عیماد عه‌لی: یه‌كێتی بۆ خاوه‌نه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌رێته‌وه‌؟

ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك له‌ مێژووی دوور و نزیكی شۆرشی نوێ و دامه‌زراندنی یه‌كێتی و به‌تایبه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بزانێت، باش ده‌زانێت كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی پێكهاته‌ و فكر و فه‌لسفه‌ی […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك له‌ مێژووی دوور و نزیكی شۆرشی نوێ و دامه‌زراندنی یه‌كێتی و به‌تایبه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بزانێت، باش ده‌زانێت كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی پێكهاته‌ و فكر و فه‌لسفه‌ی ریكخراوێكی به‌ره‌یی وه‌ك یه‌كێتی و بناغه‌ی بیرو ئایدیۆلۆجیه‌ت و رێبازی یه‌كێتی و هانده‌ری شۆرشی مه‌ده‌نیانه‌ و دواتر سه‌رهه‌ڵدانی شۆرشی چه‌كداری بوو، له‌كوردستانی باشووردا. كه‌ یه‌كێتیش دامه‌زرا به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتی به‌ شانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران به‌ست و دواتر ریزه‌كانی به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن فراون كرد، كه‌ زۆر جار دوور له‌ هیچ پێوه‌رێك سه‌ركردایه‌تی به‌سه‌ریدا فه‌رز ده‌كرا، له‌ غیابی ئه‌و كه‌ڵه‌ شه‌هیدانه‌ی كه‌ بیرمه‌ند وسه‌ركردایه‌تی راسته‌قینه‌ و كۆڵه‌كه‌ی پته‌وی بنیاتنانی رێكخراوێكی سیاسی له‌ سه‌ر ئه‌رزی واقعی وڵاتێكی وه‌ك كوردستان و بوژانه‌وه‌ی فكر و روحی به‌رخودانی خه‌ڵكی كوردستان بوون. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ژماره‌ كه‌مێكی له‌ په‌نجه‌ی ده‌ست كه‌متر له‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ی به‌ بیروباوه‌ڕی نوێگه‌ری و فكری گونجاوی پێشكه‌وتخوازانه‌ نه‌بێت، كه‌ له‌ شاره‌كان و زیندان و له‌ نێو رێكخستنه‌كانی كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان و خه‌ڵكی تریش، ئه‌وانی تر كه‌ دواجار به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت جێگه‌ی خۆیان له‌سه‌ره‌وه‌ قایم كرد، زۆرینه‌یان خه‌ڵكانی زیزبووی دوو به‌ره‌كی و ململانێی نێو پارتی دیموكراتی كوردستان و پاشماوه‌ی شۆرشی ئه‌یلول و خه‌ڵكانی ئاواره‌ و په‌رشوبڵاوی تاراوگه‌ و زه‌ده‌دیده‌ی وه‌زعی ناله‌باری سیاسی كوردستان و راكردووی ده‌ستی بارودۆخی ناله‌باری عیراق بوون. هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ژماره‌ كه‌مێكی رێكخستنه‌ ره‌سه‌نه‌كانی نێوخۆ بوون كه‌ به‌ردی بناغه‌ی پێكهاته‌یه‌كی سیاسی خاوه‌ن كۆڵه‌كه‌ و بنه‌چه‌ی فكری ره‌سه‌ن و به‌رهه‌می ده‌ستی بژارده‌یه‌كی به‌توانای بیریار و عه‌قڵی باڵا و ئاستی هه‌مه‌چه‌شنیان، دانا و، دواتر بۆ گه‌شه‌كردنی رێكخراوه‌ سیاسیه‌كه‌ و خۆگونجاندن له‌ گه‌ڵ واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی و فكری و سیاسی و رۆشنبیری ئه‌و كاته‌ و كۆی گشتی وه‌زع و ژیانی گه‌لی كوردستان و له‌ خۆگرتنی گوشاره‌ی كۆی گشتی بیریی گه‌لی كورد به‌ گشتی نه‌ك نوخبه‌ی پێشكه‌وتوخواز و له‌ پێناو خۆفه‌رزكردن به‌سه‌ر واقعه‌كه‌دا، پشتیان به‌ پاشماوه‌ی شۆرشی ئه‌یلول و هه‌ندێك خه‌ڵكی تر به‌ست ( له‌مه‌شدا چه‌ندین ڕاوبۆچون هه‌یه‌ له‌باره‌ی راست و دروستی ئه‌م بابه‌ت و پره‌سنیپه‌، كه‌ ئایا هه‌نگاوێكی ستراتیجی راست ودروست بووه‌ یان گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ و لێدان بووه‌ له‌ پاك و خاوێنی شۆرشه‌كه‌ و ده‌رگا كردنه‌وه‌ بووه‌ به‌ ڕووی ئه‌وانه‌ی میراتگری سه‌لبیاته‌كانی شۆرشه‌كانی پێشوو بوون و هه‌ڵگری رق و كین و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و دژایه‌تی بوون، چ له‌ناخی خودی ئه‌وانه‌ بوو كه‌ سه‌ركردایه‌تیان گرته‌ده‌ست یان له‌ ره‌فتار و چۆنێتی به‌رێوه‌بردنی كاری سیاسی و عه‌سكه‌ری یه‌كێتی نیشتماتنی كوردستاندا ) لێره‌وه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی له‌ دوای له‌سێداره‌دانی ئه‌و كه‌ڵه‌ پیاوه‌ سه‌ركردایه‌تیانه‌ی ( كۆمه‌ڵه‌ی مراكسی – لینی) كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجه‌دارن و شه‌هیدبونی شه‌هید ئارام دروست بوو، بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی رێگه‌ كراوه‌ بێت بۆ هه‌ر سه‌رێك هه‌ڵگری هه‌ر فكرێك و عه‌قڵیه‌تێك بێت بخرێته‌ سه‌ر ئه‌م رێكخراوه‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌، كه‌ زۆرینه‌یان له‌و كاته‌دا خه‌ڵكی مه‌سله‌كی و خاوه‌ن نه‌ریتی كۆنی خۆیان بوون و به‌ پشت ه‌ستن به‌ مێژووی تاكه‌كه‌سیه‌وه‌ خۆیان فه‌رز كرد و، تا دواجار ده‌ركه‌وت چۆن كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران كه‌وته‌ ده‌ست كێ و به‌ چ فكر و عه‌قڵ و پشتخان و بۆچونێكه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی كرا، كه‌ دواجار و له‌ دوای تواندنه‌وه‌ی له‌ نێو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا، سكرتێره‌كه‌ی به‌ زمانی خۆی دانی به‌وه‌دانا ته‌نانه‌ت به‌خۆی باوه‌ڕی به‌و بیر و فكر و كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجه‌ده‌ران نه‌بووه‌ و بۆ چه‌ندین ساڵ له‌به‌ر خاتری خاترداران بووه‌ به‌ سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجه‌درانی كوردستان، كه‌چی به‌و شێوه‌یه‌ تاوه‌كو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی و توانه‌وه‌ی له‌ نێو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا له‌ سكرتێری ئه‌و رێكخراوه‌دا به‌رده‌وام بووه‌ و ئه‌و بیروباوه‌ره‌ دوفاقیه‌شی له‌ ئاست كۆمه‌ڵه‌كه‌ هه‌ڵگرتووه‌.

ئێستا یه‌كێتی به‌ره‌و كوێ؟
مانگه‌شه‌و سه‌رله‌ئێواره‌ دیاره‌، وه‌ك ده‌ڵێن، له‌م بارودۆخه‌ زۆر په‌شێو و تێكهه‌ڵچوووه‌ بێ وێنه‌یه‌ی یه‌كێتی و ئه‌و ململانێ زۆر سه‌خت و ته‌سكبینیه‌ی باڵه‌كانی و پاش جیابونه‌وه‌ی زۆرێك و گه‌رانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندخوازیانه‌ی خه‌ڵكێكی تر و نه‌بونی ناوه‌ندێتیه‌كی دیموكرات و خۆفه‌رزكردنی فره‌ كوێخایی و وه‌لائی شه‌خسی و ده‌رباری و مانه‌وه‌ له‌به‌ر نانه‌سك. ئایا له‌ قازانجی یه‌كێتیه‌ كۆنگره‌ ببه‌ستێت، یان روونتر بیلێین ڕێژه‌ی قازانجی له‌ زه‌ره‌ری زۆرتر ده‌بێت، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌شی ماوه‌ به‌ فیرۆ ده‌درێت و هه‌موو شتێك ده‌فه‌وتێت و خۆی ناگرێته‌وه‌، یان پاش چه‌ندین ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ی كه‌ پێویست بوو له‌سه‌ره‌تاوه‌ پشتی پێ ببه‌سترێت و له‌سه‌ری یروات و ستراتیجیه‌تی راست و دروستی پێی دارێژێت، كه‌ ده‌بوو به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتی به‌و رێكخراوه‌ خۆی و ئه‌گه‌ر به‌ ته‌نهاش نه‌بێت، به‌ڵام به‌ ناوه‌رۆكه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی و بیرو فه‌لسه‌فه‌ تایبه‌ته‌كه‌یه‌وه‌، ببه‌ستێت و، ده‌بوو ئه‌وه‌ی لای گرنگ نه‌بوایه‌؛ باری كۆمه‌ڵایه‌تی و ناو و پێگه‌ی خه‌ڵكی جیاوازی سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی و سه‌ركرده‌ی كۆن و خاوه‌ن عه‌قڵی به‌سه‌رچوو و هه‌ڵگری بۆچونی حزبایه‌تی كۆن بێت پری بكه‌نه‌وه‌، ته‌نها له‌ پێناو زۆری و بۆری. پرسیاره‌كه‌ی له‌وێدایه‌؛ ئایا ئه‌م كۆنگره‌یه‌ی وا له‌یه‌كێتی ده‌كات دووباره‌ له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێبكات و خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی خۆی هه‌ڵبژێرێت و بیری ره‌سه‌ن و تایبه‌تی خۆی بگرێته‌به‌ر و یه‌كێتیه‌كی خاوه‌ن ناوه‌ڕۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی خاوه‌ن فۆرمێكی تازه‌ی گونجاو له‌گه‌ڵ باوردۆخی نوێ و له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وگۆرانكاریه‌ هه‌مه‌چه‌شنانه‌ی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و جیهان بێت و له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ دروست ده‌بێته‌وه‌ و، بیره‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی له‌ دوای ئه‌م كۆنگره‌یه‌ چه‌كه‌ره‌ ده‌كات و دووباره‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ دیفاكتۆ و بیری واقعی سه‌ره‌تای دووباره‌ بوژانه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنی یه‌كێتیه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ئاسا ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌، یان به‌ كۆنگره‌ ئه‌وه‌ش ماوه‌ له‌ناوده‌چێت وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن؟

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
عیماد عەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: عیماد عەلی