عه‌تا قه‌ره‌داخی: به‌ بكه‌ر بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی.

زاراوه‌ى بكه‌ر له‌ زمانی كوردیدا به‌رامبه‌ر به‌ وشه‌ى ( Subject )ی ئینگلیزى دێت كه‌ له‌ رووی زمانه‌وه‌ مه‌به‌ست له‌ بكه‌ر كه‌سێكه‌ كارێك بكات. ئێمه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمان (بكه‌ر) نییه‌ له‌ سیاقه‌ […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

زاراوه‌ى بكه‌ر له‌ زمانی كوردیدا به‌رامبه‌ر به‌ وشه‌ى ( Subject )ی ئینگلیزى دێت كه‌ له‌ رووی زمانه‌وه‌ مه‌به‌ست له‌ بكه‌ر كه‌سێكه‌ كارێك بكات. ئێمه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمان (بكه‌ر) نییه‌ له‌ سیاقه‌ رێزمانیه‌كه‌یدا به‌ڵكو مه‌به‌ستمان بكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ واته‌ بكه‌ر له‌ سیاقی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كه‌ ئه‌ویش كه‌متر تاكه‌كه‌س ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵكو زیاتر مه‌به‌ستمان بكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ ئه‌ویش ده‌شێت ده‌سته‌، گروپ، رێكخراو،حیزب، بزووتنه‌وه‌، یان نه‌ته‌وه‌و هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ بێت. له‌ بارێكی وه‌هاشدا ئه‌و كاره‌ى بكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یكات یان ئه‌نجامی ده‌دات كارێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، كه‌ ده‌شێ سه‌رتاپای مێژووى ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ بگۆڕێت، به‌ڵام دیاره‌ ( كات )ی ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ی كه‌ بكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجامی ده‌دات ده‌شێ درێژخایه‌ن بێت. ئه‌ركی بكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی نزیكه‌ له‌و ده‌لاله‌ته‌ی زاراوه‌ى ئیش له‌ فیزیادا هه‌یه‌تی‌و بریتیه‌ له‌ درووستكردنی لادان، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ كۆمه‌ڵناسیدا ئه‌ركی بكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بریتیه‌ له‌ درووستكردنی گۆڕان له‌ عه‌قڵ‌و بنیادی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا‌و هه‌ر به‌و پێیه‌ش گۆڕان له‌ ئاستی سه‌رخانیشدا وه‌كو ره‌نگدانه‌وه‌و ده‌رئه‌نجامی گۆڕان له‌ بنیادی دامه‌زراوه‌كاندا رووده‌دات.
له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا كه‌ په‌ره‌سه‌ندنێكی سرووشتییان هه‌یه‌ بكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ له‌ منداڵدانی كۆمه‌ڵگه‌ خۆیه‌وه‌ له‌ دایك ده‌بێت، بارگاوى كراوه‌ به‌و توانایانه‌ى كه‌ پێویستن بۆ درووستكردنی رووداو له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و مێژووى‌و فه‌رهه‌نگی‌و سیاسی‌و ته‌نانه‌ت زانستیش، كه‌ مه‌به‌ست له‌م زاراوه‌یه‌ش دابڕانه‌ له‌ قۆناغی ئێستا، واته‌ له‌ ساده‌ترین پێناسه‌یدا بكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و بكه‌ره‌یه‌ كه‌ بتوانێت دابڕان له‌گه‌ڵ قۆناغی پێش خۆیدا بكات، به‌ڵام به‌ ئاراسته‌ى به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوون.
ئایا له‌ رابردووى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا بكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی هه‌بووه‌؟ ئه‌گه‌ر بوونی هه‌بووه‌ ئه‌و رووداوانه‌ى له‌ سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیعی كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی له‌ هه‌موو ئاسته‌ جیاوازه‌كاندا به‌رهه‌می هێناون كامانه‌ن؟ ره‌نگه‌ ئه‌و پرسیاره‌ش سه‌رهه‌ڵبدات كه‌ مه‌به‌سته‌ له‌ رووداو چییه‌، چونكه‌ زاراوه‌ى رووداو له‌ كوردیدا ده‌لاله‌تی نێگه‌تیفی هه‌یه‌، به‌ڵام رووداو له‌ رووی لۆجیكی كۆمه‌ڵناسیه‌وه‌ به‌ مانا پۆزه‌تیفه‌كه‌ى به‌كار دێت، كه‌ مه‌به‌ست لێی رووداوى گواستنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌ قۆناغێكه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی تر بۆ نموونه‌ گواستنه‌وه‌ له‌ خێزانه‌وه‌ كه‌ لێره‌دا مه‌به‌ست خێل‌و عه‌شیره‌تیشه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی. یان گواستنه‌وه‌ له‌ ئابووری‌و پێوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی فیودیالیه‌وه‌ بۆ ئابووری‌و پێوه‌ندییه‌كانی سه‌رمایه‌داری‌و باڵاده‌ستبوونی چینی بۆرژوا، یان گواستنه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیداری‌و سیاسی خێڵ‌و عه‌شیره‌ته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت‌و دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تیه‌كان، یان گواستنه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى سه‌ره‌تاییه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی په‌ره‌سه‌ندووى شارو به‌رهه‌مهێنانی شارستانێتی.
ئه‌وه‌ى جێگای سه‌رنجه‌ بكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كوردی له‌ رابردووه‌وه‌ بۆ ئێستا نه‌یتوانیووه‌ ببێته‌ بكه‌رێكی رووداو درووستكه‌ر. ره‌نگه‌ به‌شێك له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌وه‌ى كه‌ نه‌بێت به‌ بكه‌رێكی رووداو درووستكه‌ر پِێوه‌ندی به‌ هۆكاره‌ ده‌ره‌كیه‌كانه‌وه‌ هه‌بێت به‌ڵام نكوڵی ئه‌وه‌ ناكرێت كه‌ زۆرێك له‌ هۆكاره‌كان له‌ بوونی ئه‌نتۆلۆجیانه‌ى خۆیدایه‌. بكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كوردی تاكو ئێستا نه‌یتوانیووه‌ به‌ ته‌واوه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ عه‌قڵی خێڵ‌و ستراتیژی خێڵ‌و له‌ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نیمچه‌ سه‌ره‌تایی‌و ئابووری نیمچه‌ فیودیالی‌و دامه‌زراوه‌ى ناوچه‌یی‌و هه‌رێمگیرییه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی‌و بۆ عه‌قڵ‌و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی‌و بۆ پێوه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ى شارو بۆ دامه‌زراوه‌ى حكومه‌تی‌و بۆ دامه‌زراوه‌ى به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی‌و بۆ به‌رهه‌مهێنانی شارستانی، له‌سه‌رووى هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ئه‌م بكه‌ره‌ كه‌ له‌ رابردوودا بكه‌رێكی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌رهه‌مهێن بووه‌و به‌شی پێویستی خۆی به‌رهه‌می هێناوه‌ ئێستا له‌و رووه‌وه‌ له‌ بكه‌ری كه‌وتووه‌و ناتوانێت به‌رهه‌م بهێنێت، نه‌ ئه‌و به‌رهه‌مهێنانه‌ى رابردووى كه‌ له‌ بواری كشتوكاڵ‌و ئاژه‌ڵداریدا به‌رهه‌می ده‌هێنا، نه‌ ده‌توانێت به‌رهه‌می نوێی پیشه‌سازی به‌رهه‌م بهێنێت، هه‌ر بۆیه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌وسا له‌ رووی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ بكه‌رێكی لاواز بوو ئێستا به‌ته‌واوى بووه‌ته‌ به‌كارهێنه‌ر كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ رووی كۆمه‌ڵناسیه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت گۆڕاوه‌ بۆ به‌ركار. بێگومان له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا كه‌ له‌ بری بكه‌ری رووداو درووستكه‌ر به‌ركار‌و به‌كارهێنه‌ری به‌رهه‌می بكه‌ری ده‌ره‌وه‌ باڵاده‌ست ده‌بێت جه‌سته‌ى ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌بێته‌ جه‌سته‌یه‌كی له‌كاركه‌وتوو، ئه‌گه‌ر ئه‌و باری به‌ركارێتی‌و به‌كارهێنه‌رییه‌ درێژه‌ بكێشێت ئه‌وا ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا زۆر كه‌م ده‌بێت. به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا تێبینی ده‌كرێت پرۆسه‌یه‌كه‌ تیایدا بكه‌ری لاوازى كۆمه‌ڵایه‌تی پێشتر كه‌ ده‌بوو بگۆڕایه‌ بۆ بكه‌رێكی چالاكی رووداو درووستكه‌ر كه‌چی به‌ره‌ به‌ره‌ ده‌گۆڕێت بۆ به‌ركارو به‌كارهێنه‌ر ئه‌وه‌ش ره‌وتی به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م گومانه‌وه‌.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
عەتا قەرەداخی

ئەرشیڤی بەڕێز: عەتا قەرەداخی