شەریف ھەژاری: ئایا ئەمریکا و تورکیا چ پیلان و ئەجێندایەکیان لە ژێر سەر دایە!؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ده‌كرێ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌م له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بخه‌مه‌ڕوو:
1- له‌ ڕووی ئابورییه‌وه:‌ ئه‌مریكا به‌ كشانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی هێزه‌كانی خۆی له‌ سوریادا قازانج ده‌كات (ده‌كرێ ڕاوێژكاری له‌وێ بمێنیته‌وه‌ چونكه‌ كۆلۆنیالیزمی ئه‌مریكی كه‌ چووه‌ خاكێكه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ به‌ یه‌كجاری لێ بكشێته‌وه‌). چونكه‌ خه‌رجی هێزه‌كانی له‌ سوریا به‌تایبه‌ت خه‌رجی فڕۆكه‌كانی كه‌ ڕۆژانه‌ چه‌ندین فڕینیان ئه‌نجام ده‌دا و، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان به‌كارده‌هێنا له‌ كۆڵی ده‌بێته‌وه‌و، ئیتر شه‌ڕه‌كه‌ به‌ كرده‌وه‌ی توركیا و پاره‌ی سعود و خوێنی سوونه‌كانی سوریا ده‌كات.
2- پیلانی دووەم ئەوەیە: ڕوونه‌ داگیرکاریی ئەمریکیی ئەستەمە لە خاکێک بەتەواوی کشابێتەوە کە چووبێتە ناویەوە. بۆیە ئه‌مریكا ھێزەکانی بەتەواوی کەم دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ ئەردۆگان و ھێزە ئۆپۆزسیۆنە سوریەکانی سەر بە ئەردۆگان خۆش بکات کە بێنە ناوچەکانی پەیەدەوەو، دواتر لە ڕێی ئەوانەوە ناوچەیەکی ئارام درووست بکات! پێموایه: ئه‌كرێت ئه‌مریكا نه‌یه‌وێت دۆخی سوریا له‌ قازانجی ئه‌سه‌د هێورببێته‌وه‌و، ڕاكێشانی توركیاش بۆ ناو سوریا شه‌ڕه‌كه‌ گه‌رم ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ ئیسرائیلیش زیاتر ده‌كه‌وێته‌ خۆی.
3- ئه‌كرێت ئەمریکا بەتەواوی بۆی دەرکەوتبێت کە پەیەدە ھەر لە ژێر بڕیاری پەکەکە دەمێننەوەو، پەکەکەش سەر بە ئێرانە. بۆیە لەم خاڵە دا یەکەم پیلان ئەگەری ڕاکێشانی پەکەکه‌یه‌ بۆ شەڕی خۆراوای كوردستان و لاوازکردنی یەکجارەکی پەکەکە یە! ده‌بێت په‌كه‌كه‌ به‌ وردی ئاگاداری ئه‌وه‌ بێت و، ڕادیكاڵانه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كانی (سیاسیی، پارتیزانی، ڕیكخستن و راگه‌یاندن) به‌خۆیدا بچێته‌وه‌، ئه‌گینا زه‌ره‌ری سیاسیی-سه‌ربازی گه‌وره‌تر ده‌كات.
4- ئەمریکا زۆر ورد دەزانێت کە ڕوسیا تەنیا لە سوریادا ماوە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست داو، بەدرێژایی چوار ساڵی ڕابردووش بۆی سەلماوە کە پەیەدە بەھۆی بڕیاربۆدانی لەلایەن پەکەکەوە بەشێکە لە ئێران. ئێرانیش لە ھاوکێشەی ڕوسیا دایە. بۆیە ئه‌كرێت ئەمریکا پیلانی هه‌بێت دڵی تورکیا بەتەواوی ڕازی بکات لە پێناو ڕابەرایەتیی کردنی بەرەیەک بۆ دژایەتیی کردنی بەرەی ئێران (ئێران-پەکەکە-حیزبوڵا-حه‌شدی شەعبی). بەو مانایەی ئەمریکا بەبێ جیۆپۆلەتیکی تورکیاو ئەو ھێزە سونییانەی سەر بە تورکیان بەباشی ناتوانێ ھەژموونی ئێران کەم کاتەوە. چونکە تورکیا و ڕوسیا و ئێران لە یەکتر نزیک بووبوونەوە. ئەمریکا بۆ ڕاکێشانەوەی ھێزێکی تەواو کاریگەری وەک تورکیا، ناوچەکانی پەیەدەی پێ بدات و سیستمی موشه‌كیشی پێ بفرۆشێت.
5- ئەمریکا لەو پیلانانەی کە پێشتر خستمەڕوو، ئەیەوێت شەڕی بەرەی ئێران بکات. واته‌ تێفكرینی من جیاوازه‌ له‌ خویندنه‌وه‌ی ئه‌و نوسه‌رانه‌ی كه‌ نووسیوویانه‌: ئه‌مریكا ناوچه‌كه‌ ته‌سلیم به‌ ئێران ده‌كات. له‌ڕاستییدا من ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ به‌ زۆر سانا و كاڵوكرچ ده‌زانم. بەو مانایەی لە گۆشە نیگای ئەمریکاوە لە خۆرھەڵاتی دەوڵەتانی ئێران-عێراقەوە لەگەل تورکیا یەک بگرێ و، لە باشوری دەوڵەتانی ئێران-عێراقەوە لەگەل سعودیە یەک بگرێ، ھەتاكوو ئه‌جێنداكانی ئێران بە چۆک دا دێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش ھەم پێویستیی بە ڕاگرتنی دڵی تورکیایەو، ھەم پێویستیی بە ڕاگرتنی دڵی سعودیە یە. نە تورکیا و نە سعودیە و نە خودی ئەمریکاش سیقەیان بە پەیەدە نەبوو، لەو ڕووەوەی کە پێیان وابوو سەر بە پەکەکەیەو پەکەکەش لە ھاوکێشەی ئێران دایە.
6- بەو پیلان و ئەجێندایانەی خستمەڕوو، ئەمریکا پشت بە دەوڵەتە بەھێزەکانی ناوچەکە دەبەستێت بۆ پڕووکانی ئەجێنداکانی ئێران ھەتاوەکوو پشت بە ھێزە ئازادیخوازە بچووکەکان ببه‌ستێت. ھەروەھا به‌وه‌ش لە تەکتیک و ستراتیژدا زۆرتر ئێران تووشی شەڕ دەکات ھەتاوەکوو بھێڵێت بە ئیسراحەت دابنیشێت. ھەربۆیە ئەستەمە ئەمریکا بھێڵێت ھەروا بەئاسانی دۆخی سوریا لە قازانجی ڕوسیا-ئێران ھێوربێتەوەو، باشترین بژاردەش ئەوەیە: گه‌ڕێكی تری ململانێ بخولقێنێته‌وه‌و دڵی تورکیا ڕازی بکات بۆ لێدان لە گروپەکانی سەر بە ئێران، بەوپێیەی لە ڕووە سوننەگەراییەکەیەوە تورکیا نفوزی بەرچاوی لە سوریادا ھەیە.
کەوابوو، ئەمریکا بەڕێگەی دیکە ڕوبەڕوی نفوزی ئێران دەبێتەوە، کە پێموایە کاریگەرانەتر نفوزی ئێران تێک دەشکێنێت!
لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەی ڕۆڵی پێشمەرگەی ڕۆژ چی دەبێت، ئایا به‌هۆی پارتییه‌وه‌ ئەو ھێزە ھیچ پەیوەندییەکیان لەگەل تورکیادا ھەیە ھەتاوەکوو چاوەڕوانی ڕۆڵی ئەوانیش بین!؟ یان، به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌سعود به‌رزانی سه‌لماندی كه‌ ئه‌مریكا-توركیا حسابیشیان بۆ هێزه‌كانی ڕۆژ نه‌كردووه‌و، له‌ پشتی ئایدیای به‌یاننامه‌كه‌ی مه‌سعوده‌وه‌، مه‌سعود بیه‌وێت توركیا (گه‌ر ڕۆڵێكی بچكوویش بێت) به‌ هێزه‌كانی ڕۆژی بسپێرێت!
پێموایە: ئەوەی زۆر گرنگە لەم مەسەلەیەدا کە ستراتیژزانان بیزانن سێ خاڵە:
1- ئەمریکا کە چووبێتە خاکێکەوە ئەستەمە بە یەکجاری لێی بکێشێتەوە. کەوابوو ئایا ئەمە بۆ چاوبەستکردنی پەیەدە یە ھەتاوەکوو تورکیا داخڵ دەکات، دواتر خۆی (ئەمریکا) ڕۆڵی چاودێریکردن لەو ناوچانە ببینێت!؟
2- ئەمریکا وەک زلھێزترینی جیھان بەئاسانیی لە خاکێک ناکشێتەوە کە بیر لە داھاتووی نەکاتەوە. چونكه‌ له‌ ئه‌مریكا پلانی سراتیژ و ته‌كتیكیی و ئه‌گه‌ره‌كان هه‌یه‌ و به‌ میزاجی بڕیار نادرێت!! بۆیە گرنگە ھەر وا بە سادەیی لە ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی نەڕوانین، بە دڵنیاییەوە موویەک لەم ماستەدایە!
3- تەنانەت گەر ڕێکەوتنی نھێنییش لە نێوان (ئەمریکا، ڕوسیا، تورکیا، ئێران و ئەسەد) ھەبێت، ھەر ئەمریکا ئەجێندای تری ھەیەو، لە ڕێگەی داخڵکردنی تورکیاوە بە تەواوی تورکیا بۆ لای خۆی جەزب دەکاتەوەو لە نزیکایەتیی ڕوسیا-ئێران دای دەبڕێت یان كه‌مێك دوری ده‌خاته‌وه‌. ئەمەش لە ستراتیژ دا لێدانی ترسناکە لە ئەجێنداکانی ئێران لە سوریاو ناوچەکەدا، بەتایبەت لە ڕێی ئەو ھێزە سونییانەی کە سەر بە تورکیان!
كه‌وابوو له‌ لێکدانەوەی زۆرینەی ئەگەرەکانم دا ئەوە چنگ ده‌خه‌ین، كه‌: ئەمریکا دەست لە ئێران ھەڵ ناگرێت و، بۆ ئه‌مریكا بەبێ کەمەر شکاندنی ئێران، بێ سوودە هه‌ژموونخوازییه‌كانی له‌ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دا. بۆیە ئه‌كرێت ھەم چاوەڕوانی ململانێی نوێ و، ھەم پڕوکانی زیاتری ئەجێنداکانی ئێرانیش بین!
پشتیوانی ئەمریکا لە پەیەدە چه‌ند قازانجێكی بۆ ئه‌مریكا هه‌بوو، به‌ڵام سێ زەرەری لە ئەمریکا دا:
1- تورکیای ھاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکای لە ئەمریکا دورخستەوەو، نزیکتری کرد لە ڕوسیا و ئێران. به‌م كاره‌ی ئه‌یه‌وێت ئه‌وه‌ ڕاست بكاته‌وه‌.
2- ھەموو ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریای لە ئەمریکا دورخستەوە. چونکە بە ئاشکرا پەیەدە ھەم لەگەل ئەسەد مامەڵەیان دەکرد و، ھەم لە ڕێی پەکەکەشەوە لە ڕێی ئێرانەوە فەرمانیان بۆ دەھات. به‌مه‌ش ئه‌مریكا بیه‌وێت له‌سه‌ر حسابی كورد هێزه‌ سوونییه‌كانی سوریا له‌ ڕێی توركیاوه‌ به‌لای خۆیدا جه‌زب بكاته‌وه‌.
3- پشتیوانی پێشتری ئه‌مریكا بۆ په‌یه‌ده‌، بەشێکی ھێزە کوردییەکانی سوریاشی لە ئەمریکا دورخستەوە بەتایبەت پێشمەرگەی ڕۆژ و دروستکراوەکانی تری پارتیی. به‌ڵام تا ئێستا ئه‌م خاڵه‌یان كه‌مێك ناڕوونه‌ كه‌ چی لێ دێت!
كه‌وابوو، ئەو سێ ھۆکارەی سەرەوە وایکرد گەر تەنانەت ئەمریکا خودی خۆشی لە سوریاش دا بێت بەڵام ھەر نه‌توانێ ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەلای خۆیدا ڕاکێشێت.
ئایا ئەمریکا ئه‌وه‌ی له‌ ژێر سه‌ر دایه‌ کە بەھۆی داخڵکردنی تورکیاوە ناوچەیه‌كی ئارام بەھێزێکی سونی پڕ بکاتەوە کە گرەنتی ھەبێت کە سەر بە ئێران نەبێت!؟ ئایا ئەمریکا بە نھێنیی بۆی سەلماوه‌ کە سیقەی بە پەیەدە نییە چونکە سەر بە پەکەکەیەو پەکەکەش سەر بە ئێرانە!؟ ئایا لەمەدا تورکیاش دەیەوێت پەکەکەش ڕاکێشێتە ناو شەڕێکەوە بۆ ناوچەکانی پەیەدە لە خۆراوای کوردستان و بە یەکجار تورکیا هه‌م ھێرش بکاتەسەر قەندیل و ھەم خۆراوای کوردستان!؟
بیرمان نه‌چێت ئه‌مریكا پێشتر چه‌ند ڕیگایه‌كی تاقیكرده‌وه‌، بۆ نموونه‌ قۆناغی یه‌كه‌م خۆی داخڵی سوریا بوو.
ئه‌ی ئه‌مریكا لە قۆناغی دووەمی ململانێی سوریا چی کرد!؟
لە قۆناغی دووەم دا، ئەمریکا گەڕایەوە بۆ سەردەمی دروستکردنی (ده‌وڵه‌ت)ی سوریا و ھەستا ڕۆڵی بە فەرەنسای ھاوپەیمانی دا. بەو ئەجێندایەی كه‌ لە ڕێی فەرەنساوە زیاتر بەرەکەی بتوانن ھەژموونداربن لە سوریا دا. بەو پێیەی فەرەنسا دروستکاری ده‌وڵه‌تی سوریایەو، سیستمی ئینتیدابی لە سوریا دا ھەبووە. بەڵام ئەو سیاسەتەش وەک پێویست بەرەی ئەمریکای لە سوریا ھەژمووندار نەکرد!
قۆناغی سێیەم ئەوەیە: ئەمریکا بە مامه‌ڵه‌كردنی چوار ساڵی له‌گه‌ڵ دۆخی واقیعی سوریادا گەشتبێته‌سه‌ر ئەو باوەڕەی کە ھیچ ھاوپەیمانێکی ھێندەی تورکیا کاریگەریان لەسەر ئۆپۆزسیۆنی سوننی سوریا نییە، ئەمە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت!؟
لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە زۆرینەی پێکھاتەکانی سوریا سوننەن و سۆز و وەلائیان بۆ تورکیای ئەردۆگانی ھەیە. بۆیە کشانەوەی زۆرینەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ڕۆڵ دابەشکردنیەتیی لەگەل تورکیای ھاوپەیمانی ستراتیژیی دا.
تورکیاش بەوە ئاشت ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئەمریکا هه‌ستێت پەیەدە وەک نێچیرێکی باڵکراو بخاتە بەردەستی كه‌ ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر حسابی كوردی خۆخۆره‌.
تورکیا ئەشیەوێت پەکەکەش ڕاکێشێتە شەڕی ناوچەکانی پەیەدە و، بە جارێک ھەم لە قەندیل بدات و ھەم ھێرشی سوپاییش بکاتەسەر ناوچەکانی پەیەدە و، به‌مه‌ش بۆ دونیاو ھاوپەیمانەکانی ئەمریکاشی بسەلمێنێت کە پەیەدە بەشێکی سەرەکیی بوون لە پەکەکە و لە پەکەکە-ئێران ئیلھامیان وەرگرتووە.
ھەربۆیە ئەم ئەجێندایەی ئەمریکا-تورکیا به‌لای ئه‌مریكاوه‌ ده‌كرێت به‌ بڕینەوەی دەستێکی تری ئێران دابنرێت وه‌ك قۆناغێكی نوێ بۆ ھەڵۆگیرکردنی ئه‌جێنداكانی ئێران، هه‌میشه‌ش توركیا و ئێران ئه‌جێنداكانیان دژی یه‌كتربوون، هه‌م له‌ ویلایه‌تی شام (دیمه‌شق كه‌ چه‌قه‌كه‌یه‌تی)ی و، هه‌م له‌ ویلایه‌تی به‌غداد (كه‌ له‌ 1920 دا به‌شێكی كوردستانی خرایه‌سه‌ر و ناوی نرا: عێراق). كه‌وابوو، چاوه‌ڕوانی هه‌ڵۆگیرتركردنی زیاتری ئه‌جێنداكانی ئێران بن. چونكه‌ له‌ سوریادا سوونه‌كان زۆرینه‌ن و وه‌ك دۆست و فریادڕه‌س ته‌ماشای توركیای ئه‌ردۆگانی ده‌كه‌ن! به‌ڵام ئه‌وه‌ی باجه‌كه‌ی ده‌دات، كوردی خۆخۆره‌، كه‌ نه‌ خۆی بۆ خۆی ده‌شێ و، نه‌ دۆسته‌كانیشی بۆی ده‌شێن! به‌و مانایه‌ی كه‌ كورد: (نه‌ خۆی دڵسۆزی خۆیه‌تیی و، نه‌ پشتیوانی دڵسۆزیشی هه‌یه‌!).

نوسەر ماستەری هەیە لە سیاسەت و ستراتیژی ئەمریکا لە زانکۆی لەندەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت