بەهرۆز جەعفەر: یەکێتى ئەوروپا بەرەو فیدراڵیزم یان کۆنفیدراڵیزم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فیدراڵیزم، سیستەمێکى فەرمانڕەواییکردنە، کە هێزى ئەم فەرمانڕەواییە لەنێوان حکومەتى مەرکەزى و هەرێم یاخود یەکەکانى خوار خۆیدا دابەش ئەکرێت (هەرێم: ناوچەیەکە لەدەوڵەتێک کە لە نەتەوەیەک زیاترى لەسەر ئەژین و پارێزگارى لەهێزى کەلتورى و ناسنامەى خۆیان ئەکەن). ئەگەر فیدراڵیزم بریتى بێت لە سیستەمێکى بەرێوەبردن تیایدا یەکەکان یان دەوڵەتانى سەر بەیەکێتى ئەوروپا هەریەکەیان پارێزگارى لەکیانى خۆیان بکەن و، دەستورى یەکێتى ئەوروپاو، ئەو بنەمایانەى کە یەکێتیەکەى لەسەر دامەزراوە بە پێى پەیماننامەى ماسترێخت (1992) پێوەى پابەند بن، ئەوا ئیمڕۆکە هیچ کام لەدەوڵەتەکان پابەند نابن بەو هەیکەلە لە فەرمانڕەوایی کردن، ئەوەتا هەنگاریا بەئاشکرا بەهاو بنەماکانى یەکێتى ئەوروپا پێشێل ئەکا، پۆڵەندا لاسایی ئەکاتەوە. بەهەمان شێوە ئیتاڵیاو یۆنان و بەریتانیاش پابەند نابن بەزۆربەى یاساکانى یەکێتى ئەوروپاوە، بەتایبەت لەسەر کێشەى کۆچبەران.
کۆنفیدراڵیزم، سیستەمێکى ترى فەرمانڕەواییکردنە کە هەموو یەکەیەک سەربەخۆیی و سەروەرى خۆى هەیە (واتە زیاتر لە فیدراڵیزم) بەڵام یەک هێزى باڵا هەیە بۆ پاراستنى هەموان، واتە دەوڵەتانى ئەندام پارێزگارى لەسەربەخۆیی کیانى خۆیان ئەکەن، هەروەک ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لەسەرەتاوە ئەم سیستەمەى پەیڕەوکرد.
دواجار فیدراڵیزم و کۆنفیدراڵیزم شێوازێکن لەسیستەمى بەڕێوەبردن بۆ دەوڵەت، لەبەرئەوەى یەکێتى ئەوروپا پێکهاتەى دەوڵەتى و ئیدارى تێپەڕاندووەو، سەرو نەتەوەیە (Supranational)، پاشان ئەم یەکێتیە وەک ڕێکخراوێکى حکومى نێودەوڵەتى (Intergovernmental) تەماشائەکرێت، نەک دەوڵەتێکى نەتەوەیی. بەڵام دواجار سیستەمى بەڕێوەبردنى یەکێتى ئەوروپا هەر بەو پێودانگەیە کە هەندێک لایانوایە فیدراڵیزمەو هەندێکیش بە کۆنفیدراڵیزمێکى تەواو و هەندێکى تریش بە تێکەڵەیەک لە فیدراڵیزم و کۆنفیدراڵیزم تەماشاى ئەکەن، ئەگەر فیدراڵیزم بێت ئەوا دوێنى و ئیمڕۆکەش شانشینى بەریتانیا وەک ناوچەیەک لەم یەکێتیەدا هەڕەشەیە لەسەر بەهێزبونى یەکێتى ئەوروپا. ئەوەى ئەبینرێت ئەوەیە ئەوبنەمایانەى یەکێتى ئەوروپاى لەسەردامەزراوە وەکو: دیموکراسیەت، ئازادى، ئابورییەکى یەکگرتو، کەرامەتى مرۆیی …و…تادوایی، تاڕادەیەکى زۆر بەهۆى گرفتە کەڵەگەبوەکانى ئەوروپاوە ڕووى لەمەترسیە، ئەمەش یەکێتى ئەوروپاى خستۆتە بەردەم ئایندەیەکى پڕ لە تەحەدداوە، کە لێرەدا کلیک لەسەر چەند دانەیەکیان ئەکەین:

یەکەم: گرفتى ئابوریی
ئەگەرچى گرفتى ئابوریی بە بەراورد بە قەیرانەکانى وەک: ناسنامە و، جیابونەوەى بەریتانیا لەیەکێتى ئەوروپا و، پرسى کۆچبەران نەبوەتە هەڕەشەیەکى گەورە، لێ لەگەڵ سەرهەڵدانى قەیرانى ئابوریی جیهانى لەساڵى (2008) وەک هەرناوچەیەکى تر قەیرانى ئابوریی کاریگەرى نێگەتیڤى خستەسەر یەکێتى ئەوروپا، تەنانەت بووە مەترسى لەسەر ئەو تەواوکارییە سەرەکیەى کە ئابوریی ئەوروپاى لەسەر وەستاوە، جگە لەوەى هەندێ ووڵاتى ئەوروپى خۆیان لە لێوارى داڕمانێکى داراییدا بون، کێشەى کورتهێنانى بودجەو، بێکارى لەتەنینەوەدا بوو لەو وڵاتانە، بۆنمونە: قەیرانى قەرزە سیادییەکانى یۆنان کە گەیشتە (380) ملیار یۆرۆ (واتە: 482 ملیارد دۆلار)، قەرزەکانى سەر بەرهەمهێنانى گشتى ناوخۆیی (GDP) گەیاندە (160%)، تێکڕاى کورتهێنانى ساڵانەى یۆنان لە (2007) ەوە (13.6%) بو، واتە ئەکاتە (3.5%) ى کورتهێنانى بودجەى ئەوروپا. دە ساڵ تێپەڕیوە هێشتا گرفتە داراییەکانى یۆنان بنبڕنەبون، بانکى ناوەندى ئیتاڵیاش قەیرانى دارایی ڕاگەیاند، قەرزە گشتى یەکانى ئیتاڵیا لە (2017) ەدا نزیکەى (2.3) تیلیۆن دۆلارە، هەموو تاکێکى ئیتاڵى (42.277$) قەرزارە. بەمەش ئیتاڵیا دووەم ووڵاتە لەناوچەى یۆرۆ لەڕووى قەیرانى دارایی و قەرزە گشتیەکانەوە. هێشتا ئەم گرفتە ڕووى لەهەڵکشانە، لە باکورى خۆرئاواى کیشوەرەکەوە بەریتانیا سوورە لەسەرئەوەى لە 29ى مارسى 2019 کاتژمێر (23:00) بە تەوقیتى گرینتش یەکێتى ئەوروپا جێبهێلێت.

دووەم: جیابونەوەى بەریتانیا لەیەکێتى ئەوروپا
جیابونەوەى بەریتانیا لە نەخشەى ئەوروپی لەخۆوە نییە، ئاماژەى مێژوویی و کەلتوری و یاسایی و ئابوریی هەیە، جگە لەوەى پرسى “ناسنامە و سەرهەڵدانى پارتى ڕەگەزپەرست” یش پاڵنەرێکى سەرەکیەتى:
لەڕووى مێژووییەوە، لەسەروبەندى دووەم جەنگى جیهانى دا هەموو جارێک سەرۆکوەزیرانى پێشووى بەریتانیا “ونستۆن چەرچڵ” ڕووى ئەکردە “شارل دیگۆل” ئەیگوت ” بەریتانیا لەنێوان ئەوروپاو دەریا کراوەکاندا بێگومان هەمیشە ڕووى لە ڕێگە ئاویی و دەریاییەکانە”. بەمانایەکى تر بەریتانیا خۆى لەچوارچێوەى جوگرافیایەکدا قەتیس ناکات. یەکێک لەو بنەمایانەى کە یەکێتى ئەوروپاى لەسەردامەزراوە بریتیە لە هەڵگرتنى باج و، هاتووچۆى ئازادانەى نێوان دەوڵەتانى ئەندام و، دراوى هاوبەش (کە لە کۆى 28 دەوڵەتى ئەندام 19 دەوڵەت دراوەکەیان یۆرۆیە)، هەروەها بنەماى سۆشیال بۆ هاونیشتیمانى ئەوروپی.
کۆتایی هاتنى جەنگى سارد، ئەوەى بە ڕووکەش بینرا بریتى بو لە ڕووخانى دیوارى بەرلین و، ڕاگەیاندنى سەربەخۆیی سیاسیی لە لایەن (16) دەوڵەت کە پێشتر سەر بە یەکێتى سۆڤیەت بوون…نا…لەگەڵ کۆتایی هاتنى جەنگى سارد لە ساڵى (1989) بەدواوە سێ وەرچەرخانى گەورە ڕوویدا، یەکەمیان: سەرهەڵدانى نیۆ-لیبراڵیزم –Neoliberalism (ئەمە ئایدۆلۆژیایەکە لەسەر بنەماى لیبراڵیزمى کلاسیکى خۆى بونیادنا باس لە ڕۆڵى دەوڵەت ناکا تەنها جەخت لە ئابوریی ئازادو سەرمایەدارى ئەکاتەوە)، دووەمیان: ملیۆنەها ڕێکخراوى نێودەوڵەتى و تۆڕى هاوبەش و کۆمپانیاى فرەڕەگەز بەدونیادا بڵاوبۆیەوە، لە سێهەمیاندا، کۆمەڵەى ئابوریی ئەوروپی (EEC) کە لەساڵى (1952) دامەزرابو ئەمە بو بە یەکێتى ئەوروپا (EU) لەساڵى (1992).
کاتێک ئەزانن، ملیۆنەها هاوڵاتى ڕۆمانى و یۆنانى و پۆڵەندى و ئیتاڵى چونەتە بەریتانیاو، حکومەتى بەریتانیش مووچەى سۆشیالى بۆ بڕیونەتەوە، هەریەکەى یەکەیەکى نیشتەجێبونیشى پێداون، ئەوانیش مووچەکەیان لە حکومەتى بەریتانیا وەرئەگرن و، خانوەکانیشیان لە بازاڕى ڕەشدا داوەتە کرێ و، خۆیان هاتونەتەوە بۆ ووڵاتەکانى خۆیان پاڵیان لێ داوەتەوە، سەرەڕاى ئەوەش سەدان هەزار عەرەب و پاکستانى و کوردو نەتەوەکانى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا چونەتە بەریتانیا. ئەمە بەریتانیاى خستە بەردەم ئەوەى میکانیزمەکانى ڕێگرى کردن بگرێتە بەر، بەتایبەت پارتى نەتەوەیی بەریتانى (BNP) و کۆنزێرڤاتەکان، ئێ بەڵام لەڕووى یاساییەوە ناتوانن ڕێگە لەمە بگرن بە پێى ئەو بنەمایانەى یەکێتى ئەوروپاى لەسەر دامەزراوە. بەو پێیەشى یەکێتى ئەوروپا ئاماژەیە بۆ کیانێکى سیاسیی – ئابوریی، هەروەها دواى ئەوەى چەندین دەوڵەتى تازە بوون بە ئەندام لەم یەکێتیەو، چەندین مەسەلەى ستراتیژى لەدونیادا هاتنە کایەوە. ئیتر کاتى هات و ساڵى (2007) یەکێتى ئەوروپا پرسی ڕیفۆرمێکى دەستورى لەناوخۆیدا دەستپێکرد، ئەوەش “پەیماننامەى لیشبۆنە-Lisbon Treaty” لێکەوتەوە، کە لەماددەى (50) ەدا باس لە جێهێشتنى ئارەزوومەندانەى ئەندامانى یەکێتیەکە ئەکات.
