ئارام هادی: چێنج كه‌له‌ر و ئه‌له‌رم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

(چێنج كه‌له‌ر و ئه‌له‌رم واتا گۆڕینی ڕه‌نگ و ئاگاداركردنه‌وه‌)ئه‌م دوو وشه‌ ئینگلیزیه‌ كه‌ له‌زاری یه‌كێك له‌ به‌شداربوانی شاجوانی هه‌رێمه‌وه‌ بیسترا به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دابه‌شی سه‌ر دووبه‌ره‌ كرد، لای به‌شی زۆری وه‌ك نوكته‌ی پێكه‌نین له‌ناو خۆیاندا ده‌ستاو ده‌ستی پێده‌كه‌ن، به‌شێكی كه‌میش ڕه‌خنه‌یان له‌و دوو وشه‌یه‌ گرت و پێیان وابوو ده‌ بوو به‌ كوردی بیوتایه‌ (گۆڕینی ڕه‌نگ و ئاگاداركردنه‌وه‌)، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ته‌نها له‌م دوو وشه‌یه‌ی به‌شداربوی شاجوان نیه‌ و زۆرێك له‌ (سیاسی. ڕۆژنامه‌نوس. میدیاكار. ڕۆشنبیر. مامۆستایانی زانكۆ. ته‌نانه‌ت به‌شێكیش له‌ خه‌ڵكی ئاسایی) رۆژانه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی (بینراو. بیستراو. خوێندراو)ـه‌وه‌ وشه‌ گه‌لێكی (ئینگلیزی. توركی. عربی. فارسی)له‌ گفتوگۆ و نوسینه‌كانیان به‌ كاردێنن.
ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌و جیهانگیرییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئینگلیزه‌كان به‌رده‌وام و به‌ به‌رنامه‌ی ورد كاری له‌سه‌رده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌ خولانه‌وه‌ی ئینگلیزیكردنی زه‌وی. له‌لایه‌كیتره‌وه‌ كاریگه‌ری ئه‌و داگیركارییه‌ی له‌لایه‌ن (توركیا. ئیران. سوریا. عیراق)له‌مێژه‌ له‌سه‌ر كورد په‌یڕه‌وكراوه‌، هاوكات به‌شێكی كوردیش به‌مه‌به‌ستی چاولێكه‌ری له‌ناو خۆیاندا ئه‌و وشانه‌ به‌كاردێنن و پێشیان وایه‌ به‌ به‌كارهێنانی ئه‌و جۆره‌ وشانه‌ خه‌ڵك به‌ زیره‌ك و شاره‌زا پێناسه‌یان بۆ ده‌كه‌ن.
دواجار ده‌بێت جكومه‌ت و مامۆستایانی په‌روه‌رده‌یی به‌ به‌رنامه‌یه‌كی ورد و داڕێژراو، كار بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ بكه‌ن كه‌ تائێستا ڕوویانداوه‌ و فه‌رهه‌نگێگی زمانه‌وانی ورد و تۆكمه‌ی كوردی به‌رهه‌م بێنن كه‌ به‌گشتی هه‌موو زاراوه‌ كوردیه‌كان له‌ خۆبگرێت هه‌ر له‌ (كرمانجی خوار و ژوورو. كه‌لهوڕ. زازایی. هه‌ورامی و… هتد.) هاوكات زاراوه‌ ناوچه‌ییه‌كانی وه‌ك (گه‌رمیانی. هه‌ولێری. قه‌ڵادزێی و… هتد.) له‌خۆبگرێت و له‌ خوێندندا به‌كاربهێنرێت.
بۆئه‌وه‌ی جارێكیتر كاكی ڕۆشنبیر و میدیاكار و سیاسی و گۆرانی بێژ زمانه‌ بێگانه‌كان به‌كارنه‌هێنن و زمانی شیرینی كوردی له‌بیرنه‌كرێت.