ئیسماعیل تەنیا: ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردی، 1975- 1993.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراق، لە ساڵی1934 دا، وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو لەنێو کۆمەڵگەی عێراقی بە گشتی و کوردستاندا بەتایبەتی. پێش بوونی ئەم حزبە، هەست کردن بە جیاوازی چینایەتی، جگە لەلای دەستەبژێرێک لە ڕۆشنبیرو خوێندەواران بەولاوە، بوونی نەبوو. بەهۆی خەباتی کادیرانی ئەم حزبە لەنێو چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگاو، دواتر کردنەوەی بارەگا یاخود (هەرێمی کوردستان)ی ئەم حزبە لەشارە گەورەکانی کوردستاندا، ئیدی خەڵک هوشیار بۆوەو هەستی بەوە کرد کە لەپاڵ چەوساندنەوەی نەتەوایەتی کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەرهەقیان ئەنجام دەدرێت، لەلایەن ئاغاو دەرەبەگ و خاوەن مولکە گەورەکانیش، ڕوبەڕوی جۆرە چەوساندنەوەیەکی تر دەبنەوە کە ئەویش، چەوساندنەوەی چینایەتییە. ئەوان، فیکری تازەو چمکی مۆدێرنی وەک: (یەکسانی ژن و پیاو، خەباتی کرێکاران، چەوساندنەوەی چینایەتی، مافی مرۆڤ، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، …. تاد)یان، لە کوردستاندا، بڵاوکردەوە.
هەر لەم سەرو بەندەو، هەشت نۆ ساڵێک دوای ڕاگەیاندنی ئەم حزبە، کۆمەڵێک ئەندامی چاڵاک و ڕۆشنبیری (حزبی هیوا)، کە خاوەن دیدو بۆچوونی فیکری چەپ بوون، لە (هیوا) جیابوونەوەو، لەساڵی 1943 دا، ڕێکخراوێکیان بەناوی (کۆمەڵی میللەت)، دامەزراند، کە دەتوانین بە یەکەم ڕێکخراوی سەربەخۆی چەپی کوردی، ناوزەدی بکەین. ئەم ڕێکخراوە، هەرلەم ساڵەدا، بڵاوکراوەیەکیان بەناوی (دەنگی کورد)، بڵاوکردەوە، کە بە دەستنووس، بڵاودەکرایەوە. هەر لەهەمان ساڵدا، عەبدولسەمەد محەمەد ناسراو بە ( سەمەد مەنجەڵ)، ئەندامی ئەم ڕێکخراوە لە شاری کۆیە، بڵاوکراوەیەکی یەک لاپەڕەیی بە دەستنووس، بەناوی (بڵێسە، بڵاو دەکردەوە. بەداخەوە، تا ئێستاکە دانەیەک لە هەردوو بڵاوکراوەکە: (دەنگی کورد) و (بڵێسە)، نەدۆزراونەتەوەو لەبەر دەستدا نین. ئەو زانیارییانەی هەشن هەر وردە زانیاری نێو یاداشت و پەراوێزی ڕوداوەکانە… هەتا ئەمەی دواییان (بڵێسە)، هەندێک دەڵێن هەر بوونی نەبووە، ( بۆ ئەم مەبەستە بڕوانە: بورهان حاتەم گۆمەتاڵی، ساڵح حەیدەری 1922- 2001 ڕۆڵی سیاسی و ڕووناکبیریی، چاپی یەکەم، هەولێر،2012 ، لاپەڕە 170).
ڕێکخراوی (یەکێتی تێکۆشین)ی عەرەبی، لەسێ ڕێکخراوو گروپی مارکسی لەساڵی 1943 دا، دادەمەزرێت. لە هاوینی هەمان ساڵدا، بە مەبەستی یەکگرتن، پەیوەندی بە ڕێکخراوی (کۆمەڵی میللەت)ەوە، دەکەن. پاش گفتوگۆو دانوستاندن، هەردوولا، یەکدەگرن. مەرجی کوردەکان ئەوە بوو: کە لقێکی کوردی (وحدة آلنضال)، لە کوردستاندا بکەنەوەو ڕۆژنامەیەکیش بەزمانی کوردی بەناوی (یەکێتی تێکۆشین)، دەربکەن. یەکەم ژمارەی ئەم ڕۆژنامەیە، لەهاوینی ساڵی 1944 دا، بڵاوکرایەوە کە (نافع یونس و سالح حەیدەری و عەلی عەبدوڵلا)، سەرپەرشتکارو لێپرسراوی بوون. بەشە کوردییەکەی ئەم ڕێکخراوە (یەکێتی تێکۆشین)، خۆیان هەڵوەشاندەوەو ناوی خۆیان کردە (حزبی کۆمۆنیست لە کوردستانی عێراق). لە کۆتایی ساڵی 1944 دا، ئەم حزبەش، خۆی هەڵوەشاندەوە. دەبێ ئەوەش بگوترێت کە ڕۆژنامەی (یەکێتی تێکۆشین)، یەکەمین ڕۆژنامەی چەپی کوردییە لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا. لەمە بەدواوە، کادیرو سیاسەتمەدارە کوردەکانی ناو ئەم حزبەو دەرەوەیدا، لەبواری ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردی، درێژەیان بەخەبات کردندا.
گرنگترین ئەم گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوە کوردییانەی کە لەنێوان ساڵانی (1945-1975)دا، دەرچووینەو دەچنە خانەی مێژووی ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردییەوە، دەکرێت وا پۆلینیان بکەین:
1- ڕۆژنامەی (ئازادی): ساڵی (1945) بەنهێنی دەرچووە. لەساڵی (1959)دا مۆڵەتی وەرگرتوەو، بە ڕەسمی و ئاشکرا، بڵاوکراوەتەوە.
2- ئاڵای کارگەران: حزبی شێوعی عێراق (هەرێمی کوردستان- لقی سلێمانی)، بەنهێنی، دەریکردوە.
پاش لێکترازانە مێژووییەکەی ساڵی (1964)، باڵی جیابۆوە (پارتی دیموکراتی کوردستان- مەکتەبی سیاسی)، کە دواتر بە (جەلالی)، ناسران، ئەندام و هەوادارانی بەشێک لەم باڵە، خەریکی زەمینەسازی بوون بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تازە. لەم پێناوەدا، لەساڵی (1969)، ڕۆژنامەی ڕووناکی (آلنور)، بە عەرەبی و، گۆڤاری (ڕزگاری)یان بەکوردی، دەردەکرد. بڵاوکردنەوەی وتارو ڕەخنەو گفتوگۆکانی نێو ئەم دوو ڕۆژنامەو گۆڤارە، بوونە زەمینە سازییەک بۆ دروستبوونی (کۆمەڵەی مارکسی- لینینینی کوردستان)، لەساڵی 1970 دا. دوای (آلنور)و (ڕزگاری)ش، (ئاڵای سوور- تەموزی 1973، ئۆرگانی کۆمەڵەی مارکسی- لینینینی کوردستان) و، (بیری نوێ)ی حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، لەساڵی 1972 دا، بڵاوکرانەوە.
لەدوای کارەساتی ئازاری (1975)و، کۆتایی هاتنی شۆڕشی ئەیلول، هەر دوای ساڵێک، دووبارە خەباتی چەکداری دەستی پێکردەوەو، ئەمجارەیان لەجیاتی خەباتی تاک حزبی، زەمینەی ئەوە ڕەخسا کە کۆمەڵێک حزب و ڕێکخراوی جیا جیا دروست ببن و، درێژە بە کاروانەکە، بدەن. لەگەڵ بوونی هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی عێراق و، (کۆمەڵەی مارکسی- لینینینی کوردستان)، کە دواتر ناوەکەی بۆ (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)، گۆڕدراو، باڵی قیادەی مەرکەزی حزبی شیوعی عێراق، ڕیکخراوێکی تری چەپ بەناوی (بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان) لە ساڵی (1976)دا، دامەزرا. ئیدی لەمە بەدواوە، ڕێکخراوو گروپی بچووک بچووکیتر دروستبوون و تا ساڵی (1985)، توانییان کۆمەڵێک گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوە دەربکەن، کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:
1- ئاڵای یەکگرتن: ڕۆژنامەیەک بوو حزبی شیوعی عێراق ( باڵی قیادەی مەرکەزی)، بەزمانی کوردی، لەساڵی 1976، لە سوید، دەریکردوە.
2- ڕەنجدەر: بڵاوکراوەیەکی نهێنی بوو، ڕێکخراوی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە ساڵی (1976)دا، دەریکردوە. ئەم ڕێکخراوە، هەر لەم ساڵەدا دامەزراوە.
3- ئاڵای شۆڕش: کۆمەڵەی مارکسی- لینینینی کوردستان، لەساڵی (1977)دا، دەریکردوە.
4- کۆمەڵە: گۆڤارێک بوو، (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)، لەساڵی (1978)دا، دەریکردوە.
5- تێکۆشان: ڕیکخراوی (تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان)، کە شەهید (رەئوف ئاکرەیی) لێپرسراوی بوو، بە نهێنی لەشاری سلێمانی، لەساڵی (1978)دا، دەریکردوە.
6- ڕاپەڕین: کۆمەڵەی مارکسی- لینینینی کوردستان- لقی ئەوروپا، لەساڵی (1978)دا، دەریکردوە.
7- ڕێگای کوردستان: حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، دوای دەرچوونیان بۆ شاخ، لەساڵی (1980)دا، دەریانکردوە.
8- سۆسیالیست: گۆڤارێکی تیۆری بوو، (حزبی سۆسیالیستی کوردستان)، لەساڵی (1981)دا، دەریانکردوە.
9- ڕێگای ئازادی: ئۆرگانی ناوەندی حزبی سۆسیالیستی کوردستان بووە، لەساڵی (1981)دا، دەرچووە.
10- کار: بڵاوکراوەیەک بووە لەنێوان ساڵانی (1981-1982)دا، نزیکەی سێزدە ژمارەی لێدەرچووە.
11- گۆڤاری (ڕێبازی زەحمەتکێشان)، لەنێوان ساڵانی (1983-1985)دا، یازدە ژمارەی لێدەرچووە.
لەساڵی (1985)، لەهەناوی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) و (حزبی سۆسیالیستی کوردستان)دا، دوو ڕێکخراوی چەپ دروستبوون کە خۆیان لە دایکە چەپەکانیان بە چەپتر دەزانی، ئەمانە بریتیبوون لە:
12- ئاڵای شۆڕش: ساڵی (1984) هەوڵیانداو لەساڵی (1985)دا، بە ڕەسمی دروستبوونی خۆیان ڕاگەیاند. (مەلا بەختیار) ڕێبەرایەتی دەکردن.
13- حزبی سۆسیالیستی کوردستان- ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ، لەساڵی (1985)، بە ڕێبەرایەتی (قادر عەزیز و عەبدولخالق زەنگەنە)، دروستبوو. ئیدی ئەمانەش بە بڵاوکردنەوەی ئۆرگان و گۆڤارەکانیان، مێژووی ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردیان، دەوڵەمەندتر کرد. لەساڵی (1985)ەوە تاوەکو ڕاپەڕین، کۆمەڵێک گۆڤارو بڵاوکراوەی تر، چ لەلایەن ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکانی سەر گۆڕەپانی خەباتی چەکداری، یان لەلایەن ڕێکخراو و دەستەو گروپی تازە دروستبوو لەنێو شارەکانی کوردستاندا، بڵاوکرانەوە، بریتیبوون لە:
14- بیری نوێ: گۆڤارێک بوو، حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، لەساڵی (1985)دا، دەریکردوە.
15- سۆسیالیزم یان بەربەری: بڵاوکراوەیەکی کۆمۆنیستی بووە، لە مانگی ئابی (1985)، لە سوید دەرچووە.
16- پێشکەوتن: گۆڤارێکی تیوری بوو، حزبی سۆسیالیستی کوردستان- ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ، کە دواتر بوونە (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان)، لەساڵی (1986)دا، دەریانکردوە. تەنها پێنج ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە.
17- دەنگی کرێکار: بڵاوکراوەیەک بوو، ئاڵای شۆڕش لەساڵی (1986)دا، دەریکردوە.
18- ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم: گۆڤارێک بوو لە بنچینەدا بە زمانی عەرەبی دەردەچوو. چاپە کوردییەکەی لەلایەن حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، لە ساڵی (1986)، لە سوریاوە، بڵاودەکرایەوە.
19- ئاڵای ئازادی: ئۆرگانی ناوەندی حزبی سۆسیالیستی کوردستان- ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ بوو و لە ساڵی (1986)ەوە، بڵاو دەکرایەوە.
20- ڕابەر: گۆڤارێک بوو، (ئەڵقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست)، بەنهێنی لە شاری هەولێر، بە دەستنووس ( بە کاربۆن لێی زیاد دەکرا) و بڵاو دەکرایەوە. لە ساڵی (1987)، دەرچووە. ئەڵقەی ناوبراو، لەساڵی (1987)، لەلایەن (عەبدوڵلا سلێمان مەشخەڵ، نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، جەمال کۆشش)، دامەزراوە.
21- ئاسۆی سۆسیالیزم: بڵاوکراوەیەک بوو، ڕێکخراوی (کۆمەڵەی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست- کۆتک)، لەساڵی (1987)، دەریاندەکرد. ڕێکخراوی ناوبراو، لە ساڵی (1987)، لەلایەن (سالار ڕەشید، ڕەحمان داود، ڕێبوار ئەحمەد)، دامەزراوە. – پەیامی کرێکاران: ئاڵای شۆڕش- کۆنفرانس،(گروپی عیماد ئەحمەد و ئەبوبەکر خۆشناو)، لەساڵی (1988)دا، دەریانکردوە. ڕێکخراوی ناوبراو، لە ئاڵای شۆڕش، جیا ببوونەوەو خۆیان بە (ئاڵای شۆڕش- کۆنفرانس)، دەناساند.
22- ئاڵا: ئاڵای شۆڕش- کۆنفرانس، لە ساڵی (1988)دا، دەریدەکرد.
23- خەباتی کرێکار: (کۆمەڵەی کرێکارانی یەکی ئایار)، لە ساڵی (1989)دا، دەریانکردوە.
24- ئاسۆی کرێکار: کۆمیتەی ڕێکخستنی هەولێری (ئاڵای شۆڕش)، بە نهێنی، لەناو شاری هەولێر، لە ساڵی (1989)دا، دەریانکردوە.
25- ئاڵای شۆڕش: ڕۆژنامەیەکی قەبارە گەورە (ئەی سێ ) بوو، (ئاڵای شۆڕش)، لە ساڵی (1990)دا، دەریاندەکرد.
26- نۆژەن: گۆڤارێکی تیوری بوو، (ئاڵای شۆڕش)، لە زستانی (1991)، یەک مانگ پێش ڕاپەڕین، دەریکردوە.
لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری (1991)، بەهۆی بەرقەرار بوونی ئازادی و نەمانی دەسەڵاتی ڕژێم لە کوردستاندا، چەندین گروپ و ڕێکخراوی چەپی مۆدێرن دروستبوون کە ئەندام و دامەزرێنەرانی زۆربەیان بە سیاسەتمەداری چەپی فارس (مەنسووری حیکمەت 1951-2002)، سەرسام بوون. لەژێر ڕۆشنایی نووسین و وتارەکانی ئەودا، خەباتیان دەکرد. گرنگترین گۆڤارو بڵاوکراوەی ئەم ڕیکخراوانە، لەم قۆناغەدا، ئەمانە بوون:
1- هەواڵنامەی کرێکار: بڵاوکراوەیەک بوو، (هەستەی کرێکارانی سۆسیالیست)، لە ساڵی (1991)دا، دەریاندەکرد. ڕێکخراوی ناوبراو، لە کۆتایی نیسانی (1991)دا، دامەزراوە.
2- بۆ پێشەوە: بڵاوکراوەیەک بوو، ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست)، لەساڵی (1991)دا، دەریدەکرد. رەوتی کۆمۆنیست، لەساڵی 1984دا، دامەزراوە.
3- پەیامی کرێکار: هەڵسوڕاوی بواری خەباتی چەپ لە کوردستان، تاهیر حەسەن، لە ساڵی 1991دا، دەریدەکرد.
4- سەرنجی کرێکار: بڵاوکراوەیەک بوو، کۆڕو کۆمەڵ و ئەڵقە کرێکارییەکان لەساڵی 1991 دا، دەریاندەکرد.
5- ئەدەبی کرێکاری: گۆڤارێکی ئەدەبی، خاوەن ئایدیای چەپ بوو، عەباس شوان، لەساڵی 1991، لە شاری سلێمانی دەریدەکرد. (33) ژمارەی لێدەرچووە.
6- پڕۆلیتاری: بڵاوکراوەیەک بوو، ڕەوتی کۆمۆنیست، لەساڵی 1991 دا، بڵاویدەکردەوە.
7- ڕێبازی کارکەر: بڵاوکراوەیەک بوو، (کۆمەڵەی خەباتی سور)، بە کوردی (کرمانجی خواروو)، لەساڵی 1991دا، دەریاندەکرد.
8- بڵێسە: بڵاوکراوەیەک بوو، (ئەڵقەی کۆمۆنیستی بڵێسە)، لەساڵی 1992 دا، دەریاندەکرد. ئەڵقەی ناوبراو لەساڵی (1985)دا، دروست بووە.
9- دەنگی بێکاران: ڕێکخراوی یەکێتی بێکاران، لەساڵی 1992دا، لە هەولێر دەریانکردوە. ڕێکخراوی ناوبراو، لە (02- 06- 1992)دا، لەلایەن (عەبدوڵلا سلێمان مەشخەڵ )ەوە، دامەزراوە.
10- شۆڕشی کرێکاری: بڵاوکراوەیەک بوو، (یەکێتی کرێکارانی کۆمۆنیست)، لەساڵی 1992دا، دەریانکردوە.
11- نینا: گۆڤارێکی ئەدەبی پڕۆلیتاری بوو، لەساڵی (1992)، لە هەولێر دەرچووە.
12- هاوپشتی کرێکاری: بڵاوکراوەیەکی ئەنتەرناسیۆنالیستی کرێکاری بوو، لەساڵی 1992دا، دەرچووە.
13- دەنگی کرێکار: دەنگی ناڕەزایەتی کرێکارانی چیمەنتۆی شاری سلێمانی بوو، بەداخەوە نازاندرێ کەی دەرچووە. بەندە (نووسەری ئەم بابەتە)، ژمارە حەوتی بینیوە، بەڵام مێژووی دەرچوونی لەسەر نیە.
14- کرێکارانی کۆمۆنیست: بڵاوکراوەیەک بوو، نازاندرێ کەی دەرچووە. دەڵێن سێ ژمارەی لێدەرچووە.
15- زەنگ: بڵاوکراوەیەک بوو، یەک دوو ژمارەی لێدەرچووە. مێژووی دەرچوونی دیار نیە.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان:
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، چەمکی چەپ و کۆمۆنیستی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا، بۆ (حزبی تودەی ئێران، دەگەڕێتەوە. کۆمەڵێک لە ڕووناکبیرو تێکۆشەرانی کورد، کە دواتر هاتونەتە ڕیزی (حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران)، سەرەتای خەباتی سیاسییان لە (حزبی تودە)ەوە، دەست پێکردوە. دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو و غەنی بلوریان، دوو سیاسەتمەداری دیاری کوردن و، سەرەتای کاری سیاسییان لە (حزبی تودە)وە، بووە. واتە، ئەوانە باکراوندێکی چەپ و کۆمۆنیستیان هەبووە. لە سەردەمی حوکمی (شا)دا، کۆمەڵێک گروپ و دەستەی هەڵگری ئایدیای چەپ لەساڵی (1969)، (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- کۆمەڵە)، بە ڕەسمی ڕادەگەیەنن و درێژە بە خەباتی سیاسی، دەدەن.
پاش ئەوەی کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەساڵی 1979دا، بە ڕێبەرایەتی (خومەینی)، دەسەڵات دەگرێتە دەست، نکوڵی لە مافە نەتەوایەتیەکانی کورد دەکات، لەپاڵ (حزبی دیموکراتی کوردستان- ئێران)، کە هەڵگری بیری ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بوو، کۆمەڵێک خەڵکی تری کورد، (حزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە)، لەساڵی 1983دا، دادەمەزرێنن و لەسەر ڕێبازی مارکسیزم- لینینیزم، لەپێناو بنبڕکردنی چەوساندنەوەی چینایەتی و بەرقەرار کردنی کۆمەڵگایەکی ئازادو بنیاتنانی سۆسیالیزم، درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن.
دوای ئەم (حزب و کۆمەڵە)یە، (مەنسوری حیکمەت)، لەساڵی 1990دا، (ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاری)، دادەمەزرێنێت، کە دواتر کاریگەری کردە سەر کۆمەڵێک گەنجی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان. لەژێر ڕۆشنایی نووسینەکانی ئەودا، کۆمەڵێک دەستەو گروپ و ڕێکخراوی کۆمۆنیزمی کرێکاری، هاتنە دامەزراندن. لەلایەن ئەم کۆمەڵ و حزبە چەپانەدا، کۆمەڵێک بڵاوکراوەو گۆڤار بڵاوکرانەوە، نموونەی:
1- (مردم)، یان (نامەی مردم): بڵاوکراوەیەک بوو (حزبی تودەی ئێران)، لە ساڵی 1979، لە (تاران)دا، بە زمانی کوردی، بڵاویدەکردەوە. ئەم بڵاوکراوەیە، چاپی فارسیشی هەبوو.
2- شۆڕش: بڵاوکراوەیەک بوو، (سازمانی ئینقلابی زەحمەتکێشانی کوردستان- کۆمەڵە)، لە ساڵی 1979دا، بە زمانی کوردی، بڵاویدەکردەوە.
3- خبرنامە: بڵاوکراوەیەک بوو، (سازمانی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە)، لەساڵی 1979دا، بە زمانی فارسی، بڵاویدەکردەوە.
4- پێشڕەو: ڕۆژنامەیەک بوو، هەمان سازمانی ناوبراو، لەساڵی 1983دا، بە زمانی کوردی، بڵاویدەکردەوە.
5- پێشەنگ: گۆڤارێکی ئەدەبی کرێکاری بوو، لە پایزی 1985دا، بە زمانی کوردی، لەلایەن (کۆمەڵە)وە، بڵاودەکرایەوە.

 ڕۆژئاوای کوردستان:
لە ڕۆژئاوای کوردستان (سوریا)دا، هەر لەگەڵ لێکترازانی (پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا)، لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، باڵێک لەم پارتە جیابۆوەو، خۆیان بە هەڵگری بیری چەپ و سۆسیالیزم، ناساند. دوای ئەوان، کۆمەڵێک گروپ و ڕێکخراوی چەپ، چ ئەوانەی لەناو وڵات، یان ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات، خەباتیان دەکرد، دروستبوونی خۆیان ڕاگەیاند، لە نموونەی:
1- گرێدانا مارکسیستێن کورد: ئەم گروپە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە شاری (عەفرین)، گۆڤارێکی ئەدەبی، کۆمەڵایەتی،یان بە ناوی (پێشەنگ)، بە زمانی کوردی، لەساڵی 1976دا، بڵاودەکردەوە.
2- هەمان ڕێکخراو، لەساڵی 1977، لە ئەڵمانیادا، ڕۆژنامەیەکی سیاسییان بە ناوی (ڕێیا ڕاست)، بە زمانی کوردی، بڵاو دەکردەوە، کە تا ساڵی (1980)، توانراوە دوازدە ژمارەی لێدەربکەن.
3- ڕێک (آلطریق): گۆڤارێکی سیاسی و کولتوری ساڵانە بوو، (پارتیا سۆسیالیستا کورد ل سوریێ)، بە زمانی کوردی و عەرەبی، لەساڵی 1977دا، دەریاندەکرد.
4- الاشتراکی: ڕۆژنامەیەک بوو، ئۆرگانی (پارتیا سۆسیالیستا کورد ل سوریێ) بوو. لە ساڵی 1978دا، بە زمانی عەرەبی لە سوریا، بڵاودەکرایەوە. دواتر، شوێنی دەرچوونی بۆ ئەڵمانیا گواستراوەتەوەو، لەوێ بەردەوام بووە. ژمارە (145)ی لە ئەیلولی 1999دا، دەرچووە.
5- (طریق الیسار) و (فکر الجدید)یش، بە زمانی عەرەبی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە، دەرچووینە.

باکوری کوردستان:
لەم بەشە ستراتیژییەی کوردستاندا، لە ژێر کاریگەری پارتە سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکانی تورکیادا، یەکەمین ڕۆژنامەی هەڵگری ئایدیای چەپ و سۆسیالیستی کوردی، لەساڵی 1966دا، بە ناوی (ڕیبازی نوێ- یەنی ئاکیش)، لەلایەن (محەمەد عەلی ئەسڵان)ەوە بڵاوکراوەتەوە. دوای ئەوە، وردە وردە ئەو کوردە چەپانەی کە لە ڕیزەکانی (پارتی سۆسیالیستی تورکیا)دا، خەباتیان دەکرد، لەگەڵ هەندێک چەپی تورک، لەساڵی 1969دا، لە ئەنقەرەو ئیستانبول، (یانەکانی کولتوری شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات- دۆغو دەڤرمچی کولتور ئۆجاغی)، کە کورتکراوەکەی (د. د. ک. ۆ)، بوویان دامەزراند. زۆربەی هەرە زۆری ئەندامەکانی کورد بوون. هەر زوو لە شارەکانی باکوری کوردستاندا، لقیان کردەوەو لەناو خەڵکدا، دەستیان بە خەبات کرد. پاش (د. د. ک. ۆ)، هەندێک چالاکڤانی سیاسی تر، لەنێوان ساڵانی (1974- 1975)دا، دامەزراندنی (کۆمەڵەی کولتوری دیموکراتی شۆڕشگێڕ- دەڤرمچی دەمۆکراتیک کولتورو دەرنەگلەری)یان، دامەزراند. ئیدی لەمە بەدواوە، ساڵ لەدوای ساڵ، گروپ و ڕێکخراوی کۆمۆنیستی و چەپ، لەلایەن کوردەکانەوە، دادەمەزران، نموونەی:
1- پارتیا سۆسیالیستا کوردستان- تورکیا: لە دێسێمبەری 1974، لەلایەن ( کەمال بورکای)و چەند هەڤاڵێکی ترەوە، دامەزرا.
2- رێکخراوی ڕزگاری کوردستان: لەساڵی 1976دا، زیاتر دەرکەوتن و ناسران. ئەندامەکانی، پێشتر لەچەند گروپێکی جیا جیادا، جیاببوونەوە وەک: (پارتی کرێکارانی تورکیا)، (یانەی کولتوری شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات).
3- ڕێکخراوی کاوە: لە ساڵانی (1976- 1977)دا، دامەزراوە.
4- کۆمەڵی تێکۆشین: لەساڵی 1978دا، دروست بووە.
5- پارتی کرێکارانی کوردستان، کە دواتر ناوەکەی بۆ: (پارتی پێشەنگی کارگەری کوردستان) گۆڕدرا، لەساڵی 1978دا، دامەزرا.
6- پارتی کرێکارانی کوردستان- پ. ک. ک: بە ڕێبەرایەتی (عەبدوڵلا ئۆجەلان- ئاپۆ)، لەساڵی 1978دا، دامەزرا.
7- تەڤگەری سۆسیالیستی کوردستان: جولانەوەیەکی مارکسی- لینینی بوو، باوەڕیان بە سەربەخۆیی کوردستان هەبوو. ماوەیەک لەگەڵ (پ.ک.ک)، نێوانیان خۆش بوو. هەندێک هێزی چەکدارییان هەبوو کە لەژێر ناوی (لەشکری ڕزگاری کوردستان)، خەباتیان دەکرد. ڕۆژنامەیەکیان بەناوی (دەنگی وڵات)، دەردەکرد.
هەموو ئەم ڕێکخراوانە، تا کودەتای سەربازی 12- 09- 1980، بە نهێنی و ناوە ناوەش بە نیمچە ئاشکرا، ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانەیان دەردەکرد:
1- ڕێیا ئازادی (ئۆزگورلوک ێۆلو): پارتیا سۆسیالیستا کوردستان- تورکیا، لەساڵی 1975دا، بە زمانی تورکی و کوردی، بڵاویدەکردەوە.
2- بروسک: ڕێکخراوی (مارکسیستێن- لینینیا کوردستان/باکور)، لەساڵی 1977دا، بە زمانی کوردی و تورکی، بڵاویاندەکردەوە.
3- پێشەنگ بۆ شۆڕش: پارتیا پێشەنگا کارگەریا کوردستان- تورکیا، لەساڵی 1977دا، بڵاویان دەکردەوە.
4- ئەم چی بکەین: (ڕێکخراوا مارکسیستێن شۆڕشگەرا کوردستان)، لەساڵی 1978دا، بە زمانی کوردی و تورکی لە ئەڵمانیا، بڵاویاندەکردەوە.
5- ڕۆژا وەلات: پارتیا سۆسیالیستا کوردستان- تورکیا، لەساڵی 1977دا لە تورکیا بڵاویدەکردەوە. پاش قەدەغەکردنی، لەساڵی ١٩٧٩، لە ئەڵمانیا درێژەی بە بڵاوکردنەوەدا.
6- کاڤا (کاوە): ڕیکخراوی کاوە، بۆ یەکەم جار لەساڵی 1978 لە تورکیا، بڵاویدەکردەوە. دواتر گواسترایەوە سویدو بەزمانی کوردی و تورکی، بڵاودەکرایەوە.
7- ئاڵا ڕزگاری: ڕێکخراوی ڕزگاریا کوردستان، لەساڵی 1979دا، بەزمانی تورکی بڵاویدەکردەوە. هەر زوو لەهەمان ساڵ بە بڕیارێکی عەسکەری، قەدەغە کرا.
8- سەرخوەبوون: پارتی کرێکارانی کوردستان، بە زمانی تورکی لەساڵی 1979، دەریدەکرد.
دوای ئەوەی کودەتاچییەکان، بە ڕێبەرایەتی جەنەراڵ (کەنعان ئێڤرین)، لە 12ی ئەیلولی ساڵی 1980دا، کودەتای سەربازییان ئەنجامداو، دەسەڵاتیان گرتە دەست، پێش هەموو شتێک کەوتنە گیانی حزب و ڕیکخراوە چەپەکان، بە تایبەتیش کوردەکان. لەنێوان ساڵانی (1980-1983)دا، زیاتر لە حەڤدە هەزار کوردیان، زیندانی کرد. بەدەیان سیاسەتمەداریان لە سێدارەدا. لە ساڵی 1982یشدا، دەستورێکی تازەیان نووسیەوە. لە ماددە سێی ئەم دەستورەدا هاتووە: (جگە لە زمانی تورکی، هەموو جۆرە زمانێکی تر بۆ قسە کردن و نووسین، قەدەغەیە. دەوڵەتی تورکیا خاک و میلەتەکەی یەک قەوارەیەو دابەش نابێت و زمانەکەشی تورکییە). هەروەها لە ماددەی (42)یشدا هاتووە: (هیچ بڵاوکراوەیەک رێگەی پێنادرێ ئەگەر بە زمانێک بێت کە بە قانون قەدەغە کرابێت).
لەسایەی ئەم دەستورو حوکمە عەسکەرتارییەدا، ئەم دەنگە کزانەی کە جاروبار لەملاو لەولا، دەبیستران و ناوە ناوە، ڕۆژنامە، یان گۆڤارێکیان بڵاودەکردەوە، ئەمەش نەما. بەشی زۆری چالاکڤانە چەپەکان، ئەوانەی زیندانی نەکرابوون، توانیان تورکیا جێبهێلن و ڕوو لە ئەوروپا بکەن. ئەوانە، لە هەندەران، درێژەیان بە خەباتی سیاسی و کولتوری شۆڕشگێڕی خۆیاندا. چەند ڕێکخراوێکی تازەی وەک: (یەکێتیا کۆمۆنستێن کوردستان) و (پارتیا کۆمۆنستێن کوردستان- ک. ک. پ)یان، لە دەرەوەی وڵات، دامەزراند. ئەم ڕێکخراوانەی پێش و دوای کودەتای ئەیلول، دروستبوون، چ لە ناوەوەی وڵات، چ لە هەندەران، بە گوێرەی دەرفەت و زەمینەسازی، ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانەیان، بڵاوکردۆتەوە:
1- دەنگێ کوردستان: پارتیا کۆمۆنستێن کوردستان (ک.ک.پ)، لەساڵی 1981دا، بەزمانی تورکی لە ئەڵمانیادا، بڵاویان کردۆتەوە.
2- سەرخوەبوون: پارتی کرێکارانی کوردستان لەساڵی 1982، لە ئەڵمانیا، بە کوردی و تورکی، دەریکردوە.
3- بەرخودان: پارتی کرێکارانی کوردستان لەساڵی 1983، لە سوید، بە کوردی و تورکی، دەریکردوە.
4- راستیا کوردستان: یەکێتیا کۆمۆنستێن کوردستان، لەساڵی 1978دا، بەزمانی تورکی لە ئەڵمانیادا، بڵاویانکردۆتەوە.
5- ئاڵا یەکێتی: رێکخراوی کاوە، لەساڵی 1988دا، لە ئەڵمانیا بەزمانی کوردی، بڵاویکردۆتەوە.
6- تێکۆشینا سۆسیالیست: کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی (تێکۆشینا سۆسیالیست)، بەزمانی کوردی، لە وڵاتی سوید، بڵاویانکردۆتەوە.
7- کوردستانلی مارکسیست: ئۆرگانی (بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستان) بووە. لەساڵی 1990، بەزمانی تورکی لە بەریتانیادا، بڵاوبۆتەوە.
8- (کەندال نەزان)یش، وەک خوێندکارێکی چەپی سەربەخۆ، لەساڵی 1976دا، گۆڤاری (ئازادی)، بەزمانی کوردی، لە فەڕەنسا (پاریس)دا، بڵاوکردۆتەوە.

ئەنجام
(1) هێنان و بڵاوکردنەوەی فیکری چەپ لە کوردستاندا، لەلایەن (حزبی شیوعی عێراق)ەوە،هاتۆتە کوردستان.
(2) یەکەم ڕێکخراوی چەپ لەسەرانسەری کوردستاندا، ڕێکخراوی (کۆمەڵی میللەت)،بووە، کە لەساڵی 1943دا، دروستبووە. ئەندامەکانی، پێشتر لە ڕیزی (حزبی هیوا)دا، خەباتیان کردوە.
(3) لە نێوان ساڵانی (1975-1993)دا، (67) ناوونیشانی: (گۆڤار، ڕۆژنامە، بڵاوکراوە)ی هەڵگری فکری چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستان و دەرەوەیدا، دەرچووینە، کە زۆرترینیان لە باشوری کوردستاندا بووەو ژمارەیان گەیشتۆتە (40) ناوونیشان و، هەمووشیان بە زمانی کوردی بووینە. ئەوانی تریش: (لە باکور: 16، لە ڕۆژئاوا: 6 ڕۆژهەڵات: 5).
(4) لەڕوی ئەو زمانانەی کە بڵاوکراوەکانیان پێ بڵاوکراوەتەوە: ئەوانەی باشور، هەمووی کوردی بووینە. ئەوانەی تر: – باکور: شەش بە کوردی و تورکی، سێ بە کوردی، پێنج بە تورکی.
– ڕۆژئاوا: سێ بە عەرەبی، دوو بە کوردی، یەک کوردی و عەرەبی بووە.
– ڕۆژهەڵات: دوو بە زمانی فارسی، دوو بە کوردی، یەک بە فارسی و کوردی بووە.
(5) قەبارەی زۆربەی ناوونیشانەکان، قەبارەی فۆلسکاپ، بووە.
(6) هەندێک لە بڵاوکراوەکان بەدەست نووسراونەتەوەو تیراژیان سنوردار بووە.
(7) سێ تا چوار هەوڵی تاکە کەسییە، ئەوانەی تر لەلایەن ڕێکخراوی سیاسییەوە، بڵاوکراونەتەوە.
(8) رۆژنامە، یان گۆڤاری (یەکێتی تێکۆشین)، بەیەکەم ڕۆژنامەی چەپی کوردی لە سەرتاسەری کوردستان، دادەنرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت