کەرى پیرۆزکراو وراى گشتى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عوسمان عومەر: ئەم بابەتەم لە بەرنامەى فوق السلطەى الجزیرەوە وەرگێراوەتە سەر زمانى کوردى.
لەبوارى ئەدەبى نوسینى چیرۆک یا رۆمان، یا حکایەت خوانەکان کاتێ چیرۆکێک یا ئەفسانەیەک یا رۆمانێکیان خوێندۆتەوەو گێراوەتەوە، مەبەستیان دەرخستنى ئەو پەند و وانانەى پشتى چیرۆکەکە یا رۆمانەکە یائەفسانەکە بوە، کە نوسەر هەندێ جار دەریخستوە، هەندێ جاریش بەشاراوەیی هێڵدراوەتەوە. خوێنەر خۆى درکى بەپەندەکە یا وانە هەلێنجراوەکە کردووە. هەروەها سەبارەت بەپەند و ووتەى ناوداران کە نوسیویانە یا بەشێوەى هۆنراوە دەریان بڕیوە وەک پیرەمێردى نەمر خوێنەر خۆى لێکى دەداتەوەو پەندى لێ دەردەخات.
دەگێرنەوە پاشایەک درەنگانێکى شەو پاسەوانە تایبەتیەکەى خۆى دەنێرێ تا ئاگادارى ڕاوێژکارێکى بکەن، بێت بۆلاى. پێش گەیشتنە کۆشکى پاشایەتى ترس و دڵەراوکێ راوێژکارەکەى داگرتبوو. کە چونە دەربار، پاشا بەدەنگێکى ماندویی و بێتاقەتى بە راوێژکارەکەى ڕاگەیاند: گوێ بگرە راوێژکار لەناو هەموو راوێژکارەکان تۆم هەڵبژارد، چونکە من دەزانم کە تۆ عاقل و لە هەموشیان زیرەکترى. راوێژکار داچەمیەوە بۆ گەورەیی پاشا و گوتى: پشت بەخوا جیگەى متمانەو برواتان دەبم. پاشا لەسەر تەختەکەى پاڵى دایەوەو گوتى پرسیارێک” بیروهزرى جەنجاڵیکردووم و خەو ناچێتە چاوم و وەڵامێکى واشم دەوێ بەڵگەدارو حاشاهەڵنەگر بێ.
ڕاوێژکار گوتى: فەرموو گەورەم پرسیارەکەت چییە؟ بەپشتیوانى خودا وەلامى دروستت بۆ دەدۆزمەوە..
پاشا گوتى:
تێم گەیەنە لەنێوان شانس و پیرۆزى کامیان چاکترە؟
ڕاوێژکار:
بێ پێشەکى و چەندو چون بێگومان پیرۆزى…
پاشا پێکەنى و گوتى من بۆچونەکەت رەتدەکەمەوە و بۆت دەسەلمێنم یا تۆ بۆم دەسەلمێنی.
راوێژکار رەزامەندبوو لەسەر ڕاى پاشاکەى.
بۆ ڕۆژى دواتر پاشا خۆى و دەست و پیوەندەکانى لەگەل ڕاوێژکار چونە بازارو کەوتنە سەیرکردنى دەم و چاوى رەعیەتەکە، کاروباریان و چاوی بەحەماڵێکى لاوازى هەژارى بێهێز کەوت و فەرمانى بە پاسەوانەکانى دا، بیبەن بۆ کۆشک و فەرمانى دا تێرى بکەن و جوان بیشۆن و جلێکى جوانى لەبەرکەن، کردى بە وەزیر و لە کۆروکۆبونەوەى پاشا ئامادە دەبوو. راوێژکار سەرى سورما کاتێ بینى حەماڵ کراوە بە وەزیر! بەراوێژکارەکەى ڕاگەیاند ئیستا شانس یا پیرۆزى چاکترە؟
ڕاوێژکار وەلامى دایەوە گەورەم کاتى زیاترم پێ ببەخشە تا بۆت بسەلمێنم کە ڕاکەى من راستترە.
ڕاوێژکار چووە بازارو چاوى دەگێڕا، کەرێکى لاوازى پشت بریندارى هیلاک و بێتاقەتى بەدى کرد و چووە نزیکیەوە دەستى بە لامل و پشتى دا دەهێناو تێى دەڕوانى، خەلکیش سەرى لەو کارەى ڕاوێژکار سوڕمابوو، لێى کۆبونەوە لەپر بەدەنگێکى بەرز هاوارى کرد” هۆ خەلکینە ئێوە ئەوە دەزانن ئەم کەرە یەکێک لە پێغەمبەرانى لەسەر پشتى خۆى هەلگرتووە، لە فلان کتێب و فلان کەس روێوایەتى کردووە، فلان کەس جەختى لە ریوایەتە کردۆتەوە، دەڵیت: ئەم کەرە لەبەهەشتەوە هاتووە. بۆیە هەرکەسیک ئەو کەرە ماچ بکات هەرچى نیازو ئاواتێکى هەیە لەم دونیایە دێتە دێ! خەلکەکە پەیتا پەیتا لەدەورى کەرە کۆدەبونەوە تەبرووک بەگوێەکانیەوە دەکرا. یەکێ ئالیکى دەدا و یەکێ سمەکانى دەشت و پاکى دەکردەوەو یەکێکیش تووکى کەرەکەى لێدەکردەوە بۆپیرۆزى تا خوا منالێکى پێ ببەخشێ. لەشوێنێکى پاک و تەمیز دانراو یەکێکیش یان بۆدیارى کرد خزمەتى بکات. کەرەکە کەوتە نازو نیعمەتەوە بە ئارەزوى خۆى دەچوە ئەم مال و ئەو ماڵى دەکرد و لەماڵێک ئالیک دەدرا و لەو ماڵ ئاوى دەدرایەو هەموو خەلک بەپیرۆزیان دەزانى.!
راوێژکار چوەوە لاى پادشا پێى گوت کامیان چاکترە شانس یا پیرۆزى.!
پاشا سەرى ڕەزامەندى بۆ دەلەقاند.
پاشا گوتى: ئێستا پێم بڵێ جیاوازیەکە چییە؟
راوێژکار وەلامى دایەوەو گوتى:
جەنابى پاشا تۆ ئەو حەماڵەت هێناو، جلوبەرگى جوانت لەبەرکردو پارەو دەسەلاتت خستە بەر دەست، ئەمانەش بەرگێکى ڕووکەشن و نامێنێ. چونکە هەرکاتێ بێ تۆ دەتوانى لێى بسەنیتەوە، بەلام من بەرگى پیرۆزیم کردە بەر ئەو کەرە کەس ناتوانێ لێى وەرگریتەوە تەنانەت تۆش.!
لە ڕۆژگارى ئەمرۆمان دا چەند کەسى نەزان بەرگى پیرۆزییان پۆشیوە و بە پاى پیلان دێت و دەروا و بەئارەزوى خۆى دەخوات لەسەر هەموو ئاستێک چ کۆمەلایەتى یا سیاسى یا ئابوورى و دارایی تەنانەت ئاینى و ئەمنیشەوە. ئاخۆ چەند کەسى دوڕووى وا ئیستا حوکمڕانى وولاتان دەکەن و چەند کەس بەجبەو عەمامەو عەبا بەشان و ریشى درێژ حوکمى ئەو عیراقە دەکەن, بکوژ و ببڕو تالانچى خێرو بەرەکەتى وولاتەکەن و، کەواتە تا ئیستا هەندێ گەل و ووڵات لە ژێر کاریگەرى نەزانى و پیرۆزکردن دا ماونەتەوە. بۆیە بەراى من کەس پیرۆز نەکرێت چونکە هەندێ جار دەبێتە مایەى لەخۆگۆڕان و، دکتاتۆریەت دروستکردن, پیرۆزکردنى سەرکردە سیاسیەکان زۆرجار دەبێتە مایەى نەهامەتى و جەنگ بۆ گەل، بەهەندێ بڕیارى سەرپێی و هەلشە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت