عەتا قەرەداخی: گوتارى جەمال نەبەز.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

(بڕگەیەک لە لێکۆڵینەوەیەک بەناوى گوتارى مێژوویی دکتۆر جەمال نەبەز )- بەرگی سێیەمی گوتارى ناسیونالیزم
یەکێک لەو نووسەرانەى کورد کە هەر لەسەرەتاى نووسینیەوە وەکو رابەرى بیرى کوردایەتی خۆى نمایش کردووەو هەم خۆیی و هەم شوێن کەوتووەکانی وەکو یەکەمین کەسی بوارى کوردایەتی لە چوارچێوەى نووسین و بیرکردنەوەدا دەیناسێنن. ئێمە هەوڵدەدەین بە پشتبەستن بە شیکردنەوەى بیروبۆچوون و تێڕوانینەکانی لەو کتێب و وتارانەدا کە نووسیوونی ئاخاوتنی پێگەى ئەم نووسەرە بکەین و لەوێشەوە گوتارى ئەم نووسەرە دیارى بکەین و شوێنی دیدو تێڕوانینی ئەو لە چوارچێوەى گوتارى ناسیونالیزمی کوردیدا دیارى بکەین.
ئایا گوتارى مێژوویی و فیکرى و کۆمەڵایەتی و سیاسی جەمال نەبەز لە کوێی گوتارى ناسیونالیزمی کوردیدایە؟ رەنگە جێگاى خۆى بێت کە لە نووسینەکانی ئەم نووسەرەدا بە دواى دوو لایەندا بگەڕێین کە ئەوانیش ئەمانەن.
یەکەم/ ئایا گوتارى ئەم نووسەرە لە رووى بارگاوى بوونەوە بە رەگەزەکانی گوتارى ناسیونالیزم بووەتە گوتارێکی نەتەوەیی خاوەن شووناس؟ کە مەبەست لەوەش هەڵگرتنی خواستی سەربەخۆیی و پرۆژەى بنیادنانی دەوڵەتی کوردیە؟
دووەم/ ئایا ئەگەر گوتارى ئەم نووسەرە بارگاوى کراوە بە کۆى رەگەزەکانی ناسیونالیزم، گوتارێکی بابەتی کراوەى دیموکراسی ئازادى بڕوابووە بەوەى کە کوردیش وەکو هەر پێکهاتەیەکی ترى نەتەوەیی وایەو، نە لەوانی تر باشترەو نە لە پێش ئەوانی تریشەوەیەو نە لەوانی تریش کەمترە بەڵام پەراوێزخستن و ژێردەستەیی خستوویەتیە دواى ئەوانی ترەوە. ئایا ئەم گوتارى جەمال نەبەز چۆن سەیرى نەتەوەکانی تر دەکات بە تایبەتی نەتەوەکانی ئەو دەوڵەتانەى کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، یان کوردستانیان داگیر کردووەو وەکو کۆلۆنیالستی کوردستان سەیر دەکرێن؟ ئایا رەگەزەکانی داخران و تووندوتیژى نەتەوەیى یان بە شێوەیەکی تر رەگەزو خاسێـەکانی شۆڤێنیزم لە پێکهاتەى گوتارى ئەم نووسەرەدا دەبینرێن یان نا؟
بێگومان گوتارى کوردى ئەو گوتارەیە کە جیاوازە لە گوتارى ئەوانی تر، ئەویش بە پێی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسی و کەلتوورى و لەسەرووى هەمووشیەوە بەپێی بارى ئابوورى کۆمەڵگە چونکە ئەوەى رۆڵی سەرەکی دەبینێت دەرخستن و پەرەسەندنی هەست و هوشیارى نەتەوەییە لە ئاستی یەکەمدا و لە ئاستی قوڵدا ئابووریە، چونکە ئابوورى رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەکداو دەرکەوتنی هەست و هوشیاری نەتەوەیش بێجگە لە هەندێ بارى تایبەتی وەکو ئەحمەدى خانی، لەبارە گشتی و کۆمەڵایەتیەکەیدا بەندە بە قۆناغێکی دیاریکراوى گەشەى کۆمەڵایەتیەوە کە ئەویش دەرکەوتنی چینی ناوەند یان بۆرژواى نیشتیمانی و پیشەسازیە کە ئەویش بەرهەمی درووستبوونی ئابوورى شارە. مەبەست لە ئابوورى شاریش دەرکەوتنی پیشەسازى و پەیوەندى بەرهەمهێنانی ئەو قۆناغەیە کە ئەویش پەیوەندى بەرهەمهێنانی سەرمایەداریە. هەست و هوشیارى نەتەوەیی بە شێوە سرووشتیەکەى لەم قۆناغە مێژووییەدا سەرهەڵدەدات. دیارە ئاشکرایە گوتارى ناسیونالیزمیش بە بێ هەستی نەتەوەیی و هوشیارى نەتەوەیی و گەیشتنی نەتەوە بەو ئاستەى کە پرسیارى خۆناسین و خۆجیاکردنەوە لەوانی تر لە خۆى بکات مانایەکی نابێت، چونکە ئاشکرایە ناسیونالیزمی خاوەن شووناس بریتیە لە پرۆژەى دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەو پرۆژەیەش بکەرو هەڵگرو جێبەجێکەرەکەى لەبارى سرووشتیدا چینی ناوەندە. لێرەوە ئەو پرسیارە سەر هەڵدەدات ئایا گوتارى کوردى جەمال نەبەز لەسەر بنەمای ئەم تێزە مادیە واقیعیە سەیرى کوردو ئایندەى کورد دەکات یان لە دەرەوەى ئەم بنەما مادیەو لە بۆشایی ئایدیاو لە روانینی پەیوەستکردنى مەسەلەى نەتەوایەتیەوە بە بنەماى خۆڕسکی یان غەریزەوە سەیرى ئەو بابەتە دەکات؟ ئایا گوتارى ناسیونالیزم لە روانینی ئەمەوە گوتارێکی جەماوەریی کۆمەڵایەتیە یان تەنیا گوتارى دەستەبژێرو تاکە کەسە؟ لە کاتێکدا ئاشکرایە کە ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆژیاى بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەرى سەیر دەکرێت کە هەموو کۆمەڵگە یان پێکهاتەکانی کۆمەڵگە یەکدەخات و یەکبوون و یەکێتی نەتەوەیی پێکدەهێنێت و جەماوەر ئاراستە دەکات و رابەرایەتی ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە جەماوەرییە دەکات بەرەو پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوە.
گەوهەرى بیروبۆچوونی جەمال نەبەز لەو تێزەدا کۆدەبێـتەوە کە بەناوى ( هێندێک لە کێشە بنەڕەتیەکانی قوتابخانەى کوردیی سۆسیالیزم) خستوویەتیە روو بڵاوى کردووەتەوە. لەو تێزەدا نووسەر باس لە بوونی یان دامەزراندنی قوتابخانەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەتی بە کورد دەکات بە ناوى قوتابخانەى کوردیی سۆشیالیزم. لێرەدا چەند پرسیارێک سەرهەڵدەدات. ئایا لە رووى راستیەوە دەشێ قوتابخانەیەک هەبێت بەو ناوەوە؟ ئایا تایبەتکردنی سۆشیالیزم بە کورد یان سۆشیالیزمی کوردى چی دەگەیەنێن؟ ئایا ئەم سۆشیالیزمەى نووسەر باسی دەکات هەمان ئەو سۆشیالیزمەیە کە لە تیۆریى مارکسیزمدا هاتووەو باس دەکرێت و وەکو قۆناغێکی دیارى ژیانی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێت کە تیایدا جۆرێک لە یەکسانی و عەدالەت بنەماى بەڕێوەبردنن. ئایا لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووى پەراوێزیى گەشە نائاسایی وەکو کۆمەڵگەى کوردیدا تا چ ئەندازەیەک ئەگەرى درووستبوونی نەک قۆتابخانەى سۆشیالیزم، بەڵکو ئەگەرى ئەوە هەیە کە سۆشیالیزم بنیاد بنرێت؟ ئایا لە بنەڕەتەوە قسەکردن لەسەر سۆشیالیزمی کوردى روویەکی ریالیستانەى هەیە یان لە چوارچێوەى خەیاڵ یان یۆتۆپیادا دەبێ سەیر بکرێت؟ ئایا ئەو سەرچاوانەى کە نووسەر بۆ بنیادنانی تێزەکەى وەکو پایە سەیریان دەکات چین؟
یەکێک لەو پایە سەرەکیانەى کە نووسەر دەیکاتە بنەما بۆ تێزەکەى کە بیریتیە لە قوتابخانەى کوردایەتی سۆشیالیزم ئایینی زەردەشتیە. لەم بارەوە نووسەر دەڵێت: بنچینەى تیۆرى بیرى سۆشیالیستە کوردەکان، پشتی بە کەلتوورى کۆنی کورد بەستبوو، کە بەشێکی ئەمە لە “یەکێتی “ى سێ کوچکەى “بیرو قسەو کردەوە”ى زەردەشتدا دەبینرێ. پەیامبەرو رێنیشاندەرى کوردو ئێرانییە کۆنەکان و فەیلەسووفی رۆژهەڵات. زەردەشت بۆ وەدەست دانی ئامانجی ئایینەکەى خۆى، فەلسەفەیەکی سێ کوچکەى بنیات ناوە:”بیرى باش و وتەى باش و کردەوەى باش(1). لێرەدا باسی ئەوە ناکەین کە تا چ ئاستێک درووستە پێداگرى لەسەر ئەوە بکرێت کە زەردەشت پەیامبەرى کورد بووەو تا چ ئاستێک راستە کە ئایینی زەردەشتی بە زمانی کوردى هاتووە. بەڵام ئەوەى ئاشکرایەو جێگاى گومان نیە ئەوەیە کە ئایینی زەردەشتی لە پێش هاتنی ئایینی ئیسلامدا، باشتر بڵێین لە پێش فەتحی ئیسلامی و گەیشتنی بە سەرزەمینی ئێران، زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو سەرزەمینە شوێنکەوتووى ئایینی زەردەشتی بوون، کە کوردیش وەکو بەشێک لە گەلانی ئێرانی، دیارە زیاتر شوێنکەوتووى ئەو ئایینە بووە. دیارە بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان ئایینی زەردەشتی ماوەیەکی زۆر وەکو ئایینی ئەو سەرزەمینە ماوەتەوە، بۆیە جێگاى پرسیارە بۆ دەبێ بەو ئاسانیە لەبەردەم ئایینی نوێی ئیسلامدا هەرەسی هێنابێت و خۆى رانەگرتبێت؟ راستە ئیسلام بە هێزو لە رێگاى هێزەوە کە ئەویش لە پرۆسێسەکانی فەتحدا خۆى بینیووەتەوە بڵاوبووەتەوەو گەیشتووەتە زۆر شوێنی ئەو جوگرافیایەى کە دواتر بە جوگرافیاى جیهانی ئیسلامی ناوبراوە. بەڵام ئایا چ هۆکارێک لە پشت ئەو سەرکەوتنە گەورەى ئیسلامەوە بووە بۆ دەسەڵات کردن بەسەر جوگرافیاى فراواندا لە چوارچێوەى ئەوەشدا جوگرافیاى پێشترى ئایینی زەردەشتی؟
بەهەرحاڵ با لە روانگەیەکی ترەوە سەیر بکەین، ئایا ئەگەر بڕوا بەوە بهێنین ئەوەى بە ناوى قوتابخانەى کوردیی سۆشیالیزمەوە باس دەکرێت، رێبازێک بێت بۆ زیندوکردنەوەى رابردوویەک کە گریمان کورد لەو رابردووەدا بوونێکی ترى هەبووە، دەشێ لە رێگاى گەڕانەوەوە بۆ ئایین ئەوە بەئەنجام بگات. واتە ئایا دەشێ ئایین وەکو پایەى بنیادنانەوەى کەسێتی کوردى رۆڵ ببینێت؟ ئێمە پێشتر باسی ئەوەمان کردووە کە لە پرۆژەیەکی بەرفراواندا کە بە پرۆژەى رێنیسانسی نەتەوەیی ناومان بردووە، دەشێ سوود لە کۆى توخم و رەگەزە پەیوەستەکان بە نەتەوەوە وەربگیرێت، کە ئایینیش وەکو یەکێک لەو رەگەزانە سەیر دەکرێت و دەشێ هەندێ بنەماى ئەرێنی تێدا بێت کە لەو رووەوە سوودیان لێوەربگیرێت و دەوریش ببینن. بەڵام کردنی ئایین بە بنەماى سەرەکی یان تاکە بنەما بۆ بنیادنانی قوتابخانەیەک کە بە قوتابخانەى کوردى سۆشیالیزم ناو دەبرێت جێگاى پرسیارە. سۆشیالیزم بنەمایەکی مادییانەى هەیەو ئاشکراشە ئایین بابەتی ئایدیالیستانەیەو لەگەڵ سۆشیالیزمدا یەکگرتنەوەیان ئاسان نیە. ئەگەر ئەم قوتابخانەیە بڕوا بەو یەکسانیە بهێنێت کە لە ئاییندا بە ناوى عەدالەتەوە باس دەکرێت ئەوە بۆچوونێکی خەیاڵیە چونکە پێکهاتەى هەموو ئایینێک پێکهاتەى هەرەمیە، واتە خودا لە لوتکەى هەرەمەکەدایەو پەیامبەریش لە خوار خوداوەو لەسەر زەوى نوێنەرایەتی ئەو دەکات و خەڵکیش بنکەى هەرمەکە پێکدەهێنن. لە نێوان بنکەى هەرەمەکەو خودادا کە لە لوتکەدایە ماوەیەکی درێژو چەندین پنتی دابەشبوونی دەسەڵات هەیە. وەکو پێگەى پەیامبەر، پێگەى پیاوانی ئایینی و پەرستگا. پێگەى یاساو رێسا ئایینیەکان هەن و هەموو ئەمانەش دەسەڵات بەسەر بنکەى هەرەمەکەدا دەسەپێنن و ئاراستەى فەرمانیش هەمیشە لەسەرەوە بەرەو بنکەى هەرەمەکەیە واتە فەرمان یەک ئاراستەى هەیەو بنکەى هەرەمەکە تەنیا دەبێ گوى بگرێت و جێبەجێ بکات، کەواتە ئەمە لەگەڵ کوێی سۆشیالیزمدا دەگونجێت؟ بۆیە لێرەوە بە دەربڕینێکی زۆر سادە دەتوانین بڵێن لە نێوان سۆشیالیزم و ئاییندا هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆ درووست نابێت، ئیتر چۆن دەشێت بنامەى ئایین هەر ئایینێک بێت بکرێت بە پایەى قوتابخانەى سۆشیالیزمی کوردى. ئاشکرایە کە ئایینەکان بە گشتی لە رووى بنیادو روانین و شێوەى کارکردنەوە نزیک بن لەیەکترو هەمووشیان بنەمایەکی ئایدیالیستانەیان هەیەو لەگەڵ رۆح مامەڵە دەکەن کە سۆشیالیزم لەگەڵ بوویەکی مادى مامەڵە دەکات. بۆیە لێرەوە ئەگەر قسەیەکیش لەسەر ئەوە بێـت کە ئەمەى دکتۆر جەمال نەبەز ناوى دەبات بە قوتابخانەى سۆشیالیزمی کوردیە پشت بە ئایین دەبەستێت ئەوا دەبێ لێرەوە ئاماژەیەک بۆ سۆشیالیزمی خەیاڵاوى یان سۆشیالیزمی یۆتۆپی بکەین.