نەوزادى موهەندیس: ساڵى 2018ساڵێکى گەرمى ململانێ و ساڵێکى سارد و نەهاتى ئاشتى و ئارامى.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مایەى نیگەرانیمانە وەک نەتەوەى کورد کە کەمترین ساڵ لەمێژووماندا جێگەى ئاوات و خەوبینینەوەیە و جێگەى ئاخ و حەسرەت بۆ هەڵکێشانە و بەچەنجەى دەستەکان دەژمێردرێن، لەبەرامبەریشدا مێژووە ڕەش و پڕ کوێرەوەرى و کارەسات و ڕووداو و شکست و ناسۆرەکان هێندە زۆرن کە لە ژمارە نایەن، مایەى بەدبەختیە کە کورد هیچ دەیە ساڵێکى پڕ لە ئارامى و خۆشگوزەرانى و ئاوەدانى بەخۆوە نەبینیوە، بەڵکو هەموانى بە شەڕ و جەنگ و کاولکارى و کوشتن و بڕین و برسێتى و ناسۆرەوە چەشتوە. گەر لەگەڵ دوژمنکانیشدا نەبوبێت ئەوا لەنێو ماڵى خۆى کورداندا دەستیان داوەتە خۆخۆرى و خۆکوژى و ڕووخاندنى ئەو بنمیچە لەرزۆکەى کە هەشیانبوە.
ساڵە ناخۆشەکان زۆرن و ناسۆرەکان قوڵن و کارەساتەکان پڕ قەتماغە وبرینەکان تەڕوبڕن و تائێستاش خوێنیان لێدەچۆڕێت و هەموانیش تەنها سەیرکەرن و هەریەکەش لە هەوڵى ڕزگارکردنى کەوڵ و بەرژەوەندى و سەر سەلامەتى خۆیاندان نەک نەتەوە و نیشتیمان.هەموو ساڵێک کە تێپەڕدەبێت و خۆرى تەمەنى بەرەو ئاوابوون دەچێت، هەموان سەدان بەردى بەدواداهەڵدەدەین و بەدەنگى بەرز و بەبێزراوى ماڵئاوایى لێدەکەین و پێى دەڵێین خودایە هیچ کات وەک ئەمساڵمان بەسەر نەیەنیتەوە و ئۆغرت خێر نەبێت، و لەکۆتایى چرکەکانیشدا ئاوات دەخوازین کەساڵى ئایندەمان گەشتر و خۆشتر و ئارامتر و پڕ دەسکەوت تربێت، بەڵام هەمدیسان وەک ساڵانى پێشخۆى نمایشى شانۆگەریە پڕ تراجیدیایەکەى کورد هەر بەردەوام دەبێت و ئیدى کورد و مێژوو و ئاواتەکانى لە بازنەیەکى بۆشى نائومێدیدا دەسوڕێنەوەو بەردەوامیان دەبێت و هەموانیش لە چاوەڕوانى گۆدۆدا بڕستمان لێدەبڕێت و گۆدۆش هەر دەرناکەوێت.
ساڵى 2018ش لەئێساتادا لە سەرەمەرگى تەمەنیدایە و کەمتر لە 100 کاتژمێرى ماوە و هێواش هێواش بەرەو کۆتایى و خۆر ئاوابوونى خۆى دەچێت، ئەمساڵەش وەک هەموان و زۆر لەساڵەکانى ترى پێش خۆى دەچێت و پڕاوپڕ بوو لە ململانێى گەرمى حیزبایەتى و کارەسات و ناسۆر و برسێتى و نائۆمێدى، ئەوەتا:
* ساڵى 2018 ساڵى تۆخکردنەوەى ململانێ ناڕەوا حیزبیەکان و کاڵبونەوەى برایەتى و تەبایى نێوانیان بوو.
* ساڵى هەڵبژاردنە پڕ ساختەکارى و فرت و فێڵەکان بوو.
* ساڵى دڕدۆنگى و لێکترازانى ڕیزەکانى گەلەکەمان و پارت و سەرکردە سیاسیەکان بوو.
* ساڵى درێژە پێدەرى قەیرانى دارایى و برسێتى و بێکارى و تاوانەکان بوو.
* ساڵى شکستى حکومەتى هەرێم بوو لە چارەسەرنەکردنى گرفتى مووچە و بودجە و پاشەکەوتە ناڕەوا سەپێنراوەکان بوو.
* ساڵى سووربوون بوو لەسەر هەڵە و کەموکوڕى لە سیاسەت و ئیدارە و ئابورى و… هتد . و ساڵى چێنەکردنى چاکسازى و ڕێفۆرمەکان بوو.
* ساڵى پاشەکشەى زیاترى کورد بوو لە سەر ئاستى سیاسى و ئابورى و ئەمنى لە ناوخۆ و لە عێراق و لەناوچەکەشدا لەسەر ئاستى هەر چوار بەشەکەى کوردستان.
* ساڵى بەردەوامبوون بوو لە تیرۆ و تۆقاندن.
* ساڵى دورینەوەى گیانى چەندین کەسایەتى نەتەوەیى و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوس و سیاسى و هونەرمەند و چیرۆکنوسى گەلەکەمان بوو.
بۆیە ئەم ساڵى 2018 یەش چۆتە ڕیزى ئەو دەیان و سەدان ساڵەى مێژووى کوردەوە کە هیچ کات خواست و ئاواتى بۆ ناخوازین و ناڵێین خۆزگەمان بەساڵى 2018. بۆیە ڕەنگە ئەم ساڵى 2018یەش بەهۆى ڕەشى و شوومى و پڕ لەکارەسات و نسکۆکانیەوە ساڵى ئایندەى 2019 شمان لێ تاڵ و پڕ لەناسۆر بکات و چرۆى ئومێد و ئاواتەکانمان ڕەش و تار وتاریک بکات، بەهۆى لەلایەک یەکنەبوون و یەکڕیز نەبونى نێوماڵى کورد و کێشە و گرفت و پێشهاتە ناوچەیى و نێودەوڵەتیەکان و هەڵوێستیان لەبەرامبەر مەسەلەى کورد لە کوردستانى گەورەدا و پاشەکشەکردنیان لە پشتیوانى کورد و لەبەڵێنە فریودەرەکانیان بۆ کورد و لەبیرچونەوەى هەموو قوربانى و گیانفیداییەکانى کورد دژ بە داعش و تیرۆریستان لە باشور و ڕۆژئاواى کوردستان و هەوڵدانى زلهێزە دونیایى و ناوچەییەکانیش بۆ ڕێکخستنەوەى پەیوەندى و بەرژەوەندیەکانیان و لەبیرکردنى کورد و چارەنوسەکەى و سپاردنى بەقەدەرێکى نادیارى تر و دووبارەکردنەوەى کارەسات و مێژوە پڕ لەناسۆرەکانى ڕابووردووى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت