پڕۆفیسۆر کرمانج گوندیی: سـێـکـیـولاریـزم و ئـایـنـیـزم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بـەرایـی
سێکیولاریزم (عـەلـمـانـیـیـەت)، بۆ ئێکەمجار لە لایەن جۆرج جەیکەب هۆڵیئۆك، لە سالی 1848، لەسەر بنەمایێکی فەلسەفیی باسی لێوە کرا. مەبەست لەو فەلسەفە، وەدۆزێنی ڕهەندێکی عەقلانیی بوو کە تێیدا هەر ئادیۆلۆژییەکی ئاسمانیی یان زەوینیی، لە کاتێك جیاوازیی تێڕامانیین و پڕاکتیز دەنێو دیتنگەکانیاندا هەبێ، بتانن پەڕەلێلی ئێکدی، بەبێ ئەوەی هیچ ئێکەکیان تخووبی ئەویدیکە ببەزێنێ، کارەکانی خۆیان بکەن.
سێکیولاریزم، وەکە چەمكێکی فەلسەفیی ژیانی مرۆیی، باوەڕ هەبوونە بە بنەماگەکانی دیموکراسیی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، پشڤەبردن و خەمڵاندنی زیندەگی لەو ژیانەی ئێستاکانێ. ئەو فەلسەفە، هێزدار کردنی مەکانیزمی فیکرییە بۆ بەکار هێنانی دایەڵۆگ بە جێگەی خشوونەت، پانایی پێکەوە ژیان، گوزەری گشتیی، تەبایی، و خۆشەویستیی مرۆڤایەتیی ــــ لەبەرامبەر ڕێچکەی تاریکی لێكدی دابڕان، خۆپەرستیی، خۆسەپێنیی، ئیگۆیزم، و دژایەتیی کردنی ئێکدی قەرار دەگرێ.
سێکیولاریزم، وەکی سیستەمێکی سیاسیی، تەنێ لە ڕەهەندەکانی مەودای مرۆڤایەتیی و پشێڤەبردنی ژیان تەواو نابی. چونکە، هەر سیستەمێکی سیاسیی سێکیولاریزم لە ڕێڕۆی دیمواکرسیی هەنگاوەکانی ڕێك ناخا. سیستەمی سێکیولاریزم، بە هەمان شێوە کە جێپەنجەی لەسەر سیتەمگەلێکی دیموکراتیك و مەردوومسالار هەیە، بە هەمان جۆریش، پەنجەمۆری لەسەر سیستەمگەلێکی تۆتالەتێریی و چەوسێنەر (وەکی سیستەمی نازیزمی هێتلەریی، ڕژێمەکانی چەوسێنەری کۆمۆنیزم، فاشیزمی بەعسیی، پۆلپۆتی کەمۆبدیایێ..و…و…) هەیە. لەبەرهەندێ، سیستەمی سێکیولاریزم بە تەنێ بەس نیە ئەگەر ئەو سیستەمە سیاسییە لەسەر پاراستنی بنەماگەکانی بەهاکانی ئەخلاقیی، عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، ئێکسانیی مرۆڤان، و فۆڕمەکانی دیکەی ژیان ـــ وەکی ئاژەڵان و باڵندان، نەدامەزرابێ.

سـێـکـیـولاریـزم لـە دیـتـنـگـەی فـەلـسـەفـیـی
سێکیولاریزم لە سادەترین فۆرمی خۆی، دەکرێ وەها تەماشا بکرێ کە دژی ئاین نیە، بەڵکو خەلاس بوون لە ئاینە. سێکیولاریزم سیستەمێکی سیاسیی ـــ قانوونییە. ئەو سیستەمە، بە تەواویی دین لە دەوڵەت جودا دەکا. کارئاسانیی دەکا بۆ ئەوەی ئاین و دەوڵەت بە چاوی رێز دانان سەیری ئێکدی بکەن و تخووبی ئێکدی نەبەزێنن. هەر ئێکەك لەو لایەنانە سرووشت و سنووری کارەکانی خۆی بزانێ و تێبگا کە هی ئێکەکیان سیمایەکی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی لەخۆ دەگری، و ئەوی دیکەیان کاری سیاسیی ـــ پێڕگەییە (ئیداریی).
سێکیولاریزم بنەماگەی ئینستیوتەکانی دەوڵەت و ئەو کەسانەی کە نوێنەرایەتیی ئەو ئینستیتیوتیانە دەکەن لە ئینستیتیوتەکانی ئاینیی و بیچمەکانی سەر بەو ئینستیوتانە جودا دەکا. ئێکەك لە تایبەتمەندێتییەکانی سێکیولاریزم ئەوەیە کە جەخت لەسەر پاراستنی ئازادیی و مافەکانی مرۆڤ لە بەرامبەر شەریعەت و تێکستەکانی ئاینیی دەکا. بەهەمان شێوە، ڕێگە بە حكومەتیش نادرێ کە مەرامنامەکان و پڕاکتیزەکانی دەوڵەتیی لە دژی ئاین بەکار بهێنێ، یان توندێتیی لەبەرامبەر پێڕەوانی ئاینێك ئەدا بکا. بە گۆتەکی دیکە، نە ئایینمەندان لەبۆیان هەیە باوەڕگەلی ئاینیی خۆیان، نە سێکیولاریستەکان لەبۆیان هەیە مەرامنامەی تایبەت بەخۆیان بەسەر یەکتری بسەپێنن. تایبەتمەندێتییەکی تری سێکیولاریزم ئەوەیە کە تێڕامانین لەمەڕ کاروچالاکیی، و بڕیارەکانی سیاسیی نابێ کارێگەرێتیی باوەڕی ئاینییان بکەوێتە سەر. بەو مانایەی کەسێکی ئاینیی کە پۆستێکی دەوڵەتیی وەردەگرێ پێویستە دوور لە پێوەند و ئیحساساتی ئاینیی ئەرکەکانی حکوومیی خۆی ئەدا بکا.
سێکیولاریزمی دیموکراتیك، مینا ئەو مەکتەبە فەلسەفییەی کە چێتر و جوانتر کردنی مرۆڤایەتیی ئارمانجی سەرەکییتی، تەواوی سیماکانی ژیانی مرۆڤ، پاراستن و پێشڤەبردنی بەهاکانی مرۆڤایەتیی لەنەزەر دەگرێ ـــ لە نەزەر دەگرێ بۆئەوەی مرۆڤان لە فەرهەنگگەلێکی جیاواز و شوێنگەلی جودای دنێ کە تێیاندا دەژین، بتانن سوود لە خەسڵەتگەلی پۆزەتیڤی ئێکدی وەرگرن و جوانیی لایەنەکانی فەرهەنگی ئێکدی ببین، بۆ ئەوەی بتانن پێکەوە مەودای “مرۆڤایەتیی نێوکۆیی” بەرفرەتر بکەن، و ژینگە و ژیانی ژینگەیی بپارێزن.
سێکیولاریزم، وەکی هێمای پێکرا، ئازادیی ئەوە بۆ خەڵك دەستەبەر دەکا کە تاکەکانی کۆمەڵ نەکەونە ژێر گوشاری سەپاندن و تێکستەکانی فێرکردنی دین (جا پێڕەوانی هەر ئاینێك بن) ئەگەر ئەو خەڵکە مەیلی ئەنجامدانی ئەو کارەیان نەبێ. یەنی بەبێ مەیلی وان، ئاینێك یان مەزەبێك، بەسەریان بسەپێندرێ. بەهەمان شێوە، ئاییندارییش ئازاد دەکا کە بە مەیلی خۆیان، وەك بەشێك لە ژیانی تایبەتیی هەر تاکێك ــــ چۆنی بوێ، ئەوها پێڕەوی هەر ئایینێك بکا کە مەیلی لێبێ. وەك گۆترا، سێکیولاریزم دژی ئایین نیە، بەڵام لە بەرامبەر ئایین سەربەخۆیە. لەنێوان سێکیولاریزم و ئایینیزم دیوار نیە، بەڵکو نێوان هەیە. نێوانەکەش مەودایێکی تەندرووستە کە تێیدا هەر ئێکەکیان زەوینە بەوی دیکە دەدا کارەکانی خۆی ئازادانە ئەنجام بدا.

ئـەخـلاقـی سـێـکـیـولاریـزم
لە ساڵی 1846، وەك پێشتر ئاماژەی پێکرا، بۆ جاری ئێکەم، نووسەری نێوداری ئینگلستانێ، جۆرج جەیکەب هۆڵیئۆك، تێرمی “سێکیولاریزم” وەکی ئایدیای “هزری ئازاد” شرۆڤە کرد ــــ هزرێك کە بۆ پاراستنی “چارچێوەی ماریفیی و نەزمی کۆمەڵایەتیی” بەکار بهێنرێ. دواتر، لە ئارتیکڵەکەی خۆی، “ئەخلاقی سێکیولار” کە لە ساڵی 1896، بڵاوی کردەوە، هۆڵیئۆك بەو جۆرە تاریفی سێکیولاریزمی کرد:

سێکیولاریزم کۆدی ئەو کارانەیە کە پێوەندییان تەنێ بە ژیانی ئێستاکانێ (هی ئەو دونیایەی کە تێیدا دەژی)، هەیە ـــ ژیانێك کە لەسەر بونیادی پاراستنی مرۆڤایەتیەکی تەواو عەیار دامەزراوە. دەنێو ڕەهەندی ئەو فەلسەفە هزرییە گەشە دەکا کە ثیولۆژیی بە ئایدیایێكی وەها دەبینێ لەمەڕ ژیان و کارەکانی دونیایی، بێ قەوارە، و بێ دیدی ئاییندە بێ، و بەردەوام لەسەر دەقەکانی تێکستەکانی ئاینیی، پێشکەفتنەکانی مرۆڤایەتیی چەقبەستیی بکا.

بـنـەمـاكـانـی سەرەکیی سێکیولاریزم
گرینگترین بنەماگەکانی سێکیولاریزم کە لە خوارێ هێمایان پێکرایە، ئەوانەن کە لەو ژیانە، یارمەتییدەری ئاشتیی و ئاسوودەیی ژیانی مرۆڤایەتیین:
1) لە ڕێگەی کەرستەکانی ماتریالیی، ئەم ژیانەی ئێستا پێشڤە ببرێ و مرۆڤایەتیی پێ جوانتر بکرێ.
2) زانست وەکی حیکمەتی دیتنگەی پێشڤەبردن و پێشبینیی کردن بۆ ئاییندە و ڕووداوەکان، لەبەر دەستی مرۆڤانە و گەرەکە بۆ ئاسوودەیی ژیان و پاراستنی ژینگە سوودی لێوەر بگیرێ.
3) ئەو هزرە چاك و بەجێیە کە تەنێ چاکە بکا. باشیی ژیانی ئێستا (ئەو دونیایە) باش و پێویستە، و ڕەفتاری چاك، ئەو ڕەفتارەیە کە چاکەی لێوە بەرهەم بهێنرێ.
سێکیولاریزم ناڵێ کە ڕۆناکیی و ڕێنوێنیی لەناو تێکستی دیکەدا نیە. بەڵکو، دەڵێ کە ڕۆشنیی و ڕێنوێنیی لە سێکیولاریزمی دیموکراتیك زێتر لەناو ژیان و ڕەهەندی مرۆڤایەتیی دەکەوێتە بەرچاو ـــــ سێکیولاریزمێك کە حاڵەتگەل و تخووبگەلی هەر تاکێك، هەر پێکهاتەیێك، ئازادانە دەپارێزێ.
جا لەبەرئەوەی سێکیولاریزم دژی ئایین نیە، دەکرێ بۆ خزمەتگوزاریی ئایین سوودی لێوەربگیردرێ. سێکیولاریزم ڕێگە نادا بێڕێزیی بەرامبەر بە هیچ ئایینێك یان مەزەبێك بکرێ. هەر ئایینمەندێك لەبۆی هەیە ئازادانە ئاییندارێتیی خۆی بکا ـــ تا ئەو شوێنەی کە باوەڕی خۆی نەسەپێنێتە سەر خەڵکی دیکە ـــ ئەو مرۆڤە ئازادە چۆن و چ ئایینێك پێڕەو دەکا. وەلێ، ئەگەر ئەو تخووبەی بەزاند، ویستی ئاین تێکەڵ بە سیستەمی ئیدارە کردنی مەملەکەت بکا، ئایدیای ئاینیی، یان مەزەبی خۆی بەسەر غەیرە خۆی بسەپێنێ، لەو حاڵەتە، پێشێلیی مافەکانی مرۆڤ و بنەماگەکانی دیموکراسیی کردیە ــــ لەو حاڵەتە گەرەکە قانوون مەودای خۆی وەرگرێ.
بێری کۆسمین، لە ئینستیتیوتی دیراسەکردنی سێکیولاریزم لەناو جڤاك و فەرهەنگدا، سێکیولاریزمی مۆدێڕن دەکاتە دوو بەش: سێکیولاریزمی توند و سێکیولاریزمی نەرم. سێکیولاریزمی توند، وەها شرۆڤەی ئاین دەکا کە مەرامنامەی ئاینیی لە زهنیەتێکی بێبنەما و بە ئایدیاگەلێك (کە وێدەچێ لەگەڵ گەلێك لە سیما و لایەنی ژیانی کۆمەڵایەتیی مۆدێرن نەگونجێ). ئەو جۆرە سێکیولاریزمە، سێکیولاریزمی ئۆتۆکراتیكە کە نە تەنێ ئاین، بەڵکو هەر ئایدیایێك لەگەڵ ڕەهەندی پلاتفۆرمی وی نەگونجێ، ڕەد دەکاتەوە. لە حاڵەتێك، لە دیتنگەی سێکیولاریزمی نەرم، دەکرێ تێکستەکان وەها شرۆڤە بکرێن، لە وەختێك کە وەدەستهێنانی هەقیقەتی ڕەها لە نێو هیچ جۆرە ئایدیالۆژیێك مومکین نیە، لەو ئانە، گەرەکە “دیدە کراوەیی” ببێتە بنچینەی بەحس و دایەلۆگی زانستیی و ئاینیی، بەبێ ئەوەی بەهاکانی هیچ ئێکەك لەو لایەنانە بێنرخ بکرێن یان بسڕێندرێنەوە.

وڵاتانی دارای سیستەمی سێکیولاریزم
لە فەرهەنگی مرۆڤایەتیی، سێکیولاریزم (وەك هێمای پێکرا) بزاڤێکی عەقلانییە کە ئاین لە دەوڵەت جودا دەکا. مافەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە لەسەر بنچینەکانی خواستی کەسیی لە بوارەکانی سیڤیلیی و ئاینیی ڕەچاو دەکا. بە مانایێکی تر، تخووبەکانیان لە پێوەند لەگەڵ مافەکانی تاکەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەست نیشان دەکا. وێجا، لەو ڕەهەندە، بایەخ بە ڕەکارخستنی یاساکانی سیڤیلیی و نەهێشتنی جیاوازیی لە نێو جڤاکی مرۆڤایەتیی لەسەر بنەمای تێکستەکانی جیاوزیی دەوڵەت لە ئاین دەدا. بە گۆتەکی دیکە، لەناو سیستەمی سێکیولاریزمی دیموکراتیك جیاوازیی ئاینیی، مەزەبیی، قەومیی، جنسیی…و…هەموار دەکرێن بۆ ئەوەی بنەماگەکانی هاوژینیی لەناو ژینگەی مرۆڤایەتییدا بۆ پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤ سەقامگیر ببێ. لەنێو ئەو مەودایە، ئەو باوەڕە نمۆ دەکا کە جیاوازیی ئاین لە دەوڵەت، ستراتیژێکی حەکیمانە و محتەمەل بێ و بکرێ لەلایەن دەوڵەتگەلی سێکیولاریزمی دیموکراتیك بەکار بهێنرێ.
تەواوی حکومەتەکان، لە دیموکراتیك ڕا بگرە تا دەگاتە دیکتاتۆریی ــــ هەردوکیان، گرفتی پێوەندی نێوان ئاین و دەوڵەتیان هەیە. هەر لەو ڕوانگە، ئەگەرچی هەر دوو بەشی سێکیولاریزم نایانهەوێ ئاین تێکەڵ بە کارگەلی دەوڵەتداریی بکرێ، وێدەچێ هەر حکومەتێکی سێکیولاریزم، بۆ مامڵە کردن لەگەل ئاین، یاسا و ڕێسای تایبەت بەخۆی هەبێ کە وێدەچێ مەکانیزمی مامڵە کردن لەناو چارچێوەی هەر سیستەمێك (دیموکراتیك یان دیکتاتۆریی) لەگەڵ پێکهاتەکانی ئاینی جیاوازی هەبێ. بە جۆرێك لەڕێز دانان بۆ ئازادیی ئاینیی لەناو فەرهەنگی جڤاکیی، لە ژێر سێبەری سیستەمگەلی دیموکراتیك تا دەگاتە سەرکووتکردنی پێکهاتەکانی ئاینیی، لە ژێر سیستەمی تۆتاڵەتێریی و دیکتاتۆریی، لە نەزەر بگیردرێ.

سرووشتی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی سێکیولاریزم
لەناو هەر کۆمەڵگەیێك بە جۆرێکی سرووشتیی، هزرین و تێڕامانینی جودا لەمەڕ ئایدیاگەلی زەوینیی و ئاسمانیی هەن کە هەر ئێکەك لەوان دارای پێڕەوانێکی خۆییە. نابەرامبەریی لەنێوان ئەو تێڕامانینانە بۆتە هۆی نەخۆشیی و هیلاك کردنی زۆرێك لە کۆمەڵگەکانی دنێ. لەبەرهەندێ، گرینگە کە فەرهەنگی “ڕێزدانان” بۆ باوەڕی ئێکدی و تەحەمول کردنی جیاوازییەکانی ناو کۆمەڵگە بایەخی پێبدرێ. بۆ ئەو مەبەستە گەرەکە ئەو بنەماگانەی خوارێ جامەی عەمەلیان دەبەر بکرێ.
1) کۆمەڵگە ئێک ڕەنگ ــــ ئێك نەتەوە نیە، بەڵکو جڤاکەکی پلورالیستیکە.
2) کۆمەڵگە تەنێ پشتگیریی لە “ئێك” باوەڕ ناکا. وەلێ هیچ باوەڕێك ڕەد ناکاتەوە، و هیچ باوەڕێکیش بەسەر “گشت” ناسەپێنێ.
3) لە هیچ لە کۆمەڵگەیێکی سێکیولاریزمی دیموکراتیك، شتیك بەناوی چەتری باوەڕی ئایدیالۆژیی گشتی درووست ناکرێ، بەڵکو لە هەمو ڕوێك و لەهەر لایەنێك یارمەتی هەڤوەلاتییان دەدرێ کە خۆیان بە ئارەزووی خۆیان (وەك خۆیان بۆ ژیانی خۆیان شایستە دەبینن) وەها کار بۆ وەدەستهێنانی ئارمانجەکانی خۆیان بکەن.
4) مەودای ئازادیی بۆ دەربڕین و بڕیاردان فراوان بکرێ بۆ ئەوەی خەلك لەمەڕ ژیانی خۆیان، دوور لە کارێگەرێتی سیاسەت و بڕیاری حکوومەت، یان کارێگەرێتیی ئاینیی، ڕێکخەر و بڕیاردەری ژیانی خۆیان بن.
5) لە نێو هەر کۆمەڵگەیێك گەرەکە هەندێ ئارمانجی نێوکۆیی نیشتیمانیی هەبن، لەناو چارچێوەکی یاسایی گشتیی، جودا لە جیاوازیی هزریی، پێکڕا لەسەریان کۆك بن.
6) گرفتەکان لە نێو جڤاکی سێکیولاریزم لە ڕەهەندی لەچاوگرتنی ڕاستییەکان، و بنەماکانی ئەخلاقیی ــــ قانوونیی، چارەیان بۆ وەدۆزرێ.
7) هیچ بیچمێك بۆ هەمیشە لە دەسەڵات نامێنێتەوە. ڕێڤەبەرایەتیی وڵات، موڵکی هەر خان یان خانمێکی لایقی مەملەکەتە.
8) ڕێگە بە هیچ ئایدیایێکی سیاسیی یان ئاینیی نادرێ کە بە پێچەوانەی خواستی میللەت، دروشم و پلاتفۆڕمی خۆی بەسەر هەڤوەلاتییان بسەپێنێ.
9) ڕێزێکی قووڵ بۆ تاکەکان و گرووپگەلی گچکە، لە خوار گرووپی زۆرینە، لەناو کۆمەڵگە دادەنرێ. لە کاتی حوکمی زۆرینە، کەڕامەتی کێمینە دەپارێزرێ.
10) قانوونگەلیك بۆ دابینکردنی ئێکسانیی هەڤوەلاتییان (جودا لە قەومییەت، ئاین، و مەزەب) دادەنرێن و کاریان پێ دەکرێ.
11) هەر تاکێكی کۆمەڵ گەرەکە یارمەتی بدرێ بۆ ئەوەی تواناکانی خۆی بناسێ، و بۆ پێشڤەبردنی خۆی بەکاریان بێنێ.
12) لە بەین بردنی ئەو کۆسپانەی کە لایەنەکانی کۆمەڵایەتیی ـــ ئابووریی دەشێوێنن و دەبنە هۆکاری تێکدانی تەندرووستیی جڤاکیی.
لە ڕەهەندی سۆشیۆلۆگیی، هەر لە دەمی ماکس وێبەر کە سەرقالی وەدۆزینی چارە بۆ گرفتی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگەکانی سێکیولاریزم بوو، لە دیتنگەی مێژوویی و فەلسەفیی، دیراسەی سێکیولاریزاسیۆن لە شێوەی پرۆسێسی سۆشیالۆگیی یان مێژوویی ئەنجام درایە. لەو نێوانە، جڤاکگەلێك، بە جێگەی بەکار هێنانی پڕۆسێسێکی ترادیسیۆنیی بۆ ئەنجام دانی کارگەل و چالاکییەکانی کۆمەڵایەتیی، زێتر پڕۆسێسی مۆدێڕنیان ڕەکار خستیە کە بە جۆرێکی بەردەوام ڕەهەندی سێکیولاریزمی پەی کردووە، و لە دوا قۆناخ ئەو پڕۆسێسە بە سێکیولاریزاسیۆن ناسرایە.

هـۆکـارەکـانـی ناتەبایی نـێـوان سـێـکـیـولاریـزم و ئـایـیـن
هۆکاری ئەو ناتەباییەی لە هەندێ جێگە لە نێوان ئاینمەندان و سێکیولاریستان دەبینرێ، ئەو ناتێگەیشتنەیە کە هەرتك لایەن لەمەر ئێکدی هەیانە. لەو ڕەهەندە هەر ئێكەك لەو دوو لایەنە، بە حوکمی دەمارگیریی لە ئەنجام دانی ئایدیاکەی خۆی، بەهاکانی مافەکانی مرۆڤ و بنەماگاکانی مرۆڤایەتیی دەشێوێنن. نەشارەزایی و نەبوونی زانیاریی پێویست لە لایەن بزاڤی ئاینداری سیاسیی لەمەڕ سێکیولاریزم. بەهەمان جۆریش، ناتێگەیشتن لەلایەن هەندێك لە سێکیولاریستان (کە وێدەچێ هەروو لایان زێدە ڕۆیی بکەن) بۆتە هۆی دەرگیرییەکی دژوار لەنێوان ئەو دوو لایەنە کە بە وێرانەیی بەهاکانی ئەخلاقیی مرۆڤایەتیی تەواو بووە.
لە شوێنێك کە ناتێگەیشتن لە نێوان دوو، یان زێتر لایەن لەمەڕ ئایدیایێك/بابەتێکی عەقلانیی درووست دەبێ، وێدەچێ کە هۆکارگەلێك بۆ ئەو ناتەباییە هەبن ــــ لەوانە، نەبوونی زانیاریی/ زانستیی پێویست لەبارەی بابەتەکە، نەبوونی فەرهەنگی تەحەمول کردن و پەسند نەکردنی هیچ ڕایەك کە لەدەرەوەی دیتنگەی ئەویدیکە بێ، نەبوونی پەروەردەیێكی تەندرووستی جڤاکیی، و هەول دان بۆ خۆسەپاندنی لایەنێك بەسەر لایەنەکانی دیکە بەوەی کە وەها نیشان دەدا چارەی تەواوی گرفتەکان تەنێ لەلای ئەولایەنە بێ.
ئەنجامەکانی دیراساتی ئاینیی وەها نیشان دەدەن کە سیستەمگەلی دیموکراتیکی مۆدێڕن، بەشێوەیێکی گشتیی بە پێوەری سێکیولاریزم دەنرخێندرێن. ئەمەش، لە باوەڕ بە ئازادی ئاین سەرچاوە دەگرێ (کە باوەڕەکان لەمەڕ ئاین، بە گشتیی نەکەونە بەر حوکمی یاسای خراپ، یان سیاسەتی خراپ). گەرەکە ئازادییەکانی خۆیان لە چارچێوەی خزمەتگوزاریی مرۆڤایەتیی و ئاسایشیی کۆمەڵگە بپارێزن. لەهەمان کاتیش، بیچمەکانی دەسەڵاتی ئاینیی نەتوانن قودرەتی خۆیان لەبەرامبەر بڕیارەکانی سیاسیی بەکار بهێنن (وەك ئەوەی خومێنیی لە ساڵی 1979، لە دژی ڕژێمێکی سێکیولاریزم کردی و دیکتاتۆریی فیرقەیی ئاینیی بەسەر گەلانی ئێرانێ سەپاند). سەرەتا کاربەدستانی ڕژێمی سێکیولاریزمی شای ئیعدام کرد، و دواتر کەوتە گیانی سێکیولاریستەکانی ئێرانێ و تەواوی بەهاکانی مرۆڤایەتیی ــــ کۆمەڵایەتیی لە دیتنگەی تەسکی مەزهەبی شیعەگەرایی قەبلاند. بەو گۆڕانکارییە، تەواوی پێشکەوتنەکانی جڤاکیی ـــ سیاسیی ئێرانێ کە لەدەرێی سیاسەتی حکومەتی فیرقەیی خومێنیی بوون، کەوتنە بەر گومان، ڕەد کەردنەوە، و سەرکووت کردن.
خومێنیی، بەوە زهنیەتە تاریکەی کە بەسەر گەلانی ئێرانێی سەپاند، تەواوی ئازادییەکان و کەڕامەتی تاکەکانی ئێرانێی شێواند. هەر ئازادەیێکی ئەو مەملەکەتە کە دیدێكی غەیرە دیدی “خۆمێنیزمی” هەبوو، بە “مفسد فی الارض” تاوانبار کرا. بەهەندێ زیانێکی گەورەی لە عەقلی ئازاد و فەرهەنگی پێکڤە ژیانی ئێرانێ دا.
لە بەرامبەر ئەو تارکیگیرییەی کە خۆمێنیی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست بەسەر ئێرانێی داهێنا، زێتر لە سەدەیێكی ڕابردی، لە نیوەی ئێکەمی سەدەی نۆزدە، لە هیندوستانێ، ماهاراجا ڕانجیت سینغ، سەرکەوتانە سیستەمی قانوونیی ـــ پێڕگەیی سێکیولاریزمی، لە پونجاب دامەزراند. ئەو قانوونە سیکیولاریزمە ڕێگەی دا کە پێڕەوانی ڕەیسگەل و ئاینگەلی جودا ڕێزیان لێ بگیردرێ، و بەبێ جیاوازیی تەشریف ببەنە دەرباری وی. ماهاراجا نوێنەرانی سیخ، موسلمان، و هیندوسی هەبوو کە پێکەوە سەرپەرشتی کارگەلی دەرباریان دەکرد. ماهاراجا، بەهەمان نیازپاکیی، بە جۆرێكی بەرفرە یارمەتی پەروەردەیی، ئاینیی، هونەریی زمانگەل و ئاینگەلی جیاوازی هیندوستانێی دەدا بۆ ئەوەی ئاسانکاریی بۆ کەسانی خاوەن زمان و ئاینی جودا بکرێ تا بتانن بە جۆرێکی تەندرووست گەشە بکەن.
ئەوەی لەو دوو ڕەهەندە نابەرامبەرە مێژووییە دەردەکەوێ ئەوەیە کە پێشڤەچوونەکانی مرۆڤایەتیی و فەرهەنگی پێکڤە ژیان، لە ڕوانگەی ئاینگەلی جودا، هەڵچوون و داچوونێکی زۆری بەخۆوە دیتیە. لێ بە لێ، ئەوەی لە هیندوستانێ لە سەدەی نۆزدە ئەنجام درا، بووە هۆکاری ئەوەی کە هیندوستان لە جیهانی مۆدێرن بە گەورەترین دیموکراسیی جیهانێ بناسرێ و ئەوەی لە کۆتایی سەدەی بیستیش لە ئێرانێ ڕووی دا (کە هەتا ئێساتاکانێش بەردەوامە)، بووە هۆکاری ئەوەی کە ئێران وەکی وڵاتێكی پاشڤەڕۆ لەسەدەی بیست و ئێك تەخمین بکرێ.
باوەڕەکانی ئاینیی، بەتایبەتیی لە وڵاتانی ئیسلامیی، بەشێکن لە ڕەهەندی بڕیارەکانی یاسایی ــــ کۆمەڵایەتیی. ئەوە لەکاتێك کە لە وڵاتانی سێکیولاریزمی دیموکراتیك، باوەڕ و بڕیاری ئاینیی لە دەرێی ڕەهەندی بڕیارەکانی یاسایی ـــ سیاسیی قەرار دەگرن.
ئەو نەریتە، بە شێوەیێكی بەرچاو لەناو جڤاکگەلێکی نەپێشکەفتی، لەناو فەرهەنگی حیزبگەلێکی موئەسەساتیی (چ موئەسەساتی عەلمانیی، یان ئاینیی بن) بە ڕۆشنیی دیارە. حیزبگەلی موئەسەساتیی، ئەو حیزبگەلەن کە نەخشەی ڕەهەندەکانی مافەکانی مرۆڤ، سیماکانی دیموکراسیی، کۆمەڵایەتیی، و ئابووریی کۆنتڕۆڵ دەکەن. هەموو شتێك بە پێوەری بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەستنیشان دەکەن. ئەو حیزبانە، هێندە باسی دیموکراسیی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن، هێندەی خزمەتی بەرژەوەندییەکانی وان دەکا ــــ هەرکاتێکیش دیتیان کە ئاخافتن لەو بابەتانە زیان بە بەرژەوەندییەکانی وان دەگەیەنێ، پێشێلکردنی ئەو مافانە لەلایەن ئەو حیزبگەلە، کارێکی ئاسان و ئاکارێکی ئاساییە.
ڕادیکالیستی ئاینیش بەهەمان شێوە، هەمیشە بۆ کۆنتڕۆل کردنی عەقلی مرۆڤ کاری کردوە. هەمیشە خۆی بە خەلیفەی خودا لە رووی زەوی زانیوە. بە جۆرێك هیچ ئایدیایێکی فەلسەفیی، یان کۆنسێپتێکی دیکەی سیاسیی/کۆمەڵایەتیی لەدەرەوەی تێکستەکانی خۆی قبوول نەکردیە. هەرلەبەرهەندێ، پێکهاتەگەلی فەرهەنگەکانی جڤاکیی لە زۆرینەی وڵاتەکانی سێی جیهانێ، کوردستانیش دەگەڵ، خۆیان بزر کردیە و لەناو قەیرانی دژواری خۆوەدۆزین دەست و پێ دەکوتن.
ئەو جۆرە فەرهەنگە کە بۆتە فاکتەری لاواز کردنی بەهاکانی کۆمەڵگەی تەندرووست، پێچەوانەی پاراستن و پێشڤەبردنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە. فەرهەنگێکە بۆتە بەشێك لە بەرنامەی ڕۆژانەی ئەو دەسەڵاتگەلە کە وێدەچێ لەژێر حوکمی وان، میللەت ئومێدی بە ئاییندەیێکی رۆناك نەمێنێ.

سـێـکـیـولاریـزم و نـاکـۆکـیـی نـێـوان سـێـکـیـولاریستان
وەك ئامژەی پێکرا، گرفتی سێکیولاریزم تەنێ لەناو کۆمەڵگەکان لەبەرامبەر ئاین نیە، بەڵکو لەڕەهەندێك لەگەڵ قشرێکی سیکیولاریستەکانیشە. سێکیولاریستەکان، وەك پێشترهێمای پێکرا، بەسەر دو کاتەگۆری دابەش دەکرێن، سێکیولاریزمی نەرم (وڵاتانی دیموکراتیك و مەردومسالار)، و سێکیولاریزمی توند (وڵاتانی تۆتالەتێریی و دیکتاتۆریی). ئەوچەل، هەر ئێكەك لەو جۆرە سێکیولاریزمە کە دەبێتە سیستەمی پێڕگەیی وڵات، هەندێ جار، گرفتی نێوانیان دەگاتە بەزاندنی تخووبی دەرگیریی خوێناویی و وێرانیی مەنزڵگەی مرۆڤایەتیی. هەلەبەت، چونکە هەر ئێکەك لەو دوو گرووپە، دارای سیستەمی ساسیی ـــ ئابووریی جودایە، چارەی گرفتەکانی سیاسیی ـــ کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکانی خۆیان لەچارچێوەی فەلسەفەی ئایدیۆلۆژیی خۆیان دادەڕێژن. بەهەندێش، تەواوی ئەو لایەنانەی کە ناڕێکی هزرییان لەگەل هەیە ڕەد دەکەن. هەر ئەو جۆرە هزرینە، لە مەوداو و قوڵایی مێژوو، جێپەنجەی بەسەر کارەساتەکانی وێرانەیی عەقڵ و ژینگە و ژیانی مرۆڤ لە پانتایی دنیایێ دیارە. جەنگەکانی جیهانێ و دەرگیرییەکانی نێوان ئەو دوو زهنیەتە لە سەدەی بیست کە ئێستاکانێش بەجۆرێك بەردەوامە، دەکرێ وەکی مشتێك لە خەروارێكی ناکۆکیی ئەو دو کاتەگۆرییە، وەبیر خۆمان بهێنینەوە. لەسەر ئاستی نێوخۆییش، سێکیولاریزمی توند، وێدەچێ لەناو چارچێوەی زهنیەتی توندی خۆی، چارە بۆ گرفتەکانی ناو وڵات وەدۆزێ. لەو مەودایە، دەکرێ ئاماژە بکرێ بە ژینوسایدی گەلی کوردستانێ و لێدانی هەڵەبجە بە چەکەکانی کیمیایی لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردی، و کوشتاری شیعەکان لە دوای جەنگی ئێکەمی کەنداوێ لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردی، لە لایەنی ڕژێمی حکوومەتی ئێراقێ. کوشتنی بیست ملیۆن مرۆڤ لەلایەن ستالین، و ئێك و نیو ملیۆن مرۆڤ لەلایەن پۆل پۆتی کەمبۆدیایێ، ئەوانە هەموو، دەکەونە چارچێوەی هەمان گرفتی سێکیولاریستەکان دەگەڵ ئێکدی.
لەبەرهەندێ، تەنێ سێکیولاریزم بۆ درووستکردنی سیستەمێكی عادڵانەی مەردوومسالار بەس نیە ئەگەر ئەو سیستەمە سێکیولاریزمە لەسەر بنەماگەکانی عەداڵەتی جاڤکیی نەدامەزرابێ. مرۆڤێكی سێکیولاریست لەنێو سیستەمی وڵاتێكی سەرمایەدار لەگەڵ هاوتەریبێكی خۆی لەناو سیستەمێکی سۆشیالیزم یان تۆتالەتێریی وڵاتانی دیکە، ئەگەرچی هەر هەموویان کەسانی سێکیولاریستیش بن، وەلێ، جیاوازییەکانی نێوان ئایدیۆلۆژیی سیاسیی ـــ جڤاکیی ـــ ئابووریی وان هێندە لە ئێکدی دوورن کە کێمتر دەنگی ئێكدی دەبیسن. کاتێکیش کە گوێیان لە دەنگی ئێکدیش دەبێ هەمیشە بە گۆمان و بەدبینیی تەماشای سێبەری سیمای سیاسەت و ئایدیای ئێکدی دەکەن.

چارەسازیی لە فەرهەنگی سێکیولاریزم
گرفت لەناو سێکیولاریزم، وەکی فەلسەفە نیە ــــ کێشەکە شێواویی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی ــــ سیاسیی ــــ ئابوورییە کە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە ئاستیی هوشیاریی پەروەردەی کۆمەڵایەتیی هەیە کە تێیدا سیماکانی سیاسەت و پڕاکتیز کردنی لەناو ئاگایی زهنیەتێکی تەندرووست، و تەحەمول کردنی ڕای پێچەوانە قەوارە دەگرێ. کێشەکە پێوەندی بە زانین و قەبوول کردنی تخووبی خودیی هەیە کە مرۆڤ تخووبی ئازادیی خۆی بزانێ. هەمیشە ئەوەی لەبیر بێ کە ترازان لە تخووبی ئازادیی خود، تەجاوەز کردنە بە ئازادیی خەڵکی دیکە. لەبەرهەندێ، گرفتەکە لە فەلسەفەی سێکیولاریزم سەرچاوە ناگرێ، بەڵکو کێشەکە لە زهنیەتی ئەو سێکیولاریستانەیە کە هێشتا لە ڕەهەندی حیکمەتی فیکریی پێویستییان بە پێداچوونەوە، و وەدۆزینی ناسنامەی ماریفیی خۆیان هەیە.
لە حاڵەتی هوشیاریی ماریفیی، مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستە کە چۆن ماف دەداتە خۆی بۆئەوەی باوەڕێکی تایبەت بەخۆی هەبێ، و حەزیش دەکا کە خەڵك ڕێز لە باوەڕی وی/ وێ بگرن، بە هەمان شێوەش ئەو ئەرکە ئەخلاقییە لەسەرخۆی ئەدا دەکا بەوەی لە وەختێك جیاوازیی لەنێوان تێڕامانینیی وی/ وێ و خەڵکی تر هەبێ، ئەو ئەدەبە ڕەچاو دەکا کە ڕێز لەبۆ دیتنگەی خەڵك دابنێ، بەجۆرێك ناهێڵێ جیاوازییەکەیان لە ڕەهەندی دایەلۆگ بچنە دەرێ. لەحاڵەتێکی ئەوهایی، ئەو مرۆڤە سێکیولاریست بێ یان غەیرە سێکیولاریست، هەمیشە لەگەڵ خۆی و دەوروبەرەکەی لەهاڕمۆنیی و پێوەندێکی تەندرووست دەژیێ، و لە بەرامبەر ئاین یا هەر تێڕامانینێکی تر، وسوولی ڕێز و ماریفەت ئەدا دەکا.
لەبەرهەندێ، لەوە ناچێ کە مەرام کێمیی “کەرستەی ماریفیی” بێ، چونکە ماریفەت وەکی چەمکێکی فراوانی فیکریی ـــ فەلسەفیی، کۆنسێپتی سێکیولاریزمی پێشڤە بردیە. بۆیێ، بۆ ئاوەدان کردنی لایەنی ماریفیی کۆمەڵگە گەرەکە بایەخ بە بەرزکردنەوە و گەشە پێدانی ئاستی پەروەردەیی ــــ ئاوەدان کردنەوەی هزری مرۆڤ و ئاسۆی مرۆڤایەتیی بدرێ بەجۆرێك کە مرۆڤ بتانی هوشایارانە بیر بکا و عاقلانە بڕیار بدا.
بۆ ئەو مەبەستە، لەهەر وڵاتێك بۆ زەوینەسازیی ئیدارەیێکی مەردومسالار و ئێکسان، گەرەکە دەستورێك هەبێ کە لەسەر بنەماگەکانی عەدالەتی جڤاکیی دامەزرابێ. لەژێر ڕۆشنایی ئەو دەستوورە، سیستەمێکی قانوونیی درووست بکرێ کە ڕەهەندەکانی هەموار کردنی ژیان، و دابین کردنی گوزەرانیێکی ماقوول بۆ هەڤوەلاتییانی لێوە سەرچاوە بگرێ بە جۆرێك کە ئێکسانیی هەڤوەلاتییان، پاراستنی کەڕامەت، و مافەکانی تاکەکانی کۆمەڵی تێدا پارێزراو بێ.

دیماهـیك
لە لایێك، لێکتری تێنەگەیشتن لە نێوان سێکیولاریستان و حیزبەکانی سێکیولارییزم، لە لایەکەی دیکە داگیرکردنی بەشێکی بەرچاوی هزری خەڵك لە لایەن سێکیولاریزمی توند و ڕادیکاڵی ئاینیی، هەرەشەیێكی ڕاستەوخۆ لەسەرسەقامگیریی و هاوژیانیی پێکهاتەکانی قەومیی/ئاینیی/مەزەبیی کۆمەڵگە درووست دەکا. چونکە، هەر ئێكەك لەو دوو لایەنە لەبەرامبەر ئەویتر، خۆی پێ ڕاستر و مافدارترە. ئەو زهنیەتە، جودا لە لێکترازاندنی شیرازە و شێواندنی فەرهەنگی جڤاکیی و بڵاوکردنی بێباوەڕیی، بەرهەمێکی دیکەی لەبۆ کۆمەڵگە نابێ. لەبەرهەندێ، گرینگە کە زێتر سەرنج بدرێتە ئەو هەقیقەتە کە جڤاکێکی فرە قەوم/ ئاین/ مەزەب، گەرەکە وەکی موزائیکێك تەماشا بکرێ کە جودایی قەومگەل، ئاینگەل، و مەزەبگەل ئەو جڤاکە دەوڵەمەندتر و جوانتر دەخەمڵێنن.
بۆ درووستکردنی جڤاکەکی ئەوها سیڤیل، بەرپرسێتیی ڕۆناکبیرانی کۆمەڵگە لەبەرامبەر ئەو ئەرکە مێژووییە پێویست دەکا کە ڕۆناکبیران ئەو هوشیارییە هزریی و ویژدانییەیان هەبێ تا بتانن لە ئاستی هوشیاریی کۆمەڵگەکەیان تێبگەن. هەڵبەت، ڕۆناکبیریش بە شەهادە نیە (گرینگ نیە شەهادەکە چەند بەرزە)، چونکە، شەهادە هیچ وەختیك نابێتە سەلمێنەری گەوهەری مرۆڤایەتیی هیچ مرۆڤێك. لەبەرهەندێ، ڕۆناکبیران گەرەکە هوشیاریی ڕووحیی ــــ ماریفییان هەبێ کە بتانن لە ڕەهەندی درووست کردنی جڤاكێکی ئێکسان و خۆشبەخت کە تێیدا ڕۆڵی خۆیان لە دامەزراندنی حکومەتێکی مەردومسالار و پاراستنی بەهاکانی مرۆڤایەتیی ببینن.
ئەوچەل بۆ تەندرووستێتیی کۆمەڵگە، دەبێ ئەوە بزانرێ کە بابەتەکە تەنێ پێوەندی بە نوخبە نیە، بەڵکو هەموو تاکەکانی مەملەکەت (خان و خانم) گەرەکە قەوارەی مافگەل و ئەرکەکانی خۆیان بزانن. پێچەوانەی ئەو ڕەهەندە، گرفتێکی دژوار و کۆمەڵگەیێکی ناتەندرووست، درووست دەبێ. لە تەنیشت هەندێش، پەروەردەی گشتیی کۆمەلایەتیی ـــ سیاسیی پێویستە بۆ ئەوەی هەر تاکێکی کۆمەڵ لەمەڕ ئەو بەرپرسێتییە ئەخلاقییە کۆمەڵایەتییە، ئەرکەکان و بەرپرسێتییەکانی خۆی ئاگاهانە ئەدا بکا.
بۆ ئەو مەبەستە، گەرەکە هەڤوەلاتییان لە ئەرکەکان و بەرپسرێتییەکانیان هوشیار بکرێنەوە. هوشیارکردنەوەی هەڤوەڵاتییان، بە پەروەردەیێکی گشتیی کە تەواوی لایەنەکانی ژیان لە سیماکانی تاکەکان لە هەمبەر بەرپرسێتییەکانی خێزانیی/خانەوادەیی، کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابووریی دەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقیی، و دەبێتە بەشێکی گرینگ لە سیستەمی قانوونی، و فەرهەنگی جڤاکیی. بۆیێ، پەروەردەیێكێ سێکیولاریزمی دیموکراتیك کە تێیدا هەر کەسێك هەست بە ئاسوودەیی کەڕامەتی خۆی بکا، پیویستییەکی مێژووییە و دەبێ هەول بۆ درووستکردنی ئەو فەرهەنگە بدرێ. ئەوە، ئەرکێکی ئەخلاقیی هەر مرۆڤێکی خاوەن زهنیەتێكی ویژدانیی ـــ ماریفییە بۆ ئەوەی بتانی باوەڕی سێکیولاریزمی، یان ئاینیی خۆی بۆ خۆی بپارێزێ، و خۆی نەکاتە قازی و قەزاوەت لە بارەی ئایدیای فیکریی/گوناهەکانی/بۆچوونەکانی ئەو کەسانە نەکا کە لەدەرەوەی دیتنگەی وی/ وێ بن.

ژێــدەر:
El-Baghdadi, Iyad. (2013). Salafis, Jihadis, Takfiris: Demystifying Militant Islamism in Syria. 15 January 2013. Retrieved 10 March 2013.
Indonesia: Why Salafism and Terrorism Mostly Don’t Mix. International Crisis Group. Retrieved 7 February 2015.
Jones, Seth G. (2014). A Persistent Threat: The Evolution of al Qa’ida and Other Salafi Jihadists (PDF). Rand Corporation. p. 2. Retrieved 28 May 2015.
Kramer, Martin. (2003). Coming to Terms: Fundamentalists or Islamists? Middle East Quarterly X (2): 65–77. “French academics have put the term into academic circulation as ‘jihadist-Salafism.’ The qualifier of Salafism—an historical reference to the precursor of these movements—will inevitably be stripped away in popular usage.”
Moghadam, Assaf (2008). The Globalization of Martyrdom: Al Qaeda, Salafi Jihad, and the Diffusion of … JHU Press. pp. 37–8. Retrieved 28 May 2015.
Sageman, Marc (2013). “The Stagnation of Research on Terrorism”. The Chronicle of Higher Education. “al Qaeda is no longer seen as an existential threat to the West … the hysteria over a global conspiracy against the West has faded.” April 30, 2013
Six Points of Tabligh, the chapter on “Desired Manners of Eating and Drinking” includes 26 norms on the etiquette of eating and drinking. From: Globalized Islam: the Search for a New Ummah, by Olivier Roy, Columbia University Press, 2004.
THE GLOBAL SALAFI JIHAD. The National Commission on Terrorist Attacks Upon the United States. July 9, 2003. Retrieved 1 June 2015.
The Princeton Encyclopedia of Islamic Political Thought, p 484

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت