بورهان شێخ ڕەئوف: یاساى خزمەتى سەربازى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەى دەوڵەتى عێراق دامەزرێنرا لە سەرەتاى بیستەکانى سەدەى پێشووەوە هەرلەگەڵیشیدا سوپاى عێراق دامەزرێنرا هەر لەسەردەمى ئینتیدابى بەریتانیادا یەکینە سەرەتاییەکانى ئەو سوپایە پێکهێنرا سەرەتا لە فەوجى ئیمام موساى کازم و پێکهێنانى سەرکردایەتى گشتى هێزەچەکدارەکان کە ناوەندو بارەگاکەى لە بەغدادى پایتەخت بوو، دواترلە ساڵى 1931 هێزى ئاسمانى دامەزراو دواى ئەویش لە ساڵى 1937 هێزى دەریایى دامەزرێنرا و لە ساڵى 1935 یشەوە یاساى خزمەتى سەربازى زۆرەملى دەرکراوەو کارى پێکراوە بەناوى یاساى خزمەتى ئیلزامى یان خزمەتى ئاڵا کەبە یەکێک لە کۆنترین یاساکانى دەوڵەتى عێراق دێتە ئەژماردن.
بەڵام لە دواى داگیرکردنى عێراق لە ساڵى 2003 لەلایەن ئەمریکاوە کە ئەمریکیەکان خۆیان بە یاسا سوپاى ئەمریکایان بە داگیرکەرى عێراق ناساند ئەو یاسایان لەکار خست بە فەرمانى پۆل بریمەرى حاکمى ئەوساى ئیدارە ى مەدەنى ئەمریکا لە عێراق.
لە ئێستاشدا و لە پێشتریش بۆچەند جارێک پرسى زیندووکردنەوەو و بەکار خستنەوەى یاساى خزمەتى سەربازى یان خزمەتى ئاڵا واتا سەربازگیرى زۆرە ملى کە هەموو هاوڵاتیەکى عێراقى ئەو ئەرکە بەجێبهێنێت خراوەتە بەرباس لە ئەنجوومەنى نوێنەران و وەزارەتى بەرگرى عێراقیش بەڵام لایەنەسیاسیەکان نەگەیشتنە سازان و ڕێککەوتن لەسەرى تا لەم خوولەى ئەنجوومەنى نوێنەران بەگەرمى باسى لێوە دەکرێت و تەنانەت لیژنەى ئاسایش و بەرگرى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئەم پرسەى واتە یاساى خزمەتى سەربازى لەکارە لەپێشینەکانى خۆى داناوەو لەگەڵ ڕەچاو کردنى کردنى تاقانەى خێزان و ئەوانەى کەبەرپرسیارێتى خێزانیان لەسەرە.

سوودەکانى خزمەتى سەربازى ئیلزامى زۆرەملى.
هەرچەندە خزمەتى سەربازى یاساو عورفێکى دەتوانین بڵێیین نێودەوڵەتى و جیهانیەو زۆربەى وڵاتانى جیهان پەیڕەوى دەکەن لەبەرئەوەى خزمەتى ئاڵا ئەرکێکى پیرۆەز ەو سوپاو هێزەچەکدارەکان لە لایەنگیرى حزبى و تائیفى و ناوچەگەرى و نەتەوەیى و خێڵەکى دوور دەخاتەوە و سوپاو هێزە چەکدارەکان بێلایەن دەکات لە ململانێ سیاسیەکانى وڵات، لەلایەکى تریشەوە سەربازگیرى زۆرەملى لاوانى وڵات سازو ئامادە دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەى زۆرلە ئالەنگارى یەکان و ڕاهاتن لەسەر مەشق و بەرگەگرتنى زۆرى ماندوێتى و ڕاهێنان بۆ بەرنگاربوونەوەى هەموو پێشهات و ئەگەرەکان.
لەلایەکى تریشەوە سەربازگیرى هۆکارێک دەبێت بۆبەرزکردنەوەى گیانى نیشتمانپەروەرى لە نێو ڕیزى لاوان و کەمکردنەوەى بێکارى بەتایبەتى ئەوانەى کە بوارى ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە قۆناغەکانى خوێندن تەواو بکەن.
بۆیە ئەم پرۆژە ئەگەر سەربگرێت و لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق تێبپەڕێت و ببێتە یاسا ئەوە پڕۆژەیەکى گرنگە بۆ بنیاتنانەوەى دەوڵەتى عێراق دژ بە تائیفیەت و هێزى میلیشیایى حزبى و هاوکار دەبێت بۆ کۆکردنەوەى هەموو چەکەکان لە دەستى دەوڵەت و حکومەت پێکهێنانى سوپایەکەک لە هەموو پێکهاتەکانى عێراق بە شێوەیەکى تەواو هاوسەنگ کە ڕەنگدانەوەى هەموو پێکهاتەکانى بێت بەمەرجێک بە ئایدیۆلۆجیەتیەکى دیموکراسى و فیدراڵى پەروەردە بکرێن دوور لە دەمارگیرى نەتەوەیى و ئاینى.

زیانى خزمەتى سەربازى
تاکە زیانێک کە ئەم یاسایە هەیبێت ئەوەیە نیگەرانى هەندێک لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنیە کەئەم یاسایە کۆمەڵگا بەرەو بە سەربازکردن دەبات.
ئەوندەى لە ساڵانى ڕابردوودا من ئاگاداربم کە ئەم یاساو پرسە لە ئەنجوومەنى نوێنەران هاتبێتە ئاراوە فراکسیۆنە کوردستانیەکان دژى بوون من نهێنى ئەوە تێناگەم ئەگەر وابێت ئەو یاسا بۆ هەرێمى کوردستانیش ڕەچاوى تایبەتمەندى هەرێم بکات دەکرێت ببێتە دەرچەیەک بۆ چارەسەرى کێشەکانى هەرێم تایبەت بەو بابەتە ئەوا هەرێمیش ئەو کات دەبێتە خاوەنى هێزى سەربازى یان پێشمەرگەى یەکگرتووى خۆى بەتایبەتى لە دەستوورى عێراقیشدا ناوى هاتووە یان هەرناوێکى دى لێبنێیین.
هەربۆیە دەرکردنى یاسا ى خزمەتى سەربازى وجێبەجێکردنى هۆکارێکى گرنگ دەبێت بۆ بە سیستم کردنى هەموو دامودەزگاکانى بەرگرى و ڕاهێنانى کادر و تواناى زۆر باش بۆ بەرگریکردن لە خاکى وڵات و هەروەها دامەزراندنى هێزێکى پشتیوان( احتایات ) بۆ سوپا لەکاتى پێویستدا سوود لە تواناکانیان دەبینرێت کە ئەمەش بەشدارییەکى باشە بۆ بنیاتنانى سوپایەکى بەهێز لەڕووى چەندایەتى و چۆنایەتیەوە و کۆتایى هێنان بە دیاردەى بندیوار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت