بەختیار شارەزوری: نامەیەک لە سیاتڵەوە بۆ سەرکردەکانی کوردی باشور.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمتوانی بە زمانێکی سیاسی و گشتگیری ئابوری ئەم نامەیەتان بۆ بنوسم، بەڵام زمانی ئەدەب زمانی خۆشەویستی نیشتمانە و لە سەرو بەرژەوەندیەکانەوەیە. دەبێت هەموتان ئەو نامەیە بخوێننەوە کە سیاتڵ
سەرکردەی هندیە سورەکان بۆ سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا ناردی، هەر لەو دیدەوە ئەم نامەیەتان بۆ دەنێرم:
هەر کات تێگەشتن کە نیشتمان لەسەروی گیرفان و بەرژەوەندیەوەیە،
هەر کات تێگەشتن کە نیشمان وەک ڕۆح وایە ناتوانیت دەستبەرداری بیت، لەهەر کوێ بیت، لەهەر کۆشکێکا بیت، چۆن بتەوێ بڵێی نیشتمان دەفرۆشم، هێشتا نیشتمان لە ناو ڕۆحتایە ، ڕۆژێ دێت دڵت وێران دەکات، ئێوە بیرناکەنەوە: کە بڕینی چنارێک چی پرسەیەکی گەورە بۆ باڵندەکان دادەنێت،
ئێوە بیر ناکەنەوە: جێ هێشتنی کانیەک چۆن باران توڕە دەکات،
بیر ناکەنەوە: دار بەڕوویەک برامانە و ڕۆژێ لە ڕۆژان لەشایی نیشتماندا چۆپیەکەی گرتوە،
بیرناکەنەوە: مناڵێکی ئەم نیشتمانە چۆن پڕە لە جوانی تەمی ئێوارن، لە گوڵاڵە سورەی بەهاران، پڕە لە بۆنی نێرگزی دەستی ئەو فرۆشیارانەی لەسەر ڕێگاکاندا چەپکێکی پێ دەفرۆشتین.
بۆ نیشتمان وێران بکەین ئەم بەشەرانەی، کە وەک بەردێکی لاپاڵی شاخێکمانە بڕۆن هەناسەی غەریبی هەڵمژن و دواتر تەنها لاشەیەکی مردوو بێتەوە ناو نیشتمان.
بۆ بیرناکەنەوە: ئێمە دەبێت ببین بە بونەوەر، بونەوەرێک خاک و نیشتمان سیاتڵیانە دەبێت بگاتە ئاستیدایک.
بیر ناکەنەوە: کە مناڵێک لە ماڵە هەژارێکا دەگری، دار گوێز موچرکە بە لەشیدا دێت، بەڵاڵوک شمشاڵەکەی حەزین دەژەنێ
ئێوە بیر بکەنەوە! کە تەنها خۆتان و خانەوادەکانتان لێرە نین، وەک ئێوە هەر بەشەرێکی ئەم نیشمانە تاوەرە بەردێک برایەتی، کانیەکی قەت پاڵی قەندیل خوشکێتی، ئێوەش برای ئەون.
بیر بکەنەوە! چۆن دەتوانن شەوە سورەکانتان بڕازێننەوە، کە دەزانن لەبەر نوکی خەنجەری ئێوە نیشتمان خوێنی لێ دەتکێ. وەرن بڕۆنە پەنای کانی یەک، قسە لەگەڵ ڕەنگاڵەیەکدا بکەن. بچنە سەر شاخێک و، ڕابمێنن لە پەلکە زێڕینەی ئەم نیشتمانە، سەیر بکەن بزانن پۆلە ڕیشۆڵەکان چی دەڵێن.
وەرن لە کۆشکەکانتان وەرنە دەرێ، بچن کەپرێکی سادە و ماڵێک لە قوڕ دروست بکەن، با بنەوە بە بونەوەر، ببنەوە بە بەشێک لە نیشتمان.
وەرن بچن خۆتان بە قوڕی سور بشۆن تا گڵاوی جیاکاری ئێوە و مناڵە هەژارێک، ئێوە و دار هەڵوژەیەکی عەیار، ئێوە و چڵە گەنمێک، ئێوە و دار گێلاسێک، با ئەم گڵاوییەتان لێ دەرچێت. چاوتان بشۆن تا ببینن.

ئێوە چەند ناشیرینن لەسەر خاکی نیشتمان، چی پەڵەیەکن بە کراسە ڕەنگاوڕەنگەکەی نیشتمانەوە، ئێوە کە قەڵەمێک دەکوژن هەزاران بولبولی و کەنارچەم حاشاتان لێ دەکات و ئیتر گۆرانی ناڵێن، ئێوە کە خیانەت بە خیانەت حەل دەکەن لە پێناو ئەو بەرژەوەندیەی لە سەروی نیشتمانەوەیە، چیتر ڕوبار دەوەستێ، هەڵۆ مات و مەلول دەبێت، دایک بێز شیری خۆی دەکاتەوە کە ئێوەی گەورە کرد بۆ خیانەتی زیاتر.

بیر بکەنەوە چی لەوە خۆشترە گوندەکانمان جوانتر بێت لە شارەکانمان، سفرەی ماڵەکان لە سفرەی ئێوە ڕازاوەتر بێت.
وەرەنەوە بچن لە گوندێکی دوری بێ نازدا، دەوار هەڵدەن و ببن بە شوان و بەردو کانی و ڕوبار و مێگەل و باخچە و گوڵاڵە بکەنەوە بە هاوڕێتان، ئەو کات دەبینن نیشتمان نە هی فرۆشتنە، نە هی گیرفانیشە.

ئێمە هیچمان ناوێت! بەس تکا دەکەم نیشتمان مەشێونن، ئەو کات وەک سیاتڵ دەڵێ: درەخت و مەلەکان وەک برای خۆتان سەیر بکەن تا نیشتمان جوانتر بێت و پێکەوە بڵێین:

خوایە وەتەن ئاوا کەی …. چەند دڵگیر و شیرینە
ئەمەی خوارەوە نامەکەی سیاتڵ بۆ سەرکردەکی ولایەتەکانی ئەمریکا، کە جوانترین نامەی مێژوییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت