دکتۆر نازەنین عوسمان حسن: هێلەگە زەردەکانى فەرەنسا.

ئەو چەند رۆژەى دوایى، لە دەنگ و باسەکان زۆر گوێمان لە باسى خۆپێشاندان وتێکدەرەکانى فەرەنسا دەبێت کە هێلەگێکى زەردیان لەبەرە. ئەم هێلەگە لە 2008 بو بە یاسا کە ئەبێت هەمو […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئەو چەند رۆژەى دوایى، لە دەنگ و باسەکان زۆر گوێمان لە باسى خۆپێشاندان وتێکدەرەکانى فەرەنسا دەبێت کە هێلەگێکى زەردیان لەبەرە. ئەم هێلەگە لە 2008 بو بە یاسا کە ئەبێت هەمو شوفێرێک پێبێت و لەبەردەستى دابێت لەناو هەر ئامێرێک کە لەسەر شەقامە کان بڕوا وەکو بارهەڵگرو ئۆتومبێل و ماتۆر هەتا ئەو ئوتومبێلانەى کە پێویستیان بە پلاکى ژمارە نیە، ئەو هێلەگانە ڕەنگیان زەردەو دوو خەتى فۆسفۆرى تێدایە کە لە تاریکیشدا دەبینرێن، ئەم بڕیارە بۆ ئەوەبو ژیانى شوفێر سەلامەت بێت کاتێک کە ئوتومبێلەکەى لە کار بکەوێت و لە هەر شوێنێک بێت، نرخى ئەم هێلەگانە کەمەو لە هەمو شوێنێک دەست دەکەوێت.
زەمینەى دروست بونى خۆپێشاندەرانى هێلەگى زەرد:
سەرهەڵدانى ئەم ناڕازیبونە لە دواى یاسایەکى حکومەتى فرەنسى هات کە بریارى زیاد کردنى باجى سەر سوتەمەنى بەنزین و گازوایل کرا ئەم بڕیارە لە 01- 01- 2019 بەکار دەبێت.
فەرەنسا وڵاتێکى گەورەو پەرش و بڵاوە و خاکەکەى هەمە جۆرە لە دەشت و دۆڵ و شاخى بەرز کە خاوەنى بەرزترین چیایى ئەورپایە ئەویش زنجیرەى چیاکانى ئەلب و لوتکەى مونت بلان (چیاى سەر سپى). خزمەتگوزارى گواستنەوەى گشتى لە پاس و شەمەندوفەر ناگاتە هەمو کون و قوژبنێکى ئەم وڵاتە وە یان ئەگەر بیشیگاتێ بەبەردەوامى لە خزمەت گوزارى دانیە هەمو کات و ساتێک. هەرچى لە شارە گەورەکاندا ئەم ئارێشەیان نیە و بە باشى ئەو خزمەت گوزاریە هەیە، نرخى بەکارهێنانى هاتو چۆى گشتى زۆر هەرزانە گەر بەراوردی بکەین بە زۆر بەى وڵاتەکانى ترى ئەوروپا، بەتایبەتى خەتى شەمەندوفەرى فرەنسا کە کەرتى گشتی حکومیە، ئەم کۆمپانیە لەژێر قەرزێکى زۆر دەناڵێنى و ناتوانێت پڕى بکاتەوە و لە مانگى ئەیارى ئەمساڵ هەندێ ریفۆرمیان تێیدا کرد تا نەیفرۆشن ونەیکەن بەکەرتى تایبەتى و تۆزێک لەو قەرزانەش کەمکەنەوە، ئەم کەرتە بەوشێوەیەى ئیستا ناتوانێت خزمەت گوزارى بگەینێتە هەمو لادێکانى فەرەنسا کە نەک قازانجى نابێت یان مایەى خۆى ناهێنێتەوە بەڵکو زەرەرى زۆر دەبێت و زیاتر دەکەوێتە ژێر قەرز. ئەم لادێانە یان ئەو شوێنانەى کە خەتى هاتوچۆى گشتى نیە یان کەمە مەجبورن ئوتومبێلى تایبەتى بەکار بهێنن. هەر لە دواى ئەوریفۆرمەى کە لەسەر کۆمپانیاى خەتەکانى شەمەندوفەرکراوە تاکو ئیستا حەفتەى ڕۆژێک کرێکارانى شەمەندوفەر مان دەگرن و هاتو چۆ توشى شەلەل دێت و خەڵک ناچارە ئوتومبێلى خۆیان بەکار بهێنن هەتا لەشارە گەورەکان.
ماکرۆن بۆحەملەى هەڵبژاردنەکەى ساڵى پارگرینگى زۆر بە ژینگە دا ویەکێ لە خاڵە سەرەکیەکانى دابو، سۆزى ئەوەى دابو کە پیسى ژینگە کەمکاتەوە. هەرچەندە نەیتوانى سۆزى بەرنامەى هەلبژارنەکەى بە باشى بباتە سەرو کەمترین خاڵى جێبەجێ کردوە لە (پەیمانى پاریس) ى ژینگە، هەر بۆیەش وەزیرە بەناوبانگەکەى ژینگە کە یەکێکە لە فیگەرە ناسراوەکانى پارێزەرى ژینگە (نیکۆلا ئیلۆ) گوتى ناتوانم چى تر خۆم هەڵخەڵەتێنم و بە روتشکردنى پارێزێگارى ژینگە وئیش بکەم بۆیە دەست لەکار کێشانەوەى خۆى ڕاگەیاند لە کۆتایى مانگى هەشتى ئەم ساڵ. ڕاستە ماکرۆن هەنگاوى گەورەى نەهاویشتوە بۆ خزمەتى ژینگە بەڵام هەندێ لە ریفۆرم و یاساى داناوە لەوانە نەهێشتنى وزەى ئەتۆمى کە بەرهەمى سەرەکى کارابایە لە فەرەنسا (هەر بۆیەش نرخى کارەبا لە فەرەنسا زۆر هەرزانە) تا ساڵى 2035، ئاسان کارى بۆ کڕین و فرۆشتنى ئوتومبێلى کارەبایى و چاوپۆشیان لە باج و کرینەوەى ئوتومبێلە کۆنەکانیان بە پارەیەکى باش، ڕاگرتنى بەرهەم هێنانى ئۆتۆمبێلى دیزەڵ. یەکێ لە یاساکانى تر گرانکردنى نرخى بەنزین و دیزەڵ بو کە بۆ 01- 01- 2019٩ کارى پێبکرێت، بەراوردى زیاد بونى سوتەمەنى لە نێوان ئۆکتۆبەرى 2017 وە ئۆکتۆبەرى 2018 بۆ بەنزین 15% وە بۆ گازوایل23% یە.
لە سەردەمى سەرۆکى فرنسا فرانسوا هۆلەندله 2012 بڕیارى گۆڕینى وزە یان دا لە وزەو سوتەمەنى کاربۆنى بۆ وزەى تازەو نوێبونەوە. تا رێژەى CO2 دووەم ئۆکسیدى کاربۆن کە فرێدەدرێتە ژینگە و باجى هەر تەنێک لە CO2 زیاد بکرێت کە لە 2014 هەرتەنێکى بە 7 ئیرۆ بو 30 ئیرۆ بۆ 2017 وە بکرێت بە 100 ئیرۆ بۆ 2030، بەپێى ئەو بەرنامەیە تەنى CO2 لە 2022 دەگەیشتە 65 ئیرۆ، بەڵام بەوپێیەى لە بڕیارى ماکرۆن دا هاتوە لە ساڵى 2022 دەگاتە 86 ئیرۆ بۆ هەر تەنێک لە CO2.
بەپێى ڕاپرسیەک کە ئەم ساڵ کراوە، رێژەى داهاتى خەڵکى فەرەنسا 1,2% کەمى کردوە لە چاوساڵى 2016، ئەم کەمبونە بەهۆى زیاد بونى باجەکانە کە. 67% خەلکى فەرەنسا خاوەن داهاتى مام ناوەندى دەگرێتەوە ئەم دابەزینەى داهات واى کردوە کە تواناى کرینى خەڵک کەمبێتەوە و زۆرلەو خەڵکانە ناتوانن موچەکەیان تا سەرى مانگ پێداویستى ژیانیان بۆ دابین بکا.
ئەم زیاد بونەى باجى سوتەمەنى ئەم جارە بو بەو پروشکە وئەو تروسکەیەى ئاگرى لێبۆوە، زۆربەى ئەو خەڵکە دەگرێتەوە کە لەدەرەوەى شارە گەورەکانن و ئوتومبێل ئامرازى سەرەکى هاتوچۆیانە بۆ هەمو پێداویستیەکى ژیان لە پێش هەموشیانەوە بۆ چونە سەر کار.
بەپێى ڕاپرسیەک کراوە 80% خەلکى فەرەنسا پشتگیرى هێلەگە زەردەکان دەکەن.
ئەوەى سەیرە لە بەلجیکا و لە ئینگلتەرە لە ماوەى ئەو مانگە چەند خۆپێشاندانێک کراوە بۆ پاڵپشتى لە کەمکردنەوەى بەکار هێنانى ئۆتۆمبێل، کەچى لە فەرەنسا بە پێچەوانەوە، ئەمەش بەدیدى پەرلەمانتارێک لە لیستى ماکرۆن کە باڵا دەستان و حکومەت نەیان توانیوە باش نامەکانیان ومەبەستەکانیان بگەینە جەماوەر بیان کەن بە پشتیوانى هەنگاوەکانیان.

دروست بونى هێلەگى زەرد:
لە فەرەنسا تاکو ئیستا سەندیکاکان خۆپێشاندنەکانیان رێک خستوە و نوێنەرەکانیان مۆڵەتیان وەرگرتوەو شوێنى خۆپێشاندانەکان دیارى کراون و پۆلیسى نیشتمانى (کە بە CRS ناو دەبردرێن کە پاراستنى ئەمن و ئاسایشى نیشتیمانیان لە سەر شانە) لەدەورو بەرى خۆپێشاندانەکان دادەبن تا بە لارێدا نەبرێن و ئەو شەقامەى بۆ خۆپێشاندەران دیارى کراوە هەر ئەو شەقامە بگرن و ئەو پۆلیسانە مەشقى تایبەتیان پێکراوە بۆ کاتێک کە گێرەشێوێنى دروست بێت.
ئەو خۆپێشاندانەى هێەلەگى زەرد کردى دور بو لە هەمو رێگا ئاسایەکان کە فەرەنسا ئاشنابو پێوەى. تاکە ڕیگاى پەیوەندى نێوان هێەلەگى زەرد دا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بو وە سەرتاسەرى فەرەنساى گرتبۆوە.
لە 29- 05- 2018 شوفێرێکى ئافرەت بە ناوى پریسیلیا لۆدسکى سکاڵا- داوا نامەیەک لە فەیس بوک بڵاودەکاتەوە و داوا لەخەڵک دەکا کە واژوى بکەن تا حکومەت پاشگەز ببێتەوە لە زیاد کردنى نرخى بەنزین.
لە 10- 10- 2018 ئیریک دوروێ شوفێرى بارهەگرێکى قورس لەشارێکى بچوکى سەر بە پاریس دەژى هەر لە فەیس بوک داوا لە خەڵک دەکا لە 17- 10- 2018 دەرگایەکى شەقامى بازنەى رۆخى پاریس بگرن و دایخەن بەرامبەر بە هاتوچۆکەران دژ بە زیادکردنى نرخى سوتەمەنى، لەهەمانکاتدا ژنێک بەناوى پڵۆیەر میل ڤیدیۆیەک بڵاودەکاتەوە تا لە 17- 11 بچن بۆ خۆپێشاندان، ئەم ڤیدیۆیە نزیک 3 ملیون کەس بینیویەتى. ئەم خۆپێشاندانە دەکەن و تا ڕادەیەک خەڵک بەدەم داواکەیەوە دێن.
بەم شێوەیە چەند کەسێک لە شوێنى جیاجیا لە فەرەنسا داوا دەکەن چەند فولکەیەکى هاتوچۆ بگرن و بەشێوەیەکى رەمزى دایخەن بۆ چەند ماوەیەک لە نێوان 10 تا 15- 11- 2018
خێزانى ئیریک لەگەڵ پاتریسیا پەیوەندى دەکا تا هەردوو واژوکەرەکان رێکخەن لەژێر یەک ناو لەفیسبوک، تا 2- 11 ژمارەى واژوکەران دەگاتە 800،000 کەس.
لە دیدارێکى تەلەفزیۆنى لە لەگەڵ ماکرۆن لەو بارەیەوە دەدوێن و ماکرۆن دەڵێت: (کە پەشیمان نابێتەوە لە بڕیارى زیادکردنى باجى سوتەمەنى و خەڵک مافى خۆ پێشاندانیان هەیە، بەڵام هەندێ کەسى سیاسى دەیانەوێت خۆیان بکەن بە ساحێبى ئەو بزوتنەوەیە. لەمەشا مەبەستى لە مارى لۆپێن کە سەرۆکى پارتى بەڕگرى ڕاستڕەوە لەگەڵ میلەنشۆ سەرۆکى پارتى پەڕگرى چەپ، کە هەردوو لایەن هەوڵیان داوە ئەم بزوتنەوەیە بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکار بهێنن و حکومەتى ماکرۆن شکست پێبهێنن و لاى دەن.

خۆپێشاندانەکان و گەشەکردنى:
تاکو 17- 11 لەم لاو لەولا لە سەرەتاسەریى فەرەنسا گرتنى بازنە و فولکەى بچوک بچوک دەکرێت و لە سەر هەندێ رێگا خێراکان کەبە پارەیە ڕیگا دەگرن لە پارە وەرگرتن و شوفێرەکان بە خۆڕایى ئەم شەقامانە وەردەگرن.
لە 17- 11- 2018 خۆپێشاندانەکە زوو دەست پێدەکا و هێلەگە زەردەکان چەند دەرگایەکى سەرەکى سەر ئەو شەقامە دەگرن و لە پاشا بەرەو ناو شارو بەرەوشەقامى شانزە لیزێ بەڕێدەکەون، (ئەو شەقامە بە جوانترین شەقامى پاریس دەژمێردرێت و شەقامێکى بازرگانى پلە بەرزە و هەموو دەم پڕە لە تۆریست و سەرێکى ئەم شەقامە تاقى سەرکەوتنە کە گوڵکۆى سەربازى ونى لێیەو، سەرەکەى ترى کۆڵەکەى کۆنکۆردى لێیە و لە و وەرزەى ئیستا کە نزیک دەبینەوە لەسەرى ساڵ هەمو دارەکانى سەر ئەو شەقامە لە هەردو لایەوە بە جوانترین شێوە دەڕازێندرێنەوە. قەسرى سەروکى حکومەت کە بە ئەلیزێ دەناسرێت، دەکەوێتە سەر ئەو شەقامە). هێلەگە زەردەکان بەرەو ئەلیزێ بەڕێ دەکەون، بەڵام پۆلیس رێگایان پێناداو بەیەکدا دەکەون. ئەم شەقامە لقى زۆرى لێدەبێتەوەو چەند شەقامێکى ترى سەرەکى لە تاقى سەرکەوتن دێتە سەر و زۆر پەرش و بڵاو و فراوانە کۆنترۆلى ئەو شەقامە زۆر ئەستەمەو پێویستى بە هێزى پۆلیسى زۆرە کە ئەو کاتە ئەو ژمارەیان نەبوە.
لەشارەکانى ترى فەرەنسا لە زۆر شوێن هێلەگە زەردەکان بەربەست دادەنێن و ئاژاوەى لێدەکەوێتەوە.
بەپێى وەزارەتى ناوخۆ بەشداربوانى هێلەگە زەردەکان نزیکەى 300 هەزار کەس بوون لە 2034 شوێن لە سەرتاسەرى فەرەنسا بەشدار بوون. دەرئەنجامى ئەو پێکدادانە یەک کوژراو 209 بریندار دەبێت.
ئیریک جارێکى تر داوایەکى تر بڵاو دەکاتەوەو بەناوى هەنگاوى دووەم لە ژێر سلۆگانى (هەموو فەرەنسا لە پاریس یەکبگرین بۆ خۆپێشاندانى 24- 11- 2018).
هێلەگە زەردەکان داوادەکەن خۆپێشاندانى 24- 11 لە شانزەلیزێ بکرێت، بەڵام پۆلیس ڕیگایان پێناداو شوێنى تریان بۆ دەست نیشان دەکەن کە نزیک شانزە لیزێە.
لە ناو هێلەگە زەردەکان دوو بۆچون دروست دەبێت، لایەنێک دەڵین: با جەخت لەسەر پاریس بکەین و بەرەو پاریس بڕۆین و، لایەنێکى تر دەڵین: با هەرشوێنەو چالاکى خۆمان هەبێت.
لە م خۆپێشاندانە پۆلیس ڕیگایان لێدەکرێت کە بچنە شانزە لیزێ، بەڵام لەبەر زۆرى ژمارەى هێلەگە زەردەکان لە کۆنترۆلى پۆلیس دەردەچن و پۆلیس گازى فرمێسک و تەوژمى ئاو بەکاردەهێنێت.
بۆ حەفتەى سێیەم لە 01- 12 لەسەر زۆر لە ڕیگاکان بەربەست دادەنێن و شەقامە خێراکان کە بەپارە دەچیتە سەریى، ڕیگاى پارە وەرگرتن دەگرن و لەزۆر لە شارەکان شەڕو پێکدادان ڕوودەدا و هێلەگە زەردەکان کۆکتێلى مۆلۆتۆف و بەرد و دار بەکار دەهێنن و بەرامبەر بەوانیش پۆلیس گازى فرمێسکاوى و تەوژمى ئاو و دار.
شانزە لیزێ بە قەولى هەندێ لە ڕۆژنامەنوسان وەک ساحەى شەڕى لێدێت، لە شکاندن و بڕینى دوکان و سوتاندنى ئوتۆمبیل و هەڵکەندنى شەقامەکەو کە لە بلوکى بەردى بچوک دروست کراوە ئاگرو دوکەڵ وگازتیکەڵ دەبێت. زەرەرى مادى هێندە زۆرە ناژمێردرێت تەنیا لە یەکێ لە دوکانەکانى دیۆر لەسەر ئەو شەقامە بە ملیۆن ئیرۆ دەژمێردرێت. لەو ڕۆژە لە پاریس 110 کەس بریندار دەبێت 412 کەس دەیگیرێن و بە قسەى وەزارەتى ناوخۆ 136000 کەس بەشدارى ئەو خۆپێشاندانە بوون وە ئەم ژمارەیە پێدەچێت دور بێت لە ڕاستى بەقسەى میدیاو پارتەکان کە زۆر لەم ژمارەیە زیاتر بوبێت.

هێماى ئەو کەسانەى گیراون
جگە لەوانەى کە تێکدەرن و بەتایبەتى وەک پیشەیى هەردەممیان لە هەر شوێنێ خۆپێشاندان بکرێت ئەوانە بەدواوەى خۆپێشاندانەکە دەکەون و شت و شوێن شکاندن و دزى کە زۆربەیان گەنجن و لە پاشکۆى ژیانن بێ کار و بێ شەهادەو دەرمانخۆرن و دژ بە هەمو کۆمەڵگان و رقى فەشەل و شکستى خۆیان بەسەر خەلک دادەڕژێنن، ئەمانە بەشێکیان ناسراون لاى پۆلیس و لە و خۆپێشاندانە زۆربەیان بێ هێلەگى زەرد بوون وە هێندێکیشان هێلەگى زەردیان لەبەرکردوە تا خۆیان بئاخنە ناو گروپى خۆنیشاندەران هەندێکیشیان هەر هێلەگە زەردەکان بون کە خۆیان ئامادە کردبوو بۆ تێکدان و شەڕ و بە پێداویستى شەر چوبونە خۆپێشاندانەکان.
هێلەگە زەردەکان کە گیراون لە هەمو تەمەنێکن، لەکرێکارو موچەخۆرى مام ناوەند و خانەنشین، لە دامەزراوەى کەرتى تایبەت و حوکومى، لە ژن و لە پیاو لە خەڵکى شارو لادێ. لە هەوادارانى پارتە جیاوازەکان و لەوانەى کە هیچ کات دەنگیان نەداوە، زۆر ناهاوچەشنن ناتوانین سیفەتێکى تایبەتیان بدرێتە هەمویان ئەوە نەبێت کە زۆربەیان لە چینى مام ناوەندو کەمتر لە مام ناوەند کە بێزار و نائارامن لەدەست ژیانى سەخت و ترسى لە دوارۆژى خۆیان و منداڵیان و بونیان لە کۆمەڵگایەکى نایەکسان.

دانوستاندنى حکومەت و هێلەگە زەردەکان
تاکو ئیستا کە چینێک یان توێژێک یان کۆمەڵێک گەر کەوتابانە ناکۆکى لەگەڵ سیاسەتى حکومەت، ئەوا هەردولا نوێنەریان دەست نیشان دەکرد و دەکەوتنە گفتوگۆ و دۆزینەوەى چارەسەر بۆ ئەو ناکۆکیە.
ئەوەى تازەیە لە بزوتنەوەى هێلەگە زەردەکان ئەوەیە هێلەگە زەردەکان بێ نوێنەرن. کەسیان نیە ببێتە نوێنەرو ئەو کەسەى دەبێتە نوێنەر بەشێک لە خۆیان دانیان پێدانانێن، بزوتنەوەیەکى پەرش و بڵاوەو یەکتر ناناسن، ڕەنگبێ لە شوێنێکى دیارىکراو یەکتر بناسن، بەڵام لەسەرانسەرى فەرەنسا یەکتر ناناسن تاکە ناسینیان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەو ئەوەش ناتوانن حوکمى لەسەر بدەن بە چەند جریوەیەک یان پۆستى سەر فێسبوک. هێلەگە زەردەکان پێکهاتەیەکى کلاسیکیان نیەو ڕێکخراوەیی نین و، نە بیروباوەڕ نە دیدى سیاسى و نە چینایەتى پێکەوەیان نابەستێتەوە لە مێژوى فەرەنسا چەند بزوتنەوەیەکى وا ڕووىداوە دژ بە بەرزبونەوەى سوتەمەنى وەک لە ساڵانى: 1950- 1973- 1978- 1995- 2000- 2008،  بەڵام ئەو بزوتنەوانە هەمو جار یان پارتێک یان یەکێ لەسەندیکاکان ڕۆڵى سەرەکى تێدا بینیوە.
حکومەت داواى لە هێلەگە زەردەکان کردوە کە نوێنەریان دانێن تاکو پێکەوە دانیشن و لە شێوە چارەیەک بگەڕین.
هێلەگە زەردەکان 8 نوێنەریان دانا لەوانە پریسیلیا و ئیرک، بەڵام تەنیا ئیریک چو بۆ بینى وەزیرى ژینگە ئەوانى تر هەڕەشەیان لێکرا کە بەشدار نەبن، چونکە بەشێکیان بە نونەرى خۆیان نازانن، حکومەت کەوتۆتە حاڵەتێک نازانێ چۆن بەرەو پێشەوە بڕوا یەک لایەنە.

داواکاریەکان
لەسەرەتادا داواکاریەکانیان پەشێمانبونەوەى حکومەت بو بۆ بەرزکردنەوەى نرخى بەنزین و دیزێل، ئیستا زۆر داواکارى ترى بەدوا داهاتوە و هەندێکان سەیرو سەمەرەن بەپێى پێداویستى ئەو گروپە لە چ شوێنێکن. ئەوەى زیاتر دوبارە دەکرێنەوە:
1- دابەزاندنى نرخى بەنزین و گازوایل لەجێگاى ئەوە نرخى کیرۆسین (بەنزینى تەیارە) نەوتى ڕەش بۆ (پاپۆڕەکان) ئەمانە بەدەست کۆمپانیا زەبەلاحەکانن.
2- زیادکردنى کەمترین موچە کە بە 1188 ئیرۆ بۆ ساڵى 2018دانراوە و (ساڵانە بەپێى هەڵئاوسانى پارە دەگۆڕدرێت) بۆ 1300 ئیڕۆ،
3- گەڕانەوەى ساڵى خانەنشینى بۆ 60 ساڵى (ئیستا 65 ساڵە)
4- وازهێنان لە باجى داهات کە ئیستا یەکسەر لە خاوەن کار وەردەگیرێت لە موچەى کارکەرەکە و وەک جارانى لێبێتەوە کە کارکەرەکە خۆى ساڵانە دەیدا.
5- سیستمى باجى فەرەنسى بەشێوەیەکى فێڵى شەرعى زۆر ڕیگاى تێدایە کە کۆمپانیا گەورەکان و پارەدارەکان بە ئاسانى لەو باجەیان کەمدەکەنەوە، حکومەت ئەو سیستەمە بگۆڕیت حکومەت دەتوانێت پارەى زۆر بۆ خۆى بگەڕێنێتەوەو بەو پارانە پارەى خانەنشینى و نرخى کەمترین سعاتى ئیش زیاد بکا و رێگاو خەتى شەمەندوفەر زیاد بکا.
6- وازهێنانى حکومەت و ماکرۆن (بەپێى ڕاپرسیەک ماکرۆن و فلیپ ئیدوارد لە نزمترین خالى لێڕازیبونیان هەیە و ماکرۆن وەک سەرۆکى دەوڵەمەندان دادەنرێ و زیاتر بڕیارەکانى لە خزمەتى دەوڵەمەندەکاندایە)

ڕۆڵى سەندیکا لە بزوتنەوەی هێلەگە زەردەکان:
لە فەرەنسا لە ساڵى 1895 (CGT) یەکەم سەندیکایە دامەزراوە 30% خەڵکى سەندیکى لەگەڵیانن، (CFDT) 30% ، (FO) 18%، (CFE-CGC) 11%، وە لەساڵى 1919 (CFTC)دامەزراوە و ١11% خەڵکى سەندیکى لە گەڵدایە.
11% موچەخۆران ئەندامى سەندیکاکانن، ئەو سەندیکانە لە هەندێ سێکتەرا زۆر بەهێزن بەتایبەتى لە کۆمپانیا زلهیزەکانى حکومى وەک شەمەندوفەرو هاتۆچۆ، کە مان دەگرن هەمو وڵات توشى شەلەل دێت و کارکردن زۆر زەحمەت دەبێت. ئیستا هەست دەکەن بە دروست بونى هێلەگە زەردەکان رۆڵى سەندیکاکان بەرەو لاوازى دەڕوا و نەیان توانیوە ئەو هێزە لەبن نە هاتوە بۆ خۆیان ڕاکێشن، هەندێکیان بە نێگەتیڤانە سەیرى ئەو بزوتنەوەیەدەکا و هەندێکیشیان گەیشتونەتە ئەوەى کە گەر ئەوان نەیانتوانیوە ئەم هێزە بخەنە پاڵ خۆیان با ئەوان بڕۆنە پاڵ ئەم هێزە.
میللەتى فەرەنسا بە هەمو شت ڕازى نابێت چۆن کاتى خۆى جنرال شارل دیگۆل دەلێت (چۆن میللەتێک رازى بکەم خاوەنى 258 جۆرى پەنیرە).
خۆپێشاندان و مانگرتن بەشێکە لە کولتورى ئەو میللەتە، کاتى خۆى بەنقەکان مافى مانگرتنیان نەبو مانیان گرت تا ئەو مافە بەدى بهێنن و کە ئەو مافەیان بەدى هێنا کەوتنە مانگرتن.

هەنگاوەکانى حکومەت لە و حەفتەیە
سەروکى حکومەت ئیدوارد فلیپ لە پرێس لە کۆنفرەنسیکدا 04- 11 گوتى، ناڕەزایەکى زۆرو توڕە بونێکى زۆر هەیە لە زۆر شوێن لە زۆر شار، ئەم توڕە بونە هى ئیستا نیە و لەقوڵایەوە سەرهەڵدەدات پاش داپۆشینێکى درێژ لە بەر شەرمکردن یان تا خۆیان بەکەم نەزانن، بەڵام ئەورۆ زۆر بە هێزەوە و بە جەماعى هاتۆتە دەرەوە، وەک سەرۆکۆمار و پەرلەمانتارەکان دەیبنم و گوێم لێیەو دەزانم لە کاتێکى خەتەرناک داین و هیچ باجێک ئەوندە گرینگ نیە کە ژیانى خەڵکەکانمان بەقوربانى بکەین.
1- سەروکى حکومەت ئیدوارد فلیب هەندێ چاوپێکەوتنى کردوە لەگەڵ ڕاوێژکاران تا دیدى ترى هەبێت بۆ چارەسەر.
2- قەول وابو گروپێک لە هێلەگە زەردەکان ببینێ، بەڵام روى نەدا.
3- دانیشتنێکى تایبەت بەم پرسە رۆژى چوارشەممە و پێنج شەممە لە پەرلەمان بەڕیوە دەچێت.
4- حکومەت بۆ ماوەى 6 مانگ هەمو باجێکى سەر سوتەمەنى ڕادەگرێ. ئەو باجە دەکاتە 7 % ى هەموو بودجەى ساڵى  2019 کە دەکاتە نزیک 100 ملیار ئیرۆیە
5- دوا خستنى ساڵانەى ئۆتومۆبیل
6- ڕاگرتنى باجەکانى کارەباو گاز
7- زیاد کردنى ( کەمترین موچە) ناکرێت هەر وەک بڕیارە 3% زیاد دەکرێت وە ئەم زیادە زیادەى هەڵئاوسانى پارەى ساڵانەیە. زەحمەتە کەمترین موچە زیاد بکرێت بە تایبەتىبۆ ئەو خاوەن کارەانەى کە ژمارەى کرێکارانى کەمەو قازانجى ساڵانەیان کەمە بەرگەى ئەم زیاد کردنە ناکەن و ڕەنگبێ بەپێچەوانە ببێتە هۆى زیاد کردنى بێئیشى و جگە لەمەش حکومەت لە بەشێک لە و باجانەى خاوەن کرێکارى ژمارە کەم خۆش بوە تا یارمەتیان بدەن و بێئیشى گەنج بەکار بخەن. بەزیاد بونى ( کەمترین موچە) وا دەکا هەڵئاوسان زیاد بکا و ئەو زیاد بونەى موچە ئەو کاتە چ سودێکى نابێت.

وەڵام دانەوەى هێلەگە زەردەکان
بەشێکیان رازین و بەشێک بە چاو بەستنەوەى دادەنێن و دەڵین ئەمە تەنیا هەڵپەساردنە و ئەوە بەس نیە، دەبێت ئەم بڕیارە لا ببردرێ. (کەمترین موچە) زیاد بکرێت. باجى سەر خانەنشین لاببردرێت. هەندیکیان داواى ئەوە دەکەن کە حکومەت و سەروک کۆمار بڕۆن و جارێکى تر هەڵبژاردن بکرێتەوە. بەشک لەوانە داوایان کردوە کە رۆژى شەممەى داهاتو خۆپێشاندان بکەنەوە و ئەمە دەبێتە تاقیکردنەوەیەک بۆ حکومەت.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
وتاریکورد

ئەرشیڤی بەڕێز: وتاریکورد