بەیان ئیبراھیم: ئایا ھۆكاری كوشتنی ژنان كلتورە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێویستە ژنی كورد خاوەنی دەنگی تایبەتی خۆی بێت، كێشەكانی خۆی بناسێنیت و باسیان بكات، بوێرانە ھەوڵبدات بۆ بەرەوپێشبردنی كۆمڵگاكەی خۆی، رزگاریكردنی لە نەریت و كلتوری دواكەوتویی دژە ژن كە پرە لە نایەكسانی لێك تێنەگەیشن، بۆچی ژن شوناسی تایبەت بەخۆی نەبێت لە كوردستان؟ چونكە ھەتا ژن بیەوێ ئازاد بێت تا ئەو كۆت و بەندەی لە ناخیایەتی وەلای نەنێت ھێشتا ھەر كۆیلەیە ئازاد نابێت لە ھزری رەوشەنی خۆی لە رووی جیپۆلۆتیك و ئە ژینگەیەی كە تیایدا دەژی، ناتوانن دوور بن لە سیێبەری پیاو سالاری بەگشتی كورد كەوتۆتە چاڵی ناسیۆنالیزمی تۆخ كە ژن و خاك بە كاڵای ناموسی دەزانێت، ھەستی دەست بەسەرا گرتنیان دەدات.
وەک دەڕوانینە مێژووی مرۆڤایەتی و بەئێستاشەوە (لەوڵاتی ئێمە) ژن لە ڕوانگەی پیاوانەوە وەک هۆکاری ڕەنج و بەدبەختی پێناسەکراوە، گەر بڕوانینە وتەی بیرمەندان و گەورەکانی مێژوو ئەم تێڕوانیینە دەبیینین، بۆ نموونە جەنابی ئەرستوو دەڵێت: سرووشت نەیتوانی پیاو درووست بکات و بەناچار ژنی درووست کرد و لەڕووی سرووشتەوە ژنان و بەندەکان مەحکوومن بە کۆیلایەتی!
جەنابی فیساغورسیش دەڵێت: ڕاستیێەكی باش هەیە، ئەویش ئەوەیە کە پیاو خولقێنەری رێكخستن و ڕۆشناییە و ڕاستیەكی خراپیش هەیەکە کە ژن خولقێنەری ئاڵۆزی و تاریکییە!
کاتێک ژن کۆیلەو ئەسیر بێت سەرۆکەکەی کە پیاوە بە مەیلی خۆی دەشتوانێت ئازاری بدات. زۆر لە ژنە نوسەرەكانمان دەڵێن، ئەی پیاو كاتێ ژنێ دەكوژی تاوانی تۆ نیە، بەڵكوو تاوانی كلتورە. منی ژن دەڵێم ئەی پیاو تۆ تاوانباری تۆ بكوژی چونكە شەرفی ژن لە ناو گەڵیا دەبینی، ئەی پیاو تۆ ژن دەكەی بە نیوە تۆ ژن دەبیتە دیسكۆ تۆ ژن بەلاواز دەزانی تۆ ژن دەكوژی ئایا ئەمانە چ پەیوەندی بەسەر كلتورەوە ھەیە دەكرێ لەگەڵ كلتور مامەڵە بكرێ، بەڵام ناگاتە كوشتن ئەوەی ژن دەكوژێ درندەیە ناھۆشیارە مرۆڤ كوژە ناكرێ لە ژێر پەردەی كلتورەوە لە پیاو خۆش بین دەكرێ فێر بن كە ژن بوون چ كائینێكی گەورەیە، هەر ئەوەی کە ژنان لە ڕێی ڕێکخراوەکانەوە ژنان هان دەدەن ئاگاداری مافەکانی خۆیان بن و بەدرووشمی یەکسانی هاتوونەتە پێشێ خۆی باشترین ڕێکارە بۆ ئاگاداركردنەوەی، پیاوانیش ئاگادار بکەن کە بەخۆیاندا بچنەوە و هزری خۆیان بگۆڕن بەرەو یەكسانی ڕەگەزی لە ماف و بەشداربوونیان لە دانانی یاسا و گۆڕینی نەریتی پیاوسالاری، ڕۆلی ژنان وەک خۆیان کاریگەرترە بۆ بەدەستھێنانی ماف و پێویستیەكانیان، وەکوو بینیمان کە دوای ڕاپەڕینی هزری پێشکەوتنخوازی وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک بریتانیا و ئاڵمان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناچار بوون و ڕۆڵی ژنان لە بەرچاو بگرن و ئەو هزرەی کە شکڵی گرت کە ژن نیوەی کۆمەڵگایە هانیدان لە زۆربەی بوارەکانی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و پەروەردە و ڕاهێناندا بەشداری بکەن.
كوشتنی ھەر ژنێك ھەر مرۆڤێك تاوانە بە ھەر ھۆكارێك بێت، زۆر جار كوشتنی ژنێك ژنێكی لە پشتە، چونكە ناخیان پرە لە پارادۆكسی كۆمەڵگا، بە تایبەت دایك كچەكەی دەكاتە پاشكۆی كورەكەی بەھەڕەشەكردن لە براكەی، وە زۆر شتەگەلێك ھەن بۆ كوشتنی ژنان كە ھۆكارەكەی ژنە. ژن پێش ئەوەی داوای مافی رەوای ژنێتیی خۆی بكات و ژن بوون بسەلمێنێ، دەبێت ھۆشیاری تاكی لە رووی لاوازی بەرامبەر بەكترو پشت شكاندنی یەكتر تا وشیار نەبنەوە، ئەوا ژنكوشتن دوبارە و سەد بارە دەبێتەوە. پرسیارەكە ئەوەیە داخۆ چەند لە سەتی ژن قوربانی كوشتنە لەسەر شەرەف كەوا ڕوومەتی قوربانی ژن بەرجەستە كراوە، لە كاتێكدا ژنانی كورد لاواز ناوزەند دەكەن، لاوازیش مانای حساب بۆ نەكردنە لەم دنیایەدا. لە جیاتی شین و ڕۆڕۆ دەبێت ھێزەكان كۆبكرێنەوە لەسەر ھەڵمەتی ئاڵو گۆری كلتوری بۆ ئەوەی چیتر ژن وەكو ئامرازێكی جنسی سەیر نەكرێ، كە پیاو خاوەندارێتی بكات. ھەروەھا شەرەفی پیاو لە جەستەو ھەستی ژندا نەبینرێ.
راستی ھیچ كات لەخۆتان پرسیوە ئەو سایتانەی كە بە گەرمی كوشتنی ژنان و سوتاندن و خنكاندنی ژنان بڵاو دەكەنەوە، توانراوە ھەموو ئەو ژنكوژییە راگڕن. چونكە ژن بەدەستی پیاو سالاری و (بە ژن و پیاوی پیاو سالارەوە قوربانی دەكرێ) لە ھەمان كاتدا پیاو سالاری سیاسی و پرو پاگەندە بە ئازایەتی شەرەڤانی چەكداری ژنەوە دەكات. ئاخۆ ھەواڵی ئەرێنی لەسەر ژنانی كورد نیە؟ ئایا ھیچ گەشەو پێشكەوتن و پزافێك وچالاكیەك لە ژنانی كوردا نیە، كە ھەواڵ ساز بێت؟ ئەی ئەو ھەموو ژنە خوێندەوارانە لە كوێن، گشتیان ھەر خەریكن لەسەر شەرەف دەكوژرێن و دواجاریش دەڵێین ژنكوشتن كاری تۆی پیاو نیە كلتورە، ژنانی كوردستان ژنانێكن كە تایبەت لە باشوری كوردستان ئاستی خوێندەواریان چۆتە پێش، جیلی ژنی خوێنەوار و ئاگای ئەمرۆ خوازیاری ژیان و ئاڵۆگۆرە لە فەرھەنگ و نەریتە كۆنەكان لە بەھێز مەندی پێویستی بە چەك نیە قوربانیش نیە بە پێچەوانەوە خەریكی ململانیە بۆ گۆرینی نەریتێك.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت