به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: مه‌غزاكانى پشت هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان!

ئێستا كڕێوه‌ى زستانه‌، هه‌زاران كیلۆمه‌تر له‌ خاكى كوردستانه‌وه‌ دوورم، له‌و شه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌راورد به‌ سه‌رماكه‌ ناخ ئه‌كوڵێ به‌و یاده‌ى، ئێمه‌ سێ ساڵ ده‌یان هه‌زار پێشمه‌رگه‌مان له‌ خێوه‌تێكدا، له‌و سه‌رمایه‌یه‌ جێگیر […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

ئێستا كڕێوه‌ى زستانه‌، هه‌زاران كیلۆمه‌تر له‌ خاكى كوردستانه‌وه‌ دوورم، له‌و شه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌راورد به‌ سه‌رماكه‌ ناخ ئه‌كوڵێ به‌و یاده‌ى، ئێمه‌ سێ ساڵ ده‌یان هه‌زار پێشمه‌رگه‌مان له‌ خێوه‌تێكدا، له‌و سه‌رمایه‌یه‌ جێگیر ئه‌كرد، له‌به‌رده‌م جه‌به‌روتى دڕنده‌ترین دوژمنى مرۆڤایه‌تیدا دامان ئه‌نان، نزیك به‌ 4000 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بو، هه‌زارانیش برینداربون، ئه‌نجامه‌كه‌شى 16ى ئۆكتۆبه‌ر بو!!. شانزه‌ى ئۆكتۆبه‌ر بۆ یه‌كێتى و پارتییه‌ك بریتییه‌ له‌ له‌ده‌ستدانى چه‌ند چاڵه‌ نه‌وتێك و، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى ململانێ و ده‌ستبادان و پاشقولگرتن له‌ نێوان دووبنه‌ماڵه‌دا، بۆ ئێمه‌ بریتى یه‌ له‌ خیانه‌ت و هه‌ڵه‌یه‌كى ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ كه‌ تا كاتى به‌سه‌ردا بڕوات ئه‌وسا ئه‌زانین چ تراژیدیایه‌كى گه‌وره‌مان خستۆته‌ ئه‌ستێڵى مێژووه‌وه‌. 16 ى ئۆكتۆبه‌رێك ئێجگار ناخۆشتر له‌و ده‌بابانه‌ى به‌عس له‌ 31ى ئابدا هاتنه‌ هه‌ولێر و دواى 48 كاتژمێر گه‌ڕانه‌وه‌.
گرفتى ئێمه‌ ئاڵا نییه له‌ كه‌ركوك، گرفتى ئێمه‌ ئه‌و هاواره‌یه‌ كه‌ ده‌ ساڵه‌ له‌ پێناویدا ئه‌جه‌نگین له‌ناوخۆداو ئێستا خۆیان نوسینه‌ بڤاوییه‌كانى جارانى ئێمه‌ ئه‌ڵێنه‌وه‌!… وه به‌ كورتیه‌كه‌شى:
ماوه‌یه‌كه‌ توركیا مه‌به‌ستیه‌تى مه‌له‌فى ئه‌منى له‌ شه‌نگاله‌وه‌ بۆ موسڵ بۆ كه‌ركوك تا ئه‌گاته‌ دووز بگرێته‌ ئه‌ستۆى خۆى. شه‌رت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ئاڵایه‌ى له‌ كه‌ركوك هه‌ڵ ئه‌كرێت ئاڵاى كوردستانیان بێت نه‌ك ئێران و لایه‌نێكى دیكه‌. ئێمه‌ ده‌یان نمونه‌ى دیارمان له‌به‌رده‌سته‌ له‌ سه‌ت ساڵى ڕابردوو “ئاڵا” سه‌دان هه‌زار مرۆڤى كردۆته‌ قوربانى. “ئاڵا” كه‌سێك هه‌ڵى ئه‌كا كه‌ تواناى پارێزگارى لێ كردنى هه‌بێت. یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ ناشیرینه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ئه‌وه‌بو پاسه‌وانانى كۆمه‌ڵگه‌و، سه‌ركرده‌كان هه‌ڵئه‌هاتن، میلله‌تى ڕه‌شوڕووت هاوارى پێ ئه‌كردن ” تخوا…جێمان مه‌هێڵن”…!. له‌كاتێكدا له‌ باسوخواسى كۆماره‌كه‌ى ئه‌فلاتۆنه‌وه‌ تا ئه‌م چركه‌یه‌ وایه‌ كه‌ سه‌ركرده‌و پاسه‌وانان داوا له‌ خوارى خۆیان بكه‌ن هه‌ڵ نه‌یه‌ن!. كه‌سى نه‌ك پله‌ یه‌ك و دوو، به‌ڵكو پله‌ ده‌و دوانزه‌ش له‌ سێكته‌رى حیزبى و ئه‌منى كورديدا نه‌ما به‌ناوى ئاڵاو كه‌ركوكه‌وه‌ نه‌بێته‌ ملیاردێر و ملیۆنێر به‌ناوى كه‌ركوك و ئاڵاوه‌. ئاڵا چ ده‌كا ئاڵا!؟.
كه‌سێك ئاڵا هه‌ڵ ئه‌كاو، دروشم و لافى نه‌ته‌وه‌یی به‌رزئه‌كاته‌وه‌، كه‌: ئه‌رته‌شێكى یه‌كگرتوى نیزامى هه‌بێت، لۆبیه‌كى باشى له‌ناوه‌نده‌ جیهانیه‌كاندا دروست كردبێت، ده‌یان سه‌نته‌رى به‌هێزى توێژینه‌وه‌ى له‌ پایته‌خته‌ دیاره‌كانى دونیا سه‌رپێ خستبێت، پاڵپشتى ناوخۆیی و مرۆیی سه‌رپێ خستبێت. كورد هێشتا خه‌ریكى دیل به‌دیلن له‌ناوخۆداو، یه‌كێكیان پێش ئه‌كه‌ون دوانیان له‌دواوه‌ په‌لامارى ئه‌ده‌ن، سه‌ت ڕۆژه‌ هه‌ڵبژاردنێكى پڕ عه‌یب و عاریان كردووه‌ له‌و دوو گه‌ڕه‌كه‌ى “ناوى هه‌رێمى كوردستانه‌” ناتوانن حكومه‌تێك پێك بهێنن. هه‌موو ڕۆژێك ناوچه‌كه‌ به‌ پێش چاویانه‌وه‌ ئه‌كوڵێت و، ده‌یه‌ها لوتكه‌و هاوپه‌یمانێتى تازه‌ به‌ڕێوه‌یه‌، ناوه‌ندى كوردى وته‌یه‌كى بۆى نییه‌. به‌م دۆخه‌وه‌ ئاڵا چى بۆ كورد مه‌یسه‌ر ئه‌كا؟!.
ئێستا حه‌ل چیه‌؟
حه‌ل ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ڕاست ئه‌كه‌ن، ئه‌نجومه‌نێكى سیاسی و ئابورى و ئه‌منى بۆ كوردستان دروست بكه‌ن، ئه‌م باهۆزه‌ى له‌دونیاو له‌ كه‌نداو و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ده‌ریاى سپى هه‌ڵیكردووه‌، مه‌ترسیه‌كانى له‌ كوردستان دووربخه‌نه‌وه‌و، ده‌رفه‌تیشى بۆ دروست بكه‌ن. به‌مه‌رجێ یه‌كێكتان كارێ نه‌كه‌ن و، ئه‌وه‌كه‌ى ترتان خه‌ریكى موزایه‌ده‌ى سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بێت….”په‌رله‌مان بۆ ئێستاى كورد به‌ڵایه‌…به‌ڵا”. به‌س له‌ بنه‌مادا ئێوه‌ هه‌ریه‌كى له‌شكرێ له‌ مرۆڤى دژه‌ كوردو مشه‌خۆرتان له‌خۆ- ئاڵاندووه‌، مه‌غزاكانى پشت هه‌ڵكردنى ئاڵاكه‌ى بیر بردونه‌ته‌وه‌. یانى دۆخه‌كه‌ وایه‌ هه‌ر كوردێك به‌ ڕووكه‌شیش كوردى خۆش ویست ئیتر ئه‌بێت پێمان سه‌یر بێ و سوپاسێكى بكه‌ین!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
بەهرۆز جەعفەر

ئەرشیڤی بەڕێز: بەهرۆز جەعفەر