بورهان شێخ ڕەئوف: ئەوروپا لە نێوان هاوپەیمانى ناتۆ و سوپاى یەکگرتووى خۆیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر لەو کاتەى لەسەرەتاى ساڵى 2016 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکایەتى وڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمریکاى گرتە دەست، ئەوروپیەکان لێدوانەکانى ترەمپیان بە هەند وەرگرت کە باسى ئەوەى دەکرت ئیتر بە بەلاش پارێزگارى لە کەس ناکەین، زۆر وڵاتى دەگرتەوە ئەم لێدوانە هەر لەڕۆژهەڵاتى ناوینەوە تاوەکو دۆستە کۆنەکانى لە ناتۆو بە دیاریکراوى وڵاتانى ئەوروپاى ڕۆژاوا کە تاوەنبارى دەکردنى بەوەى کەوا ئەرکە داراییەکانى سەرشەنیان لە هاوپەیمانى ناتۆ بەجێ ناهێنن.
هەربۆیە سەرۆکى فەرەنسا ئەمانۆئیل ماکرۆن لە نۆڤەمبەرى ئەمساڵدا 2018 داواى پێکهێنان و دامەزراندنى سوپایەکى یەکگرتووى بۆ ئەوروپاکرد بۆ ئەوەى بتوانن بە شێوەیەکى سەربەخۆ و ڕاستەوخۆ بەرەڤانى لە خۆیان بکەن بەبێ ئەمریکا، ئەم لێدوانە سەرۆکى ئەمریکاى گەلێک قەڵس و نیگەران کرد چونکە ئەم داخوازى و پێشنیارە ئەمریکاى خستە خانەى چین و ڕوسیاوە وەکو هەڕەشەو مەترسین بۆ سەر سەقامگیرى و ئاسایشى ئەوروپا.
لە هەمانکاتدا ڕاوێژکارى ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکل لە 13 نۆڤەمبەرى ئەمساڵدا لە وتارێکدا لە بەردەم پەرلەمانى ئەوروپادا وتى: پێویستە هەموو ڕێوشوێنێکى پێویست بگرینە بەر بۆ پاراستن و پێشخستنى بەرژەوەندى هاوڵاتیانمان و هەروەها کاربکەین بۆ ئەوەى ببینە خاوەنى سوپایەکى ڕاستەقینەى ئەوروپا. هەروەها پێداگیریشى کرد لەسەر ئەوەى کە ئەم بۆچوونە پێچەوانەى بوونى هاوپەیمانى ناتۆ نابێت لە ئەوروپا، لەلایەکى تریشەوە سەرۆکى ڕوسیا فلادیمیر پۆتین پێشوازى گەرمى لە پێشنیارەکەى ماکرۆن کردو وتى: ئەمە بۆچوونێکى تازە نیەو کۆنە، بەڵام سەرۆک ماکرۆن زیندووى کردەوە هەروەها وتى: کارێکى لۆجیکیە کە ئەوروپا خاوەنى سوپاى سەربەخۆى خۆى بێت، خاوەنى سەروەرى بێت، بۆ بەرگرى و ئاسایشى خۆى.
هەرچەندە هەندێک بۆچوون هەیە کە باس لەوەدەکەن بە بێ ئەمریکا ئاسایشى ئەوروپا دابین ناکرێت، لە کاتێکدا یەکێتى ئەوروپا دامەزراوە و خاوەنى دامودەزگاى زۆرە هەر لەپەرلەمان و پەیوەندى یەکانى دەرەوو… تد، بەڵام ناکرێت ئاسایش و بەرگریەکەى وابەستەى هێزى دەرەکى بێت کە ئەمریکایە مەبەستیان.

ئەوروپا بۆ بیر لە دامەزراندنى سوپاى سەربەخۆى دەکاتەوە؟
هەرچەندە سەرهەڵدانى ئەم بیرۆکەیە لە ڕابردوودا لەکاتى لاوازبوونى ڕوسیا و سەرقاڵبوونى بە کێشەکانى ناوخۆیەوە دەهاتە ئاراوە، وەکو لەکاتى ڕووخان و هەڵوەشانەوەى یەکێتى سۆڤیەتدا. بەڵام ئەمجارە بە پێچەوانەوە هاوکاتە لە گەڵ هەڵکشانى هێزو هەژموونى ڕوسیادا، جگە لەوەش ترس و بەخۆکەوتنەکانى ئەوروپیەکان لە لێدوان و کردەوەکانى سەرۆک ترەمپە هەروەکو لە سەرەتاى وتارەکەمەوە ئاماژەم پێکرد کە هەر لە سەرەتاى هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکەیەوە باسى دەکرد و بە گوێ ى هەموو جیهانى دا دەدا کە دەیووت: سەرچاوەى هەموو قەیران و کێشەکان کە ڕوبەڕوى ئەمریکا دەبێتەوە ئەوەیە کە ئەمریکا جڵەوى سەرکردایەتى جیهانى گرتۆتە دەست و، هەروەها ئاماژەى بە ئەوە دەدا کە لە پەیمانى ناتۆ دەکشێنەوە، هەروەها لە شوێنێکى دى دا دەى گووت: کە کێ زیاتر بدات پابەند دەبین بە پاراستن و پارێزگارى لێى! هەروەها دەى گووت ئەمریکا دەبێت خۆى ڕزگار بکات لەو نەفەرانەى کە بە خۆڕایى سوار دەبن.
کەچى ئەوەى بینیمان ترەمپ پێچەوانەى ئەو لێداوانانەى خۆى هەڵوێستى وەرگرت، زۆر دژى پێکهێنانى سوپاى سەربەخۆى ئەوروپایە و وت: ئەگەر ئێمە نەبووینایە ئیستا فەرەنسیەکان بە ئەڵمانى دەئاخفتن و، لە کاتێکدا ئەگەر سەیر ى لێدوانەکانى پێشووترى بکەین ئەم هەنگاوەى ئەوروپیەکان ئەو بارە قورسەى لە سەرشانى ئەمریکا لادەبرد کە ترەمپ باسى دەکرد بۆ پارێزگارى لە ئەوروپا.
هەرچەندە ئەگەر ساڵى 2017 بە نموونە وەربگرین لە سەر خەرج و پێداویستیەکانى هاوپەیمانى ناتۆ تەنها ئەمریکا 686 ملیار دۆلارى داوە کە دەکاتە 71% کۆى خەرجیەکان، چونکە ئەمریکا لەڕووى مێژوویەوە گەورەترین هاوبەشى هەبووە لە دابینکردنى هەموو کەرەسەکانی ئەو هاوپەیمانێتیەوەچ لە ڕووى سەربازى و سیاسیەوە، هەر ئەوەشە ئەمریکاى کرد بە برا گەورەى هەموو جیهان. بەڵام ئەگەر سەرۆک ترەمپ بیەوێت هەر سەرگەورە و فەرمان ڕەوا و قسەڕۆیشتوو بێت، ئەمریکا دەبێت هەر کیسەى پڕبکات و بە سەخاوتەوە خەرجى بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت