هۆمەر نۆریاویی: پایزیش نەبێت، گەڵا گەڵا لە داری کورد هەڵئەوەرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژانێکە مخابن لێرە و لەوێ هەر هەواڵی ناخۆشە و لە ڕێوە دەگات. لە حاڵێکدا کۆمەڵی کوردی بەدەست دەیان ئارێشە و کێشەی دەستکرد و ناوخۆوە دەناڵێنێت، هەڵوەرینی پەڕی ئاڵتوونیی چەندان سیما و کەسایەتیی زانستیی و هونەریی،کۆمەڵ تووشی هەژان و شۆکێکی دی دەکات. هەر ئەم ماوەیە بوو کە زانستوەری کورد، دوکتۆر حەمەدەمین هەورامانی کە سیمایەکی هەرە دیار و ناسراوی کۆمەڵەی زانستی دێتە ئەژمار، ئۆغری خێری کرد و بۆ هەمیشە بەرهەمەکانی بە کتێبخانەی کوردی بەخشی.
مامۆستا حەمەدەمین هەورامانی، بە یەک لە سیما پرشنگدارەکانی نێو ڕووبەری چاندیی ئێمەی کورد دادەنرێت، کە لە ڕێی پێنووسەکەیەوە کۆبەرهەمێکی زەنگین و گرانبایی بە بواری مێژوو و زمانی کوردی بەخشیوە.
دوکتۆر حەمەدەمین هەورامانی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی نگریسی بەعسدا لە شاری بەغادا سەرچاوەی ڕاژە و خزمەتێکی بەرفرە بە سامانی فەرهەنگیی و ڕۆشنبیریی کورد دەبێت، پاش ئەوەی لە بن هەوری ئەو دەسەڵاتە ڕەشە نامێنێت و ڕوو لە ڕۆژهەڵات دەکات، لە ڕێی گەشت و گەڕانێکی زۆر بەم بەشەی نیشتماندا و دنەدانی ڕووناکبیران بۆ گەڕانەوە سەر خۆ، دەبێتە چرایەکی گەش و پرشنگدار و دەرەنجامی خەباتە چاندییەکیشی، هەنووکە بەرهەست و ڕوونە.
حەمەدەمین هەورامانی هەر لە پاوە و سنە و مەریوانەوە تا بە تاران، ئەو دەمانەی لە ڕۆژهەڵات دەبێت، تەکانێک بە بزاڤی ڕۆشنبیریی ئەم ناوەی کوردستان دەبەخشێت کە دواتر بە سەدان ڕێبواری دیکە ڕێبازە پیرۆزەکەی درێژە پێ دەدەن و هەر کامە و لە گۆشە و سووچێکەوە دەبنە چرا بۆ نیشتمان و هۆبەی زانستیی کوردان.
هەر بۆیە ناوی ئەم کەسایەتییە زانستییە سەرباری هەموو گلە و ڕەخنەکانیش، بۆ هەمیشە هەر گەش دەمێنێتەوە.
شیاوی ئیشارەت پێدانە کە حەمەدەمین هەورامانی، ساڵی 1928 (1307ی هەتاویی) لە “ئاڵیاوا”ی سەر بە شارۆچکەی “بیارە” لەدایک دەبێت. مخابن ئەم مرۆ نازەنینە ڕۆژی هەینی، 2ی سەرماوەزی 2718 (23ی نۆڤەمبەری 2018)لە تەمەنی 90 و لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی لە بیارەدا بۆ هەمیشە لە نێو خاکی نیشتماندا ستار دەگرێت.
دوا بە دوای ئەم بویەرە تاڵە، سینەماکاری ناسراوی کورد،”ڕەحیم زەبیحی” لە ڕووداوێکی گوماناوییدا هاوڕێی براکەی (کەیوان)،کامێرا زێڕینەکەی دەستی، لە وێنەگرتن دەکەوێت و پێمان دەڵێت: بەخت هەر ئەوەندەم یار بوو ئەگینا پرۆژەی زۆرترم لەسەردا بوو کە بۆ کوردان جێبەجێیان بکەم.
ئەم نیشتمانە پڕیەتی لە بەهرە و توانای ئاشکرا و شاراوە و کورد دەمێکە لە سای دەیان سینەماکاری وەک یەڵماز گۆنەی، بەهمەن قوبادی، هونەر سەلیم، جەلیل زەنگەنە، شوان عەتۆف، مەهدی ئومێد، جەمیل ڕۆستەمی، تەها کەریمی، شەهرام عەلیدی و … تد، هەست بە شانازی دەکات و هەرچی هێشتا خاوەنی سینەمایەک بە نێو سینەمای کوردی نیین، بەڵام ئەستێرە و سیما درەوشاوەکان کەم نین.
بانە، دەمێکە بۆتە جەمسەرێکی دیار بۆ کاری سینەما و چەندان سینەماکاری ناسراوی کورد لەوێوە سەر هەڵدەدەن و دواتر بۆ هەر هەموو نیشتمان دەبنە مایەی شانازیی و ئەمڕۆکە کورد فەخریان پێوە دەکات.
ڕەحیم زەبیحی ،ساڵی 1971 (1350ی هەتاویی) لە شاری بانە لەدایک دەبێت و سەرەنجامیش ڕۆژی هەینی، 16ی سەرماوەزی 2718(2018)لە بویەرێکی تەماوییدا خۆی و “کەیوان”ی برای گیانیان لە دەست دەدەن.
هەزار جەخار بۆ ئەو کۆچە ناوادەیەی ڕەحیم زەبیحی کە نازانم چ دەستێکی چڵکنی ئەم ڕۆژگارە ڕەشە، بەو دەردەی برد!
هێشتا چاوی کوردان هەر ڕۆندکی لێ دەباری کە داخەکەم ئەمجارە سیمایەکی هەرە نیگارینی کۆمەڵەی زانستیی لە وڵاتی ئەڵمانیا، وشە و پەیڤە زەنگین و سەنگینەکانی نێو ناخ و دڵی بە نیشتمان بەخشی و بە دوا کۆچی، خەمێکی قورسی خستە دڵانەوە.
پرۆفیسۆر “جەمال نەبەز”، ئەستێرەی هەرە دیاری بواری زمان و هزری نەتەوەیی،کە تەمەنێکە لە پێناو زمانی زانستیی و هزر و ئەندێشەی نەتەوەییدا تێدەکۆشێت و خەبات دەکات، بەم سەرماوەزە بەجێی هێشتین.
جەمال نەبەز،ئەو کەسایەتییە ڕووناکبیرەی کورد دێتە ئەژمار کە هەر لە یەکەم هەنگاوەوە،هەستی بە بۆشایی و کەلێنێکی بەفرەوان لە بواری زانستیی لە نێو کۆمەڵی کوردییدا دەکرد هەر بۆیە هەموو هەوڵی خۆی لە پێناو پێشخستنی بواری زانستییدا خستە گەڕ و دەرەنجامی ئەو خەباتە دوور و درێژەیش،هەنووکە دەیان کتێبی زەنگینە کە بۆ سبەی بواری زانستیی دەوری چرا دەبینن.
جەمال نەبەز، ئەو مرۆ هزرڕوون و بیرمەندە دیارەی کوردە کە هەموو ژیانی لە پێناو خزمەت بە وشە و پەیڤی کوردی وەپشت سەر نا و هەمیشە بۆ کۆمەڵێکی ئازاد و سەربەست لە نێو کیانێکی سەربەخۆدا خەباتی دەکرد و بەرهەم و کتێبەکانی،باشترین بەڵگە و شایەت بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەن.
جەمال نەبەز، ئازادی تاکی کوردی لا زۆر گرینگتر لە گەلێک پرسی هەستیاری دی بوو. لەسەر ئەو باوەڕە بوو تا کاتێک تاکی کورد هەست بە ئازادی نەکات و تا ئێمەی کورد نەتوانین ئازادانە بیر بکەینەوە، زۆر ئەستەم دەبێت ببینە خودانی کیانێکی سەربەست.
جەمال نەبەز، ساڵی 1933 (1312ی هەتاویی)لە شاری سلێمانی لە دایک دەبێت و ڕۆژی 8ی دێسەمبەری 2018 یش لە تەمەنی 85 لە شاری “بەرلین”ی وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد و، تەرمەکەی گەڕێندرایەوە کوردستان و گۆڕستانی “گردی شێخ مارف”ی شاری سلێمانی و ئاخی دایک بووە دوا هەواری ئەم هزرمەندە کوردە.
پەرۆشەکانی لای ئەم مرۆ نازەنینانە، هەر یەک بوو و ئەویش پەرۆشبوون بەرانبەر نیشتمان، کە بەختەوەرانە ئەمڕۆکە تا دێت لای ئێمەی کورد پتر بەهەند وەردەگیردرێت و هەر ئەمەیش ئۆخژنێ دەخاتە نێو دڵانەوە و مژدەیەکیش دەبێت بۆ ئەم کەسایەتییە تا سەر ئێسقان خەمخۆرانەی نیشتمان کە:
دە ئارام بنوون هەڤاڵان،
ئەوەتانێ پەڕ بە پەڕ و
گرتە بە گرتەی بەرهەمتان،
دەکەینە چەتری سەر سەرمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت