محەمەد بەرزی: خــاوەی نــەزانـیـن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوو ڕۆژ دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 سەردانی شوێنی کارەکەمم کرد. جگە لە تاڵانی، دەرگا و پەنجەرەکان شکینرابوون. ژووری بەریوەبەرەکەمان زیاتر لە هەموو ژوورەکانی تر شێوێنرابوو، بەڵام کتێبەکان بە پەرشوبڵاوی وەک خۆیان مابوون. یەکێک لە کتێبەکان ، کە نزیکەی 200 لاپەڕە دەبوو، لەسەر بەرگەکەی دەرەوەی دەستەواژەی ( زۆر نهێنی ) لیێ نووسرابوو. ئەو کتێبە پلانی ستراتیجی حکومەتی عیراق بوو بۆ شاری سلێمانی. دیارە بۆ هەموو شارێک لەو جۆرە پلانە تایبەتە ئامادەکرابوو.
پلانەکە زۆر بە وردی هەموو لایەنەکانی پەروردە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، بەرهەمهێنان و… هتد، گرتبووە خۆی، لە یەکێک لە بڕگەکانیدا ئاماژەی بۆ زیادکردنی ژمارەی باخچەی ساوایانکردبوو، ئەمەش نیشانەبوو، کە ئەو پلانە، پلانێکی گشتگیربوو، هەموو جومگەکانی شارەکەی گرتبۆوە، ئەرکی لێپرسراوەکانی دەوڵەتیش، بریتی بوو لە جێبەجێکردنی هەر هەموو بڕگەکانی وەک خۆی. ئەوەی شایانی باسە پلانی ستراتیجی، ئەو پلانەیە، کە گۆڕانکاری بنەڕەتی دروستدەکات. پلانیش خۆی لە خۆیدا بریتییە لە بەکارهێنانی بیری زۆر وردی کەسانی دانا و بلیمەت، بۆ دانانی کارنامەیەکی تایبەتی بۆ شتێکی دیاریکراو. بە گشتیش ئامانجەکەی سوود وەرگرتنە لەو داهاتەی، کە لەبەر دەستدایە، بە لەبەرچاوگرتنی کارەکان ( پڕۆژەکان ) بە پێی گرنگیان و ڕاگرتنی هاوسەنگی تەواو لە نێوان پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابوریدا، بە تایبەتی لە نێوان هەموو ئاستەکانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازییدا. بێگومان حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق لەبەر ڕۆشنایی ئەو جۆرە پلانە وردانەدا دەوڵەتدارییان دەکرد. هەر بۆیە لە کاتی خۆیدا بەنداوی دوکان و دەربەندیخان دروستکرابوون، کارگەی شەکری سلێمانی ڕۆژانە 290 تەن شەکری سپی دەردەکرد و ساڵانەش ئامادەبوو 120 هەزار تەن چەوەندەر لە جوتیاران وەربگرێت. کارگەی جگەرە لە ساڵی 1961 وە تا ساڵی 1991 لە کارکردندا بەردەوام بووە، زۆر ساڵیش نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاری قازانج کردووە و بە هەزاران جوتیار و خێزانەکانیان سەرقاڵی چاندنی تووتن بوون.

بە پێی ئامارێک، کە لە ساڵی 1978 دا کراوە، ڕێژەی ( 3,1 ) ی هەموو تووتنی ڕۆژهەڵاتی، کە لە جیهاندا بەرهەم هاتووە، سەرچاوەکەی کوردستانی باشور بووە. هەر بوونی پلانی ستراتیجی بووە، ساڵانە دەرچووەکانی زانکۆ و ئامادەیی و سەرەتایی و هەتا نە خوێندەوارەکانیش بە ماوەیەکی کەم کاریان بۆ دۆزراوەتەوە، چونکە بە پێی ئەو پلانە گەشەپێدان لە هەموو بوارەکاندا هاوسەنگی تەواویان لە نێواندا بووە، کاتێک زانکۆیەکی تازە کراوەتەوە، لە هەماکاتدا حساب بۆ دەرچووەکانیشی کراوە. لە ماوەی هەشت ساڵی جەنگی نێوان ئێران و عیراقدا گرفت و کێشەیەک نەبووە بە ناوی مووچە و و ئاو و کارەبا و سووتەمەنییەوە. هەر پلانی ستراتیجی بووە، کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازییان گەیاندبووە ئاستێک، دانەوێڵە و میوە و شیرەمەنی هاوردە نەکرێن. بوارەکانی دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوت ڕاستەوخۆ بەسترابوون بە حکومەتەوە. بێگومان نهێنی ئەو دەوڵەتدارییە سەرکەوتووانەیەش، هۆکارە سەرەکییەکەی دانانی کەسانی شیاو لــە شـوێنی شیاوی خـۆیاندا بووە. ئەمە سەرباری ئەوەی پاداشت و سزاش، بێ جیاوازی سەرجەم کاربەدەستدانی دەوڵەتی بە چاک و خراپەوە گرتۆتەوە.
لە دوای ڕاپەرینەوە و کاتێک خۆمان حوکمی خۆمان دەکەین، شتێک نامێنێت ناوی پلانی ستراتیجی بێت، خۆ ئەگەر هەشبووبێت تەنها قسەی پفهەڵدراوی سەر کاغەز بووە، هۆکارەکەشی دەگەڕیتەوە بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات لە لایەن دوو بنەماڵەی خۆسەپێنەرەوە، کە هەموو پۆستە گرنگەکانیان بۆ خزم و کەسوکار و نۆکەرە ئەڵقە لە گویێ کانی خۆیان قۆرخکردووە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی توانایان بکەن. ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت سود لە عەقڵ و هزری کەسانی زیرەک و بە توانا و لێهاتوو وەربگیرێت، کە لە ئاستی دانان و جێبەجێکردنی پلاندا بن، ئەوەتا حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا داهاتی سەرزەوی و ژێر زەوییان لەبەر دەستدا بووە، کەچی 28 ساڵە یادگارییەکی جوانی وایان بەجیێ نەهێشتووە مرۆڤ شانازی پێوە بکات. هەر بۆیە حاڵمان بەم حاڵە خراپ و وێرانەی ئەمڕۆ گەیشتووە. پاشان سەرباری شکستی گەورەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پەروردە و پیشەسازی، حکومەت ناتوانێت دەرچووەکانی کۆلیجی پزیشکی و ئەندازیاری و پەروەردە و… هتد، دابمەزرێنێت، کەچی بەقەدەر ژمارەی باڵەخانەکان زانکۆ لە شار و شارۆچکەکاندا دەکاتەوە. لە کاتێکدا مانگانە ملیۆنەها بەرمیل نەوت دەفرۆشێ، بەڵام لەم زستانە ساردەدا، خەڵکی کڵۆڵی داماو نەوتی نییە خۆی پیێ گەرمبکاتەوە، ئەوە خۆ باسی نەبوونی مووچە و کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەکان لەو لاوە بوەستێت، کە 28 ساڵە دووکەڵ و دۆرنجی مولیدەکانی کارەبا، هەزاران هاوڵاتی تووشی شیرپەنجە کردووە. هەموو ئەو کێشانەش دەگەڕیتەوە بۆ بەکارنەهێنانی عەقڵ. بۆ ڕاستی ئەم بۆچوونەش ڕووناکی دەخەمە سەر ئەم نموونەیە، کە هۆکاری سەرەکی ئەو بارە نالەبارەی ئەمڕۆمانە: پاش ڕاپەڕین لیژنەیەک دانرا بۆ دیاریکردنی زیانەکانی کارگەی شەکری سلێمانی، کە لە جەنگی نێوان ئێران و عیراقدا فرۆکەکانی ئێران چەند بەشێکی وێراکردبوو. پاش وردبوونەوەیەکی تەواو، ڕاپۆرتێکمان نارد بۆ وەزیری پیشەسازی حکومەتی هەرێم، کە خۆی لە خۆیدا پلانێکی تەواو بوو بۆ چاککردنەوەی ئەو کارگەیە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەمان بۆ ئەوە کردبوو، چاککردنەوە و خستنەوە کاری کارگەی شەکر، پێویستی بە 3 ملیۆن دۆلارە. پاش یەک مانگ چاوەڕوانی، بە نووسراوێک وەڵامی ئەو ڕاپۆرتەمان بۆ هاتەوە، جەنابی وەزیری بێ ئاگا، تەنها 3 هەزار دیناری تەزویری بۆ ژیانەوەی ئەو کارگە ستراتیجییە تەرخانکردبوو!. بێگومان جیاوازی نێوان 3 هەزار دیناری تەزویر و 3 ملیۆن دۆلار چەند بوو، جیاوازی نێوان عەقڵی ئەو وەزیرە و پۆستەکەشی ئەوەندە بوو. ئەمجۆرە لێپرسراوانە نەک هەر توانای تێگەیشتنی پلانیان نییە، بەڵکو لە بواری پۆستەکانی خۆشیاندا تەقەی سەریاندێت. ئەو نووسراوە زۆر سەیرە کارێکی وایکرد بە پەلە بڕۆین لە هەولێر سەردانی بکەین و گرنگی و وردەکارییەکانی ڕاپۆرتەکەی سەرلەنوێ بۆ باسبکەینەوە . کاتیک گەیشتین نیوەڕۆ بوو، بەخێرهاتنی کردین و بەرلەوەی دەست بە قسەبکەین، وتی: کوڕینە من ئێستا ماندووم و برسیمە و توانای گویێ گرتنم نییە و زۆریش حەزم لە کەبابی قەڵادزیێ یە، کەبابێکی زۆر چاکە، دەی با پێکەوە بچین نان و کەبابێکی باشی بۆ بخۆین، ئەو کاتە باسی کێشەی کارگەکەش دەکەین. هەموو بە دوای وەزیردا خۆمانکرد بەو کەبابخانەیەدا و تێر نان و کەباب و ماستاومان خواردەوە. پاشان لە ناو ژاوە ژاوی کەبابخانەکەدا، جەنابی وەزیر وتی: پێویست ناکات باسی ئەو کارگەیەم بۆ بکەن، خۆم سەرلەنوێ بە ڕاپۆرتەکەتاندا دەچمەوە و بیرێکی لیێ دەکەمەوە. بەلامانەوە سەیر بوو وەزیر ئامادە نەبوو بەقەدەر ماوەی کەبابخواردنەکە، کاتیش بۆ باسی ئەو کێشە گرنگە تەرخان بکات، هەر بۆیە لۆژ لۆژ و بە دەستی بەتاڵەوە گەڕاینەوە. ئەنجامەکەشی ئەوەبوو، سەرجەم ئامێر و دار و بەردی ئەو کارگە ستراتیجییە مەزنە، هەراج کرا و بە کیلۆ و نرخی تۆڵەکە فرۆشرا و جێگاکەی لە لایەن بازرگانەکانەوە کرا بە باڵەخانە. بێگومان قۆرخکردنی دەسەڵات و دانانی ئەمجۆرە وەزیرە کەبابخۆرانە، کە وەک مڵە لەسەر حسێبی ڕەنجی شان و خەمی خەڵکی دەژین، هۆکاری سەرەکی شکستی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمە، کە بەردەوام شانازی بە کار و پڕۆژە ڕووکەشە بێ بەرهەمەکانی خۆیانەوە دەکەن، لـە ڕاستیشدا نــاخـی کـۆمـەڵگاکـەمانیان داوەشاندووە و لە شکستێکەوە ئەماندەنە دەست شکستێکی گەورەتر، ئەمەش خـــاوەی نــــەزانـیـنــە و دەبێ بیدەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت