سامانی وەستا بەکر: لە کۆتایدا ھەر دەستە ڕاست نزیکترە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەر پێکھێنانی حکومەت قسەوباس زۆرن زۆربەشی لەسەر چوونی گۆڕان بۆ حکومەت و مامەڵەکردنی پارتیە لەگەڵی.
ھەندێک لە پرسیارەکان لەسەر ئەوەیە چۆن مەسعود بارزانی دەستبەرداری سەرۆکی ھەرێم ئەبێ و پارتی چۆن وا بە ئاسانی چۆتە ژێرباری ئەو پرسەی کە دوو ساڵ لە گۆڕانا شەڕیان لەسەر کرد، پارتی موکوڕی ئەکرد کە ئەبێ سەرۆکی ھەرێم لەناو خەڵکەوە ھەڵبژێرێ و گۆڕانیش ئەیووت ئەبێ لەناو پەرلەمانەوە ھەڵبژێرێ.
بە بۆچوونی بەندە پارتی و بەتایبەتی ماڵی مەسعود بارزانی بەرچاویان ڕوونەو ئەشزانن چی ئەکەن.
سەرەتا سەرۆکی ھەرێم ھەرگیز دەسەڵاتەکانی وەک دەسەڵاتی سەرۆکی پێشووی ھەرێم نابێ بە واتایەکیتر نێچیرڤان بارزانی ھەرگیز دەسەڵاتەکانی مامی پێنادرێ بەو واتایەی ئەم پۆستە زیندوو ئەکرێتەوە و دائەتاشرێ بۆ ڕازی کردنی نێچیرڤان بارزانی و دوورخستنەوەی لە کایەی دەسەڵات و ڕادەستکردنی سەرۆکی حکومەت بە مەسرور بارزانی ئامۆزای بەبێ کێشە.
وەک ئەزانین مەسعود بارزانی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێمی دابەشکرد بەسەر ھەر سێ لایەنی حکومەت و پەرلەمان و قەزایا، لە کاتێکا پارتی ئیدیعای ئەوە ئەکا کە سەرۆکەکەیان ئەبێ بە “مەرجەع” کە خوودی ئەم دەستەواژەیە پڕێتی لە نھێنی شاراوە بەجۆرێک ھەر کەسێک لەھەر پۆستێکا بێت دەسەڵاتەکەی ناگاتە دەسەڵاتی ئەو وە بڕیاری کۆتایی ھەر لای مەرجەع ئەبێت!
لەمەوە ئەومان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە لە داھاتوودا پۆستی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ کاتدا ئەبێ بە تەشریفاتی وەک ئەوەی بەغا کە بەمە ماڵی مەسعود بارزانی بە بەردێک چەندین چۆلەکە کۆڵەوارئەکەن و خۆشیان سوودمەندی یەکەمن.

لێرەوە ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە:
سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانەوە ھەڵئەبژێرێ و گۆڕانیش خواستە دێرین و ستراتیجیەکەی جێبەجێ ئەکرێ و جێگیر ئەبێ، بەڵام ماڵی مەسعود بارزانی ھەروەک پێشووتر کۆی بڕیارەکان لای خۆیانە.
بە پێچەوانەی ئەوانەی کە ئەڵێن: گۆڕان دەستی پارتی بایاوە! لەڕستیا دەست بایان نیە، بەڵکو بەرنامە ستراتیجیەکەی گۆڕان جێگیر ئەبێ، بەڵام ھیچ سوودبەخش نابێ. چونکوم دەسەڵات تەنھا لە باوکەوە بۆ کوڕ ئەگوێزرێتەوە، بەو واتایەی سەرۆکێکی تەشریفاتی لە ھەر شوێنێکەوە ھەڵبژێرێ کێشە بۆ پارتی دروست ناکا، چونکو دەسەڵاتە ستراتیجی و چارەنوس سازەکان ھەر لە ماڵی مەسعود بارزانی ئەمێنێتەوە.
ئەو لەکەیەی کە بە مەسعود بارزانیەوە لکێنرابوو کە پیاوێکی دیکتاتۆرەو ھەرگیز دەستبەرداری سەرۆکی ھەرێم نابێ چیتر ڕاست نیە چونکە ئەو دەستبەرداری سەرۆکی ھەرێمیش ئەبێ و بۆ ھەتاش ئەبێ بە مەرجەعی بڕیاردان کەسیش ناتوانێ داوای لێسەندنەوەی لێبکات چونکە مەرجەع بوون پۆست نیە تەنھا لەناو شیعەیا بوونی ھەبوو بەڵام وا گەشتە ناو کوردیش.
وەلانانی نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەکی حەکیمانە و کەمکردنەوەی ھەژموون و کاریزمای لەبەرژەوەندی ئامۆزاکەی کە دواتر بۆ بوون بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامەکەی دەرەکەوێ.
ھێنانە پێشەوەو ناساندن و ئامادەکردنی مەسرور بارزانی لە ھەرێم و دەرەوە و گیراکردنی وەک سەرۆکی پارتی لە داھاتووا.
تێبینی/ بەشێک لەم نوسینە بۆ داھاتووە و لە چەند ساڵی داھاتووا جێبەجێ ئەکرێن، بەڵام بە بۆچوونی بەندە ئەمە سیاسەتی ستراتیجی داھاتووی ماڵی مەسعود بارزانیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت