نەوزادى موهەندیس: پێدەچێت لەدایکبونى حکومەتى هەرێم پێویستى بەعەمەلیاتى قەیصەری بکات!

زیاد لە 2 مانگى تەواوە کە هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستان ئەنجامدراوە لە 30/9/2018دا، کە چى هێشتا دیار نیە کەى دەستەى سەرۆکایەتى پەڕلەمان هەڵدەبژێردرێت تا دەستبکرێت بە گفتوگۆى سیاسى لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

زیاد لە 2 مانگى تەواوە کە هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستان ئەنجامدراوە لە 30/9/2018دا، کە چى هێشتا دیار نیە کەى دەستەى سەرۆکایەتى پەڕلەمان هەڵدەبژێردرێت تا دەستبکرێت بە گفتوگۆى سیاسى لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا بۆ بەشداریکردن لەو حکومەتەى کەهەموان وەکو (گۆدۆ) چاوەڕوانى دەکەین کە هەر دەرناکەوێت، هەموان بەپەرۆشەوە چاوەڕوانى دەستپێکردنى ئەو گفتوگۆیانەین چونکە هەموان زۆر بەپەرۆشن بۆ بەشداریکردن تیایدا، بەڵام ئەوەى لێپرسراوێتى یەکەم و گەورەى دەکەوێتە ئەستۆ بریتیە لە لایەنى براوەى یەکەم،چونکە دەبێت ئەو دەستپێشخەر بێت بۆ دەستپێکردنى گفتوگۆکان و ئاڵوگۆڕى بیروڕاکان و ئامادەکردنى ڕەشنوسى کار و بەرنامەى حکومەتى ئایندە و پلان و دیدگا و پڕەنسیپە سەرەکیەکانى تائەوانى تریش ڕاى خۆیانى لەسەر دەرببڕن و دواتریش بیکەنە بەرنامەى هەموان و کارى لەسەر بکەن لە حکومەتى ئایندە و ببێتە نەخشەڕێگاش بۆ حکومەت بۆ 4 ساڵى ئایندە. بەڵام ئەوەى دەبینرێت و هەستى پێدەکرێت ئەوەیە کە ئەو لایەنە بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست کارى جدى نەکردوە و نایکات، لەلایەک بەهۆى کێشە ناوخۆیەکانى خۆى و یەکلا نەکردنەوەى بەربژێرى حیزبەکەى بۆ سەرۆکى حکومەت و لەلایەکى تریشەوە چاوەڕوانى یەکلاکردنەوەى حکومەتى بەغداد دەکات بۆ دانانى ئەو 8 وەزیرەى کەماوە و بەدیاریکراویش گەرەکێتى بزانێت کە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان پۆستى وەزارەتێکى لەبەغداد بەردەکەوێت یان نا، چونکە پارتى دیموکراتى کوردستان زۆر هەوڵدەدات و فشار و هەڕەشەش دەکات کە نابێت یەکێتى ئەو پۆستەى بەربکەوێت لە بەغداد، جا گەر ئەو پۆستە بەریەکێتى بکەوێت ئەوا ئاڕاستەى گفتوگۆکان لەهەرێم بە ئاڕٍاستەیەک دەبێت کە زیاتر خەمساردى و دواکەوتنى پێوەدەردەکەوێت و گەر بەو ئاڕاستەیەش بێت کە پارتى هەوڵى بۆ دەدات ئەوا گفتوگۆکان گەرمتر و جدیانەتر دەستپێدەکەن و پارتى زیاتر هەژموونى خۆى و مەرجەکانى خۆى دەسەپێنێت و بەبیانوى هێزى یەکەم و توانستى بۆ پێکهێنانى حکومەت لە ڕووى ژمارەوە بەپشتیوانى کۆتاکان و لایەنى تریش گەرەکێتى فشار بخاتە سەر یەکێتى بۆ بەشداریکردن یان نەکردنى لەحکومەتى ئایندەدا، هەرچەندە ڕایانگەیاندوە کە بەبێ یەکێتى ئەو حکومەتە پێکنایەت، چونکە یەکێتى بۆخۆشى هێزى دووەمى کوردستانە و خاوەن نفوزى گەورەى جەماوەرى و ئابورى و سیاسى و ئەمنیشە لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەشدا و ناکرێت و کارێکى ژیرانەش نابێت کە یەکێتى نیشتیمانى پەراوێز بخرێت و وەکو شەریکێکى ڕاستەقینەش سەیر نەکرێت، چونکە بەشدارنەکردنى یەکێتى هەموو دۆخە سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتیەکانیش بە ئاڕاستەیەکى خراپ و زیاتر لێکدوورکەوتنەوە دەبات و هەرێمیش ڕووبەڕووى دووئیدارەیى نەخوازراو دەبات.
بۆیە گەرەکە لەهەموان بەتایبەتیش پارتى و یەکێتى کە هەوڵى جدى بدەن بۆ هەرچى زووتر هەیە بۆ یەکلایکردنەوەى ناکۆکى و ململانێکانیان لەسەر پۆست و پلەو ئیمتیازاتەکانیان و بەگیانێکى برایانە و کوردانە و لێپرسراوانەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن چونکە قەدەرى ئەم میلەت و هەرێمە بەسراوتەوە بەئەوان و هێزى هەردوو پارتى و یەکێتى بە پلەى یەکەم و ئەوسا ئەوانیتریش. بۆیە هیچ پێویست ناکات لەسەر پۆستێک یان ئیمتیازاتیکى کاتى کێشەکان قوڵتر بکەنەوە و باشتر وایە کە چاوەڕاونى لەدایکبونى حکومەتى بەغداد نەکەن و زوو بەزوو دەستبکەن بە یەکلاکردنەوەى گرێ کوێرەکانى پەڕلەمانى کوردستان و دواتریش حکومەتى ئایندەى هەرێمى کوردستان،چونکە ناکرێت زیاد لە 2 مانگ ئەم هەرێمە بەبێ پەڕلەکان و حکومەتێکى کارا و ئاکتیڤ بمێنێتەوە ،بەتایبەتیش دۆخى ناوچەکە ڕوو لە لێکترازانى زیاتر و هەڕەشەى جەنگ و توندبونەوەى ململانێکانى لێدەکرێت بەتایبەتیش لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا، بۆیە هەق وایە کە هەردوولا و هەموانیش پێکەوە کارى جدى بکەن بۆ لەدایکبونێکى سروشتى حکومەتى ئایندەى کوردستان نەک دوابخرێت و پێوسیت بە عەمەلیاتێکى قەیێەرى بەپەلە و کتوپڕ بکات کە ئەو کات زیانەکانى زیاتر دەبێت لە سوودەکانى چونکە پەلەپڕوزێى پێوەدیار دەبێت و ناکامڵ ونەبەکام و بێتواناش دەردەکەوێت. ( چونکە لە زانستى پزیشکیدا تەنها ئەو کاتانە پەنادەبرێتە بەر عەمەلیاتى قەیێەرى کە لەدایکبونى ئاسایى گرفتى هەبێت ومەترسى لەسەر کۆرپەکە و دایکەکەش دروستببێت بەهۆى ئاسایى نەبلونى پڕۆسەى لەدایکبونەکەوەوە). بۆیە بەهەق لەئێستادا لەدایکبونى حکومەتى هەرێم زۆر دواکەوتوە و ڕەنگە پێویست بەو عەمەلیاتە قەیصەریە بکات، جا ئەو عەمەلیاتەش پێویستى بە پزیشکى زانا و زیرەک و بەهیەمەت و دڵسۆز و خاوەن ئەزمون و شارەزایى تەواو هەیە و بەهەموو پزیشکێک ناکرێت.
بۆیە گەرەکە یەکێتى و پارتى بەئەزموون و شارەزایى خۆیان ئایندە و پێکهێنانى حکومەت یەکلابکەنەوە و بەحکومەتێکى بەهێز و ترکەمە و خاوەن بڕیارەوە پێ بنێنە ساڵى نوێى 2019وە.کاربکەن بۆ 4 ئایندە و کۆمەڵگا و هەرێمەکەشمان بەئارامى و ئاشتى خۆشبەخت بکەن و هەلى کار و بازاڕ دایینبکەن و ببوژێننەوە و خزمەتى زیاتر بەهەموان بکەن بەبێجیاوازى و کارى جدى بکەن بۆ کۆتایهێنان بەقەیرانى دارایىو هەڵگرتنى پاشکەوتى مووچەى فەرمانبەران و نەهێشتنى گەندەڵى و ڕاستکردنەوەى هەڵەکانى 27 ساڵى ڕابووردوو و دەستیشبکەن بە پڕۆسەیەکى چاکسازى لە سەرجەم ئۆرگانەکانى حکومەتدا و حکومەت بکەنە حکومەتى هاوڵاتى و ماف و یەکسانى و دادپەروەرى و سەروەرى یاسا و دواتریش بەو حکومەتە بەهێزەوە مامەڵە لەگەڵ بەغداد بکەن و ببنە پارێزەر و هەقسەندنەوەى مافە ڕەوا دەستوریەکانى کوردیش لە بەغداد . ئەمە کار و ئەرک و چاوەڕوانیەکانى هەموانە لەو حکومەتەی کەهەموان چاوەڕوانیدەکەین.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
نەوزادی موهەندیس

about نەوزادی موهەندیس