یه‌کیان پێشکه‌وتنخوازه‌و یه‌ک پێشکه‌وتنکوژ؟ ئایا نابی ئه‌مه‌ یاسا و دادوه‌ریی سه‌ربه‌خۆ لێکی بکاته‌وه، که‌ له‌م ولاته‌دا بوونیان نییه‌‌؟

( 6 )
ئایا پێوانه‌ی پێوانه‌کان ژیانی مرۆڤ و که‌رامه‌تی مرۆڤ نییه‌؟
ئایا پێوانه‌ی پێوانه‌کان ژیانی مرۆڤ و که‌رامه‌تی مرۆڤ نییه‌؟
ئایا ئه‌و لێشاوی ئیعلامه‌ی حیزب به‌ پاره‌ی دزراوی شه‌هیدان و هه‌ژاران، ته‌له‌فزیۆنه‌کانیان ، راگه‌یاندنه‌کانیان، رۆژنامه‌ رووزه‌ده‌کانیان، دراما و مۆسیقا و هونه‌ره‌ ساخته‌کانیان، سرینه‌وه‌ی هه‌موو ره‌سه‌نیی و به‌هاو جوانییه‌ک له‌ هونه‌ رو مۆسیقا و وشه‌ی کوردی نییه‌؟ هینانی دراماو به‌رنامه‌ی پووچ و پۆپی تورکی دژ به‌ کورد بۆ سڕینه‌وه‌ی مێشکی گه‌نجی کورد و تورکاندنی که‌لتوری کورد و بلاوکردنه‌وه‌ی فلیمی سیکسی و زۆر کردنی خانه‌ی له‌شفرؤشان و کاری له‌شفرۆشیی و داوێنپێسی و ژێرپێدانی که‌رامه‌ت و پیرۆزیی ژن، ئه‌وه‌ عه‌لمانیه‌ت و پێشکه‌وتنه‌؟
ئایا ده‌سه‌ڵاتێکی دزو داگیرکه‌ر که‌ سه‌دان خێزان وا هه‌ژار و نه‌دار بکا که‌ مناله‌کانیان له‌ سه‌ر جادده‌ کار بکه‌ن یان هه‌شبن ناچاریی له‌شفرۆشتن بن، یان له‌شفرۆشان به‌ لێشاو له‌ خیزانانی هه‌ژار و لێقه‌وماوی عه‌ره‌به‌وه‌ بێنن، ئه‌وه‌ ئینسانییه‌ت و عه‌لمانیه‌ته‌؟
ئایا ئه‌مانه‌ خه‌ته‌رترن یان مه‌لای مزگه‌وتێ بۆ کۆمه‌لێ نوێژکه‌ری که‌م و دیاریکراو بیرباوه‌ڕێکی خۆی ده‌ربڕێ؟
له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، ئایا ئه‌وه‌ ئیهانه‌ نییه‌ بۆ خه‌لکی کورد و بۆ عه‌قلی کورد و بۆ نوێژکه‌رانی کورد که‌ وای دابنێی گه‌ر مه‌لایه‌ک شتێکی هارۆژێنه‌ری له‌ خوتبه‌یه‌کدا وت ئیدی ئه‌مه‌ هانادانی توند و تیژییه‌ و ئه‌و خه‌لکه‌ وه‌ک عه‌قل و بیرو لیکدانه‌وه‌ی خۆیان نه‌بێ به‌ ده‌هۆلی ئه‌و مه‌لایه‌ هه‌ڵده‌په‌ڕن؟
یان گه‌ر جه‌ماوه‌ری کورد په‌نای ته‌نیا مزگه‌وت بێ و قسه‌یه‌ک که‌ قنیات به‌ دڵی بێنێ وباوه‌ڕی پێبکا وتاری دینیی بێ ئه‌وه‌ خه‌تای کێیه‌؟ ئه‌وه‌ خه‌تای مه‌لاکه‌یه‌ یان خه‌تای ئه‌و رؤشنبیرانه‌یه‌ که‌ بوونه‌ کاسه‌لێس و پاشكۆی حیزب و داپۆشه‌ری تاوان و گه‌نده‌ڵییه‌کانی و عامه‌ی خه‌لک باوه‌ریان به‌ شیعرو وتاره‌کانیان نه‌ماوه‌؟
ئایا ئه‌و هه‌موو حیزب و رێکخراوه‌ دیمۆکراتی و ! مه‌ده‌نی و رێکخراوی ئافره‌تان و کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌ی حیزبی و ئه‌هلی و هه‌زاران رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر ، هتد ناتوانن به‌رامبه‌ر هێرشی مه‌لایه‌ک یان چه‌ند مه‌لایه‌ک دیفاع له‌ ماف و ئازادیی ژنان بکه‌ن؟ ناتوانن به‌ وشه‌ وه‌لامی وشه‌ بده‌نه‌وه‌؟ یان به‌ راستی ئه‌وه‌ دین و مزگه‌وت و مه‌لایه‌ که‌ ژنی له‌ سه‌رکردایه‌تی حیزب، حکومه‌ت، کۆمه‌ڵ، بازاری کار و وه‌زیفه‌، کۆمپانیا و بازرگانی و بازاڕ، هونه‌رو ئه‌ده‌ب و رۆژنامه‌گه‌ری، هتد وه‌لا خستووه‌ و په‌راوێزو بێده‌نگی کردووه‌ و کردوویه‌تیه‌ ‌ کۆیله‌ی پیاوانی ده‌سه‌لات و ده‌وله‌مه‌ندانی دزو حه‌رامخۆر؟

( 7 )
ترسان لە مەلا!
گه‌ر کۆمه‌ڵێ 1300 رؤشنگه‌ری بیرمه‌ندو دلسۆزو پێشکه‌وتوو-و به‌ هه‌لوێستی هه‌بێ ئایا له‌ خوتبه‌ی مه‌لایه‌ک ده‌ترسێ؟
ئه‌وه‌ فه‌شه‌لی وتاری رۆشنبیری و زالبوونی وتاری تۆتالیتاری ئه‌خلاقکوژ و جوانیکوژی حیزبییه‌ که‌ ئه‌م هه‌ل و فه‌زایه‌ی بۆ وتاری دینی خۆش کردووه‌، گه‌ر شتی وا له‌ بنچینه‌دا هه‌بێ.
له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، گه‌ر پێوانه‌ی زانستی و ئه‌نجامی پشکنینی زانستی باس و لێکۆڵێنه‌وه‌ی زانستیمان له‌ به‌ر ده‌ستدا نه‌بێ، تاوانه‌ وا به‌ گشتگیری هه‌موو مامۆستایان و مه‌لایان و وتاربێژانی هه‌ینی به‌ یه‌ک ته‌رازوو بکێشین. له‌ کاتێکدا زۆر له‌ رۆشنبیرانی حیزبی نه‌ک هه‌ر بێده‌نگ بوون به‌لکو هاوبه‌شی تاوانه‌کانی ده‌سه‌لاتن و بوون به‌رامبه‌ر مرۆڤی کورد له‌ زۆر کاتدا له‌و چه‌ند سالانه‌ی ده‌سه‌لاتی حیزبی ته‌نیا مزگه‌وت و وتاری زۆر مه‌لای گه‌لپه‌روه‌رو پاک و مرۆڤدۆست بووه‌ که‌ ئازایانه‌ دژی دزی و داگیرکردنی حیزب و ناهه‌قی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌اکن ده‌نگیان هه‌ڵبڕیوه‌.
له‌ هه‌موو ولاتێکدا ، له‌ پێشکه‌وتووترین ولاتی دنیاشدا، بۆچوون و وتار و ره‌فتارو هه‌لوێستی ئێکستریم هه‌ر ده‌مێنێ.
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پێش رێکخراوێکی مه‌سیحی له‌ ئه‌مریکا ویستی قورئان بسوتێنێ، که‌س نه‌یوت ده‌بێ ئه‌و رێکخراوه‌ به‌ یاسا قه‌ده‌غه‌ بکرێ، به‌لام هوشیاری خه‌لک که‌ باوه‌رییان به‌ جیاوازی و رێزی بیرو ئاینه‌ جیاکان هه‌یه‌، فشارێکی گه‌وره‌ی له‌سه‌ریان دروست کرد که‌ په‌شیمان بنه‌وه‌. له‌ به‌ریتانیا و له‌ هه‌موو ئه‌وروپا و ئه‌مریکا ولاتانی رۆژاوا، هه‌موو یه‌کشه‌ممه‌یه‌ک (ماس) ی مه‌سیحی ده‌کرێ و وتاری ئایینی و دروودی ئایینی له‌ هه‌موو که‌نیسه‌یه‌کدا پێشکه‌ش ده‌کرێ و زۆر جار وتاری توندی دژی ده‌سه‌لات ده‌درێ و زۆر جار ره‌خنه‌ له‌ یاساکانیش ده‌گیرێ به‌لام ئه‌مه‌ یه‌ک زه‌ڕره‌ کار ناکاته‌ سه‌ر ئازادیی و مافه‌کانی خه‌ڵک نه‌ک له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی سانسۆریان له‌ سه‌ر داده‌ندرێ به‌لکو له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی سیستمێکی دیمۆکراتی ئازادی دادپه‌روه‌ر هه‌یه‌ که‌ به‌ پێی یاسای یه‌کسانی به‌رامبه‌ر یاسا و به‌ حوکمی داد و دادوه‌ریی سه‌ربه‌خۆ کار ده‌کات و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مێکه‌ رۆشنبیرانی ئه‌م ولاتانه‌ و رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد حیزبیان تووڕ هه‌ڵداوه‌ و ده‌سه‌ڵاتیان خستۆته‌ ژیر چاودێری خه‌لکه‌وه‌؟
له‌ چ ولاتێکی دیمۆکراتیدا ته‌نیا یه‌ک رۆژنامه ‌و ته‌له‌فزیۆنی حیزب و حیزبی هه‌یه‌؟ ئایا بوونی ئه‌و هه‌موو میدیا سه‌قه‌ت و دواکه‌وتوه‌ی حیزب خه‌ته‌رتره‌ له‌ سه‌ر کۆمه‌ل و هۆکاره‌ بۆ دروستکردنی کۆمه‌لگای تۆتالیتاری یان وتاری مه‌لاکان؟

( 8 )
دروستکردنی جیاوازیی و دابه‌شیی عه‌لمانیی و دینیی
دروستکردنی جیاوازیی و دابه‌شی عه‌لمانی و دینی له‌ بنه‌ره‌تدا شتێکی ده‌سکردی داگیرکه‌ران و حیزبه‌کانی کوردیی خۆیانه‌ و فڕی به‌ سه‌ر مێژووی فیکر و سیاسه‌ت و واقیعی کۆمه‌ڵگای کوردییه‌وه‌ نییه‌ و له‌ ساوێلکه‌یی و به‌دواکه‌وتنی ته‌کتیکی حیزبیی نانه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌گه‌ر و کوردکوژه‌وه‌یه‌ که‌ رۆشنبیرانی کورد خۆیان خستۆته‌ ناو ئه‌م مه‌هزه‌له‌یه‌وه‌. ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی مه‌لای خه‌تێ ش‌ ده‌وترێ ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه‌.
بیری نه‌ته‌وه‌یی کوردی له‌ بناغه‌ ره‌سه‌ن و مۆدێرن و پێشکه‌وتنخوازه‌کانیدا وه‌ک له‌ سامانی فۆلکلۆر و ئه‌ده‌بیاتی کوردی کلاسیکی و به‌ تایبه‌تی له‌ قوتابخانه‌ی په‌رزو پیرۆزی ئه‌حمه‌دی خانی و حاجی قادری کۆیی دا به‌رجه‌سته‌و ته‌واو بووه‌، بیرێکه‌ جیاوازی له‌ نێوان دین و دنیا و مڵک و میلله‌ت و خه‌لک و ناوچه‌و عه‌شیره‌ت ناکا: هه‌مووی له‌ خزمه‌تی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌و پێشکه‌وتندا به‌کاردێنێ. ئه‌وه‌ی رێبه‌ر و پێوانه‌یه‌ خۆشه‌ویستی نیشتمان و ئازادیخوازیی و چاکه‌ی میلله‌ت و پێشخستنی زمان و زانست و کۆمه‌له‌ به‌ پێشخستنی ژنان و گه‌نجانه‌وه‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م. واته‌ پێوانه‌که‌ی بیری چاک و وته‌ی چاک و کرداری چاک و دروستکه‌رانه‌و دادپه‌روه‌رانه‌یه.

( 9)‌
مەلاکان بناغەدانەری بیری نەتەوایەتی و زمانی نووسین و ئەدەبیاتی کوردیین
ئه‌وانه‌ی بناغه‌ی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و زمانی کوردی نووسین و قوتابخانه‌کانی ئه‌ده‌بیاتی کلاسیکی کوردییان دانا مه‌لاکان و پێگه‌یوه‌کانی مزگه‌وت و مه‌دره‌سه‌کانی کورده‌واری بوون.
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ گله‌ییه‌کمان له‌ مه‌لاکانمان و مامۆستا ئایینییه‌کانمان هه‌بێ ده‌بێ ئه‌و کاته‌ بێ که‌ له‌و میراته‌ دینییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌رزو پیرۆزه‌ لاده‌ده‌ن و له‌ بنه‌ما نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵییه‌ پیشکه‌وتووه‌کانی ئه‌وان لاده‌ده‌ن.
ئه‌وه‌ مزگه‌وته‌کان بوون که‌ شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی و مه‌لای جزیری و حه‌ریری و فه‌قێ ته‌یران و ئه‌حمـه‌دی خانی و ئیبن ئاده‌م و مه‌ولانا خالید و حاجی قادر و مه‌وله‌وی و بێسارانی و نالی و سالم و کوردی و مه‌حوی و حه‌مدی و زێوه‌رو قانیع و فانی و له‌لایه‌کی تره‌وه‌ شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی شه‌هید و شیخ قادر و شێخ سه‌عیدی شه‌هید و قازی محه‌مه‌دی شه‌هیدی ئازادی و شیخ مه‌حمودی ڕێبه‌ریان دا به‌و میلله‌ته‌.
ئایا ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی دواکه‌وتوو، بێگانه‌په‌رست، کۆمه‌لکوژ، ئابووری ناوخۆ کوژ، جوانیکوژ، ده‌سه‌لاتێ که‌ خۆی له‌ سه‌رۆکێکی ره‌هاو کوڕه‌زاو برازا و هه‌زار پیاودا ببینێته‌وه‌، پێویستی به‌ زمانحاڵ و سه‌رخانیکی ئایدیۆلۆجی نییه‌ که‌ ته‌قدیسی ئه‌و ده‌سه‌لاتی بنه‌ماله‌ بکا و له‌ بیری پێشکه‌وتووی میلله‌ت و سه‌رده‌م که‌ به‌ ئاقاری پێچه‌وانه‌دا ده‌ڕوا بیپارێزێ و قودسییه‌تی که‌سی و بنه‌مالی و ده‌سه‌ڵاتیی بۆ دروست بکا؟
ئایا هه‌ره‌شه‌ بۆ سه‌ر میدیای ئازاد و قه‌ده‌غه‌کردنی خۆپیشاندان و چه‌نده‌ها هه‌نگاوی دژی داد و ئازادی تر به‌شێک نییه‌ له‌ مه‌؟ ئایا مه‌لایه‌ک له‌ خۆیه‌وه‌ ده‌توانێ ئایدیۆلۆجیه‌تی سیاسی و سنووری ئازادی بۆ خه‌لک دابنێ؟
ئایا ئه‌و جۆره‌ مه‌لایانه‌ گه‌رهه‌بن مووچه‌خۆر و ژیرفه‌رمانی کێن؟
ئایا کورد گوته‌نی ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵی نووسه‌ر ده‌یکه‌ن مانای ئه‌وه‌ نییه‌: شته‌کان به‌ سه‌راوبنی ده‌بینن؟ جیاکردنه‌وه‌ی مزگه‌وت له‌ ده‌سه‌لات و دانانی به‌ خه‌ته‌رتر له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگا له‌ ده‌سه‌لات خۆی له‌ ته‌کتیک و ئه‌فسانه‌یه‌ک زیاتر نییه‌ که‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌نده‌ڵییانه‌ و نادیمۆکراتییانه‌ و ناداپه‌روه‌رانه‌ی ده‌سه‌لات ده‌کا.

( 10 )
مان لە نووسین بگرن و بۆ میدیای بەعسییانەی حیزبەکان مەنووسن
گه‌ر گۆڕانتان ده‌وێ و دیفاع له‌ ئازادیی و پیرۆزی وشه‌ ده‌که‌ن، مان له‌ نووسین بگرن و نووسین له‌ میدیای به‌عسییانه‌ی حیزبیدا حه‌رام و شه‌رمه‌زار که‌ن تا جوانی و پیرۆزیی و سه‌نگ و مانا و رێزیی خوێنه‌رو جه‌ماوه‌ر بۆ وشه‌ی کوردیی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
وه‌رن با ده‌یان هه‌زار ئیمزا دژی میدیای حیزب و بۆ یاسای خۆمالیکرنی یان به‌ مڵکیمیلله‌تکردنی هه‌موو ده‌زگا ئیعلامییه‌کانی حیزب و هه‌موو کۆمپانیا حیزبی و بنه‌ماڵه‌ییه‌کان کۆ بکه‌ینه‌وه‌ که‌مپه‌ین بکه‌ین، که‌ به‌ پاره‌ی دزراوی خوێنی شه‌هیدان و له‌ سه‌ر حیسابی خوێن و ئیسک و پروسکی ئه‌م گه‌له‌ به‌ نا‌‌‌‌هه‌ق و تاوان و که‌ڵه‌گایی بۆ خێڵجێتی و حیزبگه‌ریی و دزی و داگیرکاری دروستبوون.
دیاره‌ من دڵنیام ئه‌و به‌رێزو خۆشه‌ویستانه‌ی ئه‌و بانگه‌وازه‌یان ئیمزا کردووه‌ و زۆربه‌یان به‌ وردی بیریان لێنه‌کردؤته‌وه‌ و له‌ گه‌ڵ کۆمه‌ڵ که‌وتوون و هیواداریشم ئه‌م ره‌خنه‌ دلسۆزانه‌ و بۆچوونه‌ تایبه‌تییه‌م به‌ سنگیكی فراوانه‌وه‌ لێ قبوڵ بکه‌ن و ببێته‌ سه‌ره‌تای دایه‌لۆگێکی جددی ده‌رباره‌ی پیوه‌ندی نێوان رۆشنبیرو ده‌سه‌لات.
بژی ژیان، بژی ئازادی، دروود و پیرۆزی بۆ خشه‌ویستی.

بۆ نموونه‌ بڕوانه‌ سەرچاوەکان:

1- ئاوێنە

2- dailymail

3- dailystar

4- belfasttelegraph

5- guardian
6- daralhayat

7- له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی 12 رێکخراوی هه‌موو بيشه‌کانی کوردتان له‌ له‌نده‌نی بیرورای هاوکۆیی هه‌مووان ئه‌وه‌ بوو که‌ زیاتر له‌ 5000 کوردی زۆرنه‌ی هه‌ره‌زۆری هی هه‌رێمی کوردستان له‌ سه‌ر تاوانی جۆراوجۆر له‌ زینداندان ئه‌وانه‌ هه‌موویان نه‌وه‌کانی به‌رهه‌می ده‌سه‌لاتی کوردی و قوربانییه‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ن.

25- 01- 2011

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
دکتۆر کەمال میراودەلی

about دکتۆر کەمال میراودەلی