کامیار سابیر: سیاسەتکردن، بەبێ ….. و پرەنسیپ! موصطەفای سەیید قادر بە نموونە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەجێندای تاجیر و میلیاردێرێکی وەکو ترەمپ هەرچییەک بێت لە هەمبەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمێریکا، عەسکەرییەکی پرێستیژی وەکو جەیمس ماتیس( وەزیری بەرگریی ئەمێریکا) و دیپلۆماتکار و نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ئەمێریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش( برێت ماکگۆرک)، بەوپەڕی شەهامەتی عەسکەرییەوە، بەوپەڕی ئەخلاقی سیاسیی بەرز و پرەنسیپی سیاسییەوە، وازیان لە کارەکانیان هێنا.
وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لەسەردەمی ئێثنۆساید Ethnocide و جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا، نەک هەر نوطقی نەکرد، بەڵکو بوو بە سەرقاپێک بۆ ئەو مافیایانەی کورد کە دەستیان لەگەڵ داعش و خەلیفە حەقیقییەکەی داعشدا( ئەردۆغان)، تێکەڵ کردبوو. تاوانی قڕکردنی ئێزیدییەکانی، بۆ والییەکەی ئەردۆغان( پارتیی و ماڵی بارزانیی) دەشاردەوە. ئەم پیاوە نەک هەر ئیستیقالەی نەدا، نەک هەر شەهامەتی عەسکەریی نەبوو، بەڵکو تا ئەتککردن و نەفییکردنەکەیش، هەر موناجاتی بۆ ماڵی بارزانیی دەکرد و تا ئەم ساتەیش، حەرفێکی لەسەر ئەو تاوانە مێژووییە گەورەیەی دەرهەق بە ئێزیدییەکان کرا، نەگوتووە. بە پێچەوانەوە، دەمی بە چەقۆی کوردایەتییەکەی بارزانیی، بەستراوە.
ماتیس، وەزیری بەرگریی گەورەتریین هێزی سەربازییە لە جیهاندا کە بودجەی وەزارەتەکەی ساڵانە، نزیک بە 700 میلیار دۆلار دەبێت، بەڵام چونکە لەسەر مەسەلەی ئێران و کۆریا، هەروەها لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمێریکا لە سوریا لەگەڵ ترەمپدا ناکۆکە، بە شەهم و جەرائەتەوە، ئیستیقالەی دا. لەبەرامبەردا، کۆنە وەزیری نەفییکراو و دەربەدەرکراو، ئەو سەردەمەی وەزیر بوو، داود ئۆغلوی دەبرد بۆ بەسەرکردنەوەی جاشەکانی کوردستانی سوریا ( پێشمەرگەی رۆژئاوا) ، بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی تورکیا و حەلیفەکەی ( پارتیی) جێکەوت بکات. بە حەرفێکیش ئیدانەی ئەو تاوانە هاوبەشەی نێوان پرۆکسییەکانی ئەردۆغانی( کوردایەتیی و داعش)، دەرهەق بە ئێزیدییەکان، لە شەنگال، نەکرد. بە کورتییەکەی موویەکی عەسکەریی لە لەشی رەق نەبوو، هانی بدات کە ئیستیقالە بدات. ئێستایش بە جۆرێک لە ماڵی بارزانیی نزیک بووەتەوە، دەڵێی کوڕی مودەلەلی خۆیانە!
بەدەر لەوەی ئەمێریکا و هەرێمی کوردستان، بەراورد ناکرێن ،بەڵام سیاسەت لە هەرکوێیەک بکرێ، هەندێ بەهای سیاسیی، ئەخلاقیی، عەسکەریی و ئینسانیی هەیە، دەبێ لەبەرچاو بگیرێن. کاتێ سیاسەت بەو هەموو بێئەخلاقییەوە بکرێت، پرەنسیپی لەگەڵدا نەبێت، شەهامەتی عەسکەریی و جورئەتی سیاسییت نەبێت، وەکو کۆنە وەزیری پێشمەرگەی لێ بەسەر دێت کە ئێستا بووەتە متمانەپێکراوتریین کەس بۆ ماڵی بارزانیی لەناو گۆڕاندا. راستییت دەوێ ئەگەر قانون، دادگا، عەدالەت و مافی مرۆڤ هەبێت، دەبێ یەکەمیین کەس ئێخەی بگیرێ و زیندانیی بکرێ و دادگایی بکرێ لەسەر تاوانەکانی داعش لە شەنگال، بێگومان وەزیری پێشمەرگەی کۆنە، ئینجا نۆرەی ئەوانە دێت کە دەستوریان دا، ئێزیدییەکانی شەنگال بۆ موجاهیدەکانی ئەردۆغان، جێبهێڵن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت