دکتۆر کەمال میراودەلی: نامەیەکی بە پەلە بۆ سەرۆک ترامپ دەربارەی کشانەوەی ئەمریکا و سەردانی عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەڕێز و شەرەفمەند سەرۆک دۆنالد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتۆکانی ئەمریکا

کۆشکی سپی
1600 پینیزلڤانیا ئەڤینیو
واشنتۆن دی سی

بەڕێز سەرۆکی ئازیز
کشاندنەوەی هیزەکانی ئەمریکا و چارەنووسی کورد
ئەم نامەیە دەنووسم تا نیگەرانی قووڵی خۆم دەربارەی بریاری کشاندەوەی ‌هێزەکانتان لە سوریا دەربڕم و هیوادارم بە زوویی چاو بەو بریارەدا بخشێنییەوە.

زیارەتی هێزەکانتان لە عێراق
بەرێزتان تازە لە سەفەرێکی کتوپر بۆ عێراق گەراونەتەوە.
چ جۆرە زیارەتێک؟
کورد دەڵێ: تەنیا دز لە تاریکیدا دەگەڕێت.
بەرێزتان بە دزییەوە ڕێگاتان بۆ بنکەی ئاسمانی (عەینولئەسەد) لە نزیک گوندی (خان ئەل- بەغدادی) گرتە بەر. سەفەرێک بە تاریکاییدا، تاریکیی چڕی ئاسمانەکان هەر لە ئاسمانی واشنتۆنەوە تا تاریکایی سەر ئاسمانەکانی ئەوروپا و تاریکایی چڕی سەر زەمین لە ئەنبار و لە تەواوی ڕۆژهەلاتی نێوەندا: تاریکایی خۆبەدەستەوەدانی ناپیرۆزی بەڕێزتان بە دیکتاتۆرێکی خوینخۆری فاشیست : ئەردۆگان.
تۆ تەنانەت، بێ پرۆتۆکۆل و ڕێزی سەروەریی، سلاوێکیشت لە خانەخوێکانت نەکرد گەرچی ‌هێندە لەم کاتەدا پیویستت پێبوون تا سوپاسی شەخسی خۆت بکەن بۆ رزگارکردننی عێراق لە داعش و، تا وەک پاڵەوان وەسفت بکەن، کە [میدیای ساختەی] ولاتەکەت ئەوەندە ناحەز و بەخیل و حەسوودن قەت بە پاڵەوان ناوت نابەن!
بەڵام من حەپەساوم ئەمە هەمووی بۆ ڕوویدا؟
بەڕێز وا بزانم خۆت لە هەموو کەس باشتر دەزانی چونکە خۆت هەمیشە لات وایە کە لە هەموو کەس باشتر دەزانی!

بەڕێز سەرۆکی ئازیز
ئەوە ڕیکەوتیکی بێ مانا نییە کە یەکەم زیارەتت بۆ لای سەربازەکانت بۆ بنکەی ( عەینولئەسەد) بێت لە خانی ئەلبەغدادی!
عەینولئەسەد واتە { چاوی ئەسەد]
خان ئەلبەغدادی واتە: ماڵی بەغدادیی
مانای ڕەمزی ئەمە ئاشکرایە تۆ بۆیە بە دزیی و بە تاریکایی ئاسمان و ئەرزدا هاتی نەک بۆ زیارەتی سەربازەکانت و ڕاگەیاندنی سەرکەوتنیان بەسەر داعشدا، بەڵکو لە ژێر پەردەی تاریکیدا هاتی بۆ خزمەتی ئەسەدی سوریا و بەغدادیی داعش تا خۆبەدەستەوەدانی شەخشیی خۆت بە ئەوان رابگەیەنیت. نەک بەزین و هەلاتنی سەربازانی ئازای ئەمریکیی کە شەرەفمەندانە شانبەشانی کوردە شەرەفمەندەکان جەنگان و گەورەترین سەرکەوتنیان لە سوریادا بەدەستهێناوە.

سەرکەوتنەکانی سوریا

بەرێز سەرۆکی ئازیز
سوپاس بۆ پیشەزانیی و ئازایی و شەرەفمەندیی سەربازانی ئەمریکیی و براکانیان لە خوێندا واتە کوردە ئازا و جوانمەرد و شەرەفمەندەکان، هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک توانیویانە:
1- داعش لە نزیکەی هەر هەموو سوریا تێکبشکێنن
2- سەدی سیی خاکی سوریایان ئازاد کردووە
3- ئەو خاکە ڕزگارکراوە دەولەمەندە بە نەوت، ئاو و كشتوکال. کەواتە ئەو واگۆیەی جەنابت کە هەر دەبێ ئەمریکا بە پارە و خەرجیی خۆی خەڵکی تر بپارێزێت، لەم کەیسەدا دروست نییە.
4- هەسەدە تەنیا سەرکەوتنی سەربازیی مەزن و پیرۆزی دژ بە داعش بەدەست نەهێناوە و خەلافەتی فاشیزمی ئیسلامیی لە گۆڕ نەناوە، بەڵکو هاوهەنگاوی ئەمە گەلێکی نوێیان بنیاتناوە، سیستمیكی خۆ-بەرێوەبەری سەرەتا دیمۆکراتی نا نەتەوەیی، نا مەزەبی و نادینیی نانێوەندیی جوگرافییان دامەزراندووە کە تێیدا هەموو کۆمەلگاکان هاوکارن و بە ئاشتیی پێکەوە دەژین و ژنان دەوریكی یەکسان و ڕێبەر و کاریگەری تیدا دەبینن.

بەڕیز سەرۆکی ئازیز
ئەمە ئەو سەرکەوتنە مەزنەیە کە دەتتوانی بیکەی بە هی خۆت!
کوردستانی ڕۆژاوا ئەو شوێنەیە کە دەبوو بە شانازییەوە و بە ڕۆژی ڕووناک زیارەتی بکەیت. دەبوو بە شانازییەوە بە سەربازەکانت بلێی کە هەقیانە هەتا هەتایە سەربەرز و خۆناز بن بۆ ئەو بەرهات و دەستکەوتە مەزنانەی بەدەستیانهێناوە.

بەروارد لەگەل ئۆباما و جەنگەکانی پێشوو
بەلێ.. تۆ زۆر جار خۆت لەگەڵ ئۆبامادا بەراورد دەکەیت. ئۆباما 500 ملیۆن دۆلاری بۆ دروستکردنی سوپایەکی مەشقپێکراو لە گروپە ئیسلامییەکان و سوپای ئازاد خەرج کرد. ئەنجام تەنیا پێنج یان شەش سەربازی بۆ دروست بوو. ئەمە شتێک نییە کە لای تۆ شاراوە بێت لە تۆمارەکانی دانیشتنەکانی سینات – دا تۆمار کراوە [ ئەمەش لینکی هەوالەکە]
https://nypost.com/2015/09/18/team-obama-has-spent-500m-to-train-four-or-five-syrian-rebels/
بەڵام تەنیا بە 2000 سەربازی پرۆفێشنالی هاوسۆزی کورد، شارەزای کەلتووری لۆکال و خاوەن پێوەندی باس، تۆ ئێستا سوپایەکی 60000- 70000 شەروانت هەیە لە کورد و عەرەب و مەسیحی بە رێبەرایەتی هەسەدە.
تۆ سەدی سیی دەوڵەمەندترین و ستراتیجیترین خاکی سوریات ئازاد کردووە.
تۆ داعشت تێکشکاندووە
تۆ هەڕێمەکانی ئاشتیدارو خۆ-بەڕێوەبەرت دروستکردووە.

وازهێنانی ماتیس و مکگورک
بەڕێز سەرۆکی ئازیز
تۆ واگۆ دەکەی کە بریاری کشانەوەی ئەم ژمارە کەمەی سەربازەکانت، کە بنکۆلی هەموو سەرکەوتنەکانی 4 ساڵەیان دەکات و کورد دەکاتە قوربانی، لە بەر ئەوەیە کە لە کەمپەینی هەڵبژارنەکەتدا پەیمانت بە دەنگدەرانت داوە کە لە سوریا بکشێیتەوە،.
گەورەم، ئەوە کارێکی چاک و عەقلانیی و ئەخلاقیی و شەرەفمەندایە پیاو پەیمانی خۆی بپارێزێت، بەلام گەورەم، دڵنیام کە شکۆمەندییتان دەزانن کە مەزنترین پەیمانی شەرەف، شەرەفمەندترین قسەی پیاو، پەیمان و قسەی مرۆڤی سەربازە. چونکە ئەمە پەیمانێکی هەڤاڵێتییە کە بە خوێن نووسراوە!
سەربازە ئەمریکییەکان شەرەفمەندانە و ئازایانە لە گەڵ کوردە ئازا و شەرەفمەندەکان بۆ نزیکەی چوار ساڵ شەو و ڕۆژ جەنگاون، بە یەکەوە لە ئاسمان و ئەرزدا جەنگان، بە یەکەوە چال لە دوای چال، گرد لە دوای گرد، گوند لە دوای گوند ، شارۆچکە لە دوای شارۆچکە و شار لە دوای شاریان لە تاوان و بەلای داعش پاککردەوە، بە خوێن ، بە فرمێسک، بە شەهید و قوربانی لە ژمارە نەهاتوو، بە ئازار و ئێشێکی زۆر بۆ منال و خێزان، ئەوان باکوور و ڕۆژهەلاتی سوریایان ئازاد کرد، هەر لە کۆبانی و مەنبەجەوە تا رەققە و دێرە زور، پایتەختی خەلافەتی فاشییەت و تاوانیان تەخت کرد، دوا شارۆچکە هەجین بوو کە دوای نەبەردیی و قوربانییەکی زۆر ئازادیان کرد! کاتێ ئەم هەموو سەرکەوتنانە لە پرۆسەدابوون، کە لە مێژووی جەنگەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق وێنەیان نییە، تۆ چۆن پاداشت دانەوە؟!
تۆ لە ژێر گوشار و بلاکمەیلی دیکتاتۆرێکی خوێنخۆر و دڵرەقدا، فاشیستی ئیسلامیستی عوسمانی نوێ ئەردۆگان، ىریارت دا سوپاکەت بکسێنیتەوە و ئەم سەرکەوتنانە لە دەست سەربازەکانت و کورد دەربێنی و پێشکەش بە فاشیستیان بکەیت؟
وا راپۆرتکراوە کە لە ژێر گوشار و قسەی زبر و بیڕێزی ئەردۆگان هەرەست هێناوە و وتووتە: باشە تەواو، هەمووی بۆ تۆ! سوریا هەمووی بۆ تۆ! بڕۆ سوکایەتی بە سەربازەکانمان بکە، بڕۆ لە خوێنی کوردا مەلە بکە، خودا پەنای تۆ بێت، خودا پەنای ئەردۆگان و ئەمریکا بێت!
تکایە، میستەر پرێزیدینت، تکایە!
جەنەراڵ جەیمس میتیس بۆیە وازی ‌هێنا چونکە شەرەفی هەبوو، چونکە بەرزترین ستانداردی شەرەفمەندیی هەبوو کە شەرەفی سەربازیی بوو!
تکایە، میستەر پرێزیدینت تکایە!
بەڕێز میستەر برێت ماکگورک بۆیە وازی هێنا چونکە شەرەفی شەخسیی هەبوو، چونکە ستانداردێکی بەرزی شەرەفمەندیی هەبوو، چونکە شەرەف و بەهاو ئەخلاقی ئەمریکیی هەبوو!!
بۆ خاتری خودا، ئەوان چۆن دەیانتوانی بە شەرەفەوە و بە ویژدانێکی ئارامەوە کۆتایی ژیانیان بەسەربەرن، کە خیانەتیان لە هەڤالانی چەک و جەنگ و خوێن بکردبایە؟ لەو کوردانەی بە خوین دوژمنی مرۆڤایەتییان لە ناو برد؟
گاردیان دەنووسێت:]
[ ئەوان / کوردەکان/ زۆربەی شەڕە قورسەکانیان لە جەنگی داعشدا کرد، زۆر قوربانیان دا، بە قسەی جەنەرالی ئەمریکی جۆسیف ڤۆتێل. ئەوان نموونەیی بوون و دڵسۆزو بە وەفا بوون بۆ قسەی شەرەفی خۆیان. بە کورتی شەریکێکی سەربازیی گرنگ و گەوهەریی بوون بۆ ئێمە] theguardian

کێ دەبێ بەلێنی شەرەف بپارێزێت؟
بەڵێ گەورەم کوردەکان بە هەزارانیان خۆیان بەخشیی و مردن، بەلام چۆن و بۆ کێ؟
بەڕێز میستەر پڕێزیدینت!
لە وەلامی ئەم پرسیارەدا قسەی تاکەکەسیکت بۆ دەهێنمەوە کە دوای دیکتاتۆرەکانی دنیا، باوەڕت پیی هەیە! و من لە قوولایی دڵمەوە هیواخوازم کە بەڕێزتان گویی لێبگرن و ڕێگا بدەن وەک ماتیس مکگورک قسەی شەرەفی خۆی بپارێزێت!
”ئێمە هەول دەدەین باش لەگەڵ [کوردەکان بگونجێین]، ڕاستیی باش لەگەڵیان دەگونجێین. ئێمە هەول دەدەین زۆر یاریدەیان بدەین. لە بیرت نەچی خاکەکە هی خۆیانە. لە سەرمانە یارمەتیان بدەین. من دەمەوێ یارمەتیان بدەم. ئەوان لەگەل ئێمە جەنگان. ئەوان لەگەڵ ئێمە مردن. ئێمە دەیان هەزار کوردمان لە کیس چوو.. مردن لە جەنگان دژی داعش. ئەوان بۆ ئێمە مردن و لەگەڵ ئێمە مردن. و بۆ خۆیان. ئەوان بۆ خۆیان مردن. ئەوان گەلیکی مەزنن. ئیمە لە بیرمان نەبردوونەوە. لە بیریان نابەینەوە.” بەڵێ گەورەم، تکایەتکایە لە بیریان مەبەرەوە.

بە ڕۆژی رووناک بچۆ بۆ رۆژاوای ئازاد
میستەر پرێزیدینتی ئازیز
چە شەرەفێکی گەورە دەبوو کە شکۆمەندییتان گوێتان لە ماتیس و مکگورکی خۆتان گرتبایە نەک شەقاوەیەکی سەرسەری وەک ئەردۆگان و ئەوان زیارەتێکیان بۆ تۆ بۆ لای سەربازەکانت لە کوردستانی ڕۆژاوا ڕێک خستبایە: بێ ترس، بێ خۆشاردنەوە، بێ شەرم، بە ڕۆژی رووناک. تۆ دەزانی مکگورک و گەورە جەنەرالەکانت لە رۆژانی هەرە سەخت و ترسناکدا کە بکوژ و بۆمبا خۆکوژەکان و پەلامارەکانی داعش لە هەموو شوینێک بوون و هەمیشە مەترسی هێرشی تورکیش هەبووە، ئەوان چەندین جار سەربەرزانە سەردانی رۆژاوایان کردووە و چەند شەو و ڕۆژانیش لەگەڵ جەنگاوەران ماونەتەوە. بەڵێ تۆش دەتوانی زیارەتی رۆژاوا بکەیت و بانگی سەرکەوتن و پیرۆزیی لەوێ ڕابگەیەنیت. ئەوسا سێ ملیۆن کورد و سوریی پێشوازییان لێت دەکرد و بە پالەوانی خۆیان و ئەمریکا، [پاڵەوانی ئازادیی و داپەروەریی] ناویان دەبردیی و 40 ملیۆن کوردیش هەتا هەتاتە شانازیان پێتەوە دەکرد .
ئەوسا هیچ کەسێک تەنانەت [میدیای ساختە] و دیمۆکراتە دەبەنگەکان نەیاندەتوانی بڵێن: تۆ پاڵەوانی ئەمریکا نیت! تۆ جیاواز نیت! نەیاندەتوانی نکوولی لەوە بکەن کە تۆ قارەمانێکی راستەقینەی نەک تەنیا هی ئەمریکا بەڵکو هی ئەو مرۆڤایەتییە نوێیەش کە لە خاکی خوێناوی کوردستانی هەمیشە زولملیکراوەوە، سەری هەڵداوە.

بەڕێزەوە دڵسۆزتان
دکتۆر کەمال میراودەلی
نووسەر و ئەکادیمی کورد، کاندیدی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تەمووزی 2009.
سەرنج: دوێنێ ئەم نامەیەم بۆ لاپەرەی تایبەتی پێوەندی لەگەڵ ترامپ لە کۆشکی سپیی نارد. دوای ئەوەی وەلامم درایەوە کە نامەکە گەیشتووە و خوێندنەوەی بۆ دەکرێ: هەروەها نامەکەم بە پۆستیش ناردووە:

December 27, 2018
Thank you for contacting the White House. We are carefully reviewing your message.
President Donald J. Trump believes the strength of our country lies in the spirit of the American people and their willingness to stay informed and get involved. President Trump appreciates you taking the time to reach out.
Sincerely,The Office of Presidential Correspondence

https://nypost.com/2015/09/18/team-obama-has-spent-500m-to-train-four-or-five-syrian-rebels/?fbclid=IwAR2Poanw9jBUxbh5rMWnDJ0gvxrA0iunMSM6XpdZn4AQ4xkPJWcK50WCJUY

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت