شێرزاد شێخانى: ياساى ( ماگنيتسكى ) و نامه‌يه‌ك بۆ پاراستنى پارتى.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌مڕۆژانه‌دا ساڵيادى كوشتنى رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رميانى بو. ئه‌ويش يه‌كێك بو له‌و ده‌يان نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسانه‌ى كه‌ به‌ده‌ستى جه‌لاده‌كانى ده‌زگا ئه‌منييه‌كانى كوردستان ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ دراون و هه‌ندێكيشان هه‌ر به‌ده‌ستى‌ ئه‌وانه‌وه‌ كوژراون وه‌كو ( سه‌رده‌شت عوسمان و سۆرانى مام حه‌مه‌و عه‌بدولسه‌تار تاهير شه‌ريف و وه‌دات حوسين ) و ده‌يان كه‌سى تر له‌چالاكوانانى سياسى ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌.
ئێستا جيهان به‌گشتى‌ مه‌شغولى كوشتنى نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسى سعودى جه‌مال خاشقچيه‌. خه‌ريكه‌ جه‌نگى جيهانى سێيه‌ميش له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ هه‌ڵگيرسێت. هيچ به‌دوورى نازانم رژێمه‌ ئاخونده‌كه‌ى سعوديه‌ له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ عه‌رشى پاشايه‌تيشيان له‌ده‌ست بچێ، به‌تايبه‌ت ئێستا ئه‌مه‌ريكا زۆر به‌توندى له‌سه‌ر خه‌ته‌و به‌بێ سزايه‌كى قوڕس واز له‌م دۆسيه‌يه‌ ناهێنێ.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونه‌ى سه‌رانى رژێمه‌كه‌ى سعوديه‌ كاريگه‌ريه‌كى زۆرى ئه‌بێت به‌سه‌ر ره‌وشى ئازادى رۆژنامه‌وانى ومافه‌كانى مرۆڤ به‌گشتى له‌سه‌رانسه‌رى جيهانداو، له‌مه‌ولا هيچ رژێمێكى سه‌ركوتكه‌ر ناتوانێ تاوانى له‌مشێوه‌يه‌ ئه‌نجامبدات به‌ ده‌سه‌ڵاته سه‌ركوتكه‌ره‌كه‌ى هه‌رێمه‌كه‌ى خۆشمانه‌وه‌، چونكه‌ ئێستا زۆر به‌گه‌رمى باس له‌جێبه‌جێكردنى ياساى ( ماگنيتسكى ) ئه‌كرێت به‌سه‌ر رژێمى سعوديه‌دا، كه‌ ئه‌ويش خۆى له‌ده‌يان سزاى قورسى نيوده‌وڵه‌تييه‌وه‌ ئه‌بينێته‌وه‌. جا با بزانين ياساى ( ماگنيتسكى ) چيه‌.
ياساى ماگنيتسكى پرۆژه‌ ياسه‌يه‌ك بو له‌لايه‌ن هه‌ردو حزبى كۆمارى و ديموكراته‌كان پێشكه‌ش به‌ كۆنگريسى ئه‌مه‌ريكا كرا دواى مردنى ژمێريارێكى رووسى به‌ناوى سێرجى ماگنيتسكى له‌ زيندانێكى روسيا له‌ساڵى 2009 دا. ئه‌و پياوه‌ دواى لێكۆلينه‌وه‌كانى بۆى ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌وا‌ گه‌نده‌ڵيه‌كى زۆر كراوه‌ له‌لايه‌ن هه‌ندێ له‌كاربه‌ده‌ستانى روسيا به‌ دزينى ‌نزيكه‌ى 230 مليۆن دۆلار له‌خه‌زێنه‌ى حكومه‌تى روسيادا. به‌ڵام كاربه‌ده‌سته‌ ‌گه‌نده‌ڵه‌كانى ئه‌م وڵاته‌ تۆمه‌تى دزى و فروفێڵيان دايه‌ پاڵ ئه‌م ژمێرياره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش خستيانه‌ زيندانه‌وه‌. دواى نه‌خۆشكه‌وتنى له‌ناو زينداندا ماگنيتسكى ره‌تيكرده‌وه‌ چاره‌سه‌رى وه‌ربگرێ له‌دژى خراپ مامه‌ڵه‌كردنى به‌رپرسانى زيندانه‌كه‌ له‌گه‌ڵيدا، بۆيه‌ دواى ساڵێك له‌ناو زينداندا مرد. ئه‌مه‌ش واى له‌هاوڕێيه‌كى خۆى كرد هه‌واڵه‌كه‌ بگه‌يه‌نێته‌ دونياو به‌مه‌ش كۆنگريسى ئه‌مه‌ريكى لێى ئاگادار بو. هه‌ردو حزبى كۆمارى و ديمو‌كراته‌كان له‌پرۆژه‌ ياسايه‌كيان به‌ ناوى ماگنيتسكييه‌وه‌ دايه‌ كۆنگريس و له‌كانونى يه‌كه‌مى ساڵى 2012 سه‌رۆك باراك ئۆباماش ياساكه‌ى ئيمزاكردو، به‌زۆرينه‌ى ره‌ها له‌لايه‌ن كۆنگرێسه‌وه‌ په‌سندكرا. به‌پێى ئه‌م ياسايه‌ ده‌يان سزاى ئابوورى به‌سه‌ر به‌شێك له‌سه‌رانى روسياو به‌رپرسانى سه‌پێندرا.
له‌ساڵى 2016 كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى گۆڕانكاريه‌كى گه‌وره‌ى له‌م ياسايه‌دا كردو، به‌پێى هه‌موارى ياساكه‌ بڕگه‌كانى به‌شێوه‌يه‌ك فراوانكران كه‌ جێبه‌جێكردنى ياساكه‌ هه‌مو جۆره‌ پێشلكارييه‌كى مافه‌كانى مرۆڤ بگرێته‌وه‌ له‌سه‌رانسه‌رى جيهاندا نه‌ك ته‌نها روسيا. به‌مه‌ش ياسا‌كه‌ بو به‌ياسايه‌كى نێوده‌وڵه‌تى و ،چه‌ندين كه‌سايه‌تى سياسى گه‌وره‌ى وڵاتانى دونيا كه‌وتنه‌ به‌ر سزاى ئه‌مه‌ريكا ، وه‌كو سڕكردني سامانى به‌شێك له‌ به‌رپرسانى روسيا له‌ساڵى 2017 دا، جگه‌ له‌راگه‌ياندنى ليستێكى ره‌ش به‌ناوى 15 ده‌وڵه‌ت له‌جيهاندا كه‌ پێشێلكارى مافه‌كانى مرۆڤ ئه‌كه‌ن، ئه‌وانيش: ئازه‌ربايجان و به‌حره‌ين و چيين و كۆنگو و ميسر وئه‌سيوبياو لێبيريا و مه‌كسيك وبه‌نه‌ما و روسياو سعوديه‌و وتاجيكستانو وئۆكرانياو ئوزبه‌كستانو فێتنام بون، به‌مه‌ش به‌شێك له‌گه‌وره‌ به‌رپرسانى ئه‌م وڵاتانه‌ كه‌وتنه‌ به‌ر سزاكانى ئه‌مه‌ريكا. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستگيركردنى قه‌شه‌ ئه‌مه‌ريكيه‌ش‌ له‌توركيا، سزاى ئابوورى به‌سه‌ر به‌شێك له‌به‌رپرسانى ده‌وڵه‌تى توركياش سه‌پێنرا.
ئێستا ئه‌مه‌ريكا خه‌ريكه‌ له‌رێگه‌ى كۆنگرێسه‌وه‌ جارێكيتر سزاى زۆر قوڕس به‌سه‌ر سعوديه‌يدا بسه‌پێنێ له‌سه‌ر كوشتنى رۆژنامه‌نوس جه‌مال خاشقچى، ئه‌مه‌ش پێشهاتێكى زۆر گرنگه ‌و ده‌بێته‌ مايه‌ى پشتگييريه‌كى زۆرى ئازادى رۆژنامه‌گه‌رى له‌جيهاندا.
ئه‌و هه‌رايه‌ى ئێستا له‌جيهاندا هاتۆته‌ ئاراوه‌ له‌سه‌ر كوشتنى رۆژنامه‌نوس خاشقچييه‌وه‌ كاريگه‌ريه‌كى زۆرى ئه‌بێ به‌سه‌ر ره‌وشي ئازاديه‌‌كان له‌سه‌رانسه‌رى جيهاندا، جگه‌ له‌كاريگه‌ريه‌كانى به‌سه‌ر پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ به‌گشتى، بۆيه‌ عيراقيش به‌ تايبه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌كه‌وێته‌ ژێر كاريگه‌رى ئه‌م ياسا‌ تازه‌يه‌ى ئه‌مه‌ريكاو ئيتر هيچ ده‌سه‌ڵاتێك نه‌ له‌عيراق و نه‌ له‌هه‌رێمى كوردستانيش ناتوانن وه‌كو جاران له‌پێشێلكارى مافه‌كانى مرۆڤ به‌رده‌وام بن، به‌تايبه‌تيش له‌هه‌رێمى كوردستاندا ده‌بێ ده‌زگاى به‌دناوى پاراستنى پارتى سه‌د جار بير بكاته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ى ده‌ستى بچێته‌ خوێنى نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسانه‌وه‌.
پێويسته‌ پاراستنى پارتى به‌خۆداچونه‌وه‌يه‌كى سه‌رتاسه‌رى بكات له‌پيلانه‌كانى بۆ كوشتن و ده‌ستگييركردنى نوسه‌رو رۆژنامه‌ونوسان، چونكه‌ له‌مه‌ولا وڵاتێكى زلهێز هه‌يه‌ سزايان ئه‌دات.
له‌سه‌ر كوشتنى رۆژنامه‌نوس جه‌مال خاشقچى خه‌ريكه‌ رژێمى پاشايه‌تى سعوديه‌ عه‌رشه‌كه‌شى له‌ده‌ستبدات، بۆيه‌ پێويسته‌ سه‌رانى پارتيش بير له‌خۆيان بكه‌نه‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ى له‌سه‌ر تاوانێكى كوشتنى رۆژنامه‌نوسان ئه‌وانيش عه‌رشه‌كه‌يان له‌ده‌ستبده‌ن.
ئێستا فه‌زاى دونيا كراوه‌يه‌و هيچ تاوانێك ناشاردرێته‌وه‌، وه‌كو جاران نيه‌ رژێمه‌ ديكتاتۆره‌كان خه‌ڵك بكوژن و به‌بێ سزا بۆى ده‌رچن، ئه‌مجاره‌ مه‌جالى ئه‌وه‌ش نه‌ما ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌كان نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس بكوژن و له‌به‌ياننامه‌يه‌كدا بڵێن ئه‌م تاوانه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى بوه‌، چونكه‌ ئه‌مجاره‌ مه‌ترسى به‌ نێوده‌وڵه‌تى كردنى كه‌يسى كوشتنى رۆژنامه‌نوسانيش هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ ، وه‌كو ئه‌وه‌ى ئيستا بۆ كه‌يسى كوشتنى خاشقچى له‌ئارادايه‌.