ئەوە بۆیە لە بەریتانیا و لە (23ى جانیوەرى 2016) نزیکەى (30) ملیۆن هاونیشتیمانى بەریتانیا دەنگ ئەدەن بۆ جیابونەوەو نەبونەوە لە یەکێتى ئەوروپا، هەر ئەو ڕۆژە (51.9%) دەنگدەران گوتیان “بەڵێ بۆ جیابونەوە لەیەکێتى ئەوروپا”. ئەمە لەرینەوەیەکى گەورەى لەدونیادا دروستکرد، یانى هاونیشتیمانیانى بەریتانیاى مەزن کە وەک تەلێکى دڕکاوى زیاتر لە (150) ساڵ لەم جیهانەدا داگیرکاریان کردووەو، کەلتورو چەخماخەى فەرهەنگیان گەیاندۆتە هەموو کونوقوژبنێکى ئەم دونیایە، ئیتر لەمەولا ئەبێت بە ڤیزا سەردانى ئەوروپا بکەن!. هەر لەگەڵ سەرەتاى پرۆسەکەشدا زاراوەی برێکسیت – Brexit) وەک ئاماژە بۆ بونى بەریتانیا (Britain and Exit) کەوتە سەرزارى تەواوى ناوەندەکانى دونیا کەماناى جیابونەوەى بەریتانیا ئەدات لە یەکێتى ئەوروپا. لە (29 ى مارسى 2017) سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا شووتێکى تر وەشاندو، گوتى ” ڕۆژى هەینى بەروارى 29ى مارسى 2019 کاتژمێر 11 بە کاتى لەندەن، بەریتانیا ماڵئاوایی لە ئەوروپا ئەکات و، سەرجەم دامەزراوەکانى ئەکشێنێتەوە”.
ئەم جیابونەوەیە بە بێ کاریگەرى ئابوریی و دەورونى نابێت، یەک ڕۆژ دواى ڕیفراندۆمەکە دراوى بەریتانى (10% – 15%) بەهاى خۆى بەرانبەر یۆرۆ لەدەستدا، لە کۆتایی (2018) ەدا بەهاى (100 یۆرۆ یەکسانە بە 100 پاوەندى بەریتانى). ئەمە جگە لەوەى گەشەى ئابورى زۆر هێواشکردۆتەوە، لە چارەکى یەکەمى (2018) ەدا تێکڕاى گەشە (0.6%) ە. بەپێى حکومەتى بەریتانیا ئابوریی بەریتانیا بۆ ماوەى (15) ساڵ بە ڕێژەى (7.7%) دائەبەزێت. بەپێى دەستى کارو پرسیارو ڕاپرسیەکان و، چینەکانى کارکەریش، بەریتانیا زیانێکى گەورە ئەکات، چونکە لەمەولا باج لەسەر هەموو شمەکێکى هاوردەو هەناردە دائەنرێت. بە پێى لایەنى تیۆریش بێگومان ئەم بڕیارى جیابونەوەیە ماناى سەرکەوتن یاخود سەرهەڵدانەوەى ناسیۆنالیزمى ئابوری و شکشتى ئابوریی لیبراڵە لە ئەوروپا.

سێهەم: پۆپۆڵیزم ئەوروپا دائەپۆشێت!
میللیگەرایی یان شەعبەویەت (Populism) وەکو ئایدۆلۆجیایەکى سیاسی، یان فەلسەفەیەکى سیاسی، وە یاخود گوتارێکى سیاسیی کار لەسەر بەکارهێنانى دیماگۆگیەت و فریودانى خەڵک ئەکات، ڕۆشنتر لەمە ئیش لەسەر ختوکەدانى جەماوەرو جوڵاندنى سۆزى خەڵکە ڕەشوڕووتەکە ئەدات، تا لە ڕێگەى ناڕەزایەتى شەقامەوە بگەنە دەستەڵات. پێچەوانەکەى ئەمە ئەوەیە کە نوخبەیەکى سیاسیی و ئابوریی ئیش لەسەر هزر و داتاو بەڵگەى زانستى ئەکەن. کارەساتى پۆپۆڵیزم ئەوەیە کە دەنگى زۆرینەى خەڵک بەدەست ئەهێنێت لە ڕێگەى گوتارێکى ڕۆمانسی- شۆڕشگێڕانەوە. ئەمە لە یۆنانى کۆن کۆمەڵێک هەبون لە وێنەى “کلیۆن” ئەیانویست پاشەکشەو لەمپەر بۆ فەلسەفەى یۆنانى دروست بکەن، ببینە: کتێبى “کۆمار” ى ئەفلاتۆن سەراپا باس لەوە ئەکا کە “ئاخۆ کێ ئەبێت پاسەوانى کۆمەڵگا” بێت؟ ئەفلاتۆن زیاتر لایەنى ئەندازیارى و ژمێریارى بە زانست ئەزانێت، زیاتر جەخت لە زانستێک ئەکاتەوە کە شەعبەویەت و خەڵکە عەوامەکە لێى نازانن و، خۆیانى لەقەرە نادەن، بۆیە زۆر ئەوە بە پیرۆز ئەزانێت کە “نوخبە” یەکى نمونەیی پاسەوانى کۆمەڵگا بن. لەسەردەمى ئیمپراتۆریەتى ڕۆمانى دا دیسان پۆپۆلیزمەکان دەرئەکەونەوە، دێن و دنەى خەڵک ئەدەن بۆ ئەوەى بگەنە دەستەڵات لە ڕێگەی زۆردارى شەقامەوە، هەریەکە لە براکانى “گراکى ڕۆما” و ” یولیۆسى قەیسەر” لە هەرە پۆپۆڵیستە دیارەکانى ئەو سەردەمە بوون. کاتێک ئەوروپا لە خەوى سەدەکانى ناوەڕاست ڕائەچڵەکێت و، ڕینیسانس بەرپا ئەبێ و، بەدوایا شۆڕشى فەڕەنسا دێت، دیسان پۆپۆلیزم بە فۆڕمێکى پڕ لە توندوتیژییەوە دێتەوە ناوجەرگەى ئەوروپا. ئەوە نەبێت ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دیاردەیەکى بەدەر بێت لە پۆپۆڵیزم، کە هەر بۆخۆى لەبنەڕەتەوە عەشیرەت و خێڵ و شەعبەویەت تیایدا فەرمانڕەوا بووە. ئێستا لە هەزارەى سێهەم و، سەدەى بیست و یەک، جارێکى تر ئەوروپا پڕبووەتەوە لە دیاردەى پۆپۆڵیزم، لەناو پەرلەمانەکانى ووڵاتەکانیان و، لەناو پەرلەمانى ئەوروپیشدا بەرەو زۆرینە ئەڕۆن!.
لەگەڵ ئەوەى تەحەددا جۆراوجۆرەکانى بەردەم یەکێتى ئەوروپا تا دێت بەرەو گەورەبون و زیادبون ئەچێت، زۆرێک لە ئاژانسەکانى دونیا ساڵى (2018) بە ساڵى “پۆپۆڵیزم” بۆ ئەوروپا هەژمار ئەکەن. ڕاستڕەوەکان بەگشتى و ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بەتایبەتى لە هەڵکشاندان، ئەمانە بێ ئارگیۆمێنت نین، بەشى هەرە زۆرى هۆکارى بونى خۆیان لە کێشەى پەنابەران و کۆچبەران و ئیسلامۆفۆبیادا ئەبیننەوە. بەپێى ڕێکخراوى نێودەوڵەتى بۆ کۆچبەران –IOM تەنها لە ساڵى (2017) ەدا (618780) شەش سەت و هەژدە هەزارو حەوتسەدو هەشتا کۆچبەر ڕوویان کردۆتە ئەوروپا، (37%) ئەو نا ئەوروپیانەى لە ناو یەکێتى ئەوروپادان بە ناشەرعى لەو ووڵاتانە دانیشتون. ئەمەش مەترسیی و گرفتێکى گەورەى بۆ خۆرئاوا بەگشتى دروستکردووە، تا ئەوەى بووەتە هۆى بەرەو لێکهەڵوەشانى سیستەمى بەڕێوەبردنى یەکێتى ئەوروپا، مەسەلەن: کاتێک نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتى ئەوروپا بڕیارئەدەن مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران بکەن، ووڵاتى مەجەڕ (هەنگاریا) پابەند نابێت بەم بڕیارەوە، ئەمەش ماناى وایە یەکێک لەهەرێم یان دەوڵەتەکانى ناو ئەم کۆنفیدراڵیەتەى ئەوروپا پێشێلى یاساو سیستەم و بنەماکانى کۆمەڵگەى ئەوروپی ئەکات، بەدواى هەنگاریادا پۆڵەنداو، ئینجا ئیتاڵیاو یۆنانیش هەمان هەڵوێست وەرئەگرن.
جگە لەوەى کێشەى کۆچبەران مەترسى خستۆتە سەر ناسنامەو، پرسى لۆکاڵى بون و یۆنیڤێرساڵى بونى ناسنامەى تۆخترکردۆتەوە لەجیهاندا، جگە لەوەشى کە لەو ماوانەدا حیزبە فەرمانڕەواکانى ووڵاتانى ئەوروپی یەک یەک ئەکەون!. یانى حیزبەو پلانى داناوە بۆ (8) ساڵ، لەپڕ سەدان هەزار کۆچبەرو پەنابەرى بیانى ڕووئەکەنە ووڵاتەکەى، ئەمە لێکەوتەى کەلتورى و سیاسی و ئابوریی و پەروەردەیی خۆى هەیە. لە ئیتاڵیا “حیزبى ڕابیتە” سەرکەوت لەگەڵ “بزوتنەوەى 5 ئەستێرە” کە بزافێکى ڕاستڕەوى پۆپۆلیستیە حکومەتیان پێکهێنا، کە هەردوو حیزبەکە دژى کۆچبەران و بێگانەن، لە سوید حیزبى دیموکراتى سویدى و حیزبى نەتەوەیی ڕاستڕەو بەهەمان شێوە کێبڕکێیان کردووە. لەئەوروپاى ڕۆژهەڵات سەراپا پۆپۆڵیست فەرمانڕەوان: سەرۆکوەزیرانى هەنگاریا “ڤیکتۆر اوربان” پۆپۆلیستێکى ڕاستڕەوى توندڕەوە، لە پۆڵەندا “یارزۆلاف کاتشینسکى” پۆپۆڵیستە، لە سلۆڤاکیا “ڕۆبرت ڤیکۆ” ى سەرۆکوەزیران پۆپۆلیستە. تەنها ئەڵمانیا نەبێت پێداگیرە لەوەى دەرگا کراوە بێت بۆ کۆچبەران، ئەوەش پەرلەمانەکەى لەلایەن پۆپۆلیستەکانەوە ئیختراقکراوە.
سەرەڕاى مەسەلەى پەنابەران، هۆکارى ئابوری و خراپبونى گوزەرانى تاکى ئەوروپی لەدواى قەیرانى ئابوری جیهانیەوە (2008) بەشێکى ترە لەسەرهەڵدانى توندوتیژى و کەراهیەت لەلایەن پۆپۆڵیستەکانەوە، لە فەڕەنسا تەنها لە ساڵى (2015 و 2016) ەدا (200) کەس کوژراوە، بەشێک لە پۆپۆڵیستەکان بونى کۆچبەران و بیانییەکان بە هۆکارى تیرۆر لەووڵاتەکانیان ئەزانن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە بابەتێکى ڕێژەییە، لە کۆتایی (2018) ەدا خۆپیشاندانى هێلەک زەردەکان لە فەڕەنساو، دەستگیرکردنى زیاتر لە (1500) خۆپیشاندەر و، کوژرانى (3) کەس لە ستراسبوغ و (11) بریندار لەو شارە هۆیەکەى خراپبونى گوزەرانى هاوڵاتیان و، بڵاوبونەوەى نایەکسانى یە لە ئەوروپا، کە هاوڵاتیەکى هەژار پێویستى بە زیاتر لە (128) ساڵ کارى بەردەوامە تا بگات بە ژیانێکى هاوشێوەى چینى دەوڵەمەندى دەستەڵاتدار.

کۆتایی:
بڕیارى کۆتایی “تێریزا مەى” سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا بۆ جیابونەوەى ووڵاتەکەى لە یەکێتى ئەوروپا مێژووییەکى تازەى خۆرئاوایە، بەریتانیا خاوەنى پێگەیەکى گەورەیە لەجیهان و لە ئەوروپا. بەڵام یەکێتى ئەوروپا هەر ئەم قەیرانەى نییە، گرفتى گەشەکردنى پۆپۆلیزم و پرسى ناسنامەو ڕێگرى کەلتورى مەترسین لەسەر ئەوەى ئەوروپا سیستەمێکى فیدراڵى پەیڕەو بکات و، هەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە کە لەدواى جەنگى ساردەوە هێناویەتى.
مەترسییەکى ترى ئەم دیاردەی شەعبەویەت (پۆپۆڵیزم) ە پەڕینەوەیەتى بۆ ناوچەکانى ترى جیهان، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەى لەدواى کودەتا شکستخواردووەکەى (15ى جولاى 2016) ەوە زۆر لەم دیاردەیە بە ئاگایە، بەتایبەتیش بەرانبەر ئەو ملیۆنەها کوردەى لە ووڵاتەکەى هەن، کە لەچوارچێوەى پرۆسەى ئاشتى دا ڕێگەى دا زنجیرەیەک سەردانى جۆراوجۆرى ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە “عەبدوڵا ئۆجەلان” بکرێت، بۆى دەرکەوت پەیامەکانى ئۆجەلان گەیشتونەتە شەقامى تورکى و دەرەوە، بۆیە لەهەڵبژاردنەکانى ساڵى (2015) ەدا کورد توانى (80) کورسى لە پەرلەمانى تورکیا مسۆگەر بکات. تەنانەت تورکیا لە بزافێکى بچکۆلانەى پۆپۆڵیستى وەکو “نەوەى نوى” زۆر بە ئاگایە لە کوردستانى عێراق.
لەلایەکى ترەوە مەترسى و هەڕەشەکانى ڕووسیا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتى ئەوروپا، وە لە دوورگەى کریماو، لە ئۆکرانیا، تەنگى بە سیستەمى بەرگرى ئەوروپی “ناتۆ” هەڵچنیوە. لە باشورى ئەوروپاشەوە گرفتى مامەڵەکردنى ئەوروپا لەگەڵ تورکیاو، کێشەى قوبرس بە هەڵواسراوى ماوەتەوە. ئەگەر بەریتانیا لە باکورى خۆرئاواى کیشوەرى ئەوروپاوە جیابێتەوەو، ڕۆژهەڵات و باشورى ئەوروپاش لینکى پەیوەستبونیان لاواز بێت (Lack of consistency In the south Europe) کە قووڵایی ستراتیجى ئەوروپان لە ڕووى هێڵەکانى ووزەوە. کەواتە ئەوروپا ئەکەوێتە بەردەم تەحەددایەکى گەورەتر کە پرسى “جیۆپۆڵەتیک” و گۆڕانى پێگەکەیەتى.

* بەهرۆز جەعفەر: دامەزرێنەرو سەرۆکى ئینستیوتى مێدیتریانەیە بۆ توێژینەوەى هەرێمایەتى، خوێندکارى دکتۆرایە لەپەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتیەکان لە زانکۆى قوبرسى نێودەوڵەتى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت