دڵشاد شێخان حوسێن: ڕێگەی ڕاست بەسەر خاچدا تێدەپەڕێت”

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی یەکەم/
من، باوەڕم بە باوەڕداری کورد نییە، چونکە باوەڕداری کورد خوداسالارە! باوەڕی ڕاستەقینە لەنێو باوەڕدارانی کورد، بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێ.
من وەک باوەڕدارێک ھیچ کارم بە تۆ نییە کە چۆن ھەڵسوکەوت لەگەڵ سیاسەت و کاری ڕێکخراوەیی و ئینتیمای حیزبی و ئایدیۆلۆژی و ئایین و ئاینزایی و ئیش و کاری ڕۆژانە و تەنانەت لەسەر ئاستی خێزانی و خانەوادەییدا دەکەیت.
موسڵمانی کورد، پێی وایە ڕاستی ڕەها لای ئەوە و ڕێگەی بەهەشت بە شەفاعەتی «موحەممەد»دا تێدەپەڕێت، ئەوەی بەر ئەو تکایە بکەوێ ڕزگاری دەبێت. لە دژیان نیم، بەڵکو خۆشم دەوێن. ئەتایستی کورد خودای ڕاستییە و لوتکەی یاخیبوونە لە خورافە و هەرچی هەیە لە دەرەوەی زانست. کێشەم لەگەڵ ئەوانە و ھیچ کەسێکی دیکەش نییە و ناتوانم ڕقم لێیان بێت، بەڵام ئەوەی من ناتوانم لەسەری بێ ھەڵوێست بم و نێمە دەنگ ئەوەیە کە باوەڕداری کورد «ئەوانەی عیسای مەسیح وەک؛ پارە، ئازوخە، گەشت، پشتگیری، نشینگە، هەڵسوکەوتی بێ سانسۆر و ئەوەی ئارەزووتە بیکە قەبووڵ دەکەن»، بۆیە دەتوانم بڵێم: باوەڕداری کورد خودای درۆیە، چونکە بەرژەوەندی لەوە دایە! با بزانین ئەو باوەڕدارانەی کورد کێن؟ هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە هەم لە واقعی ئەم کۆمەڵگایە و هەم لە ئیسلام سودمەند نەبووینە، بۆیە بەو مەرامە دەبن بە باوەڕدار کە ئەوەی لەوان دەستیان نەکەوتووە، ئەوا بە باوەڕهێنانی درۆیینەیان دەیانەوێ لە مەسیحیەت بە دەستی بهێنن. کەواتە؛ بۆمان دەسەلمێت، بە گشتی باوەڕداری کورد خودای درۆیە، چونکە باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی عیسای مەسیحە، بەڵام لە هەنگاوی یەکەم درۆ دەکەن، لە هەنگاوی دووەمیش هەر درۆ دەکەن.
باوەڕداری کورد، باوەڕی بە هەستانەوەی عیسای مەسیح نییە کە لە دوای سێ ڕۆژ لەنێو مردووان هەستایەوە، چونکە ئەوەی پاشخانەکەی ئایینی ئیسلام بێت، ئەوا ناتوانێ باوەڕدار بێت، بە مەرجێک بە تەواوی باوەڕی بە ئیسلام نەمابێت، لەبەر ئەوەی کوردی لە ئیسلام هەڵگەڕاوە، یان ئیسلام دەبێ یان هیچ نابێ، ئەو تاکە لە زەینی خۆیدا هەمیشە ئایینێک هەبێ و بیەوێت قەبووڵی بکات، تەنها ئیسلامە، کورد لە هەڵبژاردنی ئاییندا وەهایە: یان ئیسلام یان ئیسلام، جا لە بارودۆخێکی ئاوادا مزگێنیدان و فێرکردن تەنها لەسەر بنەمای درۆ دەبێت، واتە؛ بیستن درۆیە. بەرەکەت و ڕاستی و دروستی بە هۆی عیسای مەسیحەوە بوو، بەڵام باوەڕهێنانی تاکی کورد بۆ بەرژەوەندییە لە ڕێگەی عیسای ئیسلام، بە دەربڕینێکی دیکە دەتوانم بڵێم ئیسلامیانە باوەڕیان بە عیسا ھەیە، یان خراپتر لەوە ھەر باوەڕیان نییە! ئەڵبەت بیرکۆم لەسەر ئەو باوەڕدارانەیە کە بێ مەعریفەن سەبارەت بە ئایین و باوەڕ، لەبەر ئەوەی بە بێ مەعریفە ئیسلامیان پەژراند و ڕەتیشیان کردەوە، ھەر تاکێکی کورد ئیسلامی لە دەستی سێ و چوار وەرگرتووە، بە گشتی بووەتە میراتگری پەیامێک کە لێی تێنەگەیشتووە، بۆیە کە دەبێتە باوەڕدار، دەبێتە خودای درۆ، چونکە ڕاستی ڕەها تەنها لە ئیسلامدا بەدی دەکات و پەژراندنی درۆینەشی لەبارەی عیسای مەسیح، وەک ئەوە وایە کە ئاو لە کانییەک بخواتەوە و پاشان بەردی بخاتە ناو، بە گشتی تاکی کورد باوەڕ وەک پرد بە کار دەهێنێت، تەنھا بۆ گەیشتن بە خەونەکانی ئەم دونیایە (خراپەکاری – شەیتان)، نەک ڕزگاربوون (ژیانی خودا). بۆیەشە من باوەڕدارم، بەڵام بێ باوەڕم بە باوەڕداری کورد! چونکە ڕێگەکەیان بەسەر خاچدا تێناپەڕێت، بەڵکو بە لایدا ڕەت دەبێ و گاڵتە بە ئاڵوگۆڕی مەزنی خودایی دەکەن و بێ باوەڕن بە باوەڕ. دڵنیا بن ناتوانن خۆڵ بکەنە چاوی ھیچ باوەڕدارێکی ڕاستەقینەی خودان مەعریفە، چونکە “خودا لەگەڵمانە”.
بۆ نموونە؛ باوەڕدارمان هەیە دزە… هاکەرە، دەستپیسە، خیانەت لە ئەمانەت دەکات، یان درۆیەکی هاوبەش دەکەن و پێکەوە کار بۆ گیرفانیان دەکەن، خەڵوەت بە سیخوڕی تێگەیشتووە لە ڕێگەی ئیمەیل و پاسوێردی باوەڕدارە گیانی بە گیانییەکەی و مامۆستاکەی، ئەوا سیخوڕی لەسەر پەیوەندی نێوان باوەڕداران دەکات و لەو لاوەش دەڵێ فڵان و فیسکە کتێبی نین! ئەو پیاوە هاوسەرەکەی خۆی تەڵاق داوە و هاوسەرگیری دووەم و سێیەمی ئەنجام داوە و پەیوەندی عاتفی لەگەڵ ……. هاوسەرەکەی هەبووە! بۆیە ئەو کتێبی نییە و لە خزمەت دوورخراوەتەوە و چیتر قەشە نییە. لە ڕاستیدا ئەو کەسێکی ڕێزدارە و خاوەن مەعریفەیە، ھەموو ئەو ناوناتۆرە و قسە و قسەڵۆکانەی لە غیابی ئەو باوەڕدارە دەگوترێن، بێجگە لە درۆیەکی گەورە و یارییەکی بێ مانا ھیچی دیکە نین و تەنانەت ڕووی ئەوەیان نییە لە نزیکیشی دابنیشن. عیسای مەسیح فێرمان دەکات کە دوژمنەکانی خۆمان خۆش بوێ! نەخاسمە خوشک و براکانمان، کەچی ئەو باوەڕدارە بێ باوەڕانەی کورد، مایەی شەڕ و دووبەرەکین، چونکە دژی ئاشتی و پێکەوە ژیانن. واتە؛ ڕقیان لە عیسای مەسیحە، لەبەر ئەوەی خودا خۆشەویستی و بەزەیی و دادپەروەری تەواوە.
پاستۆر ….. دەستدرێژی سێکسی کردە سەر فڵان ژن و لە کڵێسای کورد…… وەدەرنرا و عێراقی بە جێهێشت، دواتر باوەڕدارێکی نزیک لە هاکەرەکە گوتی: ئەوەی بە قەشە……یان کرد، تەنها سیناریۆ و تۆمەتێک بوو بۆ ئەوەی دەری بکەن و دەسەڵات بگرنە دەست، ئەو کاتە قسەم لەگەڵ ئەو ژنە کرد و سەبارەت بەو کارە قێزەونەی گوتی: ئەوان ئەو ئەرکەیان بە من سپارد، لەبەرامبەر ئەوەش بەڵێنی ئەوەیان پێداوم کە خۆم و منداڵەکانم ببەن بۆ ئەڵمانیا! وەک دەزانین ڕۆیشتنی قەشە بە بێ دەنگی، قسەی ئەو ڕابەرە بە درۆ دەخاتەوە و خراپەکاریەکەش لەسەر خۆی دەچەسپێنێت. بە ڕاست؛ دەزانن ئەو قەشەیە خاوەنی چەند ھۆتێل و… لەم شارە؟ منیش نازانم، بەس بۆ زانیاری زیاتر بپرسن، خراپ نییە. بەس ئەوە دەزانم کە ھاتەوە داوای کرد من ببینێ، بەڵام ڕەتم کردەوە کە بچمە لای، بەڵکو گوتم: پێی بڵێ ئەو کوڕە نایەت، شوێنم دیارە و لەنێو خەڵکم، ئەگەر حەز دەکات بمبینێ، دەتوانێ بێتە چایخانەی ….. لە بناری قەڵات بە چایەک خزمەتی دەکەم، ئەویش وتبووی: باشە دێم، لێ دەبێ ئەو پارەی چایەکان بدات. چاوەڕێ بووم، نەھات. زۆرن ئەوانەی وا دەزانن پارە و پلەوپایە لە باوەڕ بە ھێزترە!
باوەڕدارمان هەیە لەگەڵ مەڕ و بزن قسە دەکات و شەو نییە تارمایی نەبینێ و دەنگ نەبیستێت، بە هۆی دۆزینەوەی کۆدەکانی ئاژەڵان و گیانداران بووە بە حەزرەتی سلێمان و مەڕ و بزن بە شوانی مێگەلەکەیان دەڵێن: کوڕی کڵێسا دیار نییە. ئەویش دەچێتە سەردانیان و سیلەی ڕەحم بە جێ دێنێت! ھاوکات ئەو باوەڕدارە بە ڕەفتارە نەشازەکانی کاریگەری نەرێنی لەسەر باوەڕداران دانا، بووە ھۆی تووڕە کردنی چەندین باوەڕداری دڵسۆز بۆ باوەڕ.
ئەوانەی عیسای مەسیحیان ئەشکەنجە دا، بەر شەفاعەتی ڕۆڵەی خودا کەوتن، چونکە ئەو نوێژی بۆ کردن و فەرمووی ئەوانە نازانن بۆ وا دەکەن! لە پێناو ئاشتی و خۆشەویستی و بەزەیی تەواو، خۆی کردە قوربانی بۆ بە دەست هێنانی ژیانی ھەتاھەتایی بۆ نەوە یەک لە دوای یەکەکانی مرۆڤایەتی، کەچی ئەو باوەڕدارانەی کورد خوێنی یەکتر فڕ دەکەن و باڵباڵێنێکە هەر فریای ئەوە دەکەون کە ناوناتۆرە بە بەر یەکتردا بدروون و یەکتر ناشرین بکەن و تۆمەت بۆ یەکتر هەڵببەستن، هاوکات جڤین لەگەڵ مەڕوماڵات ساز دەکەن! هەر ئەوەش نا، بەڵکو باوەڕداری کورد ئەوەندە دڵپاک و دادپەروەرن کە جیاوازی لە نێوان “ئایفۆن و سامسونگ” ناکەن، بە یەک چاو سەیری هەردووکیان دەکەن و لە ڕووی ژمێریاری و ژمێرکاری ئەوەندە وردن کە (٥٤٠$ & ٤٠٠$) بە نزیکەی (ID٢٠٠٠٠٠) ئاڵوگۆڕ دەکەن، ئەوەیە یەکسانی و بەرامبەری تەواو! ھالیلویا…
باوەڕداری کورد خودای درۆیە، لە کاتێکدا ئەم دەڵێ ئەو، ئەو دەڵێ ئەم، هەر هەمووشیان درۆیەکی گەورەن و لە یەک بازنەدا دەخولێنەوە، ئەویش سوڕانەوەیە بە پشت خاچ و گاڵتە کردنە بە خوێنی قوربانییە بێ وێنەکەی مێژووی مرۆڤایەتی، چونکە ڕێگەی ڕاست و دروست بەسەر خاچدا تێدەپەڕێت، بەڵام ڕێگەی ئەوان بە گیرفانیاندا تێدەپەڕێ بۆ دابین کردنی حەز و ئارەزووەکانیان، ئەو باوەڕدارانەی کورد دۆڕاون، چونکە کتێبی پیرۆز فێرمان دەکات ھەروەک لە (مەرقۆس ٨: ٣٤ – ٣٦)دا لە خۆئامادە کردن بۆ مردن ھاتووە: {عیسا بانگی قوتابییەکانی و خەڵکەکەی کرد و پێی گوتن: ئەوەی دەیەوێ بە دوامەوە بڕوات، با واز لە خۆی بھێنێ و خاچی خۆی ھەڵگرێ و دوام کەوێت. چونکە ئەوەی بیەوێ ژیانی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لە پێناوی من و مزگێنی دەدۆڕێنێت، ئەوە ژیانی ڕزگار دەکات. چونکە “چی بە کەڵکی مرۆڤ دێت، ئەگەر ھەموو جیھان بەرێتەوە، بەڵام خۆی بدۆڕێنێت؟”}
ئەوان بە هۆی تێگەیشتن و گەیشتن بە ڕاستی نەهاتوون، بەڵکو لەبەر پابەند نەبوونیان بە ڕەفتارە جوانەکانی مرۆڤایەتی، خۆیان بە باوەڕی درۆیینە داپۆشیوە. ئەو ڕەفتارانەی کە دەبنە ڕەگی درەختی خۆشەویستی و پێکەوە ژیان لە نێوان تاکەکانی مرۆڤایەتی بۆ ھەتاھەتایە و ژیان جوان دەکەن بۆ گەیشتن بە “ژیانی خودا.” ئەو ڕەفتارانەش بریتین لە: (ڕاستگۆیی، پاراستنی ئەمانەت، پابەندبوون بە بەڵێن…) کە ڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر جۆری کەسێتی تاک دەبێ و ھەر تاکێک لە پەیوەندییەکی ڕاستەوانەدایە لەگەڵ ئەو ڕەفتارانە. واتە؛ کاتێ پابەند دەبی، بەو مانایە دێت کە تۆ لەگەڵ ڕاست و دروستیدای، بە پێچەوانەوە نەک ھەر لەگەڵ ڕاست و دروستیدا نیت، بەڵکو دژی بەرەکەت و ڕاستی و دروستی! بۆیە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی تایبەتی خۆت و دەوروبەرت دادەنێیت. بۆ نموونە؛ پابەندبوونی ھەر کەسێک بەو خەسڵەتانەی کە باسم کرد، ئەوا دەتوانین پشتی پێ ببەستین و بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ بگرێت.
بەپێی ئەزموونی خۆم لەگەڵ باوەڕداری کورد، بێگومان دەتوانم بڵێم: “هیچ بەڵێنێکیان نەهاتووەتە دی، هیچ قسەیەکیان ڕاست نەبووە و هیچ ئەمانەتێکیان نەپاراستووە.”
بۆ نموونە؛ باوەڕدار هەیە خۆی پەیوەندیت پێوە دەکات و دەڵێ بەیانی حەز دەکەم یەکتر ببینین، کاتژمێر…..، بەڵام کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ زەنگی مۆبایلەکەی لە خەو هەڵدەستێ و دەڵێ ببوورە تازە لە خەو هەڵدەستم! وا خۆم ئامادە دەکەم و کەمێکی دیکە بەڕێ دەکەوم، پاشان دەڵێ: زۆر ببوورە ماڵەوە دەرگایان لەسەرم داخستووە و ڕۆیشتوون!! سەرەتا وامزانی خەوی بینیوە، دواتر جەختی لەسەر قسەکەی کردەوە، بۆم دەرکەوت کە خێزانێکی بێ سەروبەرن، هەر ئەوەی کە بە زەینمدا هات بە چات پێیم گوت، ئەویش لە وەڵامدا پێکەنی و گوتی: ڕاستە.
باوەڕداری کورد ڕوو بە ڕوو پشتگیری لە قسەکانت دەکات و وا خۆی پیشان دەدات کە لەگەڵت هاوڕایە، بەڵام لە غیابی تۆ وا نییە، بەڵکو ئەو ڕاستیەی کە ڕوو بە ڕوو پێی دەڵێی لە مێشکە بچووکەکەی خۆیدا دەیپیتێنێ و بۆمبێکی ئەتۆمی لێ دروست دەکات و لە دوورەوە ئاراستەت دەکات بە ئامانجی لەناوبردنت، ئەوەش سەبارەت بە دووڕووییان، چونکە کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێ: دوژمنەکانی خۆتان خۆش بوێت. کەچی ئێوە ڕقتان لە خوشک و براکانی خۆتانە، لەبەر ئەوەی باوەڕتان بە ڕاستی و دروستی نییە! مەگەر یەزدانی باڵادەست لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە پێمان ناڵێ: کاتێ دەڵێی خودام خۆش دەوێ و ڕقیشت لە براکەتە، ئەوا درۆ دەکەی، چونکە براکەت دەبینی و ڕقت لێی دەبێتەوە، هاوکات چۆن خودایەک کە نایبینی و خۆشت دەوێ! بەڵێ، باوەڕداری کورد چەند لە ئیسلام تێگەیشت ھەر ئەوەندەش لە مەسیحیەت (باوەڕ) تێدەگات! ھیچ لە بەرەکەت و ڕاستی و دروستی نازانن.
وا بزانم یەکێتی باوەڕدارانی کوردیش دروست نابێت، چونکە گورگ شوانەکانی خواردووە، ئەوەیە سەیروسەمەرە من هەر زانیومە گورگ مەڕ دەخوات نەک شوانی مەڕ، خۆ ئەوەش سەبارەت بە باوەڕداری کورد پێشبینی کراوە، مزگێنیدانیان پشتئەستوورە بە درۆ، گرنگ نییە بە چ درۆیەک خەڵک ڕازی دەکەن کە تەنها ئامادەی کۆبوونەوەکان بێت، جا بە بەڵێنی نشینگەی ئەوروپا بێت، یان……، لە هەموو ئەوانەش سەیرتر ئەوەیە کە قەشەی کورد هەیە بووە بە سەرمایەدار، کەچی بۆ زیاد کردنی ژمارە حیسابییەکەی لە ئەوروپاوە دێتەوە هەولێر و لە پەنا دیوارێک وێنەی مەڕەکان دەگرێت و بۆ خۆی دەیکاتە چالاکی. واتە؛ ھەم لەوێ ھەم لێرە نانی من و تۆ دەخوات. عیسای مەسیح بووە بە چاڵە نەوت بۆ ئەو کوردانەی کە خودای درۆن، بۆیە من ناتوانم بێ دەنگ بم.
کێ دەزانێ لەو کاتەوەی دەڵێن ئەمڕۆنا سبەی لە ئاو هەڵکێشان هەیە، چەند مەڕ لە دەریادا خنکاون لە ڕێگەی کۆچ کردنیان بۆ ئەوروپا و…، یان کێ هەواڵی تەندروستی هاوسەرەکەی بەڕێز «حەفیف» دەزانێت، هیوادارم ساغ و سەلامەت بێت. ڕابەر گیان لە ئاو هەڵکێشانمان ناوێت، تەنھا تەندروستی خانم باش بێ بەسە! وابزانم ئەم مەسەلەیە وەھا لێ نەگەڕێم و بەرچاو ڕوونییەک بخەمەڕوو باشترە، ئێمە چاوەڕێی بەڕێز (حەفیف) ناوێک بووین کە گوایە دێتە ھەولێر و لەم ئان و ساتەدا باوەڕداران لە ئاو ھەڵدەکێشێت، کاتی دیاریکرا و گەیشت، ئەو کەسایەتییە گەیشتووەتە تورکیا و خەریکە بە ڕێ دەکەوێ بۆ عێراق، بەڵام لە ڕۆژی دیاریکراو جەنابی ڕابەر لەبەردەم کڵێسای ….. گوتی: (کاک حەفیف ھاتووە، من تەنھا پێنج خولەک توانیم قسەی لەگەڵ بکەم و ڕۆیشت بۆ بەغدا، دوای تەواوبوونی کارەکانی ئەوێ دەگەڕێتەوە ھەولێر.) کات تێپەڕی و نەبوو، نازانم ئەو کەسە بووە ئاو چووە ژێر زەوی یان بووە ھەڵم و چووە ئاسمان، ئەمجارە ڕابەری خزمەت بە داخێکی زۆرەوە گوتی: (لە ماڵەوەی پەیوەندییان بە کاک حەفیف کردووە کە تەندروستی ھاوسەرەکەی خراپە،
بۆیە ڕاستەوخۆ گەڕاوەتەوە!) پاشان لە ڕێگەی ماسینجەر لەگەڵ کوڕی کڵێسا (باوەڕدارە ھاکەرەکە) لەبارەی ئەوە گوتی: (دکتۆر گیان، دەزانی بۆچی حەفیف لە تورکیا گەڕایەوە و نەھاتە عێراق؟ نەخێر، نازانم! چونکە من و مام …… ھێزمان لێ دزی، بەڵام مام …… پەلەی لە کارەکە کرد، بۆیە ئەو ھەستی پێکرد و گەڕایەوە!) ئەی ئەگەر ئەمە خورافە یان خودای درۆ نەبێت، چییە؟ کوڕی کڵێسا لە بیری چوو بوو کە مامۆستاکەی پێشتر بە ئامادەبوونی باوەڕدارانی کورد سەبارەت بە بەڕێز “حەفیف” چی گوت بوو! ئەوەیە گاڵتەجاڕی مەزن.
باوەڕداری کورد لە هەولێر، لە گۆشەی چایخانە و… ھتد، کۆ دەبنەوە و جەنابی قەشەی ئەوروپیش وەکو وانەی خوێندنەوەی کوردی بە نۆبەت هەر مەڕە و چەند ئایەتێکی لە ئینجیلی پیرۆز پێ دەخوێنێتەوە و چاوی لەسەر کاتژمێرەکەیەتی و تەواوی وجودیشی لە لای ئەو چەند وێنەیەیە کە کاکی ڕابەر بیانچرکێنێ و بیانباتەوە ئەوێ و خۆی پێ قەڵەوتر بکات و لەبەرامبەر ئەوەش مام قەشە مانگانە بڕێ پارە بۆ ئەم ڕابەرە دەنێرێت، لەگەڵ ئەوەی خۆمان چواردیوارێکمان نییە تیایدا کۆببینەوە، هاوکات سپۆنسەری نۆژەنکردنەوەی کڵێسایەکی شاری بەغدا بە ناوی «الكنيسة نهضة القداسة» دەکەین کە تەقێندراوەتەوە. ئەو مەڕە بێ جێ و ڕێیانەی شاری قەڵا و منارە! واتە؛ کڵێسایەکی بەغدا بە پارەی باوەڕدارانی هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە و خۆشمان کڵێسامان لە قوژبنێکی مێگا مۆڵە! لەوێ بۆشایی بە قەشەی کورد پڕ دەکەنەوە، ئەڵبەت ئەگەر پێویستیان بێت. کەچی دێتەوە ئێرە پارە بە ئێمە کۆ دەکاتەوە، بە دەربڕینێکی دیکە؛ کە بۆشاییەکەی ئەوێ نەما، لێرە دەبێتە فۆتۆگرافەر بۆ فەندەرەکەی ئەوێ! ھالیلویا…
بۆ نموونە؛ جەنابی قەشە بە ھۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی لە ئەوروپا، دێتەوە ھەرێمی کوردستان! خۆی دەگەیەنێتە شارە جوانەکەی “سۆران” و بە فێڵبازیەوە ڕابەری خزمەت لەو شارە ڕازی دەکات بۆ خزمەت کردنی باوەڕدارانی ئەوێ، کات تێدەپەڕێ و ڕابەری خزمەتی ئەو شارە بە ئەرکی پیرۆزی خۆی ھەڵدەستێت (پێشمەرگە)، جەنابی قەشە ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە و لە غیابی ئەو ڕابەرە دەست بە بازرگانی دەکات! بۆ ئەو مەبەستەش بڕێ پارە و مۆبایلێک بۆ یاریدەدەری ڕابەری خزمەت دەکڕێت، بۆ ئەوەی لە پیلانەکەی یارمەتی بدات! ڕۆژێکیان بە ناوی گەشت و سەیران لەگەڵ باوەڕدارانی شاری سۆران دەچنە ناو سرووشتی جوانی خودایی، بەڵام باوەڕدارانی دڵپاک بێ ئاگا بوون لەوەی کە ناپاکێک خۆی خزاندووەتە نێو ئەو ھەموو جوانییە! وا دیارە چوونەتە شوێنێک کە ئاوی ھەبووە، قەشە داوای لە باوەڕداران کردووە کە لە ئاویان ھەڵبکێشێت، ئەوانیش سەبارەت بە ڕابەرەکەیان پرسیاریان لە قەشە کردووە، لە وەڵامدا وتویەتی کێشە نییە…، جا قەشە خەریکی دانان و ڕێکخستنی کامێرا دەبێت بۆ تۆمار کردنی چالاکییەکەی و بردنەوەی بۆ ئەوروپا! یەکێک لەو باوەڕدارانە پەیوەندی بە ڕابەرەکەیەوە دەکات و سەبارەت بەوە ئاگاداری دەکاتەوە و…، ئەوە بوو خودا پیلانەکەی تێک شکاند، چونکە خودا لەگەڵ ڕاست و دروستانە.
باوەڕداری کورد لە ناوناتۆرە و تۆمەت بۆ یەکتر هەڵبەستن، ئەوەندە دەمشڕ نین کە ویستیان باوەڕدارێک سووک بکەن، تەنها دەڵێن: نەتزانیوە! نا، بۆ چی بووە! فڵان باوەڕدار گەی دەرچوو! یان فڵان منداڵبازە! فڵان مێبازە! ئەوە ژن بوو بۆیە گەیشتە ئەوێ…، ئەو کوڕە سەر بە پاراستنە! بوەستن بوەستن. با بزانین کەسێک سەر بە پاراستن بێ یان پاراستن بێت چ کێشەیەکی ھەیە؟ یان دەپرسین ئەرکی بنچینەیی پاراستن چییە؟ ھەر تاکێک کە لە پاراستن کار دەکات ئەوە ئەرکدارە بە پاراستنی ئەمنی نەتەوەیی و نیشتیمانی. واتە؛ وشەی پاراستن ھەم ناوە ھەم مانا، گریمان ئەو کەسە سەر بە پاراستن بوو، لێ تۆ بۆ لە پاراستن دەترسێی و ئەو ئەرکە وەک مەترسییەکی مەزن دەناسێنی و قێزەونی دەکەی ئەگەر خۆت باوەڕت بە خۆت ھەیە کە چاکەکاری و مەترسی نیت لەسەر نەتەوە و نیشتیمان. ئەوە کاتێ وای پێ دەڵێن کە بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەو کەسە نەما یان بەرژەوەندییەک وایان لێ بکات کە وای پێ بڵێن. یان کە پارە هاتە مەیدان هەر هەموویان دەبن بە پڵنگی چنگ بە خوێن بۆ گیانی یەکتری. دوو تۆمەتی لێکدراو و تێک ھەڵکێش لە یەک نموونەدا؛ دەگێڕنەوە و دەڵێن: کوڕە مەلایەکی ئەم شارە باوەڕ بە عیسای مەسیح دەھێنێت، تێکەڵ بە باوەڕداران دەبێ و کەسێکی تا بڵێی چالاک و لێھاتوو بووە، ئەو کوڕە بە ھۆی زمانزانی کە (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) بە باشی زانیوە، توانیویەتی پەیوەندی لەگەڵ زۆر کەسایەتی و لایەنی پەیوەندار بە باوەڕداران دروست بکات، بە تێپەڕبوونی کات وا دیارە ئەو کوڕە مەلایە لەگەڵ باوەڕدارانی کورد نیگەران دەبێ و جا نازانم لەسەر چی ڵێیان دڵگران بووە! بڕیاری ئەوە دەدات کە لە خزمەت دوور بکەوێتەوە، بەڵام باوەڕدارانی کورد کێشەی بۆ دروست دەکەن، چونکە ئەوان داوای ئەوەی لێ دەکەن کە ئەو کەسایەتی و لایەنانەیان پێ بناسێنێت، بەڵام ئەو کوڕە خاوەن باوەڕە ڕاستەقینەیە بەو داوایەیان ڕازی نابێ و دەڕوات، لەبەر ئەوە دەچنە لای مەلا و ھەواڵی باوەڕھێنانی کوڕەکەی پێڕادەگەیەنن! مەلا کوڕەکەی لە ماڵ دەردەکات. بەوەش ناوەستن، بەڵکو دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە ئەو کوڕە مامەڵە بە ماددە ھۆشبەرەکان دەکات و لە ترسی یاسا ھەڵاتووە بۆ دھۆک! مەگەر ھەولێر و دھۆک چ جیاوازیەکیان ھەیە؟ ھەولێر ئازایە، بەڵام دھۆک ئازاترە لە جێ بە جێ کردنی حوکمی یاسا بەسەر تاوانباران. ئەگەر ئێوە خودای درۆ نین، پێم بڵێن چین، تکایە حکومەتی خۆتان ناشرین مەکەن و خۆتان لەم نیشتیمانە جیا مەکەنەوە، لێرە بن یان لەوێ ھەر کوردن، بۆیە لێتان قەبووڵ ناکرێ کە خاک و نەتەوە بکەنە قوربانی بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆتان. دیسان سەبارەت بەو کوڕە مەلایە، جەدەلێکیان دروست کرد و بەو سیناریۆیە باوەڕدارێکی دیکەشیان تێوەگڵاند بەوەی کە سەر بە ئیتلاعاتی ئێرانە و ئەو ئیتلاعاتییە لەپشت مامەڵەی ماددە ھۆشبەرەکانی کوڕە مەلاکەیە! ئەوەیە کە دەڵێن تیرێک و دوو نیشان. لە کاتێکدا ئەو کوڕە لە لایەن بیانییەکان پارێزراو بووە لە ترسی باوکی نەک حکومەت. بە کورتی و پوختی، ھەموو ئەو کەسانەی زانیاری و شارەزایی باشیان ھەیە، دوور دەخرێنەوە یان دوور دەکەونەوە. کەچی خۆشیان لاپتۆپێکیان دەست نەکەوت بۆ پێداچوونەوە بە کتێبێک تایبەت بە مزگێنیدان، تەنانەت کەسیش ئامادە نەبوو لاپتۆپیان بداتێ! ئەوە واتای چییە؟!! ناچار نووسەری ئەو کتێبە لەبەر نیەت پاکی خۆی، لاپتۆپەکەی پێدان!!! بۆ خاتری مرۆڤایەتی ویژدانتان ھەبێت، ئەی باوەڕدارانی بێ باوەڕ بە عیسای مەسیح.
ئەو باوەڕدارانەی کورد سەد لە سەد دژی عیسای مەسیح دەجوڵێنەوە، بۆ دەستکەوتی ماددی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان دەچنە ژێر سایەی خاچ، بەڵام هەرگیز ناچنە سەر خاچ، بەڵکو بە پشت خاچدا دەسوڕێنەوە و ئاوڕی لێ نادەنەوە.
ھەر یەک لە ئێمە نمایندەی یەک نەتەوە دەکەین، ھەموومان بە بێ جیاوازی لە لایەن ئەوانی دیکە (بێگانەکان) وەک باوەڕداری کورد تەماشا دەکرێین و مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت، بۆیە ھەر ڕەفتارێکی نەشیاو لە ئێمە بەدی بکەن، ئەوا ئەو نابەجێییە بەسەر نەتەوەیەکدا دەشکێتەوە. بۆ نموونە؛ باوەڕدارێکی کورد ئەکاوەنتێکی لە فەیسبووک دروست کردووە بە ناوی (مزگێنی ……)، جا کاکی باوەڕدار ماوەیەکە لە جیاتی مزگێنیدان، قسەی زبر لە دژی کەسایەتییەکی جوولەکەی ئیسرائیلی دەکات! ھاوکات ئەو کەسە زۆر کورد دۆستە و فەندەرێکی باشە بۆ خزمەتی باوەڕداران لەم ھەرێمە، ئەو ئەکاوەنتەش ماوەی نزیکەی ھەفتەیەکە داخراوە یان سووتێنراوە لە ترسی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی باوەڕدارە کوردە مزگێنیدەرە قسە زبرەکە. ھەروەھا لەو کارە قێزەونە خراپتر ئەوەیە کە دەستە چەورەکەی خۆی بە باوەڕدارێکی دڵسۆز سڕیوە، کە سەبارەت بەو ڕەفتارەی لێیان پرسیوە، وەھا وەڵامی داوەتەوە: “ماوەی دوو مانگ دەبێ من کار بەو ئەکاوەنتە ناکەم، بەڵکو …… چالاکی تێدا دەکات و لەو کاتەوە تا ھەنووکە ئەو کوڕە بەکارھێنەرە!
ئابڕوو چوونێکی دیکەی ئێمە لەگەڵ خزمەتی (کۆری)یەکان بوو! نامەوێ بچمە نێو وردەکاری، لێ ھەر ئەوەندە بە پێویست دەزانم کە بڵێم کارمان بەو جێیە گەیشت کە دەست لە “سمتی ژنێکی کۆری بدەن!” جا لەو کاتەدا ھاوسەرەکەی ئەوە دەبینێ و زۆر تووڕە دەبێت، ئەنجام: بەشێک لە کوردەکان لە خزمەت دەرکران و بەشەکەی تریش ناچاربوون بڕۆن! پێم بڵێن کۆرییەکان چیان نەکرد بۆ کورد؟ ئەی ئێوەی باوەڕدار چیتان کرد بۆ ئەوان، بێجگە لە خۆ ناشرین کردن!
نەریتێکی باو لەنێو باوەڕدارانی کورد هەیە کە بێ ئەندازە گاڵتەجاڕییە و ناچێتە عەقڵەوە مەگەر تێکەڵیان بووبی ئینجا باوەڕ بەو مەهزەلەیە دەکەی! ئەویش مەسەلەی «مەڕ دزینە»، جا هەر باوەڕدارێک ئەو کارە بکات بە سووک و دز وەک هەر دزی کردنێکی دیکە تەماشا دەکرێ و لەنێو باوەڕداران لۆمە دەکرێت، ئەزموونی تێکەڵبوونم لەگەڵ باوەڕدارانی کورد، چەند جۆرە دزییەکی جوداوازم بینی کە بۆ خەڵکی بێ باوەڕ نامۆیە، بۆ نموونە؛ مەڕ دزین، وێنە دزین، ھێز دزین و…، با بزانین وێنە دزین چییە؟ کاتێک باوەڕدارێکی کورد لە چایخانە یان لە هەر شوێنێک وێنە دەگرێت، ئەوا دەبێ ئاگاداری خۆتان بن کە نەکەونە ناو زوومی کامێراکە، چونکە بە فۆتۆ دەتدزێ و لەنێو باوەڕداران و شوێنی پەیوەندار بە بەرژەوەنییەکانی تۆ بە کار دەهێنێ و نانت پێ دەخوات، چونکە دەڵێ ئەوەش باوەڕدارە و من مزگێنیم پێداوە! کاتێک بێ باوەڕێک لەگەڵ باوەڕدارێک بە هەر هۆکار و فێڵبازییەک بێ دەچێتە نێو باوەڕداران، ئەوا ئەو بێ باوەڕە لە لایەن باوەڕدارەکە بە باوەڕدار دەناسێنرێ و کاکی بێ باوەڕیش زۆر بە گرنگی وەرناگرێ و سووکە شەرمێک و نیمچە شۆکێک دەیگرێ و هیچ ناڵێ، ئێ ئەو کەسە بەو خێراییە چۆن بزانێ نانی پێوە دەخۆن!
بۆ نموونە؛ هاوڕێیەکی من لە لایەن باوەڕدارە هاکەرەکە، ئەوەی بەسەر هاتبوو، هەروەها منیشی بەکار هێنابوو بۆ ڕازی کردنی ئەو هاوڕێیەم لەسەر بنەمای درۆ، دواتر ئەو هاوڕێیەم سەبارەت بەوە قسەی لەگەڵ من کرد و منیش دەنگی مۆبایلەکەم کردە دەرەکی بە شاهێدی هاوڕێیەکی دیکەشم، پێچەوانەی ئەوەی بۆ هاوڕێیەکەم باسی کردبوو لەبارەی من قسەی کرد، ئەو هاوڕێیەشم پێکەنی و گوتی نەمردم باوەڕداری کوردیشم ناسی!
جا بە گشتی باوەڕداری کورد لە مزگێنیدان خودای درۆن، بەڵێنی زۆر سەیروسەمەرە بەو کەسانە دەدەن کە دەیانەوێ مزگێنییان پێ بدەن، بە مانایەکی دیکە باوەڕداری کورد لە ڕووی “چەندیەتییە نەک چۆنیەتی،” گرنگ ئەوەیە ژمارەکە گەورەتر بکەن، ئەگەرچی باوەڕداری وەهمی و ژمارەی وەهمی زۆرمان هەیە هەروەک شاند و ئەو کەسایەتییە وەهمییانەی کە هێشتا لە ڕێگەن و بە وێنەش نەمانبینیون! نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێ کە خولی فێربوونی مۆسیقای وەھمیشمان ھەیە! “بە گیتاری کۆرییەکان و بە پارەی باوەڕداران،” جەنابی بە ناو باوەڕدار بەشداری خولێکی وەھمی فێربوونی مۆسیقای کرد و لە جیاتی ئەوەی فێری ژەنینی گیتار بێت، بووە درۆزنێکی تەواو عەیار! ئەوەیە دادپەروەری خودا. ڕۆڵە تۆ تا سنوورێک دەتوانی فێڵ لە باوەڕداران بکەی، بەڵام ھەرگیزاو ھەرگیز ناتوانی فێڵ لە پاشای ئاسمان و زەوی بکەی، تەنانەت ئەگەر تۆ بێ باوەڕیش بێ ئەوا پیلانگێڕیەکەت لە بەرامبەر پلانی ڕزگاری خودایی تێک دەشکێت. ھەر بۆ وەبیرھێنانەوە، خوێندنی وەھمی “لاھوتی” سەبارەت بە کوردەکان بووە ھۆی کەنارگیربوونی چەندین باوەڕداری ڕاستەقینە لە خزمەت. لە ڕاستیدا مافی خۆیان بوو، ھەرچەندە داشکاندنیشیان بۆ کردن و (تورکیا)یان بە (لوبنان) گۆڕیەوە و گوتیان تێچووی خوێندنەکە لەوێ کەمترە، ئەویش درۆ بوو. ئەوەندە درۆیان لەگەڵ خەڵک کردووە، وابزانم ئەگەر ڕۆژێ لە ڕۆژان بێ ویستی خۆیان قسەیەکی ڕاست بکەن، ئەوا ئەو قسەیەش بە ئاگری درۆیەکان دەسووتێت.
ڕابەرێکی خزمەت چەند ملیۆن دیناری لە باوەڕدارێکی ئەم شارە وەرگرتووە، بە مەبەستی کار پێکردن و قازانج بەو پارەیە…، دواتر ئەو باوەڕدارە بۆی دەرکەوت کە قازانج سەری مایەی خواردووە! کاری “عەلاگە”ش وەھمی بوو، تەنانەت جەنابی ڕابەر خۆی لەو پارەیە نەکردە خاوەن و نکۆڵی لێ کرد! تا ئەو کاتەی چەند کەسێک لەو کارە قێزەونەی ئاگادار کرانەوە، ئینجا ھاتەوە سەر خەت، بەڵام ھێشتا پارەکەی بۆ ئەو باوەڕدارە نەگەڕاندوەتەوە “گەرچی لە تورکیاوە نیمچە بەڵێنێکیان پێداوە کە پارەکەی بۆ بگەڕێننەوە لە پارەی خزمەت! دەرکەوت کە ئەوانە پارەی خزمەتیش دەخۆن.” ئەم کارە وەھمییەش (عەلاگە) درێژکراوەی پرۆژەیەکی پێش خۆیەتی کە پێشتر بە ھەمان فێڵ بڕە پارەیەکی زیاتر لە باوەڕدارێکی تا بڵێی کتێبی و دڵسۆز بۆ باوەڕداران، وەرگرتووە. ئەو کاتەش ئەوەندە شێر و ڕێوی بۆ ھێناوەتەوە بۆ ئەوەی ماندووی بکات و دەست لە پارەکەی ھەڵبگرێت، دواجار بە چاو سوورکردنەوە لێی، ناچار بوو بە دەستی خۆی پارەکە بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی. پێشینان دەڵێن: (کوتەک دەزانێ قۆناغ لە کوێیە.) ھەرچەندە من وەک باوەڕدارێک دڵنیام ئەگەر ئەو پارەیەشی نەگەڕاندبایەوە، ئەوا ئەو باوەڕدارە ھیچی لەو فێڵبازە نەدەکرد، چونکە ئەو کەسێکی “کتێبی”یە. “منیش دەڵێم ئەگەر ئەو برا باوەڕدارە لە کاتی خۆی، ڕەگی ئەو کارە قێزەونەی لە خاک ھەڵبکێشایە، ئەوا ئەمڕۆ پنجی نەدەکرد و دەر نەدەکەوتەوە.”
پێویستە هەڵوێستە لەسەر ئەوەش بکەین کە باوەڕدارمان هەیە هێز لە کەسانی دیکە دەدزێ و ئەو کەسانە بێ هێز دەکەن، بۆ نموونە؛ شەوێک لەگەڵ چەند باوەڕدارێکی دیکە چووینە خزمەت یەکێک لە نووسەرە بە ناوبانگەکانی شاری هەولێر و گفتوگۆیەکی کراوەی باشمان کرد و باسێکیشمان سەبارەت بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی باوەڕ و ئایین و ئایینزاکان کرد و جەختمان لەسەر باوەڕ و شەریعەت کردەوە. دوای چەند ڕۆژێک کوڕی کڵێسا پێی گوتم: (دەزانی دکتۆر …… وەک جاران نەماوە؟ منیش گوتم: چۆن، مەبەستت چییە؟! گوتی: ئەو شەوە هێزەکەم لێی برد، ئەی نابینی وەک پێشتر نەماوە!) هەروەها ئاگادارم کە کەسایەتییەکی دیکەش بە مەبەستی هاتنی بۆ عێراق و چەندین مانگ بوو لە چاوەڕوانی ئەودا بووین کە لە هەولێر و…، باوەڕداران لە ئاو هەڵبکێشێت، بەڵام زۆر بە داخەوە لە تورکیا گەڕایەوە و نەوێرا بێتە عێراق، چونکە باوەڕدارە هاکەرەکە لەگەڵ جەنابی ڕابەر لە هەولێرەوە توانیان هێز لەو کەسایەتییە بدزن و ئەویش لە تورکیاوە هەستی پێکرد، بۆیە گەڕایەوە، ئەو کارەیان بووە هۆی زیانگەیاندن بە باوەڕداری کورد لە شاری قەڵا و منارە و…! هالیلویا
“ئەو خەیاڵ و قسانەی سەرووی واقع کە لەنێو ئەو باوەڕدارە کوردانەدا هەیە، لە هیچ تێکستێکی سوریالیدا بەدی ناکرێت!”
دووپاتی دەکەمەوە کە من باوەڕدارم بە پەژراندنی عیسای مەسیح وەک ڕۆڵەی خودا، بەڵام بێ باوەڕم بە باوەڕداری کورد، چونکە بەرەکەت و ڕاستی و دروستی بە هۆی عیسای مەسیحەوە بوو لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی مەزنی خودایی لەسەر خاچ، بەڵام بە ھۆی باوەڕداری کورد (درۆ و دزی)م بینی! بۆیە دەکرێ بڵێم بەلاڕێدا بردنی باوەڕ لەم شارە (ھەولێر) بە هۆی باوەڕداری بێ باوەڕی کوردەوەیە! ئەوانەی من دەیانناسم و لە ماوەی نزیکەی ساڵێکە بە شێوەیەکی مەیدانی چوومەتە بنجوبنەوانی باوەڕداران و بەشداری خزمەتم لە چەند کڵێسایەک کردووە، ئەوا بۆم دەرکەوتووە هەر هەموویان کار بۆ گیرفانیان دەکەن و تەنانەت هەندێکیان باس لەو کۆدانە دەکەن کە چۆن پارەی پێ وەردەگرن!
با هەڵوێستەیەک سەبارەت بە یەکێک لە کۆدەکان بکەین، یەکێک لەو کۆدانە بریتییە لە دزینی پارەی خزمەت، یان بە شێوەی زارەکی ڕوونکردنەوە دەدەم بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ لەو کۆدانە تێبگەن، بەڵام ئاگادار بن هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ کەسی باوەڕدار نادەم، چونکە من لەگەڵ ڕاستی و دروستیم، لێ هەر کەسێکی باوەڕدار یان ئەوەی دەیەوێ باوەڕ بهێنێت بە عیسای مەسیح، ئەوا تەنها پێی دەڵێم ئەوانە «خودای درۆن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت