بورهان شێخ ڕەئوف: عێراق دواى ساڵێک لە شەڕى داعش.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەرچى مێژووى کۆن و نوێ ى عێراق خوێنى لێدەچۆڕێت و شەڕو کوشتار لە گەڵ تەمەنیدا هاوتەریبن و ڕووبەرێکى فراوانى لە دیرۆکەکەى داگیرکردووە و لە پەنجا ساڵى ڕابردوودا عێراق لە شەڕى نیمچە بەردەوامدا بووە هەر لە شەڕو شۆڕشەکانى کوردستانەوە لە ساڵى 1961 – 1975 ەوە دواترلە ساڵى 1975شۆڕشى نوێش تێکەڵاو بە شەڕى هەشت ساڵەى عێراق _ ئێران 1980 – 1988 بوو داگیرکردنى کوەیت 1990 – 1991 و پرۆسەى ئازادى یان داگیرکردنى عێراق لە لایەن ئەمریکاوە 2003 – 2011 دوا شەڕیش جگە لە شەڕى ناوخۆى تائیفى سەرهەڵدانى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق وشام (داعشە)لە ساڵى 2014-2017.
هەرچەندە ڕۆژى 10/12/2018 حکومەتى عێراق کردى بەپشوو ى فەرمى و ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەى ساڵڕۆژى سەرکەوتن بە سەر دەوڵەتى ئیسلامیدا، بەڵام لە سەر ئاستى جەماوەرى و شەقام بە دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکى زۆرەوە تەنانەت بە دەربڕینى جۆرێک لە ناڕەزایەتیش پێشوازى لێکرا چونکە ئەگەرچى پایتەختەکەى دەوڵەتەکەى داعش کەوت و ڕزگارکرا بەڵام گروپ و تاقمە تیرۆریستەکانى دەوڵەتى ئیسلامى گەڕانەوە پەناگەو لانەکانیان لە ناو بیابانەکانى خۆرئاواى عێراق دەیەها شوێنى تریش خۆیان مەڵاس داوەو هەرکات بخوازن پەلامارى لەناکاو ى هێزەکانى سوپاو ئاسایشى عێراق دەدەن ئەمە لەکورت مەودادا و لە ڕووى تاکتیکەوە، بۆ دوورمەوداو لایەنى ستراتیجیش هەموو ئەو فاکتەرانەى کە هاوکار بوون بۆ سەرهەڵدانى ڕەوتى توندئاژۆى داعش ئەگەر بۆ ماوەیەکى کورت و کاتى کزو لاواز بووبن ئەوا ئێستاش واخەریکى سەرلەنوێ ئەو فاکتەرانە گەشە دەکەن و دنەدەدرێن بۆ ئەوەى سەرلەنوێ لاپەڕەیەکى ترى توندوتیژى ململانێ ى سەخت و خوێناوى لە عێراقدا دەست پێبکەنەوە.
دیارترینى ئەو فاکتەرانە:
1- خراپى و نەبوونى خزمەتگوزارییە سەرتایی و پێویستەکان بۆ ژیانى خەڵک.
2- نەگەڕانەوەى ئاوارەکان بۆسەر ماڵ و موڵکى خۆیان و ڕێگرى کردن لێیان لە لایەن میلیشیاتەکانەوە.
3- ململانێ ى و ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسیەکان بە تایبەتى نێو ماڵى شیعە لەسەر پۆست و ئیمتیازات ئەوەى تائێستا ناتوانن هەشت وەزارەتى حکومەت پڕبکەنەوە باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوە.
4- نائارامى و ناسەقامگیرى سیاسى و نەبوونى دیدو بۆچوونێکى سیاسى ڕوون و دروست بۆ بە ڕێوەبردنى وڵات.
5- هەوڵدانى لایەن و پێکهاتەیەک بۆ سەپاندنى هەژموونى خۆى بەسەر پێکهاتەکانى ترى عێراقدا.
6- دەستوەردانى وڵاتانى دراوسێ ى ئیقلیمى لە کاروبارى ناوخۆى عێراق و هەوڵدان بۆ یەکلایى کردنەوەى ناکۆکى و ململانێکانیان لەسەر خاکى عێراق.
7- گەندەڵى دارایى لە زۆرێک لە جەمگە گرنگەکانى دەوڵەتدا.
لەبەرهەموو ئەو فاکتەرانە سەرکەوتنى ڕاستەقینەو یەکجارەکى بۆ گەلى عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوەو ئاهەنگ گێڕان لەو یادەدا کاتێک دڵى خەڵک خۆش دەکات کە پەتاى کوشندەى گەندەڵى کە لە تیرۆر مەترسیدارترە بنبڕ بکرێت و سەرە گەورەکانى ڕابکێشرێنە بەردەم دادگاکان و پاروو ى دزراوى دەمى هەژارانى ئەم وڵاتە لە قوڕگیان دەربهێنرێت و خۆشگوزەرانى و خزمەتگوزارى بەهەموو سیکتەرەکانى و ئاسایش و دادپەروەر و یەکسانى و مافى هەموو پێکهاتەکان فەراهەم بکرێت و زەمینەسازى بکرێت جێبەجێ کردنى دەستوورو ڕەخساندنى ژینگە ى لەبار بۆ ئەوەى گەراى تیرۆر بە هەموو جۆرەکانیەوە بنەبڕ بکرێت و گەشە و نەشوونما نەکات.
بە پێچەوانەوە ئێستا دواى ساڵێک لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە ڕووى مەیدانیەوە و زۆرێک لە هێزە سیاسیەکانى عێراق سەرگەرمى مشتومڕى بێ سوود و ململانێ ى نابەجێن لسەر پۆست و پایە وخۆدزینەوە لە کارو ئەرکە لە پێشینەکان کە ئاوەدانکردنەوەى ناوچە وێران بووەکانى شەڕى تیرۆر و داعشە گەڕانەوەى خەڵکە کەیەتى.
لە کۆتاییدا ئەگەر ئەم هێزە سیاسیانەى ئێستاى عێراق بەتایبەتى حزبە دینى و تائیفیەکان کە لە پازدە ساڵى ڕابردوودا شکستیان هێناوە لە بەڕێوەبردنى وڵاتدا بە تایبەتى ئەمە بەڕوونى لە خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییەى شارەکانى بەسرەو باشوورى عێراقدا بەدەرکەوت بە خۆیاندا نەچنەوەو گوێ بۆ ئێش و ئازارەکانى خەڵکى عێراق نەگرن بێگومان دەبێت چاوەڕوانى کاردانەوەى توندى خەڵکى بەش مەینەتى عێراق بن و چاوەڕوانى سەرهەڵدانى ڕەوت و جوڵانەوەى توندوتیژتربن لە قاعیدەو داعش.