هەنار موفتی: خۆکوشتن و فاکتەرەکان.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گوومانی تیانیە رۆژانە لێرەو لەوێ چەندین هەواڵی خۆکوشتن و خنکاندن و خۆسووتان ئەبیستین، ئەوەش ئەگەرێتەوە بۆ ئەو باروودۆخە نالەبارەی رووی لە کوردستان کردووە.
هەر تاکێک لە هەر کۆمەڵگایەکدا توانای تێرکردن و، هەروەها پێویستیە سەرەتایەکانی نەبوو بۆ بژیوی ژیانی، ئەوە ئەکەوێتە ژێر فشاری دەروونی و رۆحی تێڕامانی بۆ ژیان، بێ ماناو بێ هوودە ئەبیت. سەرئەنجام توشی بێ هیوایی و کەم توانایی جەستەیی دەبێتەوە و، بیرکردنەوەکانی بۆ ژیان لە سیلەی خۆی لادەدات و بیر لە کۆتایی ژیان دەکاتەوەو پەنا ئەباتە بەر خۆ کووشتین.
هەرێمی کوردستان بە ڕەوشێکی ناجێگیردا دەڕوات، نائارامی و بێ یاسای و، لەسەرو ئەمانەشەوە گەندەڵی کۆی کۆمەڵگای داڕزاندووە، کە دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە بەرپرسیاری یەکەمن لە کۆی هۆکارەکانی. ئەم بێسەرو بەرەیەی و نابەرپرسارییە پاشاگەردانی بێ وێنەی دروستکردووەو، تا کار گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی بیرکردنەوەکان بەرامبەر ئەرکە نیشتمانیەکان لاواز ببێت و، لە ڕێڕەوی سیاسی و نەتەوەیی لابدات.
حیزب لە کوردستان بەرژەوەندییەکانی خستۆتە پێش نەتەوەو نیشتمانەوە، ئەم تێڕمانە هەنگاوە حیزبییەکانی زاڵ کردووە بە سەر حکومەتدا، بە واتا گشتییەکەی کۆی دەسەڵاتەکانی حکومەت لە حیزبدا کۆ بۆتەوە، هەر ئەمشە وای کردووە، کە ناشەفافیەت لە دارایی گشتیدا بە ڕوونی دیار بێت و ڤیتامین بی ( واسیتە) هۆکار بێت بۆ خۆشی ژیان. ئەم هۆکارانە ناعەدالەتی لە ژیان دروستکردووە.
جگە لەمانەش ئەو ناڕێکی و نەبوونییە لە سیستەم هۆکارە بۆ بێ سەروبەرەیی لە ژیان، بۆیە دەبینین کۆی کۆمەڵگا زۆرینەی بۆتە موچەخۆر و بیر لە دەستی حیزب دەکاتەوە، ئەویش بە دڵی خۆی بە مەگرەو بژی بڕیار لە قوتی خەڵک بدات.
کورد وتەنی: کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە، کاتێک حکومەت وەک پێویست موچە نەدات و، کاتێک حکومەت بیر لە دابینکردنی پێداویستییە گشتییەکان نەکاتەوە، ئەوسا کۆمەڵگا توشی نائارامی و لێکترازان و وروژمی تەنگەشەکان دەبێت، لەم ئەگەرەدا باریی بژێوی ژیانی تاک دادەبەزێت و کۆی کۆمەڵگاش توشی تەنگەشەی ئابوری دەبێت و نائارامییەکی سەرتاسەری بەرۆکی گەلەکەمان دەگرێت. ئەوسا بە پێی تواناکانی جەستە هەرەسی تاک دەست پێدەکات و دەبینین هەر ڕۆژەی هەواڵی مەرگی ڕۆڵەیەکی ئەم گەلە دەبیستین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت