عوسمان عومەر: زبیگنیو برژینسکی، ئەندازیارو پێکهێنەرى گروپە جیهادیەکان لە ئەفغانستان و دروستکەرى بن لادن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نزیکەى چوار دەیە بەر لەئیستا، ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا شێوازێکى نوێی داهێنا، ئەویش پشت بەستن بە هەندێ وولات و ڕێکخراوى ئیسلامى جیهادى بوو بۆ بەدیهێنانى ئامانج و پرۆژە ستراتیژیەکانى. هەموان دەزانین کە قەتەر یەکێکە لەو وولاتانەى کە پشتگیرى ڕیکخراوى ئیخوان موسلمین و گروپە جیهادیە ئیسلامیە جۆربەجۆرەکانە . هەر لەهاوکارى دارایی و بەخشینى پێگەى ڕاگەیاندن و لۆجیستى و تەنانەت لەرووى چەک و چۆلیشەوە بێ سنور بوو. ئایا رێکخراوى داعشى تیرۆریستى جیهادى کەبەردرایە گەلانى خۆرهەلاتى ناوەراست و دژە شارستانیەت و پێشکەوتن و سەرپەراندن و کوشتو کوشتار هەر ئەوان دامەزرینەرو دروستکەرى بوون؟ هەر بیرۆکە کۆنەکەى برژینسکی لەپشتیەوە بوو؟
برژینسکی لە 28ى ئادارى سالى 1928 لە وارسۆى پایتەختى پۆلەندا لەدایک بووە, باوکى لەسلکى دبلۆماسى کارى کردووە لە مۆنتریالى کەندا لەکاتى جەنگى دووەمى جیهان، کاتێ کۆمۆنیستەکان پۆلەندایان داگیرکرد نەگەڕایەوە وولاتەکەى خۆى, لە 26ى ئایارى 2017 کۆچى دوایی کردووە. برجینسکى زۆر قین لەدڵ بووە بەرامبەر سۆڤیەت و کۆمۆنیستەکان، کاتێ شوێنى لەدایک بونەکەیان داگیرکردووە، لەکەندا لە زانکۆى ماکغیل خوێندویەتى و پاشان لە زانکۆى هارڤارد خوێندنى تەواو کردووە. دکتۆرانامەکەى دەربارەى فەرمانرەوایی شمولى سۆڤیەت و کردەوەى پاکسازى سالى 1956 نوسیوە. بریجنسکى لە نێوان سالەکانى 1977 تاکو 1981 لەسەردەمى جیمى کارتەر وەک بیرمەندێکى ستراتیژى و راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی ئەمریکا کارى کردووە، لەهەمان کاتدا پڕۆفیسۆرى بابەتى سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا بووە لە کۆلیژى پۆل نیتز لە زانکۆى جۆن هۆبگنز لە واشنتۆن، تاکو ئەو رۆژەى کۆچى دوایی کرد باوەرى بەوە هەبوو کە ڕوسیا مەترسیەکى گەورەیە لەسەر پرۆسەى دیموکراسیەت لە هەموو جیهان.
برژینسکی خاوەنى بیرۆکەى ئەو داهێنانە دونیا هەژێنە بوو کەپێى دەوترێ (جیهاد)، هەرچەندە ئایکۆنى جیهاد هەموو کاتێ سەرنجى بیروهزرى گەنجانى بەلاى خۆى دا کێشکردوە بە درێژایی مێژوو، بەلام برژینسکی بە زیرەکى و لێهاتوویی کارى لەسەر ئەم بابەتە کردووەو، توانى ئیسلامى سیاسى بەکاربهێنێ بۆ لێدان و بەرپەچ دانەوەى سۆڤێەت. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئایا لەو کارەى سەرکەوتوبوو؟ بەلێ بێگومان سەرکەوتوبووە، چونکە هەموو تواناو هێزى سۆڤیەتى جارانى لەهەشتاکانى سەدەى رابوردوو لە ئەفغانستان و شاخەکانى لەکار بخات و وايکرد یەکیتى سۆڤیەت توشى درامان و هەرەس بکات، بەلام چۆن ئەوە ئەنجامدرا؟
سەرەتاکەى ئەوەبوو کاتێ یەکیتى سۆڤیەت لەکانونى یەکەمى سالى 1979 پەلامارو شالاوى داگيركارى ئەفغانستانى دەست پێکرد گوتى: ئیمە کاتى خۆى توشى زەلکاوى ڤیەتنام بوین و دەمانەوێ ڤیەتنامێک بەدیارى بدەینە سۆڤیەتیەکان. لێرەوە دانى بۆ سۆڤیەت رۆکرد و پلانە جەهەنەمیەکەى خستە گەڕ لەگەل هەرسێ دەزگاى هەوڵگرى CIA ئەمریکاو ASA پاکستانى و هەوالگرى سعودیە، هەر لەوسالەدا بانگەوازى جیهاد دژى ڕووسەکان بانگەشەى بۆکراو دەیان هەزار گەنج بانگهێشت کران بۆ جیهاد لەدژى رووسەکافرەکان و هەر لەخاکى پاکستان مەشق و راهێنانیان پێ دەکرا.
کاتێ یەکێک لەکوڕە دەولەمەندە سعودیەکان بەناوى ئوسامە بن لادن بۆجیهاد لەسعودیەوە دەربازى پاکستان بوو، لە ژێر چاودێرى هەوالگرى پاکستان کە بریکارى CIA بوو نوسینگەیەکى خزمەتگوزارى دامەزراند، یارمەتى دەریان بوو. هەروەها گراهام فولەرى سەرۆکى بەشى هەوالگرى ئەمریکا لە کابولى پایتەخت هاوکارى بوو. برژینسکی هەنگاوى یەکەمى بەسەردانى قاهیرە و چاوکەوتن بە ئەنوەرسادات و دواتر بەرەو پایتەختى شانشینى سعودیە کەوتە رێ و لەوێ شازادە فەهد و شازادە سولتان وەزیرى بەرگرى کەوت و، هەر لە قاهیرەو ریاز کرۆکى جەنگى جیهادى سەرى هەلدا لە دژى سۆڤیەت. ئایا بریجنسکى لەکۆتاییەکانى ژیان و تەمەنى پەشیمان بوو لەو کارەى ئەنجامى دا؟ کاتێ بەچاوەکانى خۆى بینى گرۆپە جیهادى تیرۆریستیەکان چ کوشت کوشتارو چ کارێکى قێزەونیان دژى مرۆڤایەتى ئەنجام دەدا؟ نەخێر پەشیمان نەبۆوە گوتویەتى: بەهێزکردن و پەرەسەندنى گرۆپە جیهادیە توندڕەوەکان خزمەتێکى لاوەکى بچوکە بۆ دارماندندنى دەسەلاتى ڕووسەکان و ویلایەتەیەکگرتوەکانى ئەمریکا کردنە پێشەنگ و سەردارى جیهانە لەسەر گۆڕەپانى نێودەولەتى و، بەکارهێنانى هێز زۆر گرنگە بۆ دژ وەستانەوەى ئەو وولاتانەى دژى بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا دەوستنەوە بەتایبەت ئەو هێزە نێودەولەتى و هەرێمایەتیانەى دەیانەوێ لە ڕۆلى ئەمریکا بەکەم بگرن لە سەرتاسەرى جیهان. ئایا بەهۆى ئەو دونیا بینى و بۆچونانەى بریجنسکى بوو وایکرد دژى هەلبژاردنى ترامپ بێ بە سەرۆک؟بەلێ پێى وابوو بونى ترامپ بەسەرۆک ئەو پەیامەى سیاسیە توندانەى ترامپ لەدەسەلات و تواناى ئەمریکا کەم دەکاتەوە بۆ دەست بەسەردا گرتنى جیهان و بونە پێشەنگ. هەروەها بریجنسکى لە کتێبى (دونیا بینى ستراتیژى – رؤية ستراتيجية) زۆر پشتیوانى لەو بیروباوەى خۆى دەکرد کە پێویستە ووریا و ئاگادارى ئەو ڕۆلى پێشکەوتنە بین لەسەر گۆرەپانى نێودەولەتى کە دەولەتە ئاسیاییەکان لە پێشکەوتن بە تایبەت ژاپۆن و هیند و چین و کۆریاى باشور دەستیان داوەتێ چاودێرى بکرێن و، کێ برکێیان لەگەڵ بکرێ. لە شوێنێکى تردا جەخت دەکاتەوە لەسەر پێشەنگى وولاتە یەکگرتوەکان چونکە تەنها زامنى سەرەکیە لە ئارامى جیهانى و نەهێشتنى روودانى جەنگى تر کە دەبێتە هۆى لەناو بردنى سەرچاوەى مرۆیی و ئابورى.
لە کۆتاییدا گەیشتینە ئەوەى کە سیاسەتەکانى ئەمریکا بەرژەوەند خوازى نەهیشتنى روودانى جەنگى کاولکارى و هەیمەنەیە بەسەر جیهان لەلایەکەوە پارێزگارى دیموکراسى مافى گەلانە لەهەمان کاتیش دروستکەرو داڵدە دەرى تێرۆریزمە لەجیهاندا کەچى کەسانى شۆرشگێرو ئەوانەى لە پێناو مافى گەلەکەیان تێدەکۆشن بە تیرۆریست لەقەلەم دەدات لەگەل ئەوەى دەشزانێ کە سەرچاوەى تیرۆریزمى جیهانى و جیهاد گروپە ئیسلامیەکانن.
برژینسکی وەک راوێژکار لە سەرۆکایەتى ئەمریکا لاى لیندن جۆنسون و جۆن کەندى و جیمى کارتەر لەسەردەمى ئەودا بۆتە راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی ئەمریکا و خاوەنى کتیبى (رقعة الشطرنج الكبيرة واتە تەختەى شەترەنجە گەورەکە)یە، لەوێ جەخت دەکاتەوە کە نابێ ئەمریکا رێگا بدات هیچ هێزێک ببێتە پێشەنگ لە ئەوروپاو ئاسیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت