چى دەربارەى سایکۆباتى دەزانى؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زانستى دەروونناسى یەکێکە لەزانستە گرنگەکان و، بەکورتى بێ ئەوەى تێیدا ڕۆبچینە خوارەوە، بریتییە لە لێکۆلینەوەى زانستى لە بوارى هەڵسوکەوت و عەقل و بیرکردنەوەو کەسایەتى و دەتوانرێ بگوترێ زانستى توێژینەوەى هەلسوکەوتى گیاندارە زیندوەکان و بەتایبەت مرۆڤ بە ئامانجى تێگەیشتنى هەڵسوکەوت و لێکدانەوەیەو پێشبینى و دواتر کۆنترۆڵ کردنی.
زاناکان لەسەر پێناسەى زانستى دەرونناسى ناکۆکن! بۆنمونە زانا گریکەکان و فەیلەسوفەکانیان وایان پێناسە کردووە کە زانستى ژیانى ژیريەو، زانایانى شیکارى دەرونى دەڵێن: زانستى ژیانى(ژیرى عەقلی) هەستپێکراو و نا هەستپێکراوە. بەلام زانایانى( رەفتارناس سلوکى ) دەڵێن: بە زانستى توێژینەوەى رەفتار پێناسەى دەکەن. بەلام چاکترین پێناسە بۆ زانستى دەروونناسى: توێژینەوەى ژیرى و رەفتارى هەستى و ناهەستپێکراو، هەروەها دەڵێن: لیکۆلینەوە لەرەفتار دەکات بەهۆى پەیوەندى بوونى ژیانى ژیرى، جا هەرکامیان بێ هەستپێکراو یا ناهەستپێکراو.

زانستى دەروونناسى بە شێوەیەکى گشتى دوو قوتابخانەیە:
* قوتابخانەى شیکارى ودام ودەزگاکانى دامەزرێنەرەکەى سیگمۆند فرۆیدە.
* قوتابخانەى مەرجیە و دامەزرێنەرەکەى بافلۆفە.
نامەوێ زیاتر بچمە قوڵایی ئەو بابەتە چونکە بوارەکانى زۆرن و، چەند بەشێکە. بەلام لەوولاتى خۆمان چەند بەشێکیان کاریى لەسەرکراوە لەڕووی تیوریەوە، وەک/ زانستى درەوونناسى جیاکارى، زانستى دەرونناسى گەشەکردن و زانستى دەروونناسى فسیۆلۆجى و، زانستى دەرووناسى کۆمەلایەتى. بەلام لە ڕووى جێبەجێکاریەوە، زانستى دەرووناسى پەروەردەیی و، زانستى دەرووناسى جینائى و، زانستى دەرووناسى پیشەسازى و، زانستى دەروونناسى سەربازى، هەریەک لەو بەشانە پەیوەندییان بەبوارەکەى خۆیانەوە هەیە.
ئەوەى لەم بابەتە دەمەوێ بیخەمە ڕوو، پەیوەندى بە جۆرە کەسایەتێەکەوە هەیە، ئەویش: سایکۆباتیە کە لەکۆمەڵگاى ئیمە نمونەى زۆربووە، زانستى دەرووناسى زۆرجۆر کەسایەتى دەردەخات و هەرکەسایەتیەک کۆمەلێ سیفەتى لەخۆگرتووە، هەندێ لەو کەسایەتیانە دڵسۆز و پاک و دڵفراون و خەمخۆرى کۆمەلگایە. بەلام هەندێ لەو کەسایەتیانە هەڵگرى رق و کینەو دوژمنکارانە هەڵدەگرێ. یەکێک لەوانە کەسایەتى هەلگرى سايكؤباتى بە پێى زانستى دەروونناسى ئەهریمەنە لە بەرگى مرۆڤ دا، چونکە لەناخى دا ماناى خراپى و کینەو خۆپەرستى و ئینتیهازیەت و دوژمنکارانە لەخۆدەگرێ.

کەسایەتى لەدەرووناسى دا:
کەسایەتى لە دەروونناسى دا، چەند جۆرێکە. تەنها کەسایەتیەکان دەخەمە ڕوو، ناچمە ناو شیکاریەکان لەو کەسایەتیانە. کەسایەتى داخراو انطوائى/ کەسایەتى قەهرى ئەو کەسەیە، ناتوانێ بیروڕاکانى خۆى دەربڕێ. کەسایەتى سیکۆباتى/ کەسایەتى چەوسێنراو ئەو کەسەیە بەردەوام هەست دەکات دەچەوسێنریتەوە. کەسایەتى هیستیرى/ کەسێکى خۆپەرست تا رادەى زۆر و ئارەزوى دەستگرتنى بەسەر هەموو شتێک دا هەیە. کەسایەتى نەرجسى/ یا نێرگزى ئەو کەسەیە زۆر شانازى بەخۆى دەکات. کەسایەتى ئینفصامى/ ئەو کەسەیە زۆرجار گەشبینەو رەشبینە وا هەست دەکات هەموو کات خەلک سەیرى دەکەن و چاودێرى دەکەن. کەسایەتى حەددى/ ئەو کەسەیە بەکوردى خۆمان توند تەبیعەتە زوو تورە دەبێ، بەردەوام میزاجى دەگۆڕێ. کەسایەتى (دوورەپەرێز متحاشیە)/ لەخەلک و پەیوەندى کۆمەلایەتى ڕادەکات. کەسایەتى ئیعتیمادى/ واتە پشت بەستتن بەکەسانى تر. کەسایەتى شەرانگێزى/ کەسایەتى هەلاتوو – کەسایەتى وەسواس – کەسایەتى(مەلول و دۆشداماو اکتئابىDepressed ) – کەسایەتى شادمان یادلخۆش بەعەرەبى انبساطى و بە ئینگلیزىExtrusion – کەسایەتى ئیجابى – کەسایەتى سەفسطائى/ واتە کەسى زۆر بڵێ و چەندو چونکەر. کەسایەتى هاوسەنگ/ کەسایەتى گوماناوى بە ئینگلیزى doubting. کەسایەتى ساکار. کەسایەتى توند قاسى/ ئەو جۆرە کەسایەتیە دڵرەق و بێ بەزەیین. کەسایەتى بەسۆز عطوف)، کەسایەتى (خۆ بەدەستەوەدەر مستسلم )/ کەسایەتیەکە بەردەوام لەگەل رەوتەکەیە و ئارەزوى ئەوانى بەجێ دەهێنێ.

واتاى سیکۆباث یا سیکۆباتى چییە؟
ووشەى سایکۆباتى لەدوو برگەى سیکۆ psycho بەواتاى دەروون و، ووشەى path پێکدێ بەواتاى کەسێک توشى ئەو نەخۆشیە دەبێ و واتاى لادان و دژە کۆمەلگا. کەسایەتى سایکۆباتى پەیوەستە بە ئارەزووەکانى و چاوچنۆکەو کەسیکە نەتەنازول و نەئامادەی خۆبەختکردنە لە پێناو هیچ کەسیک و بە ئینگلیزى پێى دەگوترێ Anti social personality disorder. واتە کەسایەتى دژە کۆمەلگا. سایکۆباتى بەئینگلیزى psychopath بەعەربى سایکۆباث کە نەخۆشیەکى دەرونییە توشى هەندێ کەس دەبێ, کە زیاترین کەس ئالۆزەو گرانترینیانە لەدیارىکردن و ناسینى خاوەنەکەى و هۆکارى دەست نیشان نەکردن و دیارى نەکردنى ئەو جۆرە کەسایەتیە دەگەرێتەوە بۆ تواناى نواندنى و تواناى کاریگەرى بەسەر کەسانى تر و تەنانەت یاريكردن بەبیروهزر, لەگەڵ ئەوەى کەسى سایکۆبات دیاردەى نەخۆشى عەقلى لێ دەرناکەوێ، بەلام لەهەلسوکەوت و رەفتارى کۆمەلایەتى دەردەکەوێ مەترسى کەمتر نییە لەخراپترین نەخۆشیە دەرونیەکانى تر. خراپى و نەگونجانى کۆمەلایەتى دەبێتە ئاوێنەى ئالۆزیەکى زۆر لەکەسایەتى، بۆیە سایکۆباتى بەیەکێک لە نەخۆشیە کۆمەلایەتى دەرونیە پەروەردەییەکان دەژمێردرێ، کە ئاسەوارى خراپ لەسەر تاک و کۆمەڵگا و تەندروستى دەرونى تواناکانى بەفیرۆ دەچێ بۆ ئەو کەسەى دەکەوێتە ژێرکاریگەرى سایکۆباتى و، دەبێتە هۆى بەفێرۆدانى سەرمایەیەکى مرۆیی. بەپێى نوێترین ئامارى زانستى دەرکەوتوە 1% ى دانیشتوانى گۆى زەوى هەڵگرى جینەیە،کەوا دەکات تۆشى سایکۆباتى بن. بەلام ئەو ئاماروو ڕێژەیە دەگاتە 4% لاى سەرکردە کۆمەلایەتیەکان بەهۆى زیاد لە پێویستى هەڵپەرستى و ئارەزوى بەرزیان کە دەبێتە هۆى تێکشکانى هەر ئاستەنگێک یا برادەرایەتیەک لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانى, بەپێى توێژینەوەکان رێژەى توشبون بە نەخۆشى سایکۆباتى لە پیاوان 10 بەرابەریى ژنانە.

تایبەتمەندیەکانى کەسى سایکۆبات:
یەکێک لە تایبەتمەندى گشتى و سەرەکى کەسایەتى سایکۆباتى تواناى لە ڕادەبەدەرى کاریگەرى بەسەر کەسانى ترەوە هەیە, بەقسەى خۆش و زۆرى بەلێنەکانى کە زۆربەیان ناباتە سەر، بەمیهرەبانى زیاد لە پێویست و تواناى ئیستیعابکردنى هەرکەسێک مامەڵەى لەگەل بکات بەو میهرەبانیە ڕووکەشە کاتیە, بەلام کاتێ یەکێک لە نزیکەوە مامەلەى لەگەل بکات بۆماوەیەک راستیەکانى بۆ دەردەکەوێ. کاتێ پرسیار لەنیزیکترین کەسى دەکرێ دوو ڕوویی دەردەکەوێ لەو شیوازە دیارەى هەیەتى، کە خەلک دەیبینێ تەنها کەسانى خێزانەکەى ئەوە دەزانن, رووى راستەقینەیان پریەتى لە ئالۆزى و فەشەلى زۆر، سەرەراى نەگونجان و تیکەل و پێکەلکردنى ئەو کارانەى دەیەوێ بیکات.
* تایبەتمەندیەکى ترى کەسى سایکۆباتى بەکارهێنانى ژنە بەهەموو مانايەکیەوە تەنانەت بەکار هینانى جەستەیی و ماددیش گەر تواناى هەبێ، بەلام ئەم ڕووەى بۆ زۆر کەس دەرناکەوێ، زۆرجار هاوسەرەکەیەتى.
* تایبەتمەندیەکى ترى بەهۆى سەرنج راکێشى و قسەى خۆش و بەلێنە زۆرەکانى کەسانى دوور ناتوانن بیرى لێبکەنەوە کە ئەو کەسە نەخۆشى سایکۆباتى لەگەڵە.
* کەسى ستیکۆبات بەردەوام نیفاق دەکات بۆ ئەوەى بژى و بەمەرامەکانى خۆى بگات، هەموو شتێ بۆخۆم بادواى خۆم هیچ شتێک نەمێنێ چۆن، سەدام حسین دەیگوت لەدواى خۆم عیراق دەیکەین بە وێرانە.
* کەسى توش بوو بە سایکۆبات خۆى زۆر زۆر خۆش دەوێ هیچ شتێک کارى تێ ناکات زۆر بەکەمى بەرژەوەندى گشتى و بەرژەوەندى کەسانى تر پێش بەرژەوەندى خۆى دەخات بەلکو پێى وایە هەرکەسێ ئەوە بکات ئەوە ساوێلکەو گەمژەو نەزانە.
* کەسى سایکۆبات زۆر چەشە لەوە دەبینێ کە ئازارى خەلکى تر بدات بە تایبەت کەسانى نیزیکى وەک منالەکانى و هاوسەرەکەى.
* کەسى سایکۆبات فێل و درۆ لەقسەکانى دایە دواتر نکۆڵى لەو پەیمان و بەلین قسانەى کردویەتى دەکات بێ شەرمکردن و دەتوانرێ بگوترێ ئەم جۆرە کەسایەتیە بێ ویژدانەو شەرمى لا نییە.
* کەسى سایکۆبات تواناى باشى دەربڕین و نواندنى توڕەیی گونجاو لەبارودۆخى جیاواز دا هەیە، بەلام ئەم دەربڕینانە بەڕاستى نییە, دەربڕینى گونجاو بەکار دەهێنن بۆ پۆزش هێنانەوە. بەلام بەراستىیان نییە، بەلکو بەدرۆوەیە، چونکە نازانن چۆن بەراستى پۆزش بهێننەوە سەرەڕاى ئەوەى هەست بەپەشیمانى ناکەن.
* یەکێک لەونیشانانەى لەگەل کەسایەتى سایکۆباتى زۆربەیان بەدەست نێرگزیەتى زیاد لەپێویست دەناڵێنن و وەک لەپێشەوە ئاماژەم پێداوە تەنها خودى خۆى وهەموشتێ بۆخۆى دواى خۆى با تۆفان بێ.
* دیارەدەیەکى ترى کەسایەتى سایکۆباتى زۆر پەیوەندى ناشەرعى و هەندێ جاریش دەگاتە ئاستى (شذوذ ناباو) ى وكردارى سێکسى لایان کردارێکى فیزیۆلۆجی ڕووتە.
کەسایەتى سایکۆباتى دەگەنە پلەوپایەى بەرزى پێشکەوتوو لەئەنجامدا کەسانى سایکۆباتى تر بەرەو خۆى کێشدەکات و دەزگایەکى سایکۆباتى پێکدەهێنێ, ئەم دەزگایە دەبێتە دایەنگەى ئەم سیفەتانەو دواتر کاریگەرى خراپ بەسەرگۆمەلگاوە جێ دەهێلێ و ئازارى زۆرى پێ دەگەیەنێ.
لەکۆتایی ئەم بابەتە دەگەینە ئەوەى کە سیاسەت و حوکمڕانى زانستێکى قوڵ و هەستیارو گرنگە بۆیە گەل و نیشتیمان و دەولەت ئەندازیارى گەرەکە نەک کەسێکى نەخۆش, بۆیە بەڕاى من پێویستە کەسێک یاکەسانێک کەهەڵدەبژێدرێ یا دەکرێ بە مامۆستا یا بەڕیوەبەر یا بەڕیوەبردنى دام ودەزگایەکى گرنگ یا وەزیر چ لەحکومەت چ لە حیزب هەلسەنگاندنى دەرونیشى بۆ بکرێت هەلگرى چ جۆرە کەسایەتیەکە لەرووی زانستى دەرونناسیەوە ئایا بەخۆى دا دەچێتەوە هەولێ چارەسەرى ئەو کەسایەتیەى خۆى دەکات و دەگؤڕێ.

نوسین و بەدواچون و ئامادەکردنى

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت