به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: ڕێگاى ڕاست ئه‌وه‌یه‌ بارزانى و به‌رهه‌م ساڵه‌ح پێكه‌وه‌ دانیشن.

پێش هه‌موو شتێك ئه‌م نووسین و ئارگیۆمێنتانه‌ گوزارشت له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناكات جگه‌ له‌ خۆم (هه‌ر خۆشم بووم). له‌هه‌ر یاریگایه‌كدا پێویست ناكا یاریزانه‌كان سه‌یرى یه‌كتر بكه‌ن گرنگه‌ په‌لامارى […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

پێش هه‌موو شتێك ئه‌م نووسین و ئارگیۆمێنتانه‌ گوزارشت له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناكات جگه‌ له‌ خۆم (هه‌ر خۆشم بووم). له‌هه‌ر یاریگایه‌كدا پێویست ناكا یاریزانه‌كان سه‌یرى یه‌كتر بكه‌ن گرنگه‌ په‌لامارى تۆپه‌كه‌ بده‌ن:
پارتى دیموكراتى كوردستان، هه‌ڵه‌ى كردووه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ داهات و سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانى هه‌رێم، هه‌ڵه‌ى كردووه‌ له‌ میتۆدى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى دروشمى ئابورى سه‌ربه‌خۆ و، بانگه‌شه‌ى سه‌ربه‌خۆیی سیاسیشدا له‌ ئه‌رزى واقیعدا ده‌ركه‌وت خوێندنه‌وه‌ى دروستیان نه‌بو، هۆیه‌كه‌شى ئه‌وه‌بو: تا هه‌نوكه‌ دواى 27 ساڵ له‌ حكومڕانى كوردى هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كى زانستى و، هزرى و، سیاسیی و، ئه‌منى و، ئابورییان له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان سه‌رپێ نه‌ خستووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌موو ئه‌وانه‌ى ده‌ورى به‌ڕێز كاك مه‌سعود بارزانى و، كوڕو برازاكانیان داوه‌، له‌سه‌رێك هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌ به‌ ناوه‌ندى بڕیارى پارتى ئه‌كه‌ن و، له‌سه‌رێكیشه‌وه‌ له‌ په‌نایانه‌وه‌ هه‌ڵه‌ى جۆراوجۆر ئه‌كه‌ن. هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێش هه‌موو شتێك بڕستى ته‌نانه‌ت له‌ دۆست و لایه‌نگرانى خۆیان بڕیوه‌. به‌مدواییه‌ش پارتى و بارزانیان تووشى هه‌ڵه‌یه‌كى تر كرد كه‌ چۆنێتى مامه‌ڵه‌ كردن بو له‌ پرسى ” سه‌رۆك كۆمار” دا، له‌ واقیعدا ئه‌و گێرمه‌و ئاڵۆزییه‌ى پارتى كردى، ده‌ركه‌وت شتێكى پێویست نه‌بو، كه‌چى ئاوها گه‌وره‌یان كرد!. ئه‌مه‌ش پێش ئه‌وه‌ى ناوبنرێت تێكشكانى نوێنه‌ره‌كه‌ى بارزانى، بریتى یه‌ له‌ له‌كه‌داركردنى ناوو ناوبانگى كورد به‌وه‌ى كه‌ ناتوانن یه‌كڕیزو یه‌ك دیسكۆرسى سیاسیان هه‌بێت. هێشتا له‌سه‌روهه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان (به‌ هه‌موو ئه‌و قسه‌وباسانه‌ى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌) هێشتا نوێنه‌رایه‌تى زۆرینه‌یه‌كى هه‌ره‌ زۆرى سیاسییه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان، هێشتا خاوه‌نى پاشخانێكى مێژوویین و، ئابورى هه‌رێم و ڕایه‌ڵه‌ى سیاسیی و میدیاییان هه‌یه‌، بارزانیش هه‌ر بارزانیه‌.
یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان، له‌ (2014) ه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسیه‌كه‌ى شه‌رعیه‌تى حیزبیان له‌ده‌ستداوه‌ (به‌ پێى په‌یڕه‌وو پرۆگرام)، كه‌سیش ده‌ستى نه‌گرتون كۆنگره‌یه‌ك بكه‌ن، كێ ده‌ستى گرتبون ناوچه‌ى سوله‌یمانى و گه‌رمیان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌ له‌كاتێكدا ساڵانه‌ بودجه‌ى سوله‌یمانى له‌ بودجه‌ى ووڵاتى ئه‌رده‌ن زیاتر بووه‌ یان هاوتاى بووه‌.!. به‌ كورتیه‌كه‌ى ڕۆژێك، دوان، سیان، یه‌كێتى و یه‌كێتیه‌كان ئه‌توانن كه‌موكورتیه‌ ناوخۆییه‌كانیان به‌ دژایه‌تى و په‌لاماردانى ئه‌م و ئه‌و بشارنه‌وه‌، تۆ بۆ هه‌یت؟. بۆ ئه‌وه‌ى دژایه‌تى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى بكه‌یت؟. ئێ ئه‌مه‌ نه‌ سیاسه‌ته‌و، نه‌ ئه‌چێته‌ خانه‌ى به‌رده‌وامى یارییه‌كه‌وه‌ له‌ یاریگاكه‌دا، وه‌ ده‌ریش كه‌وت ئه‌مه‌ هیچ لایه‌ك به‌هێزو لاواز ناكات. كه‌وایه‌ ئه‌بێت به‌ دواى خیتاب و تیۆره‌یه‌كى تردا بگه‌ڕێن، هه‌روه‌ك له‌ مه‌له‌فى كه‌ركوك و 16 ى ئۆكتۆبه‌ر و لێكه‌وته‌كانى ئه‌م ڕووداوه‌دا به‌ پله‌ى ئیمتیاز یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان و، به‌رپرسه‌ بێده‌ربه‌سته‌كانى به‌رپرسیارن. له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ هێشتا یه‌كێتى حیزبیش نه‌بێت، چه‌ند گروپێكن و، سه‌رچاوه‌ى ئابورییان به‌ده‌سته‌و، هێزى سه‌ربازییان هه‌یه‌و، پاشخانێكى مێژووییشیان هه‌یه‌.
ئه‌وه‌ى ئه‌مێنێته‌وه‌، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گه‌لى كوردستانه‌ له‌ گه‌نه‌ى جیۆپۆڵه‌تیك و گه‌مه‌ى بازاڕى ئابوریی عێراق و ناوچه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ى ئه‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئه‌ى چى بكه‌ین بۆ پێشمه‌رگه‌؟. چى بكه‌ین بۆ كه‌ركوك؟ چى بكه‌ین تا ئه‌م جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌ هه‌رێمایه‌تیه‌ى له‌ناوچه‌كه‌ دروستبووه‌ لێكه‌وته‌كه‌ى كاره‌ساتێكى ترى مرۆیی نه‌بێت بۆ خه‌ڵكى كوردستان و عێراق به‌گشتى. له‌ ڕاستیدا كێشه‌ له‌ سوریا بووه‌ مایه‌ى ئه‌وه‌ى زیاتر له‌ (1.2) ملیۆنێك و دووسه‌ت هه‌زار سورى بگه‌نه‌ هه‌رێمى كوردستان، تێكشكانى ڕۆڵى حكومه‌ت له‌ عێراق بووه‌ مایه‌ى دروست بونى توندوتیژى و “داعش” ى به‌رهه‌م هێنا، ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ دۆخى عێراق تێك بچێته‌وه‌، گۆڕانكارییه‌ك له‌ ئێران ڕووبدات، قه‌یرانه‌كانى سوریا به‌رده‌وام بن، ئاخۆ هه‌رێمى كوردستان تووشى چى تر ئه‌بێته‌وه‌؟!. ئه‌م ڕووداوانه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر فه‌ڕه‌نسا هه‌یه‌، چۆن كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كورد نابێت له‌ناوجه‌رگه‌ى هێڵه‌كانى به‌ریه‌ككه‌وتنى به‌رژه‌وه‌ندى زلهێزه‌كاندایه‌؟.
ئێستا دكتۆر به‌رهه‌م ساڵه‌ح، سه‌رۆك كۆمارى عێراقه‌، سه‌رۆك كۆمارێك به‌ ده‌نگى هه‌ره‌ زۆرینه‌ى عێراقیه‌كان، سه‌رۆك كۆمارێك كه‌ زۆرینه‌ى كورد له‌هه‌موو شوێنێكى دونیا پێیان په‌سه‌نده‌ جگه‌ له‌ پارتى كه‌ هه‌موو ڕۆژێك چه‌ند ڕاپۆرتێكى سه‌ره‌وخوارى له‌سه‌ر بڵاوئه‌كه‌نه‌وه‌، جگه‌ له‌ هه‌ندێكى ناو یه‌كێتى وا خه‌نجه‌ر خستووه‌ته‌ (كا) دا كه‌ “به‌رهه‌م ساڵه‌ح” وه‌ك سه‌رۆك كارى نییه‌ ئه‌وه‌ نه‌بێت خزمه‌ت به‌ كوتله‌و به‌ باڵ و حاڵى ئه‌وان بكات!.
زیاتر له‌ سه‌ت ڕۆژى یه‌كه‌مى ئه‌زمونى سه‌رۆكایه‌تیكردنى عێراق له‌لایه‌ن “دکتۆر به‌رهه‌م ساڵه‌ح” ه‌وه‌ ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جموجوڵێكى جه‌ماوه‌رى، میدیایی، دیبلۆماسى خستۆته‌ عێراق و ناوچه‌كه‌وه‌. ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ به‌گشتى باجى هه‌ڵه‌و كه‌موكورتیه‌كانى ناو یه‌كێتى ئه‌ده‌ین، كه‌ پێویسته‌ لێوه‌ى فێر بین ڕق و كینه‌ كه‌س ناگه‌یه‌نێته‌ جێگه‌ى خۆى، مه‌سه‌له‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ ساڵى (2014) ه‌دا ململانێ و ڕێگریه‌ شه‌خسیه‌كانى ناو یه‌كێتى، هه‌روه‌ها ئه‌و خه‌نجه‌ره‌ى له‌ پشته‌وه‌ پارتى له‌ ” به‌رهه‌م ساڵه‌ح” ى دا، نه‌بوایه‌و، به‌رهه‌م ساڵه‌ح ببوایه‌ به‌ سه‌رۆك كۆمار وه‌ك كه‌سێكى شایسته‌و كارامه‌ (كه‌ ئه‌وه‌تا دۆست و نه‌یار ئه‌یبینن) ئه‌وا ئێستا نه‌ دۆخى یه‌كێتى به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌بو، نه‌ پارتیش له‌م گۆڕه‌پانه‌ به‌ ته‌نها ئه‌هات و ئه‌چو نازانێ له‌گه‌ڵ چى قوتبێكدا دوو قسه‌ بكات. وه‌ نه‌ دۆخى كه‌ركوكیش به‌م ئاكامه‌ ئه‌گه‌یشت، به‌دڵنیایی زروفى ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵكى كوردستانیش به‌م شێوه‌ خراپه‌ نه‌ ئه‌بو.
ئێستا ده‌رفه‌تێكى تر هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، بارزانى خه‌ریكه‌ له‌ ته‌پوتۆزى هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وانه‌یه‌كى دیكه‌ وه‌ربگرێت و، هه‌ر بۆخۆشى وجودى مه‌عنه‌وى له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا هه‌یه‌. به‌رهه‌م ساڵه‌حیش بۆ هه‌ر كوێ بڕوات و، بگاته‌ هه‌ر كوێ، پێش هه‌موو شتێك سه‌ركرده‌یه‌كى سیاسیی كورده‌. چه‌ند جارم گوێ لێ بووه‌و، پێى وتوین ” كه‌ بارزانى هاوكارێكى زۆر باشم بووه‌ كاتێك له‌ حكومه‌تى هه‌رێمدا ویستومه‌ چاكسازى بكه‌م”. به‌ شێوه‌یه‌كى ستاندارد سه‌ركرده‌ ئه‌بێت خاوه‌نى سێ سیفه‌ت بێت، یه‌كێكیان، ڕوئیایه‌، دووه‌میان پره‌نسیپه‌، سێهه‌میان ئه‌وه‌یه‌ تواناى كۆكردنه‌وه‌ى جیاوازییه‌كانى هه‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ى ڕووئیایه‌ك بۆ ئاینده‌ى هه‌رێمى كوردستان دروست بێت، بۆ ئه‌وه‌ى پره‌نسیپه‌ گشتیه‌كه‌ بریتى بێت له‌ پاراستنى كوردستان و عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ڵسانه‌وه‌ى كوردستان له‌ناو كوره‌ى ئاگردا ببینن، پێویسته‌ بارزانى ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ بكات و سه‌ردانى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار بكات و، به‌ چا خواردنه‌وه‌یه‌ك ئه‌م هه‌موو ته‌حه‌ددایانه‌ى هه‌یه‌ تێپه‌ڕێنرێت، هه‌روه‌ك چۆن “به‌رهه‌م ساڵه‌ح” پێش ئه‌وه‌ى ببێته‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ ئه‌مریكا پرسى به‌ بارزانى كوڕ كردووه‌و، له‌ هه‌رێم سه‌ردانى بارزانى كردووه‌ و ڕاى وه‌رگرتووه‌.
ئینجا پێچه‌وانه‌ى ئه‌م دیدگایه‌ى سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌: هه‌ریه‌كه‌تان چه‌ند په‌یج و سایتێكى سێبه‌ر بكه‌نه‌وه‌و، كۆمه‌ڵێ میرزا له‌خۆتان بئاڵێنن و، له‌ ئاسته‌ گه‌وره‌كه‌شدا هه‌ر هێزێكى نێوده‌وڵه‌تى لایه‌ك بۆ دژایه‌تى لایه‌كى تر به‌كاربهێنێت، سه‌ت ساڵى تر پارتى و هه‌رچى میرزاكانى پارتى هه‌یه‌ ڕاپۆرت و هه‌واڵى چه‌واشه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ ناتوانن به‌ قه‌د خشه‌ى یه‌ك عه‌لاگه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر خودى “به‌رهه‌م ساڵه‌ح” دابنه‌ن، به‌هه‌مان شێوه‌ ” به‌رهه‌م ساڵه‌ح” یش كارو ئه‌جێنده‌ى ئه‌وه‌ نییه‌ ئیش له‌سه‌ر دژایه‌تى و توانه‌وه‌ى مالباتى بارزانى بكات. ئه‌مه‌ ناكرێ هه‌ر میرزایه‌ك یان كاراكته‌رێك له‌ناو حیزبه‌كاندا خۆى زروفى باش نه‌بو، بیه‌وێ له‌سه‌ر حیسابی په‌لاماردانى ئه‌م و ئه‌و سۆزى حیزب و سه‌رۆكه‌كه‌ى به‌ده‌ست بهێنێت.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بەهرۆز جەعفەر

ئەرشیڤی بەڕێز: بەهرۆز جەعفەر